نەوزادى موهەندیس: کورد لە کوێى هەنگاوەکانى کازمیدان کە هێشتا سەرەتان بەڵام بەهێز و بوێرن!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
تەنها نزیکەى 2 مانگە کە حکومەتەکەى مستەفا کازمى دەسەتبەکاربوە و متمانەى پەڕلەمانى عێراقى وەرگرتوە، و هێشتا نەبۆتە 3 مانگ، کە ئاشکرایە لاى هەموان لەبارودۆخێکى زۆر بارگاوى و پڕ کێشمەکێشى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەندروستى و دارایدا کازمى ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانى حکومەت، کازمى هاتە سەر سیستەمى حوکمڕانیەکى دزەکان ( کلیبتۆکراسى) کە گەندەڵى و مشەخۆرى تەواوى جومگەکانى ئەو حوکمڕانیەى گرتۆتەوە و بەشێوەیەک شۆڕبۆتەوە کە بنبڕکردنى کارێکى سەخت و دژوارە. بەتایبەتیش بۆ کەسێکى وەک کازمى کە نەحیزبێکى سیاسى و نە کوتلەیەکى پەڕلەمانى گەورە و بەهێزى لە پشتە.کە زۆر کەس و لایەنى بەدەسەڵاتى شیعەکانیش نەیاندەوێرا خۆى لەقەرە بدەن، چونکە زۆرباش دەیانزانى کە هەر لەناو خۆیاندا ڕێگرى و بەربەستى گەورەى بۆ دروستدەکەن و ڕێگەنادەن بەناو ئەجێنداى ئەمریکا بسەپێنرێت و لەدەسەڵات و مەقاماتەکانیان بدرێت و بەرژەوەندى و دەسکەوتەکانیان لەگەندەڵیدا کەم و بنەبڕبکرێت. بەڵام ئەوەى جێگەى تێڕامان بوو کە هەموانیان بەشدارى متمانەدان و مەراسیمى تەکلیفکردنەکەى بوون کە هێشتا کاندیدى پێشوو (عەدنان زورفى) شیعەى خۆیان ماوەى یاسایى تەواو نەببوو. دیاریکردن و پشتگیرکردنى هەموان بەو کات و ساتە کەمە و بەو خێراییە لە کازمى بۆخۆى جێگەى دەیان گومان و پرسیار بوو. بەڵام تاکو ئێستا بەردەوامە، هەرچەندە لێرەو لەوێ دەنگى نەشاز و ناڕەزایى دژى بەرزدەکرێتەوە، بەڵام گەر وەک گەواهیدەرێکى بێ مەبەست و دوور لە بەغداد و بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندێکى کورت و خێرا بۆ کارەکانى کازمى بکرێت لەم ماوەى 2 مانگەدا، ناکرێت کە نکولى لە سەرکەوتن و هەنگاوە بوێرەکانى بکرێت لەهەموو ڕوە سەربازى و ئەمنى و دارایى و کاگێڕى و حوکمڕانیەوە. ئەو توانیویەتى دەستببات بۆ مەلەفە زۆر هەستیارەکانى گەندەڵى و دارایى و بانکى ناوەندى و بودجە و مووچە و نەوت و دەروازە سنوریەکان و گومرک و باج و ڕسومات و ڕووبەڕووبونەوەى نفوزى ئێران و لێدانى میلیشیا چەکدارەکان وکەمکردنەوەى مووچەى پلە باڵاکان و… هتد. کە هەموو ئەم کارانە لەماوەى 17 ساڵى ڕابووردوودا هێڵى سوور بوون بۆ هەموو سەرۆک وەزیرە شیعیەکان، لەلایەن زۆرێک لەسەرکرەدکان و حیزب و مەقاماتەکانەوە تەنانەت ئاینیەکان و دواتریش هەندێک لەوڵاتانى دەرودراوەسێى سونە و شیعە مەزهەبیشەوە. بەڵام وەک دەوترێت گەر خۆت پەرێزت پاکبوو لەگەڵیشیدا خەمخۆر و دڵسۆزیت هەبوو وە لەبەرنامەشدا نەبوو کە بکەویتە پیلانى گەندەڵى و پاراستنى گەندەڵکارانەوە و خۆشت بەنیازى کەڵەکەکردن و دزى و ڕاوڕووتکردنى سەروەت و سامان نەبوویت، بێباکیت لەهەمووان و هیچ کەسیش وەک گەندەڵکاران و دزەکان ترسنۆک نین، ئەوان تەنها بوێریان لە بێهەڵوێستى و ترسنۆکى ئەوانى ترەوە وەرگرتوە. بۆیە بەهەق ئەم هەنگاوانەى کازمى بۆ ڕێکخستنەوە و ڕێگەگرتن و بچوککردنەوە و نەمانى هەژموونى میلیشیاکان و وەک یەک سەیرکردنى هەموان و سەپاندنى هەیبەت و شکۆى دەوڵەت بەسەر هەمواندا وایکردوە کە هیچ هێزێک بوێرى ئەوە نەکات کە ڕووبەڕووى بوەستێتەوە، کازمى بەحوکمى ئەوەى کە خۆى پیاوێکى ئەمنى و پراکتیکى و پراگماتیکیە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى هەڵمەتە سەربازیەکان و لێپرسینە و بەشداریکردن لەدانوسانەکاندا دەکات، ئومێدەکانى لاى زۆرێک لە عێراقیەکان زیندووکردۆتەوە.
ڕاستە گەلێک هەنگاو وکارى گەورەتر ماون کە ئەنجامى بدات، بەڵام بۆخۆى ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئایندەیەکى گەشتر و ڕۆشنتر و بۆئەوەى عێراقیەکان بەهەرێمى کوردستانیشەوە لەژیان و گوزرانێکى شیاوترو پڕ شکۆتردا تەمەن بگوزەرێنن نەک لە برسێتى و هەژارى و نەخوێندەوارى و نەخۆشیدا بناڵێنن. گەر وەک عێراقیەک لەهەوڵ و هەنگاوەکانى کازمى بڕوانرێت دەبێت هەموان پشتگیرى بکەن چونکە تاک و کۆمەڵگاى عێراقى دواى 17 ساڵ لەگەندەڵى و وێرانەکردنى، پێویستى بە پیاوێکى بە ئیڕادە و خەمخۆرى وەک کازمى هەیە، چونکە بۆ هەموان دەرکەوت ژیان و گوزەران و پێشکەوتن و ڕەفاهیەت هیچ کات لەسایەى حوکمڕانى گەندەڵکاردا نایەتە دى، هەربۆیە ئەرکى عێراقیەکانە کە پشتیوانى تەواوى کازمى و هەنگاوەکانى بکەن نا لە پێناو بە پاڵەوانکردنى کازمیدا بەڵکو لە پێناو خۆیان و ئایندەى نەوەکانیشیاندا.چونکە عێراقێکى بێهێز و لاواز و شەکەت لەژێر بارى لارى گەندەڵى و پەتا و نەخۆشى و بێکارى و هەژارى و پشکپشکێنەى حیزبایەتى و تایەفیدا دەبێتە گۆڕەپانى ململانێ ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان و تەنها و تەنهاش خاک و گەلانى عێراق زەرەرەمەندى یەکەم و کۆتا دەبن. بۆیە کوردیش گەرەکە هەمئاهەنگ و هاوکارى کازمى بێت و هەوڵبدات کە کێشە کەڵەکەبوەکانى 17 ساڵى ڕابووردووى لەسەر بنەماى دەستور و ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵدا چارەسەر بکات و بەمەش هەم عێراق و هەمیش کوردستان دۆخێکى سیاسى و ئابورى و ئەمنى هێورتر و ئارامتر بەخۆوە دەبینن و هەردوولاش لە جیاتى سەرقاڵبونیان بە کێشە و گرفتەکانەوە سەرگەرمى ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و وڵاتەکەمان دەبن.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی