زاهیر باهیر: ئایا ئەردۆگان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستدەکات؟
بەربڵاوی هێڕشەکانی ئەردۆگان بە ناردنی سەرباز و میلیشیاکانی بە سەرێك بۆ لیبیا و ڕۆژاوا و بە سەرێکی دیکە بۆ باشوور هەرەها هەڕەشەکانی بۆ سەر قوبرس و یۆنان بەردەواومە. ئەم کارانەی ئەردۆگان کارادانەوەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە و هاوکاتیش دەرگایەکی گەورەی خستۆتە سەر پشت بۆ لیداوان و قسەکردن لەسەریان. لە نێو سیاسییەکانی کورد و ڕۆشبیر و قەڵەمبەدەستەکانیدا، هەموان لەسە ئەوە ڕێکن کە ئەردۆگان بە دوای دروستکرنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوەیە. بێ گومان هەر کام لەمانەش بەڵگەی خۆیانیان پێیە و لەو بەڵگانەش هەڵپەی ئەردۆگانە کە هەیتێکی لە لیبیایە و هەیتێكی لەو شوێنانەی دیکەیە کە پێشتر ناوم هێنان.
بۆچونی من تەواو پێچەوانەی بۆچونی ئەوانەی سەرەوەیە. من لام وایە ئەردۆگان ئەوەندە ساویلکە نییە کە بیەوێت ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستبکاتەوە، بەڵکو ئەوەی کە دەیکات لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیدایە لەو شوێنانەی کە خۆی بۆ دەکوتێت. بۆ نموونە لە لیبیا سێ پرسی گەورە هەیە بۆ دەستتێوەردانی لە لیبیا.
یەکەم/ لە سەردەمی قەزافیی –دا کۆمپانیاکانی تورکی بیناکردن و بیناکردنەوەی گەلێك پرۆژەی گەورەیان لە ئەستۆ گرتبوو کە لە زۆربەیانا دەستبەکار بوون، هەندێكیشیان تەنها کۆنتراکتەکانیان واژۆ کرابوو. کە قەزافی ڕوخا هەموو ئەو پرۆژانە وەستان و ئەوەشی کە واژۆیان لەسەر کرابوون هەر وەکو خۆیان ماونتەوە.
دووەم/ مەسەلەی نەوتە کە هەموان دەزانن کە لیبیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە نەوت و سامانی غازی سروشتتیدا، ئەویش بەشی خۆی دەوێت و لە لایەن حکموتەکەی فەیاز ئەل سەراج-وە لە پاداشتی هاوکاریکردنی دژ بە هێزی خەلیفە حەفتار، پشکێکی لە نەوت پێدەدرێت.
سێیەم/ ئەردۆگان دوور بینە و نایەوێت میسر کە دژ بە ئیخوانەکانە ڕۆڵی لە لیبیادا، هەبێت، چونکە لە ئایندەدا بە زەرەری ئەردۆگان و حیزبەکەی ئاکەپە دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە لیبیا بوەتە پرسێکی ناوچەیی و جیهانیی.
لە تەك یۆنانا کێشەی ئاوی هەیە و هەروەها گەڕان بە دوای نەوتدا . لەتەك قوبرس-دا کێشەیەکی 46 ساڵییە کە لە ساڵی 1974 وە بەشە تورکییەکەیان لە قوبرس بچڕیوە و دەوڵۆتکەیەکیان بۆ دروستکروە کە تەنها هەرخۆیان دانیان پیادا ناوە و پەراوێزکەوتووە و لە هەژارییدا دەژی. سەرۆکی ئەو بەشە تورکییە و بەشی زۆری تورکەکانیش ئەوە دەزانن کە کڵاویان لەسەر نراوە بە ناوی چیاکردنەوەی دەسەڵات و زەوییەوە لە کۆمەڵی قوبرسیی، کە زەرەور و زیانێکی زۆریان لێکردووە ، چەند جارێک هاتوونەتە سەر ئەوەی کە ڕێکبکەونەوە لە گەڵ حکومەتی مەرکەزیی قوبرسدا بەڵام ئەردۆگان هەڕەشەیە و فشارێکی گەورەیە و بەو هۆکارە ئەوە ڕونادات و ئەردۆگانیش نایەوێت تورکەکانی ئەوێ بچنەوە سەر وڵاتی قوبرس و ببنەوە بە بەشێك لەو کۆمەڵە.
هەرچیش دەستتێوەردانی ئەردۆگان لە ڕۆژاوادا هەیە و هێڕشکردن و داگیرکردنەکانی، هۆکارەکانی لای هەموان ڕوونە و پێویست ناکات لەسە ئەمە درێژ دادڕی بکەم.
سەبارەت بە داگیرکردنی باشوریش ئەردۆگان نایەوێت یا ڕاستتر ناتوانێت و ناکرێت کە باشوور داگیر بکات . هۆکاری ئەمەش یەکجار زۆرن. لەوانە ئەو، پێویستی بەوە نییە کە لە کاتێکدا والی خۆی لە باشووردا هەبێت، هەموو بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە هەموو ڕویەکەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشوردا پارێزراو بێت، چی سیاسی، ئابووریی ، فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریی و کولتوریی و زۆری تر . ئەردۆگان پێویستی بەو سەریەشەیە نییە کە بێت هەولێر و زاخۆ و دهۆك [ ئەگەر بیشتوانێت] داگیر بکات و بە سەدەها بنکەی سەربازیی دانێت و پارەیەکی خەیاڵی سەرفبکات و هەمیشەش لە دڵە ڕاوکێی کوژرانی سەرباز و ئەفسەرانیا بێت و خۆی بخاتە ژێر لۆمەی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و جەماوەری سەرشەقامەکانی ئەوروپا و کوردستان، دژایەتی بکەن. هاوکاتیش کوردستان بەشێکە لە عێراق، عێراق-یش دەوڵەتە بە هەموو کەموو کوڕییەکەوە کە ناکرێت وا بە ئاسانی لەشكری وڵاتێکی دیکە بێت داگیری بکات. خودی عێراقیش بە تەنها موڵکی خۆی نییە بەڵکو موڵکی ئێران و ڕوسیا و ئەمەریکا و خەڵکی عەرەبی ناوخۆو هەموو عەرەبەکانی دەرو دراوسێ و جیهانە، هیچ لایەك لەو لایانە بێ دەنگ نابن لە داگیرکردنی ئەو سێ شارەی کوردستان. دوای ئەوەش کوردستان[ باشوور] هەر بریتی نییە لە هەولێر و زاخۆو دهۆك، کوردستان وڵاتێکی پان و بەرینە، سەرێکی لە سوریایە سەرێكی لە ئێرانە. تورکیا چۆن دەتوانێت داگیری بکات؟! تورکیا هەموو کوردستانی بە بێ تەقە، ئابوریانە، داگیرکردووە ئیتر بۆچی دەیەوێت بە هێزی سەربازیی داگیری بکات کە زەرەرێکی گەورەی لیدەکات، تەنانەت دەبێتە هۆی ڕووخانی، هەر خەڵکەکەی خۆی دژی دەچێتە سەرشەقام، چونکە ئەوەی کە لە هێزی دابینکردنی سەربازەکانیا سەرفیدەکات لە باشووردا، لە قووتی خەڵکی لە تورکیای دەگرێتەوە. داگیرکرنی کوێت لەلایەن صەدامەوە باشترین نمونەیە، گەر صەدام نەچوایەتە کوێتەوە، ڕەنگبوایە ئێستاش لە سەر حوکم بمایەتەوە.
دەوڵەتی تورکییە هێڕشێکە کردویەتی خۆشی دەزانێت کە سەرکەوتن بەدەستناهێنێت، بەڵام دەبێت بیکات هەم بۆ قورتاربوونی کاتیی لە هەندێك ئەزمەی، هەم کردنی بەناو جەنگی ” تیرۆریزم” و ڕازیکردنی ڕاستڕەو و فاشییەکانی ناو کۆمەڵی تورکیا. ڕەنگە لەشکری تورکیا بۆ ماوەیەك بمێنێتەوە بەڵام مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشوردا نە بۆی دەکرێت و نە ئەوەش پلانێتی. ئەوە ڕاستییە کە ئەردۆگان و هەندێك لەو وەزیرەکانی ڕاگەیاندنی سەیر سەیر و مەترسیدارانە دەدەن، بەڵام ئەوانە جەنگی میدیاین و دەبێت زۆر باوەڕیان پێنەکەین.
ئەوەش ڕاستییە کە ئەردۆگان کۆشکێکی گەورەی لە ستایەڵی کۆنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستکردوە و پاسەوانەکانی بە جل و پۆشاکی سەردەمی عوسمانییەوەن، بەڵام ئەمانە هیچ نین و بەڵگە نین بۆ ئەوەی کە ئەو دەەیەوێت دەوڵەتی عوسمانیی دروستبکات. ئەمە تەنها بۆ دروستکردن و ڕاگرتنی شکۆی خۆیەتی، بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەوانەن کە خەون بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە دەبینن و خولیای گەڕانەوەی ئەو سەردەم و زەمانەیان و ڕاکێشانیانە بەرەو ئاکەپە ، دەنا ئەردۆگان ئەوەندە گێل نییە پاش 103 ساڵ بیەوێت ئەوە بکات.
دەسەڵات و دەسەڵاتداران زۆر زیرەکن و تاکتیکی زۆر سەیر و سەمەرە بەکاردەهێنن لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا کە ئەمەش تەنها لەسەر حسابی گێلێتی بەشێك لە گەلە. بۆ نموونە تەماشای صەدام بکەن لە ڕۆژەکانی جەنگی ئیران و عێراقدا گەڕایەوە بۆ دین، هەر خودی جەنگەکەشی بەناوی قادسییەوە ناونا تاکو جەماوەر بۆ مەبەستی خۆی هەڵخەڵەتێنێت. ئومەی عەرەبی و عروبەی بەکاردەهێنا تاکو هاوپشتی بۆ خۆی لە جەنگی لەتەك کورد و هەم لەتەك ئێرانیشدا، پەیدا بکات . هەر ئاواش نمونەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیماناناوە مانەوەیان و جەنگیان لە ئەفغانستان، لە لیبیا، لە سوریا بە ئێمە دەلێن جەنگی ” دژە تیرۆرە” بەڵام ئایا وایە؟ وەڵام لای خۆتانە بە بەڵگە و دۆکۆمێنتەوە.
هێڕشی دەوڵەتی تورکییە بۆ سەر باشوور، هێڕشە بۆسەر پەکەکە چونکە پەکەکە لە بەشی باشووردایە، هێڕشیشە بۆسەر یەکێتی و پارتی تاکو زیاتر بیانکاتە پاشکۆی خۆی و ئامادەی هەموو جۆرە سازشێك بن، تاکو پێگەیان لەناو جەماوەری کوردیدا ئەوەندەی تر لاوازبێت و ڕسواتر بن.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە پاگەندەی داگیرکردنی باشوور و مانەوەی تورکیا لەوێ، ئیدی هەرکەس ئەو پاگەندانە بکات: پەکەکە، سیاسییەکان ڕۆشنبیران یا ئەهلی فەیسبوك، بە گەوەرەترین زیان لەسەر جەماوەری باشوور دەگەڕێتەوە، پاگەندەیەکی ترسناکە و جگە لە ناڕاستییەکەی، ورە و بەرهەڵستی و دژایەتیکردنی لەشکری تورکیا بە جەماوەر ناهێڵێت و ئەوەندەی تر دەیانتەپێنێت. ئەم پاگەندانە خەڵکی دەکاتە کۆیلەیەکی بێ بیرکەرەوەی چاولەدەمی حیزب و ڕۆشنبیر و کادیرانی زانکۆ و پسپۆڕەکان و سیاسییەکان و لەدەستدانی هەموو توانا و هێزێکی خۆی.