بەیان ئیبراهیم: کۆرۆنا و مەرگی فریادڕەس.
ئەگەر بمانەوێ گشتگیرتر کۆرۆنا بخوێنینەوە، بمانەوێ قوڵتر لەکۆرۆنا بڕوانین ئەوا دەبێت ناوناێکی جیاواز تر لە گشت ناونانەکانی تر دابنێین، دەتوانین بڵێین دنیای پێش قۆناغی کۆرۆنا و دنیانی دوای قۆناغی کۆرۆنا، ئا لێرەوە دەبێت ئەو ڕاستیە تاڵە ببینین کە چۆن کۆرۆنا دێتە سەر شانۆی جیهان و دەستکاری گشت ڕەهەندەکانی ژیان دەکات، کە دەکرێ ئەم دەستکاری کردنە بە مەرگی فریادڕەس ناوزەند بکەین، بە جۆرێک ڕەسمی دنیا گشتیەکە جۆرێکی تر دەکێشێ، ئێمە نابێت بە تەنھا هۆکاری سەرهەڵدانی کۆڤید 19 بخوێنینەوە ئەوە باسێکی ترە، ئێمە کۆرۆنا وەک ئەوەی هەیە دەخوێنینەوە و چۆن دەبێتە مەرگ بۆ فریادڕەس و کۆی جوڵەکان دەوەستێنێت و میکانیکی جوڵە گشتیەکان چۆن ستۆپ پێ دەکات، ئەو کات دەبێت بە دوای فریاد ڕەسی تازەدا بگەڕێین، وە ئێمە دیوە نێگەتیڤەکانی دەخوێنینەوە و دیوە پۆزەتیڤەکانی دیسانەوە باسێکی ترە، ئالێرەوە کاریگەری لە ڕوەکانەوە بە کورتی و زۆر سادە باس دەکەین:
٭ لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە.
هەمو خوێندنەوەکانی دنیا زیاتر باس لە جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی دەکرد و کاریگەری لایەنەکانی تری وەک سیاسەت و ئابوری و فکر و جوگرافیاو ژینگە کۆمەڵایەتیەکان و… هتد دەکرد، کۆرۆنا دێت بە ناچاری بۆ خۆپارێزی مرۆڤ دەخاتە بەردەم میکانیزمێکی تری پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە و سنوری ئەندازەی ماتماتیکی فەرز دەکات و کۆی پەیوەندییە تاکی و خێزانی و هەتا بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی جیهانی جۆرێکی تر فەرز دەکات، تا ئەو ئاستەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەباتە ناو پەیوەندی ئەنتەرنێتیەوە.
٭ لە ڕوی سیاسی و پەیوەندییە دبلۆماسیەکانەوە.
تا ئاستی پچڕاندنی پەیوەندیە مێژوییە سیاسیەکانەوە کار لەسەر جۆرێکی تر لە پەیوەندی سیاسی دەکات بەجۆرێک کە لە زانستی سیاسیدا وەک بنەما بونی نەبوە، ئەمەش بوتە هۆی کەمکردنەوەی پەیوەندیە سیاسی و دبلۆماسیەکان و هەتا سەربازیەکانیش، ئەم پەیوەندیانەش دەخاتە ناو ڕەفەیەکی تر و بەناچاری ناو دەنرێ کۆبونەوە یان کۆنفرانسی ئۆن لاین، دیسانەوە دەبێ جیهان وێنەیەکی تر بدات بەم بوارە.
٭ لە ڕوی ئابوری و بزنسەوە.
ئەگەر بە مانا باوەکەی ژێرخان جوڵێنەری کۆی سەرخانەکان بێت، ئەوا ئابوری دنیا ڕوبەڕوی وەستانێکی قورس دەکاتەوە تا ئەو ئاستەی بزنسی جیهانی توشی داڕمانێکی بێ وێنە دەبێ بە جۆرێک جیهان لە ململانێی ئابوری و بزنسەوە دەخاتە بەردەم ترسێکی هاوبەش و بۆ گەڕانەوە بۆ جۆریەتی و چۆنیەتی ئابوری و بزنس و بگەڕێن بۆ ڤاکسینێک کە جیهانی کۆرۆنا بەرێتەوە پێش قۆناغی کۆرۆنا وەک چۆن بۆ پەتاکانی تر تا ئاستێک سەرکەوتوبون، بەڵام کۆرۆنا تەواو جیهانیە و دنیای خستوەتە بەردەم ئەگەری بونی دنیایەکی تر لە ئابوری و بزنس.
٭ لە ڕوی جوگرافییەوە.
ئەگەر پێشتر جوگرافیای سنور و نەتەوەکان پێوەری زۆرێک لە ناسنامە و شوێنێی دیاری کراو بوبێ و لەبەردەم گواستنەوە خێراکاندا ئاسان بو بێ چەند جوگرافیایەکی جیاواز ببینرێت، ئەوا کۆرۆنا دێت کۆی ئەو جوڵە جاڵجاڵۆکیانە دەبڕێت و جوگرافیای فراوان دەگۆڕێ بۆ جوگرافیای بچوک و دەرگای پەیوەندی جوگرافیایی دادەخات.
هەمو ئەمانە و دەیان بواری تر دەکرێ ببنە سەرەتایەک بۆ هەزاران توێژینەوەی زانستی چڕ و پڕ کە ئێمە تەنها وەک تایتڵێکی سادە لەسەری دواین، خۆ ئەگەر لە ڕوی فکریەوە قسەی لەسەر بکەین ئەوا دەبێتە کاری تیئۆریستە فکریەکان.
بە گشتی کۆرۆنا دێت تا ئەو کاتەی بەری پێ دەگیرێ جیاوازی ژیارییەکان دەخاتە ناو پێناسەیەکی تر و دنیا بینیەکی ترەوە.