گۆران هەڵەبجەیی: شێخ لاهور ڕستەکەت تەواو بکە.
لە فەیسبووک ڤیدیۆیەکی لاهور شێخ جەنگیم بەرچاو کەوت کە لەهەولێر قسە بۆ پێشمەرگە دێرینەکانی ئەو دەڤەرەی حیزبەکەی دەکات.
لە قسەکانیدا دەرکەوت کە حیزبەکەی هێدی هێدی بچوک دەکرێتەوە و لە شەریکەوە بووەتە شاگردی پارتی، ئەوەش لە هاوار و نەبرەی دەنگی لاهوردا بەدیارکەوت، کە دەیگووت ئێمە شاگردی قەبوڵ ناکەین.
ئەم باسە جێدەهێڵم بۆ ئایندە تابزانین شاگردی قەبوڵ دەکەن یا نا، وە گەر قەبوڵی ناکەن چیدەکەن؟
ئەوە ڕاستە کە لەمێژە یەکێتی بووەتە شاگردێکی گوێرایەڵی پارتی و ڕۆڵ و کاریگەریی لە بەڕێوەبردنی وڵات بڕیاری سیاسی و ئابووریدا لاوازبووە.
ئەمە بەشێکی مەسەلەکەیە، پێدەچێت هۆکارە سەرەکیەکە، کەمکردنەوەی بەشەکەی یەکێتی بێت لەدزینی داهاتدا؟
بەشێکی دیکەی قسەکانی لاهور، تایبەت بوو بە مەسەلەی چاکسازی ،کە ماوەیەکە کابینەکەی مەسرور بانگەشەی بۆدەکات. هەر ئەمەش مەبەستی نووسینەکەمەو دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بکەم.
لاهور یەکەم کەسە لە یەکێتیدا لەسەر ئاستی باڵادا بۆ یەکەمجار وا بە ڕاکشاوانە دەربارەی کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ئابووری وداهات دەدوێت.
لاهور دەربارەی چاکسازی دەستی خستە سەر زامەکەو گووتی، چاکسازی بە کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران ناکرێت، بەڵکو دەبێت لەو دۆسیانەوە دەستپێبکرێت کە تائێستا دەستیان بۆ نەبراوەو بەنهێنی ماونەتەوە وەک:
مەلەفی نەوت و داهاتەکەی [بەتایبەت بیرەکانی عین زالە]
مەلەفی بیرە نەوتە نایاسایەکان و نادیاری داهاتەکانیان
مەلەفی داهاتی دەروازە سنوریەکان و داهاتەکانیان بەتایبەتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.
وێرای ئەم دۆسیانە ئاماژەی بە چەند بوارێکی ئابووری دیکە کرد کە داهاتیان نادیارە و گەرەکە لە چاکسازیدا دەستیان بۆ ببرێت.
ئەمانە هەموو ڕاستن شاراوەنین و خەڵکی دەرکیان پێدەکات، تەنها ئەوی نوێیە درکاندنیەتی لەم کەتەدا و لەلایەن سەرکردەی لایەنێکی بەپرس و شەریک لەم دۆخە خراپە.
بە لاهور دەڵێم دەمت خۆش و کارت ڕاستبێت کە ئیعترافت کرد بەوەی گرفتی مەزن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە، ناعەدالەتی، ناشەفافی و گەندەڵی لە زۆربەی سەکتەرو کایە ئابوری و بازرگانیەکاندا هەیە.
بەڵام مەخابن دانپیانەکەت کەماسی تێدایە چونکە [ڕستەکەت کۆتایی نەهاتووە] ، ئەوکاتە کارەکەت دەگەیشتە مەنزڵ و مەبەستی خۆی دەپێکا و خەڵک بڕوای پێت دەکرد، گەر بهاتباو نیوەکەی تری ڕستەکەت تەواو بکردایە، کە پەیوەندی بە حیزبەکەتەوە هەیە. ئەوەی گووتت ئاراستەکەی پارتیەو تەنها ئەوان دەگرێتەوە، جابۆ ئەوەی خەڵک لە هەموو ڕەهەندەکانی هاوکێشەکە تێبگەن و وێنەکەیان لاڕوون بێت، پێویست بوو هەر لەوێدا بوێرانە و ڕاشکاوانە بتگووتایە، [هەڤاڵان بەوەی ئێمەش وەک یەکێتی لەماوەی ئەم نزیکەی سی ساڵەدا براحاکم و برابەش بوین لە بەتاڵانبردنی سامان و داهاتی خەڵکدا، ئێمەش تاوانبارین لەم نەهامەتی وکارەساتانەدا کە بەسەر خەڵکماندا هێناوە.]
بەڵێ گەرەک بوو بتگووتایە ئێمەش نادادپەروەرو نا شەفاف بووین لە ئاشکراکردنی داهاتی مەملەکەتەکەمان.
لە داهاتی بیرە نەوتە یاساییەکان.
لە داهاتی بیرە نەوتە نایاساییەکان کە تەنها خۆتان و خاوەنەکانیان دەزانن چەندەو چۆنە.
لە داهاتی فرۆشی نەوتی قاچاغی ئەو تەنکەرانەی کە بەهەزارەها دەبن و ئاو بووەستێت ئەوان ناوەستن.
لە داهاتی فڕۆکەخانەی سلیمانی.
لە داهاتی خاڵە گومرگیەکان، بەتایباتی باشماخ.
لە داهاتی دەزگاو دامەزراوە میریەکان و باج و ڕسومات.
لە هاوردەکردنی بەیاساغی دووگ و هێلکەو [شتی دیکە ]بە شەوان لەمەرزی باشماخەوە بێ گومرگکردن، کە وەک زانراوە ،کارمەندانی گومرگ بۆیان نیە ئەو بارهەڵگرانە ڕابگرن، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان لێکراوە کە بۆیان نیە وێنەشیان بگرن، جا وەک دەڵێن ئەو بارانە هی خودی خۆتن و ڕەوانەی باژێرەکانی عێراق دەکرێن.
با واز لەمانەش بهێنین و بپرسین کۆمپانیاکانی نۆکان و قەیوان کە کۆنترۆڵی تەواوی سەرجەم بزاوتە ئابوری و بازرگانیەکانی زۆنی سەوزیان کردوە و کەس بۆی نیە منافەسەیان بکات، هی کێن و داهاتیان چەندە؟
بەدەر لەمانە ئەی پێم ناڵێیت [ئیدارەی گشتی] یانی چی و چکارەیە؟
لەکوێی دونیا ڕوویداوە حیزب لەتەک سیاسەتدا بازرگانی و مقاوەلات بکات؟ دەپرسم گەر دزی و گەندەڵی نەبێت ئیدارەی گشتی چۆن بووە خاوەنی چەندین ملیار دۆلار ؟ لەو بڕوایەدام حیزبی شیوعی چینی کە خاوەنی چەندین ملیۆن ئەندامە چارەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی پارەی نیە.
دوا پرسیارم دەربارەی خودی خۆت و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەتە، ئێوە چۆن بوونە ملیۆنێر و ملیاردێر؟ جگە لە ڕێگەی ناشەرعی و ناسایی هیچ ڕێگەیەکی دیکە شک نابەم بۆ ئەو دەوڵەمەندبوونەتان.
لەکۆتایدا دەڵێم گەر بهاتباو لە وتارە ئاگرینەکەتدا ئاماژەت بەم خاڵانە بکردایە ئەو دەمە ڕستەکەت تەواو و درووست دەبوو، وە ئێمەش تێکڕا دەمانگووت ئامین.