کاوسێن بابەکر: سازانی نیشتمانی..
فەلسەفەی هەبوونی هەر حزبێکی سیاسی هێنانەدی کۆمەڵێک ئامانجی دوورونزیکە کە دروشمی جۆراو جۆری بۆ بەرزدەکاتەوە، بەڵێنیش دەدا ئەگەر بگاتە دەستەڵات جێبەجێیان بکات، هەر بەو خەونەشەوە جەماوەری لەدەور کۆدەبێتەوە.
هەموو ئەو حزبانە دەکەونە ململانێی یەکتر ڕەخنە لەیەک دەگرن و تانەو تەشەرەی جۆراوجۆر لەیەک دەدەن و، زۆرجار دەگاتە ڕادەی شەڕو ئازاردانی کادیرو ئەندامانی یەکتر، بەڵام هەرگیز نابێ خەتی سوری بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمان بشکێنن. دەبێ هەموان بەرژەوەندیەبالاکانی نیشتمان و نەتەوە بخەنە سەروی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان، ئەگەر لەوەش کورتیان هێنا وەک حزبەکانی ئێمە! ئەوا لانیکەم دەبێ ئاسایشی نیشتمان و سەروەری خاکەکەی لەکاتی هەڕەشەدا هێڵی سوربن. دەبێ لەکاتی سەرهەڵدانی هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەروەری خاک هەموو کێشەو ململانێیەک وەلانێن و سازانی نیشتمانی بکەنە پێشنۆرەی هەر کارێکی تر.
ئێستا جگەلە هەڕەشەی پەتای کۆڕۆنا هەڕەشەی هێرش و گەفەکانی تورکیا کەدەیان شەهیدی هاوڵاتی لێکەوتۆتەوە، داڕوخانی دارایی هاوڵاتیان و خەزێنەی خاڵی حکومەت، بێباکی بەغداو قورسکردنی ڕێکەوتنەکان بەبەرزکردنەوەی بانی داواکاریەکانی، ووڵات بەتەواوی کەوتۆتە ناو بازنەی سوری ئاوابون! حزبێک ئەمانە نەبێنێ لەبەر بەرژەوەندی حزبی تەسک و عینادی خۆپەرستانە دەبێ خەڵکی کوردستان و جەماوەرەکەی خۆشی، بزانن ئەو حزبە تائێستا جگە لەدرۆ جگەلەدێماگۆگیەت جگە لەگاڵتە کردن بە نەتەوەکەی و پیرۆزیەکانی نیشتمان هیچی تری پێشکەش نەکردووە، حزبێک ئامادە نەبێ قوربانی بەبەرژەوەندیە تەسکەکانی بدا لەم دۆخە پڕ هەڕەشەیەداو سازان لەگەل حزبەکانی تر نەکاتە پێشنۆرەی کارەکانی، جگە لەدرۆزنێک و خۆپەرستێک زیاتر هیچ ناوێکی تری شایان نییە ئەو حزبە، هەر حزبێک بێ دوور یان نزیک دەکەوێتە ناو تەڵەی دوژمنان و کاتێکیش خۆرەکە ئاوادەبێ، هەمووشتیک لەدەست دەچێ. ئەمەش دەیکا بەخائینێک کەمێژوو بە ووشەی درشت لەبیرەوەریەکانیدا دەینوسێتەوە.
تکایە گوێ لەناڵەی نیشتمان بگرن، تکایە سازان بکەن و پێکەوە سەنگەری نیشتمانی بەهێز بکەن با پێکەوە بین ئیدی یان پێکەوە سەردەکەوین یان پێکەوە دەمرین، کە ئەوەش گەورەترین سەر بەرزیە بۆ هەموومان.