نەوزادى موهەندیس: هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان لەنێوان مەرامەکانى ئەردۆگان و بێدەنگى کورداندا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
نزیکەى مانگێکى تەواوە سوپاى تورکیا بەردەوامە لەسەر هێرش و پەلاماردان و داگیرکردنى خاکى هەرێمى کوردستان و تائێستا بە ڕووبەرى 15 کم قوڵى خاکى هەرێمى کوردستانى لەناوچەى بادینان و پارێزگاى دهۆکى داگیر کردوە و بنکە و بارەگاى سوپاى تیادا جێگیر کردوە و بە فعلیش بۆتە دەمڕاست و بڕیار بەدەستى ناوچەکە و لە سەر زەوى و لە ئاسمانیشدا باڵادەستە و ڕۆژانە تۆپباران و خاپورکردنى گوند و ناحیە و ئاوەدانیەکانى کوردستان کاول و وێران دەکات. و سووریشە لەسەر بەردەوام بونى هێرش و پەلامارەکان و بەمافى سەرەتایى خۆشى دەزانێت بە بیانوى بەرگریکردن لە ئەمن و ئاسایشى نەتەوەیى خۆى بەناوى دژایەتیکردنى تیرۆریستانى پەکەکەوە کە زیاد لە 25 ساڵە لەم هەرێمە و لەم بەشەى کوردستانى گەورەدا وەک مافى تاک و گروپەکانى کورد لە وڵات و خاکى نەتەوەیى خۆیاندا درێژە بەخەباتى نەتەوایەتى خۆیان دەدەن دژى تورکاندن و داگیرکارى و ڕەتکردنەوەى سەرەتایتیرن مافى کوردانى باکور لە دەوڵەتى توکریادا.
ئەوەى زیانى گەورەى بەرکەوتوە تەنها خاک و ئاو و ئاوەدانى باشورى کوردستان و خەڵکى گوندنشینانى بێ دەسەڵات و هەژارن. گوند و ئاوەدانى و سەوزایى و باخ و باخات و کانى و شاخ و دۆڵەکانى کوردستانن. گەر هێرش و پەلامارەکان بەردەوام بن، مەترسى گەورەتر ڕوودەکەنە ناوچەکە و هەرێمى کوردستانیش.
پرسیارى جدى ئەوەیە، ئەرێ بیانوى تورکیا هەر بونى پەکەکەیە؟ ئایاى مەرامە شارەواکانى ئەردۆگان لە پشت پەردەوە چین؟ گەر پەکەکەش بونى نەبوایە تورکیا و ئەردۆگان ئەم کارەیان هەر نەدەکرد؟ و زۆر پرسى تریش.
بەدڵنیاییەوە تورکیا و ئەردۆگان گەر پەکەکەش نەبوایە هەر بەردەوام دەبوون لەسەر ئەم هێرش و پەلاماردانەى کوردستان و ئاشکراشە لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى 1991وە چەندین جار هێرش و پەرمارى سەربازى کرۆدتە سەر هەرێمەکەمان و هەر جارەى بەبیانویەک، تورکیا دوژمنایەتى خۆى بۆ کورد و کوردستان لەهەر 4 پارچەکە و لەهەموو دونیاشدا نەشارۆدەتەوەـ ئەوە تورکیا بوو شەڕى ناوخۆى هەرێمى کوردستانى لەساڵى نەوەدەکاندا گڕدەدا و بە فعلیش بەشدارى تیادا کرد و بەناوى هێزى ئاشتى پارێزەوە بۆ یەکەم جار هێزى تورکیاى جێگیر کرد لە خاکى هەرێمى کوردستاندا پێش زیاد لە 20 ساڵ. ئەوە تورکیا بوو پارە و کۆمەکى مادى و مەعنەوى هێزەکانى باشوورى دەکرد بۆ دژایەتیکردتى پەکەکە، ئەوە تورکیایە لە ئێستادا دژایەتى کوردانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش دەکات و ڕۆژانە تۆپباران و تیرۆرکردنى بەردەوامە بۆیان و زیندووترین نمونەى هێرشەکەى سەر هاوینەهوارى کونە ماسى و شەهیدکردنى گەریلایەکى پژاک بوو. لە باکوور هێندەى کوردان بەدەست ئەردۆگانەوە زەلیل و بچوکراوە و مافخوراو و لە زینداندا توندکراون نیوهێندە لەسەردەمەکانى پێشووتردا پێیان نەکراوە. بۆیە مەرامە شاراوەکانى تورکیا تەنها لێدانى پەکەکە نیە، بەڵکو لەبنچینەدا نەهێشتن و ڕووخادن و بچووکردنەوەى قەوارەى سیاسى و ئابورى و ئەمنى هەرێمى کوردستانە، ئێ ئەردۆگان چۆن چاوى بەرایى بێت بەم هەرێمەدا کە خەونى لەمێژینەى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیەکان بوە پێش 500 ساڵ و بەزۆرى زۆردارەکى لێى سەنراوەتەوە لەساڵى 1926دا. تورکیا بەمافى خۆى دەزانێت کە ولایەتى موصڵ بگێڕێتەوە سەر قەڵەمڕەوى خۆى و خێر و بێرى زۆروزەوەندى بۆخۆى بەتاڵان بەرێت. بۆیە بونى پەکەکە تەنها بیانویەکى چاوبەستەکیە و هیچى تر.
پرسیارى بێ وەڵامى مەترسیدارتریش ئەوەیە، کە ئایا بۆچى حکومەتى عێراقى و هەرێمى کوردستانیش هەڵوێست و دەنگ و ڕەنگێکى بوێر و بەرزیان نیە دژ بەم داگیرکارى و کوشت و بڕینەى تورکیا و ئەردۆگان؟
ئەوەى تێبینى دەکرێت لە عێراقدا زۆر شەرمنانە و لەژێر لێوەوە چەند لێدوان و بەیاننامەیەکیان دەرکردوە و ناڕازى بونى خۆیان ئاشکرا کردوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا تائێستا هەڵوێستێکى جدى و بوێرانە و شێلگیرانە نە لەسەرۆکایەتى هەرێم و نە لە حکومەت و نە لە حیزب و سەرکردە سیاسیەکانیشەوە بەرزنەبۆتەوە و ڕانەگەیەنراوە، ئایا لە بێدەسەلاتیانەوەیە یان لە ترسى دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانیانەوەیە یانیش پێیان خۆشە کە پەکەکە بون و کاریگەرى نەمێنێت لە هەرێمى کوردستاندا. گەر بەهەر بیانویەکەوە بێت ئەوەندەى تر ئەم بێدەنگى و قڕوقەپکردنەى دەسەڵاتدارانى کوردستان هێندەى تر تورکیا و ئەردۆگانى مکوڕتر کردوە لەسەر بەردەوامبوون و دگیرکاریە ناڕەواکانى و بوێرى زیاترى پێبەخشیوە.
لەکۆتایدا دەبێت ئەو ڕاستیە مێژوویانە وەبیرخۆمان بهێنینەوە کە تورکەکان هەمیشە خەونى زیندووکردنەوەى خەلافەتى پانوپۆڕى عوسمانیان لە خەیاڵداندا و بەتایبەتیش لەدواى دەسەڵاتگرتنە دەستى ئاکەپە و ئەردۆگان لەساڵى 2002وە وگەرەکیانە لە یادى 100 ساڵەى دامەزراندى دەوڵەتى نوێى تورکیادا لەساڵى 1923دا گەر هەموو قەڵەمڕەوى خەلافەتە لەگۆڕنراوەکەشیان بەدەستنەهێننەوە لانى کەم جێگە و پێگە ستراتیژى و گرنگە سیاسى و ئابوریەکانى وەکو ولایەتى موێڵ وکوردستانى ڕۆژئاوا و لیبیا و ..هتد بگێڕنەوە ژێر ڕکێفى خۆیان.
بەڵام ئاشکراشە ئەم خەون و خەیاڵ پڵاوییەى ئەردۆگان هەروا بە ئاسانى نایەتەدى و دونیاى زلهێزەکان و ناوچەییەکانیش هەروا بە سانایى لێناگەڕێن کە تورکیا خەلافەتە لەدەستچوەکەى وەدەستبێنێتەوە کە زیاد لە 300 ساڵ زۆربەى ئەورپاى هەراسان کردبوو. بۆیە خەونەکانى و مەرامەکانى ئەردۆگان بەزڕى دەمێننەوە ، وەلێ تا ئەو کاتە تەنها کورد زیان و زەرەرى گەورەى گیانى و ماڵى دەکەن. ئەوەش بۆ نەبوونى یەک و یەکگرتوویى شەقام و سەرکردە و حیزبە سیاسەکان دەگەڕێتەوە لەم هەرێمەداو لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکەى کوردستانیش.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts