خالید مەجید فەرەج: سەردەمی رۆشنگەری Age of Enlightenment.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت
سەردەمی ڕۆشنگەری کە بە سەردەمی (ئەقڵ) ناسراوە، بزووتنەوەیەکی فەلسەفی بوو لەنێوان هەر دوو سەدەی 17 و18 دا بەرابەرایەتی چەند بیرمەندێکی فەرەنسی و ئینگلیزی بۆ داڕشتنی بناغەی کۆمەڵگەیەکی نوێ دەستی پێ کرد. لانکەی یەکەمی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەورووپا بوو دواتر لە کۆتایییە کانی سەدەی حەڤدە و سەرەتای هەژدەدا گواسترایەوە بۆ ئەمریکا. ئەوانەی بەشداربوون تێدا باوەڕیان وا بوو ڕێ بۆ زیرەکی و ڕۆشنبیری مرۆڤ لە تاریکستانی سەدەکانی ناوەڕاست ڕۆشن دەکەنەوە.
بۆیە بە سەردەمی ڕۆشنگەری ناسراوە یان ناوبراوە بۆ ئەوەی جیا بکرێتەوە لە قۆناغەکانی تاریکی (سەدەکانی ناوەڕاست) کە ئەورووپای تێدا دەژیا و کەنیسە و لایەنی ئایینی لە ڕیزی پێشەوە دابوون و دەستیان خستبووە ناو وردەکاریترین ژیانی مرۆڤەوە .
ئەم دەستەواژەیە پێش ئەوەی لەسەر دەستی فەیلەسووفەکانی سەردەمی ئەقڵ بە عەلمانی بکرێت، سەرەتا لە ئامێزی ئایینەوە سەری هەڵدا. لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدەدات چۆن ئەو دەستەواژەیە لەنێو فەرهەنگی ئایینییەوە گواسترایەوە ناو فەرهەنگی فەلسەفی نوێوە؟
دیکارت( 1590- 1650 ) یەکەمین کەس بوو کە دەستەواژەی ڕۆشنگەری بە واتا نوێیەکەی دوور لە واتا ئایینییە ئنجیلەکەی بەکارهێناوە. کەدەکاتە توانای گەیشتنی مرۆڤ بە کۆمەڵێک هەقیقەت تەنها لەرێگەی ئەقڵەوە، بەڵام ئەو دەستەواژەی ڕۆشنگەری وەکو چەکێک دژی ئایین یان پیاوانی ئایین بەکار نەهێنا، ئەو لە چوارچێوەی ڕێزی تەواو بۆ بەها لاهوتیەکان بەکاری دەهێنا، نەک وەکو ئەوەی کە دواتر ڤۆلتێر دەیکرد.
یەکێک لە شۆڕە سوارانی سەردەمی ڕۆشنگەری (جۆن لۆک)ە کە بیروباوەڕەکانی بەشدارییەکی چالاکیان لە بیناکردنی عەلمانییەتدا هەبوو. دەوڵەت لە فەلسەفەی جۆن لۆکدا ئەوە نییە کە لەدەستی حاکمێکی موتڵەقدا بێت و کەس نەتوانێت لێی بپرسێتەوە، هەر وەکوو تۆماز هۆبز دەیگوت. هەروەها دەوڵەت بۆی نییە بە بیانووی سنوور دانان بۆ ئاشووب و فیتنەوە، چاودێری ئیمانی خەڵک بکات، هەر وەکوو سبینیوزا دەیگوت. بەپێی لۆک ئایینی هەق نە بۆ مومارەسەکردنی توقوسەکان و نە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی کەنیسەو نە بۆ داپڵۆسین دانراوە، بەڵکوو ئایین بۆ ڕێکخستنی ژیانی بەشەر بە پشتبەستن بە بنەماکانی فەزیلەت و خودا پەرستی هاتووە.
لۆک دەڵێت فەرزکردنی وابەستەیی بە تەنیا مافی دەسەڵاتی مەدەنییە، بەلام ئیرادەی خێر (دین و ئیمان) تەنیا لەدەسەڵاتی مرۆڤدایە. ئەو دەڵێت دەسەڵاتی حاکم ناپەڕێتەوە بۆ داڕشتنی یاسایەک کەپەیوەندی بە ئیمانەوە یان شێوەکانی عیبادەتەوە هەبێت. دەڵێت: یاسا هێزی نابێت ئەگەر سزای لەگەڵ نەبێت، سزاش لەم حاڵەتە بە موتلەق لە جێی نەبوو دادەنرێت، چونکە هیچ یاسایەک ناتوانێت قەناعەت بە عەقڵ بکات کە ئیلتیزام بە عیبادەتێک یان هەر ڕووکارێکی دەرەوەی عیبادەت بۆ نموونە (نوێژکردن لە کەنیسە بەکۆمەڵ) وە بکات. ئەو کەسانەی کە ئیلتیزامێکی وایان هەیە دەبێت لە قەناعەتێکی تەواوە بێ ، تا وەکوو دەڵێت تەنیا ئەو ئیمانە هەقە و ئەو عیبادەتە لای خودا قبووڵە و هیچ سزایەکیش زۆر لە مرۆڤ ناکات بگاتە ئەو ئیمانە واتا دەبێت لە قەناعەتی خۆیەوە بێت نەک بە زۆرە ملی.
بەپێی لۆک دەبوو دەوڵەت لە لایەنە ئیمانیە تایبەتەکە جیا بکرێتەوە، کەدەکاتە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک بە ئامانجی دەستەبەرکردنی خێر و بێرە مەدەنییەکان و کە پارێزگاری لێ دەکات و گەشەی پێ دەدا. (خێر و بێری شارستانی واتا ژیان و ئازادی و تەندروستی و ئیسراحەتی گیان و هەروەها بوون بەخاوەنی پارە و زەوی و خانوو ناوماڵ و هەتا دوایی).
لۆک دەڵێت حوکمەتی موتلەق بریتییە لە چەند کەسێک دەستیان بەسەر حوکمدا گرتووە، هەرگیز لەتەنیشت ئەو جۆرە حکومەتەوە کۆمەڵگەی مەدەنی دروست نابێت، چونکە ئەوەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی جیادەکەوە ئەو بێلایەنیەیە کە لە تاکدا هەیە و لە حاڵەتە سروشتییەکەیدا نەیبووە. (تاکی حاڵەتی سروشتی کە هەموو شتەکان بەڵای خۆیدا دادەتاشێت)، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرقەرار بیت، دەبێت دەسەڵاتێکی گشتی هەبێت هەموو کەس بتوانێت کاتێ کێشەیەکی تووش دەبێت پەنای بۆ بەرێت ئەویش بتوانیت کێشەکان یەکلایی بکاتەوە لە هەمان کاتیشدا خۆشی واتا تاک دەبێت ملکەچی حوکمەکانی بێت.
جان جاک ڕۆسۆی فەرەنسی و بیرمەندی دیاری سەردەمی ڕۆشنگەری دەڵێت: بەرپرسیاریەتی دەوڵەتە کە هەر هاووڵاتییەک ئایینێکی هەبێت و ئەرکەکانی بەسەردا فەرز بکات، بەڵام بیر و باوەڕەکانی ئەو ئایینە کاریی دەوڵەت و ئەندامەکانی(گەل) نییە، تەنیا لەوەدا نەبێت کە ئەو باوەڕانە پەیوەندییان بە ئەخلاق و ئەو ئەرکانەوە بێ، کە پێویستە لەسەر باوەڕ هێنەرانی بەرامبەر بە خەڵک بەجێی بهێنن، واتا کاتێک کە کاریگەری لەسەر دەور و پشتی دەبێت. جگە لە مانە ئیماندار بۆی هەیە هەر باوەڕێکی هەبێت، بەبێ ئەوەی مەرج بێت کە خاوەنی سەروەری (دام و دەزگای ڕەسمی) ئاگادار بێت یان بۆی هەبێت لێپێچینەوەی لەسەری لەگەڵدا بکات.
ڕۆسۆ دەڵێت: مەسیحیەت یارمەتی ئیماندار نادات بۆ ئەوەی ئەرکانی دنیایی خۆی بەجێبگەێنێت. ناهێڵێت هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی ژیانێکی باش بۆ خۆی دەستەبەر بکات، دەڵێت گوتارو وەعزی پیاوانی لاهوتی مەسیحیەت تەنیا جەخت کردنە لەسەر کۆیلەیی و شوێنکەوتن، پیاوانی لاهوت وای دەبنە مێشکی ئیماندارەوە کە دەبێت بەرۆحێکەوە بژی لەگەڵ زوڵم و زۆر دا خۆی بگونجێنێت، چونکە لە ئاخیرەتدا قازانج دەکات !. دەڵێت قەدەری مەسیحی وا بوو کە بەحوسن و ڕەزای خۆیان کۆیلە بن، چونکە پێیان گوترابوو ئەم ژیانە کاروان سەرە ڕێیە، و هیچ بایەخێکی نابێت پێ بدرێت. هەرچەندە ڕۆسۆ لاری لەوە نەبووە مەسیحیەت ئایینێکی ڕۆحییە، بەڵام ئەوەش دەڵێت کە بەردەوام سەرقاڵی کاروباری ئاسمانە نەک ئەرز. بە واتایەکی کە تەنیا ئەولەویەتی ڕازی کردنی ئاسمانە واتا خودا، بەڵام نیشتمانی مەسیحییەکان کە زەوییە هیچ جێگەیەکی لە گرنگی پێدانی ئەو ئایینە نەگرتووەتەوە، بۆیە دەبینین ئیمانداری مەسیحی هیچ لە ئەرکە دنیاییەکانی خۆی بەجێ ناگەنێت. بە جۆرێک کە سوود لە گەشەی دەوڵەت نابینێت و کاتێک کە تووشی داڕمان و پەتا و لافاو و بوومەلەرزەش هات، دەست خۆشی لە خوداوەند دەکات کە ئەو ئافاتەی بۆ ئەو گەلە بێ ئیمانە ناردووە.
نووسەر و مێژوونووس (سوزان ئەبرینسی) دەڵێت: تۆوی بیر و باوەڕی فەلسەفی کە هەوێنی ڕۆشنگەری بوو لە جەنگی ناسراو بە جەنگی سی ساڵە، لەنێوان ساڵەکانی( 1618 – 1648) دا سەری هەڵدا ئەو شەڕە ململانێیەکی خوێناوی بوو و زۆربەی زۆری لەپێناوی ئایین و بەناوی ئایینەوە بوو، کەبوو بەهۆی ئەوەی بەشێویەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە. ئەو دەڵێت سەدەی دۆزینەوەکان کەتیادا کۆلۆمبوس دنیای نوێی دۆزییەوە بوو بەهۆی ئاگاداربوون لە فەلسەفە و کەڵچەری دیکە. هەروەها دەڵێت کۆبوونەوەی چەندین سەدە لە ئیستیغلال و خراپ مامەڵە کردنی عامەی گەل لەلایەن پادشاکان و کەنیسەوە ، وای کرد هاووڵاتییان چیدی خۆیان بۆ ڕانەگیرێت تووڕە ببن و دەست بە نووسین بکەن و نارەزاییەکانیان بە دەنگی بەرز دەرببڕن.
هەروەها بیری سەردەمی ڕێنیسانس وای کرد کە خەڵک دیراسەی واقیعی هەست پێکراو لەنزیکەوە بکەن، ئەو بزووتنەوەیەش بە شۆڕشی زانستی ناسرا. بەپێی بەشی مێژوو لە زانکۆی ئیندیانای باکووری ڕۆژئاوا، شۆڕشی زانستی لە بیردۆزەکەی کۆبرنیکوسەوە ساڵی 1543 دەست پێ دەکات، کە سەبارەت بە مەرکەزیەتی ڕۆژ بوو ، بە دۆزینەوەکەی ئیسحاق نیوتن بۆ قانونی جازیبیەت کۆتایی پێ هات. لەگەڵ هەر دۆزینەوەیەکی زانستیدا تێگەیشتنی جولەکەو مەسیحی سەلەفی کە موتەفیق بوون لەسەر کەون هێدی هێدی دەگۆڕا. دەگوترا خودا کەونی دروست کردووە زانستیش ڕوون کردنەوەی لەسەدەدا و بەهۆی زانستەوە خەڵک دەتوانن لە کەون تێ بگەن. ئیدی بیرمەندەکان کەونیان وا دەبینی کە بێ کۆتاییەو پر لەجوڵەیە. ئەم شێوە بیرکردنەوەیە بوو کە ڕێگای لەبەردەمی فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا خۆش کرد و بیری عەقڵی مرۆڤی لە باوەش گرت.
بوارەکانی بیرکردنەوەی ڕۆشنگەری
مەنتیق:
فەیلەسووفە ڕۆشنگەریەکان باوەڕیان وا بوو کە بیرکردنەوەی عەقڵانی مرۆڤ باشتر دەکات، دەڵێن مەنتیق یارمەتی عەقڵی مرۆڤ دەدات لە جەهل ناعەقڵانیەت ڕزگاری ببێت و یارمەتی بیرکردنەوەی بە شێوەیەکی ماقووڵ دەدات، لەوەش زیاتر مرۆڤ فێری هەڵسوکەوتی ماقووڵ دەکات.
گومان:
لەبری ئەوەی کە ناوەرۆک بە ئیمانێکی کوێرانەوە قبووڵ بکرێت. بیرمەندەکانی ڕۆشنگەری ویستیان بەئەقڵ و تاقی کردنەوە بیسەلمێنن کە شتێک هەیە هەقیقی بێ واتا گومانی تێدا نەبێت. بیرمەندەکانی ڕۆشنگەری گومانیان لە مافی ئیلاهی پادشا و ئەو ئیدعا زانستییانەی کە پێشتر لە عەقڵی مرۆڤی ئەورووپیدا چەسپابوو و تایبەت بوو بە دنیای سروشت، هەروەها عەقیدەی ئایینی هەبوو. سۆزان ئەبرینسی دەڵێت ( زاناکانی لاهوتیش لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا بۆ ئەوەی لە کاروان دوا نەکەون دەیانویست ئیسڵاحی ئیمانی خۆیان بکەن لەگەڵ پاراستنی باوەڕی تەواویان بەخودا).
هەر لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا بزووتنەوەی ڕەبوبی (خودایی، ئیلاهی) بڵاو بووەوە ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت: خودا هەیە، بەڵام هەقی بەسەر زەوییەوە نییە. کەون بەپێی یاساکانی سروشتەوە و لەسەر بنەما زانستییەکان دەڕوا بەڕێوە. تۆماس جیفرسۆن کە بە یەکێک لە باوکانی دامەزرێنەرانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، یەکێک بوو لە شوێنکەوتووانی ئەو بیروباوەڕە.
لێبوردەیی ئایینی:
هەر چەندە بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری گومانیان لە دامەزراوە ئایینییەکان هەبوو، بەڵام باوەڕیان وا بوو دەبێت خەڵک ئازاد بن لە بیروباوەڕی ئایینیاندا، ئەبریسنی دەڵێت بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بۆ ڕێگرتن لە هەڵایسانی جەنگە ئایینییە دەمارگیرییەکان هەوڵیان دا، دەسەڵاتی سیاسی (ئایینی دامەزراوەیی) سنووردار بکەن.
ئازادی:
لێبوردەیی ڕۆشنگەری پەیوەست بوو بەوەوە کە بزووتنەوەکە جەختی لەسەر ئازادی شەخسی دەکردەوە. بەگوێرەی ئەو مەفهومە خودا یان سروشت هەموو مافە بنەڕەتییەکانی داوە بە مرۆڤ، بۆیە مرۆڤ بێ هیچ کۆتێکی سەرکوتکەر ئازادن لە هەڵسوو کەوتیانیا. ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ویژدانی تاکەوە نییە. تاکەکان مافیان هەیە و هەموو کەسەکان یەکسانن، هێزی سیاسی خاوەن شەرعیەتیش لەسەر ڕەزامەندی گەڵ دروست دەبێت و لەسەریەتی کە نوێنەری ئیرادەی گەل بێت.
تاقیگەری و عەقڵانی:
پەیڕەو یان مەزهەبی تاقیگەری تایبەتمەندێتی فەیلەسووفە بەریتانییەکان بوو، لە وانە جۆن لۆک و جورج بیرکیلی ودیڤید هیوم ، بەپێی ئەم مەزهەبە سەرچاوەی هەموو مەعریفەتی ئینسانی لە تاقی کردنەوەی هەست و شعورەوە دێت ، بەڵام لەلای مەزهەبی عەقڵانی کە پەیڕەوانی لە ئەورووپا دەژیان واتا غەیری بەریتانیا ، حەواس (هەست وشعور) گرنگی نەبوو بەڵکوو ئەقڵ لەڕێگەی داهێنانی بیر و پەی پێ بردنی دەبێت بە سەرچاوەی مەعریفەت.
فەلسەفەی ڕۆشنگەری ساتەوەختێکی یەکلایی کەرەوەی لە پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتیدا پێک هێنا، ئەو سەیری ئەقڵی وەکوو ئامرازێکی سەرەکی بۆ تێگەیشتنی کەون (سروشت) دەکرد. چەمکی ڕۆشنگەری بە ڕادەیەک بەرفراوان بوو، هەموو شێوەکانی فیکر بە سوود وەرگرتن لە ڕەخەنەی ئەقڵانی کە ئەقڵ لە تاریکستانی جەهل و خورافە و تاریکی دەردەهێنن، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانستەکاندا بەشدار بوون تێدا. گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان ئەمانۆئێل کانت وا پێناسەی چەرخی ڕۆشنگەری دەکات: ( دەرچوونی مرۆڤ لەو بچووککردنەوەیەی کەخۆی بە سەربەخۆیدا هێناویەتی) ئەو دەڵێت: بۆ ئەوەی مرۆڤ سەربەست بێت دەبێت شوێن ئەقڵی بکەوێت و کۆنترۆڵی عاتیفەو غەریزەکانی خۆی بکات. لەکانت دەپرسن نوقسانیی ئەقڵیی چییە؟ ئەو دەڵێت: پاشکۆییە بۆ خەڵک و بزرکردنی توانای بیرکردنەوەی شەخسییە و نەتوانینی هەڵسوکەوتێکی سەربەخۆیە لە ژیاندا و بەردەوام چاوەڕوانییە کە کەسێک وەکوو وەسی بڕیارت بۆ بدات. دەڵێن هەر لێرەوە هاوارە بەناوبانگەکەی کانت بیسترا کە دەیگوت: خەڵکینە ئەقڵی خۆتان بەکار بهێنن، دەبێت جورئەتتان هەبێت عەقڵی خۆتان بخەنە کار.
هەر وەکوو ئاماژەمان پێدا بیری یان بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لەسەر دەستی ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییانەدا بە ئەورووپادا بڵاو بووەوە، کە ئاگادارییەکی باشیان سەبارەت بە فەلسەفەی ئینگلیزی هەبوو. لەو بارەیەوە دەگوترێت هەریەک لە ڤۆلتیر و مونسکیو ڤۆنتانیلی بە موبەشیرانی ئەو فەلسەفە ئینگلیزییە دەناسران، کە لەسەر ئەقڵی تاقیگەر و مەعریفەتی زانستی بینا کرابوو، کە ڕەگەزە سەرەکییەکانی فکری فەیلەسووفە ئینگلیزەکان وەکوو ( لۆک و نیوتن و دیڤید هیوم) یان پێک دەهێنا، کەئەوانیش لای خۆیانەوە کەوتبونە ژێر کاریگەری فەیلەسووفی ئینگلیزی (فرانس بیکۆن)ەوە کە شۆڕەسواری پەیڕەوی تاقیگەری بوو، خاوەنی ئەم گوتە نەمرەیە کە دەڵێت ( ئەگەر مرۆڤ بە دڵنیایی دەستی پێ کرد بە گومان کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر بە گومان دەستی پێ کرد دەگاتە دڵنیایییەکان) . کەواتە ئەگەر سەردەمی ڕۆشنگەری مۆرکی فەرەنسی پێوە دیار بێت، بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە مێژوویییە تایبەتە کە فەرەنسای لە سەدەی هەژدەیەمین دا پێدا تێ دەپەڕی. چەرخی ڕۆشنگەری و عەقلانیەت ئیلهامی زۆر لە شۆڕشە کۆمەڵایەتی سیاسییەکان بوو کە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەیەمدا ئەورووپای گرتەوە و دروست بوونی دەوڵەتی نوێی لێکەوتەوە.
بیری ڕۆشنگەری لای ئینگلیز
لەسەدەی حەڤدەدا بۆرجوازی ئینگلیزی لە گەشەسەندندا بوو، توانا و کاریگەری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبوو. بۆیە دەرەبەگ ناچار بوو ڕیفۆرمەکان قبووڵ بکات شێوازەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕێت بۆ ئەوەی فریای تازەگەرییەکانی سەردەم بکەوێت. لە بەرامبەر ئەوەدا چینی هەژار لە دۆخێکی زۆر خراپدا گوزەرانیان دەکرد. هەرچەندە چەن ڕاپەڕینێک یان شۆڕشێک بەرپا بوو لە وانە شۆڕشی یەکەم و شۆڕشی مەزن، بەڵام سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە هەر بە پاشایەتی ماوەیەوە.
شۆڕەسوارانی فیکری ڕۆشنگەری لە هۆڵەندا و بەریتانیا
• هوگو جروتیوس
بیرمەندێکی هۆڵەندی گەورە بوو بەشداربوو لە داڕشتنی یاسای نێو دەوڵەتیدا کە پشت بە یاسای سروشتی دەبەستێت. ئەو لە پێشەنگەکانی بیرۆکەی دروست بوونی کۆمەڵگە ی نێو دەوڵەتی بوو، کە بە یاسا و تەوافوقی هاوبەش حوکم بکرێت نەک بەهێز، هەروەها ئەو بیرۆکەی لێبوردەیی ئاینی تەرح کرد.
• سبنیوزا لە کتێبەکەیدا بەناوی ( نامەیەک لە لاهوت و سیاسەتدا) دەڵێت: ( ئیمان و فەلسەفە جوودان، ئەقڵ خزمەتکاری ئیمان نییە، هەر یەکەیان بواری تایبەتی خۆی هەیە کەلەبوارەکەی ئەوی تریان جیاوازە. ئەو وای بۆ دەچێت کە ئامانجی فەلسەفە گەیشتنە بەهەق یان هەقیقەت، بەڵام ئامانجی ئیمان تەنیا تاعەت و تەقوایە).
• دیڤید هیوم:
فەیلەسووفێکی تاقیگەری ئوستوکلەندی بوو، ئەو دەیگوت مرۆڤ تەنیا کۆمەڵێک ئیحساسە، هەروەها دەیگوت ئەخلاق پشت بە عاتیفە زیاتر دەبەستێت وەکوو لە پرەنسیپە ئەخلاقییەکان.
• کانت:
فەیلەسووفێکی ئەڵمانی بوو هاوئاهەنگی لەنێوان مەزهەبی هەست و ئەقڵدا کرد.
• تۆماس هۆبز:
ئەو فەلیەسوفە بوو کە داکۆکی لە پاشایەتی ڕەها کرد. ئەو لە کتێبەکەیدا کەبەناوی لیڤیتیان ( هەژدیهای خوارفی) – هێمایە بۆ بەهێزی دەوڵەت کە بەو هەژدیهایەی شوبهاندبوو-. ئەو دەڵێت : پێش بوونی دەوڵەت مرۆڤ لە شەڕی هەموو دژی هەموودا ژیاون، بۆ ئەوەی ئەو پاشاگەردانییە نەمێنێت لەناو خۆیاندا یەکێکیان کرد بە حاکم (پادشا) و گوتیان بەکەیفی خۆت واتا ڕەها حوکمان بکە، لەو پاشاگەردانیە باشترە کە کەس خاوەنی سەروماڵی خۆی نییە. واتا ئاسایشی کۆمەڵایەتی نییە. هەر ئەو چەند تیۆرییەکی سیاسی نوێی داڕشت لە وانە:
– مافی سروشتی: ئەو سەربەستییەیە کە مرۆڤ هەیەتی و بە هۆیەوە دەتوانێت چۆنی بوێ، دەسەڵاتی خۆی بە کار بهێنێت.
– ئازادی: نەبوونی ئەو بەربەستە دەرکیانە کەبەشێک لە دەسەڵاتی مرۆڤ زەوت دەکات.
– یاسای سروشتی: ئەم یاسایە لە سروشتی خەڵک و پەیوەندییان بەیەکەوە دروست بووە، کە ئامانجی پارێزگاری کردنە لە ژیانی مرۆڤ.
– یاسای دووەم: دەستبەرداری کەسێک لە بەشێک لە دەسەڵات و مافەکانی بۆ زامن کردنی ئازادی خەڵکی دیکەش.
• جۆن لۆک
بە گرنگترین فەیلەسووفەکانی سەدەی ڕۆشناییەکان لە ئینگلتەرا لە سەدەی حەڤدەیەمدا دادەنرێت، لە نووسراوە بەناوبانگەکانی کتێبی ( لێکۆڵینەوە دەربارەی حکومەتی مەدەنی). کەتیادا هەندێک لەو پرەنسیپانەی تەرح کردووە لە وانە:
– سەربەستی سروشتی بۆ مرۆڤ: ڕەت کردنەوەی هەر دەسەڵاتێک لە غەیری دەسەڵاتی یاسادانان ( پەرلەمان) و هیچ ڕێسایەک جگە لە ڕێسای یاسای سروشتی قبووڵ نییە.
– پێناسەی یاسای دانراو: ئەو یاسایەیە کە دەوڵەت و بەتایبەتیش دەسەڵاتی یاسا دانان دای ناوە.
– بەرهەڵستی ئیستیبداد: کاتێک کە حاکم سنووری ئەو دەسەڵاتە دەبەزێنێت کە یاسا پێی داوە.
بیری ڕۆشنگەری لای فەرەنسییەکان:
لەسەدەی هەژدەیەمدا ڕۆڵ و توانای کاریگەری بۆرژوا لە هەڵکشاندا بوو، بەڵام هێشتا هەر دەسەڵات لای دەرەبەگەکان بوو. هەر لەو دەورەدا فەرەنسا تووشی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری توند هات کەبوو بەهۆی هەڵایسانی شۆڕشی فەرەنسی.
بیرمەندە هەرە کاریگەرەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری لە فەرەنسا:
• ڤۆلتێر
داوای کرد حوکم یان دەسەڵات لە دەرەبەگەوە بگوازرێتەوە بۆ بۆرژوا بەبێ دەستکاریکردنی جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان، کە دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەو دژی ئیستیبداد نەبوو، بەڵام بانگەشەی بۆ ئیستیبدادێکی متەنەویر دەکرد. بەڵام ئەو دژی سیستەمی پەرلەمانی واتا حوکمی عامەی شەعب لەڕێگەی نوێنەرەکانییەوە بوو. بەکورتی ئەو باوەڕی بە ڕیزبەندی کۆمەڵایەتی (چینایەتی) هەبوو، بەڵام دەیگوت دەبێت پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێن ڤۆلتێر بیرمەندێکی محافزکاری سەردەمی ڕۆشنگەری بووە.
• مۆنسکیو
باسی شێوازی سەرکوت کەرانەی ڕژێمی مەلەکی دەکرد و مەفهومی ئازادی دیاری کرد دەیگوت ئازادی تا ئەو جێگەیە دەڕوا کەیاسا ڕێگەی پێ دەدا. دژی ئیستیبداد بوو و داوای سیستەمێکی مەلەکی سنووردا و میانڕەوی دەکرد، بەڵام دەیگوت نابێت میر و وەچاخ زادەکان ئیمتیازاتی خۆیان لەدەست بدەن. ئەو تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هێنایە کایەوە، بەڵام دژی یەکسانی سیاسی بوو. باوەڕی وا بوو گەر سیستەمێکی سیاسی دیاریکراو بۆ کۆمەڵگەیەک لەبار بێت مەرج نییە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر گونجاوبێت.
• جان جاک ڕۆسۆ
ڕەخنەی لە ئیستیبداد بە هەموو شێوەکانییەوە دەگرت و داوای دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی دەکرد، ئەو تیۆری گرێبەستی کۆمەڵاتی دانا کە بەپێی ئەو گرێبەستە گەل ڕۆڵی خۆی لەڕێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەبینێت. حکومەتیش یاساکان جێبەجێ دەکات و بەردەوام لە ژێر چاودێری گەلدا دەبێت و هەر کاتێکیش گەل ویستی دەتوانێت دەسەڵاتی لێ بسەنێتەوە. ئەو زیاتر دەڵێت دەبێت ئامانجی یاسا ئازادی و یەکسانی بێت.
لێرەدا ڕا سیتییەک هەیە دەبێت بگوترێت وەکوو دەست پێکی مێژووی ڕۆشنگەری لە ئینگلتەرا سەری هەڵدا، بەڵام دەڵێن پێشکەوتنی ڕاستەقینەی لەسەر دەستی فەیلەسووفە فەرەنسییەکاندا بوو.
شێوازەکانی بڵاو بوونەوەی فکری بیرمەندەکانی سەدەی ڕۆشناییەکان. ئەو ساڵۆنە ڕۆشنبیریانە بوو کە خانمە بۆرژواکانی ئەو سەردەمە کردبویانەوە و تەرخانیان کردبوو بۆ قسە و باس و و موناقەشەی نیوان زانا و هونەرمەند و بیرمەندەکان. لەوێ زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکرا و کتێب دەخوێنرایەوە. شێوازێکی دیکەش هەبوو ئەویش نووسینی ئەنسکلۆپیدیا بوو کە بە سەرپەرشتی بیرمەندی فەرەنسی دیدرو بە بەشداری چەندین هونەرمەند و ڕۆشنبیر و فەیلەسووفی فەرەنسی دانرا، بریتی بوو لە کتێبێکی قەوارە گەورە کە بیرە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتی تا سەدەی (18) ی لە خۆ گرتبوو . هەروەها لە شارەکانی ئەورووپا جگە لە ساڵۆنە ئەدەبی و فیکرییەکان چەندین کتێبخانە کرانەوە کە یارمەتیدەرێکی زۆر کاریگەر بوون لەسەر بڵاو بوونەوەی ڕۆشنبیری.
لەو کۆتایی ئەم باسەدا دەمەوێت بڵێم فەیلەسووفەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، کاریان بۆ گێرانەوەی ئیعتیبار بۆ ئەقڵ و زیرەکی مرۆڤ کرد. ئامانجیان تێکشکاندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی بوو کەسیمبولی دواکەتن بوو ، هەروەها دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی فیکری ئەفسانەیی و ئامادەیی بۆ قبووڵ کردنی ئەو فیکرە لەلایەن گەلەوە، کە ئەرکێکی موقەدەس بوو کەنیسە خستبویە سەرشانی خۆی. ئەو بیرمەندانە ئەوەیان ڕوون دەکردەوە، دنیا وە یان کەون یاساگەلێک حوکمی دەکات کە مرۆڤ توانیویەتی بە عەقڵی خۆی بیدۆزێتەوە ، ئەوەی یارمەتی ئەو گۆڕانکاریانەشی دا ئەوە بوو، کە خۆشبەختانە هەندێک لە فەرمانڕەواکانی ئەو سەردەمە پشتگیریان لێ دەکرد .
فەیلەسووفەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری ڕەخنەی توندیان لە فیکری ئایینی و سیاسی گرت. بیرۆکەی هەقی ئیلاهی کە پاشا و پیاوانی ئایینی پشتیان پێ دەبەست و بە دڵی خۆیان بە شێوەیەکی ڕەها واتا بێ لێپێچینەوە حوکمی ڕەعیەتیان پێ دەکرد، هەڵوەشاندەوە و لە جێی ئەوە پەیوەندی نوێیان لەنێوان حاکم و مەحکووم دا بینا کرد، کە حاکم دەبێ بەپێی دەستور حوکم بکاو ناکرێ دەسەڵاتەکان هەمووی لەچنگی خۆیدا کۆبکاتەوە. دەبێت لە یەک جیا بکرێنەوە، بۆ نموونە دەسەڵاتی یاسادانان بدرێت بە گەل و لەڕێگەی نوێنەرانییەوە لە پەرلەمان مومارەسەی بکات. هەروەها حاکم نابێت خۆی تەرەفێکی کێشەکە بێت و لە هەمان کاتیشدا خۆی دادوەر بێت. بۆیە دەسەڵاتی دادوەریشیان جیا کردەوە و، هەروەها دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش. ئەمانەی کەلای سەرەوە باسمان کردن، هیچیان بێ جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت نەدەهاتە دی، فەیلەسووفەکانی ڕۆشنگەری ئەوەیان کرد. باسیان لە بەها و ئەخلاقی نوێ دەکرد، ڕەخنەیان لە سەرکوتکردن و ڕەقابە لە بواری فیکر و بیروڕا و ئابووری و سیاسەت دەگرت، ئەوان بەباشی لە دروشمەکەی ئادەم سمیث ( لێی گەڕێ با کار بکات، لێی گەڕێ با تێپەڕ ببێت) یان دەڕوانی و کاریان پێ دەکرد. ئەوەی سەدەی هەژدەیەمی لەسەدەکانی دیکە جیا کردەوە، یەکگرتوویی و جێگیری عەقڵ بوو لە هەر قۆناغێک و هەر کەڵچەرێکدا ( ثقافة)، بەڵام ئەقڵێکی دیماگۆگی نا واتا داخراو کەچیدی هیچی تر لەو ڕاستییانەی کەتیادا عەمبار کراوە وەرنەگرێت، بەڵکوو ئەقڵێکی کراوە بەڕووی دنیاو تازەگەرییەکانیدا،کەدەکاتە ئەقڵێکی چالاک. نەک ئەقڵی میکانیکی بێ گیان و ڕۆح. سەردەمی ڕۆشنگەری دنیای بە ڕێرەوێکی تری فیکری ناساند، دوای ئەوەی لە سەدەی حەڤدە و پێش حەڤدەدا، لە ڕاستییەکانەوە (هەقیقەتەکان)دە چون بۆ چاودێری و تاقیکردنەوە. فکری ڕۆشنگەری سەدەی 18 ئەو تێگەیشتنەی ئاوەژوو کردەوە، دەبوو لە تاقیکردنەوە و چاودێرییەوە بگەنە ڕاستییەکان. وەکوو پێشتریش ئاماژەمان بە گوتەکەی فەیلەسووفی ئینگلیزی( فرانس بیکۆن) دا، کە دەیگوت ئەگەر لە گومانە وە دەست پێ بکەیت دەگەیت بە هەقیقەت، بە پێچەوانەشەوە لەهەقیقەتەوە دەست پێ بکەیت کە دەتبات بۆ گومان، ئەوە وەرچەرخانێکی مەعریفی گەرەبوو کە بێگومان دیکارتیش و پێش ئەوانیش فەیلەسووفی دیکە بەشدار بوون لە سیاغەی ئەو فیکرەدا.
دەلیلی قسەکەمان بۆ ئەوەی کە عەقڵی ڕۆشنگەری پێچەوانەی ئەقڵی لاهوتی سەدەکانی ناوەڕاست ئەقڵێکی دیماگۆگی کلیل لێ دراو نەبووە واتا کراوە بووە بەڕووی بیر و بۆچوونی نوێ دا. سەرچاوەکان دەڵێن فەیلەسووفە فەرەنسییەکانی ئەو سەردەمە، مەیلێکی زۆریان بۆ عاتیفە هەبووە، واتا بە بەکار هێنانی عەقڵی موجەرد نەگەڕاون بۆ ڕاستییەکان، بە واتایەکی کە ئەقڵ لای ئەوان تاکە ڕێگا نەبووە بۆ گەیشتن بە ڕاستی. ئەوان گومانێکی زۆریان لەسەر فکری موجەرد واتا دوور لە ئیحساس هەبووە بۆ بەگژا چوونەوەی جەهل و خورافە. زۆر لە بیرمەندە فەرەنسییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بانگەشیان بۆ جۆرێک لە ئەقڵانی کردوە، کە لە تایبەتمەندێتی ئیحساس و خەیاڵ و عاتیفە و لەش (تەن) بە دوور نەبێت. بەپێچەوانەی دیکارت و شوێن کەوتوانی کە فەلسەفە لای ئەوان لەسەر زات چر بووبووەوە، فەیلەسووفە فەرەنسییەکان فۆکسیان خستە سەر دەرەوەی زات، کاتێک کە لەش دەبێت بە خاڵێک وە یان دەستپێکێک بۆ هەڵچوونی عاتیفی و تێکەڵ بوونی لەگەڵ جیهان. هەندێک تا ڕادەیەک پێ لەم بۆچوونە هەڵدەبڕن تا وەکوو دەڵێن: سەردەمی ڕۆشنگەری فەرەنسی هەوڵیدا فەلسەفەیەک بەرهەم بهێنێت کە ئەقڵانیەت کرۆکەکەی نەبێت.

سەرچاوەکان
• اسماء خدیم ……. منزلة العقل في عصر الأنوار
• ریتمی فضيل …..فلسفة الأنوار طریق الی العقلانية
• جاج جاک روسو ، في العقد الأجتماعی او مبادء القانون السیاسی، رجمة عبدالعزيز لبيب، بیروت، ط 1 . 2011.
• لیو شتراوس، جوزیف کروبسی، تأریخ الفلسفة السیاسیة، من جون لوک لی هیدغر.ترجمة محمود سید احمد، القاهرة 2005.
• دین الفطرة، ترجمة عبداللە العروی .الدار البیضاء ، ط 1 ، 2012.
• هیتر دیریک ، موجز تأریخ للموطنیة، دار الساقی بیروت ، ط1. 2007
• عبدالرحمن بلال …. ماهو عصر التنویر ، المحطة ،مجلة الکترونية 2018
• صالح هشام، مدخل للتنویر الأوروبی، دار الطلیعة ، بیروت، ط1 ، 2005.
• احسان نجیب، عصر الأنوار بدایة الثورة الفکرية. موقع بالعربية.
• باروخ سبینوزا …..ویکی بیدیا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت