كەمال محەمەد: هەستكردن بەئەخلاقی سیاسی و حەقیقەتێكی دیكەی تاڵ.
كاتێك حیزب و بنەماڵە توانای جێبەجێكردنی هیچ پرەنسیبێكی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی نەبوو، بێ گومان تەواوی بوار و شانە ئەخلاقی و سیاسییەكانی بەتەواوەتی لەناوئەبرێت ئیتر گەشتن بەم پلەیە، هەرچی ناوێكی بۆ دابنێین لەڕووی نەبونی ئەخلاقی سیاسییەوە دروستەو، دەشێت وەك ئەنجامێكی نەبونی ئەخلاقیش بیری لێ بكرێتەوە، ئەگەر كردارەكانیان لە مێژەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هەڵبدرێنەوە. لە مێژودا كاتێك ویژدان و ئەخلاقی سیاسیان وون بوو، دەیان كاریی قێزەونیانە ئەنجامداوە كە زۆر هیواشكێن بوە كاتێك مرۆڤ بیری لێ كردۆتەوە، ئەمەشیان سەرەتای دابڕانیان بوە لە هەمو بەها مرۆیی و ئەخلاقی و سیاسی و نەتەوەییەكان، هەمو ئەم كارانەشیان تەنها لەبەرئەوە بوە كە چۆن خۆیان بگەیەننە دۆخێك كە دۆگماییان بۆ دەزگا هەواڵگرییەكان سودبەخش بێت بۆیان لەروی دەسەڵاتی بەڕووی و خێڵەكییان. بێ گومان هەمو ئەمانەشیان لەسەر حسابی هاو زمانەكانیان بووە.
لە مێژە تائێستا چەندین بەڵگە لەبەردەستن كە هەرێمی باشور هیچ پێگەو لانكەیەكی ئارام و ئەمین نەبوە بۆ كوردانی پارچەكانی دیكە، چونكە ئاسمانی ئەم پارچەیە بە غەزەب و نەفرین و سزادانی ئەوانە كۆتایی هاتوە، كە ئەوێ ڕۆژێ لە پارچەكانی دیكەی كوردستاندا كارو چالاكیان هەبوەو كاریان بۆ پاراستن و بەرەو پێشخستنی شكۆمەندترین ناسنامەی نەتەوەكەی خۆیان كردوە كە كورد و كوردبوونە.
ئەخلاق گوزارشت لە باشترین شێوازی ئەنجامدانی سەرجەم چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان ئەكات، بۆ نمونە وەك چۆن ئایین و ئابوری ئەخلاقییە بەلایەنە دیموكراسییەكەش راستەوخۆ خودی سیاسەت ئەخلاقە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەخلاق بابەتێكی ژیانییە چ بۆ سیاسەت و چ بۆ كۆمەڵگای سیاسی و حیزب و دەسەڵاتیش، چونكە لە ڕەوشێكی وەهادا دیموكراسی رەسەن و ئەخلاقی رەسەنیش یەكسانئەبن.
ڕادەستكردنی كچە شەرڤانێكی هاو نەتەوەیی و بنیشتمانپەروەر بە وڵاتی توركیا لەم ساتەداو لە خاكی هەرێمەوە، نەك ناتەواوی و كورت هێنانی ئەخلاقی سیاسی و بەها مرۆییەكانە، بەڵكو ئەتوانین وەك فشارو چەوسانەوە و سەپاندنی ستەمكارییەكی دیكەی دابنێن بەدەستی كورد كە لەسەر هاوزمان و نەتەوەكەی خۆی جێبەجێی ئەكات، ئەمەش ئەو سیاسەت و بیركردنەوە خێڵەكییەیە كە مۆڕاڵ لە جێبەجێكردنیدا پەیڕەو ناكرێت و لێی دابڕێنراوەو زەوتكراوە، بۆیە ئیتر ئەوە درۆیەكی گەورەیە هەرێمی باشورە لانكەیەكی ئارام بێت بۆ كوردانی هەر چوار پارچەکە، چونكە راستییە كردارییەكانی حیزبەكانی باشور لە مێژە ئەو خاڵەیان سەلماندوە.
چەندە لە ڕیشەی كارو سیاسەتی ئەم حیزبانە بكۆڵدرێت بەردەوام ستەمكاری و چەوسانەوەو هێزی كارپێكردنی تاڵانكاری و بەدەستەوەدانی شۆڕشگێڕە هاوزمانەكانی خۆیان و تیرۆركردنیان لەژێردا دەردەكەوێت پێویستی لەبیری نەكەین كەئەم دەستەواژانە شەڕ و ستەم و گەڕانەوەی خاوەندارێتیان بۆ دەزگا هەواڵگرییەكان هەرە زێدە ماهییەتی ئەو هێزانە پیشان ئەدات كە بێ بە شكراون لە بوێری و بەخشندەیی و هیواو ئاشتی و توانەوەو میهرەبانی و بەیەكتر گەشتنیان كە بتوانێت مەیلی پیشاندانیان هەبێت لە مێژودا.
ڕادەستكردنی كچە شەرڤانی ڕۆژئاوا و برازای سالح موسلیم لەم ساتەدا ڕوداوێكی نائومێدانەیە و مایە پوچ نەكردنی ئەو هەوڵانەی دوژمنانی كوردە كە بەدرێژایی مێژوو لەهەوڵدان زیاتر كەلێنی نێوان كوردان ئاوەڵا بكەن لەكۆتاییدا ئەمەوێ ڕاشكاوانە بیڵێم ئەوەی بیەوێ راست بێت و ڕاستی ببینێت نیگەرانە سەبارەت بەو لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، چونكە ئەم لێدوانانە پەیوەندی نێوان خودی دەسەڵات و پۆلیتیكا ”سیاسەت” زیاتر شاراوەو نادیارتر ئەكات.