كەمال محەمەد: چاكسازییەكەی برا گەورە.
نامەوێت بە هەڵوێستێكی قەدەرگەرایی بابەتەكە تاوتوێ بكەم، بەڵكو دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵانە بكەمەوە تا ئەو هەڵەو كێشە ڕیشەییانە تێپەڕ نەكرێت كە 30 ساڵە دو بنەماڵەی دەسەڵاتدار بەسەر ئەم خاك و گەلەدا هێناویانە، مۆدێلی سیاسی هەرێمی كوردستان مۆدێلێكی ستونییە كە بۆتە هۆی دروستكردنی دەسەڵاتێكی خۆسەپێن بەسەر چین وتوێژەكانی كۆمەڵگادا كە مۆدێلێكی درێژكراوەی چەقبەستوی حیزب و بنەماڵە سیاسییەكانە كە وەڵامدەرەوەی خواستی كۆمەڵگا نییەوهەرلەسەرەتاوە بەپێی خواستی چینی باڵای نێو كۆمەڵگای كوردی دروست بوون بەدرێژایی مێژووی حكومڕانی پارتی و یەكێتی هەمیشە خەریكی موزایەدە كردن بون بەناوی ئابوری سەربەخۆوە كە دەرەنجامەكەیمان بینی چ نەهامەتییەكی بۆ هاوڵاتیان هێنا بۆیە سەربەخۆی ئابوری وسیاسی بە سودی گشتی لەژێر دەستی ئەم دو دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییە ئەستەمە بێتە بوون.
ئێستا كە پرسی چاكسازی لە نێواندایە پێویستە بپرسین نەوت بە چ شێوەیەك دەفرۆشرێت و داهاتەكەی دەچێتە خەزێنەی حكومەتەوە یان خەزێنەی ئەو سیاسییانەی كە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتیان لەنێوان خۆیان قۆرخ كردوە تاڵانیان كردوە و دۆسییەی نەوتیان هێندەی دیكە ناڕۆشن كردوە بۆیە سەرەتای چاكسازی راستەقینە دەرخستنی راستی گرێبەستە نەوتییەكانە بەتایبەتی گرێبەستە 50 ساڵەییەكەی هەرێم و توركیا كە جگە لە چەند كەسانێكی نێو بنەماڵەی بارزانی كەسی دیكە لێی ئاگادار نین و تەنانەت حیزبەكانی دەرەوەی پارتیش تا ئێستا جورئەتی ئەوەیان نییە لەو گرێبەستە بپرسنەوە كە بۆتە هۆكاری كێشەكانی هەولێر و بەغدا، ئەم تاڵانی فرۆشییەی نەوت لە لایەن پارتی و یەكێتییەوە تا ئێستا لەپێناو دروستكردنی دامەزراوەكانی هەژمونگەری خۆیان بوە نەوەك بنیادنانی سیستەمێكی حكومڕانی تەكنۆكرات كە دواجار هاوڵاتیان لێی سودمەند بن بە گشتی.
چاكسازی سەرەتا بەگەڕانەوەی ئەو هەموە پارانە ئەكرێت كەلە بانكەكانی دەرەوە خراوەتەوە سەر هەژمارە تایبەتیەكانی خۆتان چاكسازی سەرەتا بەگەڕانەوەی ئەو هەموە لە گرد و تەپۆلكەو هاوینەهەوارانە دەكرێت كەلەلایە حیزبەكەی بەرێزت و حیزبەكانی دیكەوە دەستی بەسەردا گیراوە چاكسازی راستەقینە لەوێوە دەست پێ ئەكات نەوەك دەست بردن بۆ گیرفانی موچەخۆران و كەم ئەندامانی ئەم هەرێمە كە هەمیشە باجی شكستی سیاسەتی ئابوری ئێوەی داوە، چاكسازی یان هەڵگرتنی شمشێری چاكسازی هونەر و عەقڵییەتێكی سیاسی وای دەوێت كە توانای هێنانەكایەی سیستەمێكی سیاسی وئابوری سەقامگیر و خۆشگوزەرانی پێ بێت لە پێناوپاراستنی ماف و ئازادی هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی گشتی و سەقامگیری كۆمەڵگا.
چاكسازی راستەقینە كاتێك ئەبێت كە شمشێرەكەی برا گەورە ژەنگی هەڵنەگرتبێ و لە نێو حیزب و خێزانەكەی خۆیەوە دەست پێ بكات، چونكە دەستپێكردن لەوێوە دەرەنجامێكی باشتری ئەبێت و پرۆسەی چاكسازییەكەش ڕەوانترو گەورەتر ئەكات لەوێشەوە تاكەكەسەكان ئەتوانن لە ڕێگەی سیستەمێك لە مافەكانەوە بەرمەبنای ژیانی سیاسی و ئابوریان پارێزراو بێت.