كەمال محەمەد: كۆرۆنا ڤایرۆسێكی دیكەی هەرێمی كوردستانە!
ئێستا كۆرۆنا وەك ڤایرۆسێك لە جیهاندا پەرەی سەندوە، پەرەسەندنێك كە كارەسات و كاریگەری نێگەتیڤی دروست كردوە و، بە جۆرێك كە سەرمایە و ئابوری جیهان لە گەورە بونی وەستاوەو سیستەمە سیاسی و ئابورییەكەی جیهانی ڕوبەروی چەندین كەلێنی گەورە كردۆتەوە كە هەندێك پێیان وایە ئەم پەتا جیهانییە زەنگی كۆتایی هێنانی سەرمایەداریی و دەستپێكی گۆڕانكاری گەورەی دوای كۆرۆنایە.
لەگەڵ هاتنی پەتای كۆرۆنادا بەشێكی زۆری وڵاتانی نیولیبڕاڵیزم كەوتنە ڕوبەروی قەیرانەكانی تەندروستی و كەمی ئامێرە تەندروستییەكان بونەوە لەهەرێمی كوردستانیش سەرەڕای زۆرینەی قەیرانەكان و داڕمانی زۆرینەی سێكتەرەكان ئەشێ بەرامبەر بەم ڤایرۆسە گەردونییە هەرەس بهێنن بەهۆی ئەو دەست پێڕانەگەییشتنەی هاوڵاتییانەوە بە تەندروستییەكی باش لەراستیدا ئەمە كارەساتە گەورەكەیە كەئەمە یەكەمین قەیران ودوایەمین قەیرانیش نییە كە بەرۆكی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتوە،
لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ هاتنی ئەم ڤایرۆسەدا دەسەڵات نەیتوانیوە ئاڵنگاری ئەم پەتا گەردونییە ببێتەوە لەسەر ئاستێكی گەردونی و ڕۆڵێ خۆی گەورەتر بكات لە پرۆسەی بەرەنگار بونەوەی ڤایرۆسەكە، چونكە تەندروستی كەسەكان و كۆمەڵگا تەنها بە كەرەنتین و رێگری بازار ناکرێت، بۆیە ئەوەی تەندروستی كۆمەڵگا زامن ئەكات بەسیاسی نەكردنی ئەم ڤایرۆسە گەردونییەیە كە دواجار دۆخێكی ئاوارتەو نائاسایی بهێنێتە ئاراوە و دیاریكردنی توشبوانی كۆرۆنا ڤایرۆس بەكاربهێنن بۆ چەندان مەبەستی دیكە!
لەكاتێكدا بیرۆكەی زلهێزەكان لە بە دیجیتاڵكردنی جیهاندان و ئەیانەوێ جیهانی دوای كۆرۆنا بكەنە جیهانێكی سەرو ڕۆیاڵ و بەچەندین فۆرمی جیاوازەوە سەرمایەداری بخەنەوە دنیای سیاسەتیان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هێشتا عەقڵییەتە حیزبییەكان تێپەڕی نەكردوە و نەیتوانیوە دەسەڵات و هێزیان هاوجوت بكەن بۆ بەرەنگاری و تێپەڕاندنی نەخۆشییەكە كە هاوڵاتیان بتوانن بەكەمترین زیانەوە لێی دەربچن و تیۆرییەكی گەورەو كاریگەریان هەبێت كە ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ هەر قەیرانێك كە دێتە پێش كە دواجار ببنە ئارگیۆمێنتی كۆتایی هاتنی قەیرانەكان و گەڕانەوەی متمانەیەكی بەهێز لەنێوان هاوڵاتیان و حكومڕانییەكەیان.
ناسیۆنالیزمی كوردی و ئابوری سەربەخۆ موزایەدەیەكی دەسەڵاتی كوردی بووە، لەپاڵ ئەمانەشدا ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییەكەمان بینی كە چ دەرەنجامێكی هێنا بۆسەر خاك و گەلەكەمان ،هەمو ئەمانە ڤایرۆسێك بون لە شێوەی جیاوازدا كە دەسەڵاتداری پترۆدۆلاری كوردی هۆكاری بوە، ئێستا كە ڤایرۆسێك بۆ زۆرینەی جیهان قەیران و تەنگەژەیەكی تەندروستی وئابوری دروست كردوە سەرەڕای فەراهەمكردنی بیمەی تەندروستی و خزمەتگوزاری و سیستەمی سۆشیال دیموكرات و دەستەبەركردنی مافە تاكییەكان ڕەنگە ڕێگری لە گەورەتر دەركەوتنی دەرەنجامەكانی ڤایرۆسەكە بكات، بەڵام بە پێچەوانەوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبونی هیچ یاسا و ڕێسایەك هاریكاری حكومەت بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسەكە زۆر لە ئاستێكی نزمدایە لە جەنگی دژ بە روبەروبونەوەی كۆرۆنادا، بۆیە دورنییە بەدرێژەكێشانی ئەم ڤایرۆسە گەردونییە پرەنسیبەكانی سیاسی و بەتایبەت ئابوری زیاتر هەرەس پێ بهێنێت بەجۆرێك كە ئەستەم بێت كە جارێكی دیكە خۆی نوێ بكاتەوەو جوڵەیەكی دینامیكی بەخۆی بدات بەهۆی نەبونی تیۆرییەكی ئابوری و ژێرخانێكی بەهێزی ئابوری و تەندروستیش كە پێكەوە ژیان و مانەوەی هەمو توێژەكانی كۆمەڵگا وەك یەك بپارێزێ و دەستەبەر بكات.