دکتۆر نازەنین عوسمان: کێشەی متمانەی سیاسی!
حکومەت: حاڵەتی کۆرۆنامان نییە!
میللەت: حکومەت درۆدەکا هەیەو دەیشارێتەوە.
حکومەت: حاڵەتی کۆرۆنامان زۆربووە!
میللەت: حکومەت درۆدەکا کۆرۆنامان هەر نییە بزانە بۆ چ مەبەستێک وادەڵێت و لەبەرخاتری پارە ئەوحکومەتە هەمو شت دەکا.
خۆئەگەرئەمە گاڵتەش بێت دەلالەتی بێمتمانەییە بە حکۆمەت و دەڵێن نیوەی گاڵتە راستیە.
کورد زۆری کێشتوە لەدەست حکومەتەکان پێش راپەڕین ودووای راپەڕین بە شێوەی جیاواز.
ئەو چەند ساڵەی دوای راپەڕین وای لە کورد کردوە کە متمانەی بە حکومەتی کوردی نەمینێت. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان وحیزبەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکان دروشمی زۆر بریقەدارو بەڵێنی زۆریان بە خەلک داوە کەلەپاشا هیچیان جێبەجێ نەکردوە یاخود بۆی نەکراوە جێبەجێی بکا، لە باشکردنی بژێوی ژیان ودابینکردنی پێداویستەکانیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکردنی ڕێگاوبان، دابینکردنی نیشتە جێ و باشکردنی سیستمی خوێندن و دامەزراندنی دەرچوان و زیادکردنی هەلی کار.
لەو چەند ساڵانەی دووایی کێشەی ئازادی و موچە بەزەقی گەورەبوە و زیاتر لە متمانەی هاوڵاتی کەمکردۆتەوە بەرامبەر بە حکومەت و دامو دەزگاکانی. هاوڵاتی بە چاوەکی زۆر خراپ و گوماناوە سەیری هەمو کارێک و هەنگاوێکی حکومەت دەکا هەتا ئەگەر هاتو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیش بێت، ئەمە وای کردوە داواکاریەکانی هاوڵاتی ئێستایی بێت و داواکانی بۆ تێرکردنی سک و دابینکردنی پێداویستەکانی هەنوکویی بێت و بیر لە پڕۆژەی درێژخایان نەکاتەوە و گرینگی پێنەدا.
هۆکار زۆرن بۆ بێمتمانایی و زیادبۆنی بەبەردەوامی، ئەو هەمو ڕێککەوتن نامانەی لەنێوان ناوەند وکورد و هەرێم، ئەوهەمو پەیمانانەی لە نێوان حزبە کانی هەرێم و پابەند نەبون پێوەی ودووڕوویی و دووگووفتاری لەگەڵ یەک رەنگی داوەتەوە لەسەر هاوڵاتی.
هێنانەکایەی سیستمی پەرلەمانی دوای راپەڕین لەنێو میللەتێک کەهەرلەژێرحکومەتە داپڵوسێنەراکانداژیاوە و فێرە بچوکترین بنەماکانی دیمۆکراسی نەبوبو، ئەمە وایکرد هەمو حیزبەکان بکەونە ساختەکردن و ئەوساختەکاریانە جاربەجارزیادی کردوە تاوایلێهاتوە بوە بەگاڵتەجاڕی و هیج رێزێک نە بۆهەڵبژاردن و نە بۆپەرلەمانتار نەماوە.
حیزبەکان لەکاتی بانگاشه زۆر باڵێنی گەورە و زەبەلاح دەدەن زۆر دوورە لەتوانای جێبەجێکردنیان وکە لە دوایا نەک هەرمتمانەی هاوڵاتی لەق دەبەێت بە دیموکراسیەت و هەڵبژاردن بەڵکوو دروشمەکان و ئەندام پەرلەمانەکان دەبنە سەرچاوەیاکی باش بۆ گاڵتەجاری ولەسەرلاپەڕەی سۆشیال میدیاکانیان پێپڕدەکەنەوە.
خزم و خزمێنە و حزب و حزبێنە و واستەو واستەکاری لە دامەزراندن و ئیش دۆزینەوەو کارئاسانی سەرچاوەیەکی ترە بۆ نەمانی متمانە نەک هەربەداسەڵاتداران بەڵکو بەهەمو دام و دەزگاکان وەئەمە مەترسیەکی گەورەی لەسەر دواڕۆژی خویندن دروست کردوە و لەگرنگی خوێندن و زانستی کەمکردۆتەوە.
ناکۆکی و باڵباڵێنی نێو هەریەک لەحیزبەکان متمانە لەنێو خودی حیزبەکەی نەهێشتوە وە ئەمەبۆتە چەقبەستویی خودی حیزبەکە وە ئەندامانیان بە ناکۆکیە لابالایەکان خەریککردوە کە پەیوەندی بە ناکۆکی ئایدیۆلۆژیەوە نیە وای لە ئەندامانی حیزب کردوە باوەڕی بە گۆڕانکاری نەبێت لەڕيگای سیاسەتەوە.
ناشیرنکردن و سوککردنی حزبەکان لەنێوان خۆیان بەبەکارهێنانی شێوازی زۆر بازاڕیانە و دور لە بەهای سیاسی و کۆمەڵایاتی بەرامبەربەیەک، کاریگەری زۆرخراپی هەبوە بۆلەدەستدانی متمانەی سیاسی.
نەمانی متمانە بە سیاسەت تەنیا بێمتمانەیی نیە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، بەڵکو شۆربۆتەوە بۆ نێو هاوڵاتیان و نێو خێزان کە ئەمە بێمتانەیەکی ترسناکی دروست کردوە لە نێو تاکەکان کە بەچاوی گومانەوە سەیری یەکتربکەن و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بخرێنە ژێر گومانەوە ،وە ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت مەترسی دەخاتە سەردوارۆژی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی.
چارەسەری بێمتمانەیی سیاسی نە ئاسانەو نەخێرایە، کات و ئیشی زۆرگەرەکە، پێویستی بە گۆرانکاری گرنگ و بنەرەتی هەیە لە شێوەی بەڕێوەبردنی حکومەت و دام ودەزگاکان. ئەم ئەرکە لە زۆربەی وڵاتان دەچێتە سەرشانی پەرلەمانەکانی ، بەڵام لەکوردستان پەرلەمان ناتوانێ ئەم ئەرکە جێبەجێ بکا نەک تەنیا لەبەربێتوانایی پەرلەمانتارەکان بەڵکو لەبەرئەوەی هەمو هێزە سیاسیەکان بەکەم یان بەزۆر بەشدارن لە حوکم وهەریەکەپشکێکی بۆخۆی بردوە و بۆبەرژەوەندی حیزبەکەی کارزیاتردەکا و توانای لیپرسینەوەی وەزیرو حکومەتی نیە ، پەرلەمان لەجیاتی ئەوەی ببێت بە دەزگای چاوەدوری بەسەر حکومەت بۆتە دەستکەلای حکومەت و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی حکومەت دەکا نەک هاوڵاتی.
بۆ گەڕاندنەوەی متمانە پێویستەچارەسەری گەندەڵی لە ریشەوە بکرێت، سەربەخۆیی قەزاو سەروەری یاسا و جیاکردنەوی دەسەڵاتەکانی تەنفیزی و تاشریعی ولێپرسینەوە و چاوەدێری یەکتر. هەڵبژاردن بەبێ دەست تێوەردانی ئەم و ئەولا. نەهێشنی ئەوبەشبەشییەی نێو حکومەت و بونی موعارەزە لەدەرەوەی حکومەت ، گۆڕینەوەی دەسەڵات و رێزگرتنی حزبەکان لە پرۆگرام و بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ئەوحکومەتەی دروست دەبیت ئەبێت بە نیەتەکی باش لە خزمەت میللەت بێت و ژیان و پێداویستی هاوڵاتی دابین بکا، زیادکردنی خزمەتگوزاریەکان و ئاسانکاری و رەوایی لە دۆزینەوەی هەلی کاربۆ گەنجان. رێگەدان و رێخۆشکردن بە میدیای ئازاد تا بتوانێت بەشداربیت لە رووماڵکردنی راستیەکان و بەرزکردنەوەی رادەی زانیاری دروست، رێگەدان بە رێکخراوە مەدەنیەکان بەبێ ئەوەی ببێ بە سێبەری حکومەت وحیزبەکان، رێزگرتنی مافی مرۆڤ و لەسەروو هەمویانەوە گەرانەوەی شکۆی مرۆڤەکان.
- بابەتەکانی تری دکتۆر نازەنین عوسمان
دکتۆر نازەنین عوسمان: حەریدیمەکانی ئیسرائیل.
-دکتۆر نازەنین عوسمان: گەنم و کەمیی ئاو.
-دکتۆر نازەنین عوسمان: کاڤالا، ناکۆکییەکی تری نێوان تورکیا و خۆرئاوا.
- All Posts