بەیان ئیبراهیم: نەفرەت لەنیشتمان ناکرێت، مەکەونە داوی سیاسەتی شکستخواردوو.
لات سەیر نەبێت، دەیان کۆیلەی بەردەم قاپی دیوەخان بۆ ڕازاندنەوەو دڵخۆشکردنی ئاغای سەروەری، چی ڕیس هەیە بیکاتەوە بەخوری.
هیچ سەیریش نیە وەزیرێک، پەرلەمانتارێک، بۆ دەسکەوتێکی کاتی ببێتە کۆیلەو زوڕناژەنی دیوەخان و بکەوێتە لاقەکردنی پیرۆزییەکانی نیشتمان.
لەنێو ئەم چەواشەکاری و حیزبایەتیە ناتەندروستە پڕتەکەتول و شەخس پەرستیەدا، سەرت سوڕ نەمێنێ لەوەی سیاسیەک ویژدانی بۆ پۆست بفرۆشێ و خەڵک و نیشتمان نغرۆی گەندەڵی و فەسادی ئیداری و سیاسی بکات.
بەلاشتەوە زۆر ئاسایی بێت کە هاوڵاتیان لە گشت چین و توێژەکاندا بکەونە ڕیسواکردنی دەسەڵات و دژی بوەستنەوە.
ئەوەی نائاسایی و مایەی قبوڵ نیە و دەبێتە خەمێکی قوڵ هاوڵاتی فێر بکرێت ڕق و کینە بەرامبەر نیشتمان و پیرۆزییەکان هەڵگرێت. باشترە لەوە تێبگەیت ئەوە سیاسەتبازان و گەندەڵکارانن دەمیان ژەنیوەتە ئاخوڕی دیوەخان و چنگیان لە دڵی کوردستانەکەت گیرکردوەو دەروونی هاوڵاتیانیان تێکشکاندوەو هەرێمێک بەرەو گیانەڵا دەبەن.
ئیتر بۆ نەفرەت لە نیشتمان و پیرۆزییەکانی دەکەیت، ئەوە ناپاک و سیاسیە کەندەڵەکانن دەخوازن نیشتمان و ئاڵاو سەروەری و شکۆی تاک بەتاکی ئەم نیشتیمانە بێنرخ دەکەن تا لەکاتی خاک فرۆشی و لاقەکردنی نیشتمان و هەڕاجکردنی ئاڵا و قوربانی خەڵکدا، ئێمەو ئێوەی هاونیشتمانی هیچ خەمێکی لێ نەخۆین و نەیەینە دەنگ، چونکە لە زهن و ئەندێشەماندا بەڕیسوایی لێی دەڕوانین.
تۆی ھاوڵاتی دەتوانیت بەڕیسوابوون مەرگی دزو گەندەڵەکانی نیشتمان شاگەشکە بیت، ڕێگەمەدە ئەو ڕسوایانە نیشتمانت لاسوک بکەن ئەوەیە ئامانجیان و گەرەکیانە تۆی هاوڵاتی پێ گۆش بکەن. ئەوانە ڤایرۆسێکن لوتیان ژەنیوەتە خوێنی هەر یەکێکمان بێ جیاوازی.
دەسەڵات و فەرمان ڕەوایی بەدڵسۆزی و ڕاستگۆیی بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەوەی لە سیاسەتا پێویستە فێڵ و تەڵەکەی تێدا بکرێ لەم بەرامبەرەدا نەیاران، حیزبەکانی لەمەڕ خۆمان بەپێجەوانەوە سازاندویانە بەرامبەر گەلەکەی خۆیان سیاسەتێکی درۆزنانە پەیڕەو دەکەن و لەبەرامبەر دژەکانیان ساویلکەو دەستەمۆن.
ئەم حکومەتی هەرێمە گشت حیزبە بەشدارەکانی بەرپرسی هەربڕیارو سراتیژێکن، بەرپرسی هەر نەهامەتی و ماڵ وێرانیەکن کەبەسەر گەلەکە ماندا دێت.
بڕیاری نادروست و چەوتەکانیان هەرلە بڕینی مووچەو دیارنەمان یێسەروەتی بێشوماری نەوت و دۆزی ئەو شڕدڕییەیە کە حیزبەکان کردویانەتە بەرگی حکومەتی هەرێم.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بونە هۆی لێک ترازان و دابڕانی کۆمەڵایەتی و تەواوی میللەتیان دوچاری دڵە ڕاوکێ و بەش مەینەتیکرد. بەحوکمی فیوداڵیان وەک کارگەیەک سەدان نۆکەرو کۆیلەیان وەبەرهەم هێنا و خستیانە خزمەت بیرو فکری ئانار شیزمی خۆتانەوە.
ئەم هەرێم و نیشتیمانە دەستمایەی هیچ خێڵ و بنەماڵەیەک نیە، تاک بەتاکی کورد بە دیندارو بێ دینەوە خاوەنیەتی وبست بە بستی کوردستانیەو هەزران قوربانی و شەهیدی پێ بەخشراوە.
کاتێک بەرپرسی گەندەڵ و مشەخۆر دوای ڕاپەڕین هاتنە سەر سفرەی حازری و بەنازو نیعمەتا کەوتن ئیدی جگەلەوە میلەتیان بیرچووەوە کوڕی کێن کەوتنە دابەشکردنی سەروەت و سامانی سەرو ژێری زەوی ، بەناوی دیموکراسی یەوە قۆرخیانکرد، میللەتیش هەژارو زەبوون. ئێوە مۆبۆکراسیانە کۆمەڵێ نەزان دەسەڵاتان گرتە دەست. ئەمەو دەیان هۆکار بونەهۆی بێزاری خەڵک بەجۆرێک نەفرەت لەخۆی و نیشتمانیش بکات. چونکە نەتان توانی لەژێر هەیمەنی عوسمانیی و سەفەوی بێنەدەر پۆپۆلیستانە خەڵک و سامان بەموڵکی خۆتان دەزانن، مێژوو سەلماندویەتی دەسەڵاتەکانی پێش ئێوە چۆن ڕۆشتون خۆ ئێوە هێندە پیرۆز نین ھەر بژین و نەمرن ، با ھەموو کوردستانیش بە سامان و داھاتیەوە بخۆن ھەر نابنە خاوەنی ، ئەو ڕۆژەش دێت لەم ھەرێمەدا جێی هیچ گەندەڵ و خۆفرۆشێک نەبێتەوە و لەم دونیایەدا جێ نەبێت تیا بسرەون.
کوردستان خاکی ڕۆم و عەجەم و تورک و فارس و هیچ دوژمنێک نیە، خاکی لەمێژینەی گەلی کوردە.
ناڕازیبون و بێزاری ڕێ بەوەش نادات بیر لە تەسلیم بوون بە بەغداو هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەرێمە بکرێتەوە، ئەوەی دیدی وایە جگەلەوەی دەچێتە خانەی دوژمنکارانەی گەلەوە پێوەیستە ڕێی پێبگیرێ و دڵسۆزانی نیشتمان و خەڵک بیپارێزێ و هەوڵی شکست هێنانی گەندەڵکاران بدەن بەرەو کەناری ئارامی.