حەسەن بارام: لەئەگەری تەقینەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوین.. کورد چی بکات؟
بیرمە لەدوا ھەڵبژاردنی تورکیادا، پۆستێکم دابەزاندوو و دووجار پیرۆزباییم لەکوردانی باکور کرد، جارێک بۆ ئەوەی دەنگی باشیان مسۆگەر کردبو، جارێکیشی بۆ ئەوەی ئۆردۆگان سەرکەوتنی بەدەستھێنابو، ئەمەش لەڕووکەشدا دوو شتی ناجۆر و دوور لەیەک بون، بەڵام لەناوەڕۆکدا مانای خۆی ھەبو، چونکە ئەوسا و ئێستاش پێم وایە عەقڵیەتی پاوانخوازی ئۆردۆگان و لەبەرکردنی جلی سەربازی و خەوبینینی بەگێڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، ھەڕەشەکردن لەم گەل و لەو وڵاتە، دەرئەنجام کاولکاری و گۆڕانکاری لەنەخشەی ناوچەکەدا دروست دەکات، سەرباری ئەوەی کە بەدوور نازانرێت لەسایەی ئەم جۆرە لەعقڵیەت و پەلھاوێشتن بۆ سەر وڵاتان، شەڕێکی کاولکەر بەدوای خویدا بھێنێت.
ھەمیشە بڕوام وابووە، نەتورکیا ئامادەیە مافی کورد بدات، نە لێش دەگەڕێت لەبەشەکانیتری کوردستان گەلی ئێمە بەئاسودەیی بژێت و بحەسێتەوە، ھاوزەمان بڕوایشم وایە ئاسان نیە نە لەسەر دەستی کورد دەڵەتی تورکیا بڕۆخێت و سیستەمێکی نوێ لەو وڵاتە بەرقەرار بێت، نە ھیچ حیزب و سیاسییەکی ئەو وڵاتەش لەئێستا و ئایندەدا، ئامادە دەبن دان بەمافی ڕەوای ھەلی کورد دا بنێن.
کەواتا دەبێت کورد خۆی بۆ ئەوە ئامادە بکات، لەبەر ئەنجامی سەرەڕۆیی و پەلھاوێشتنی ئۆردۆگانەوە، بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات تورکیا دووچاری بەڵلایەکی گەورە بکات، ئەوجا گرنگەکورد سود لەو ھەل و دەرفەت وەربگرێت، بۆ ئەمەش چەند ھەنگاوێکی گرنگ ھەن، کەدەبێت ئامادەکاری بۆ بکرێت:
یەکەم/ یەکخستنەوەی نێوماڵی كورد.
دووەم/ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا وڵاتانی عەرەبی.
سێیەم/ ئەگەرچی ئێمە ژمارەیەکی بچوکین لەھاوکێشەکاندا، بەڵام گرنگە لەڕووی سەربازی وستراتیژییەوە، خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادە بکەین و ناکرێت لەم دۆخە ئاڵۆزەدا لەپەراوێزدا سیاسەت بکەین وھاوکات پشکیشمان بوێت.
مێژووی دەوڵەتی تورکیا و بیرکردنەوەی خودی ئۆردۆگان، پێمان دەڵێن ئەم دۆخە بەئاسانی تێپەڕ نابێت، سەرئەنجام بەھەر ئاست و قەبارەیەک بێت، ڕەوشەکە دەتەقێتەوە، ھاوکێشەکان، نەخشەکان، پەیوەندییەکان، پێگەی ئابوری و سەربازییەکان لەڕۆژھەڵاتی ناویندا گۆڕانی گەورە بەخۆوە دەبینێت، کورد لەھەر خەمساردی و ھەڵە سیاسەت کردنێک، دەبێتە یەکێک لەدۆڕاوەکانی جەنگ و ھەل و فرسەتێکی مێژوویی لەکیس دەچێت.