بەختیار شارەزوری: ئاشبەتاڵی پارتی و شەست وشەشی یەکێتی و مۆمەکەی گۆڕان.
بە درێژایی مێژوی شۆڕشەکانی کورد، کورد نەیتوانیوە وەک یەک پاکێجی شۆڕش یەکێتی ناوەکی خۆی بەرهەمبهێنێ و بیپارێزێ، هەر لەسەر ئەم شریتەی شۆڕشانە سەرکردایەتیەکانیان نەک نەیان توانیوە ژمارە بن لە ناو بەریەککەوتنەکانی هەرێمی و جیهانیدا، بەڵکو کارتێکی هەرزانی ناو بەریەککەوتنەکان بون، بە شێوەیەک هاوکاریی کراون تا بەهێز بون دوای فرۆشراوە لەسەر مێزی گفتوگۆکان. لە ناو کوردیشدا بە هۆی ئەوەی هێزەکان دژی یەک خیانەتیان بە خیانەت وەڵام داوەتەوە دژی یەک بون، تا ئەو ئاستەی لە دژی یەک سوپای بێگانەیان بانگهێشت کردوە، یان بەرەیەک چۆتە پەنای دوژمن لە پێناو مانەوەی خۆیدا، ئەو ڕێگایە و ئەم شریتە لە مێژوەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا نزیکترین نمونەی زیندو (16 ی ئۆکتۆبەر بەرامبەر 31 ی ئاب ) تا کار گەیشتوەتە بەشکردنی زۆن و بازرگانی و پۆست و هەتا تیرۆریشیان بەش کردوە.
ئا لێرەوە کە ئێستە ئەمریکا دەیەوێ عێراقێکی بەهێز دروست بکا، دوای ئەوەی ئێران بە ناچاری و وەک دۆڕاوێکی ململانێ ی ئەمریکا لە عێڕاق و وەک مەلا نەخۆشەکە بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بوە، لە ناوخۆی عێڕاقیشدا خەڵک ماندوە بەدەست شیعە و سونە و لە کوردستانیش پارتی و یەکێتی ئامادەیە دەست بۆ چڵە پۆشەکە ببات و لە تاو خنکاندنی خۆی چڵە پۆشەکەی لێ دەبێت بە دار بەڕویەکی فریاد ڕەس. هاتنە پێشەوەی کازمی لە خۆڕا نەبوە ئەو کارئەکتەری ئەمریکایە لە سەر شانۆی عێراقی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ، هەر کەسێکی تر بوایە هەمان کاری پێ دەکرا. وەک دەڵین (ئەمریکا بیەوێ فیل دەکات بە مشک و مشکیش دەکات بە فیل ) کازمی بە پاڵپشتی ئەمریکا و گڵۆپی سەوزی ئێرانەوە لە بەرامبەر مامەڵەی بازرگانی ئێران بە بڕی 20 ملیار دۆلار دەبێتە کارئەکتەرێکی بەهێزی عێراق لەسەر نەخشەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بۆ ئەوەی کازمی شەرعیەتی تەواوی هەبێت تا عێراق وەک مۆدێلی وڵاتانی خلیجی لێبکات بە تایبەت سعودیە، دەبێت بچێتە هەڵبژاردنەکانەوە و لیستی هەبێت، هەموشمان دەزانین کە کازمی ئەمە بە سەرکەوتوی تێدەپەڕێنێ و سەرەتاکانی دیارە و پێشوازی خەڵکیش لەو پەڕی ترۆپکی ئامادەیدایە.
کورد لە باشور نە بە پشتیوانی زۆنی لەگەڵ ئێران و نە بە پشتیوانی زۆنێکی تر لەگەڵ تورکیا ناتوانێ ببێتە ژمارەیەکی قورس، چونکە چی ئێران و چی تورکیا بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوەند زۆر گەورەترە لە بەرژەوەندیان لەگەڵ هەرێم. وەک دەبینین نەوتی ڕۆژائاوا و پرۆسەی ئاشتەوای نێوان پەکەکە و تورکیا بە وێنەی تاڵیبان لە ئارادایە بۆ تورکیا، لێرەشەوە عێراق لەگەڵ سعودیە و هەوڵی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەروازە سنوریەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
خۆ ئەگەر خوێندنەوە بکەین بۆ شەست و شەش ئەوا دیوی دوەمی گفتوگۆ بوە لەگەل ناوەند و پێان وا بوە کورد دەتوانی دوای شکستی مەلایی ئەوا جەلالیەکان بتوانن شتێ بۆ کورد بەدەست بێنن، بەڵام مەلاییەکان ڕازی نابن بۆیە ناو دەنرێ بە کوڵانە سور. دوای ئەم مێژوەش پارتی لە پێناو شای ئێران و ڕێککەوتنی جەزائیر و لە پێناو شادا، ئاشبەتاڵێکی گەورە دەکات کە کۆی پرۆسەی سیاسی و شۆڕش بۆ دەیان ساڵ هەرەس پێ دێنێ. ئەم حەل کردنی خیانەت بە خیانەتێکی تر تا ئێستا درێژەی هەیە، دواجار هەر کاتێکیش ناوەند بەهێز بوبێ ئەوا کورد باڵانسی ماف و ئازادیەکانی و سیاسەتی نزم بوەتەوە، هەرکاتێکیش ناوەند بێهێز بوبێ ئەوا کورد چانسی خۆ دروستکردنی بەهێز دەبێت، بەڵام لە دوای سەدام کورد ئەو فرسەتەی لەدەست دا و نەیتوانی خۆی دروست بکات و بەهێز بێت بۆ دوبارە بونەوەی حاڵەتەکانی تر، وا ئێستا کازمی بەهێز دەبێت و قەوارەی هەرێم لە خوێندنەوەی وەفدەکانەوە دەردەکەوێ سەرەتای بە کارتۆنی بونی هەرێم دەردەکەوێ و لەلایەن خەڵکیشەوە زۆرینەی پێشوازی لێ کازمی دەکات .
کوردی باشور لە سەردەمی مەلایی و جەلالیەوە تا ئێستا ئەم ململانێ و دابەشبونە بەسەر وڵاتانی ناوچەیدا بەردەوامیان هەیە، کە پێ دەچێ هەمان مێژو خۆی دوبارە بکاتەوە، کارئەکتەری بەهێزی ناو ڕێککەوتنەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر عێراق یەکێتی و دکتۆر بەرهەمە، هەر لەسەرەتای خۆ کاندیدکردنی و هەڵوەشاندنەوەی حیزبە هاوپەیامانیەکەی ئەمە دەرکەوت و وەک دەشزانین تورکیا و سونە لە عێراقدا غایب بوە. ئەوە ئێران بوە سفرەی ئەمریکای برد بۆ خۆی، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ ئێران ململانێ ی کرد و دواجار ئێران بە ڕێککەوتنامەی خۆ بەدەستەوەدان وەک مەلا نەخۆشەکە ڕازی بو. بۆیە یەکێتی ئەو ڕۆڵە زیاتر دەبینێ نەک پارتی، چونکە پارتی کە تورکیای لە پشتە و تورکیش لە عێراقدا غایبە بۆیە شانسی یەکێتی بۆ ئەوەی ببێتە ژمارە لەم گۆڕانکاریانەدا بەهێزترە لە پارتی و تورکیاش نایەوێ لەبەر پارتی ئەم یاریە بکات و چاوی لە لیبیا و سوریایە زیاترە. لە بەرامبەردا پارتی لە پرۆسەیەکی ئاشبەتاڵی هێواشدایە و ئامادەی ڕێککەوتنێتی لەگەڵ کازمی بە کارتۆنی بون، لە مەسرور بارزانی دا دەردەکەوێ. هاتنی فەرەنسا بۆ ئەو پەیامە بوە کە لەگەڵ ناوەند دەبێت ڕێک بکەون و هیچ لەمپەرێک لەبەردەم کازمیدا دروست نەکەن. چونکە بە دڕێژایی مێژوی نزیک فەرەنسیەکان ئەگەر فریای کورد نەکەوتبێتن لە مەترسیەکان کوردی ئاگادار کردوەتەوە بۆ ئەمەش پارتی و یەکێتی هیچ کاردانەوەیەکی بەهێزیان نیە لە بەرامبەر کازمیدا، کە دەکاتە بەکارتۆنی بونی هەیمەنی سیاسی پارتی و یەکێتی. ڕیفراندۆم و 16 ی ئۆکتۆبەر هەمان مێژوی شەست و شەش و ئاشبەتاڵ و 31 ی ئابە، هەر بۆیە لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا و ڕۆڵی کازمی هەمان مێژوی شەست و شەش و ئاشبەتاڵە و دوبارە دەبێتەوە.
دوای ئەوەی کازمی هەمو هێزەکان دەخاتەوە سەر وەزارەتی بەرگری و کۆنتڕۆڵی سنوەرەکانی عێڕاق دەکاتەوە و هەیمەنە بۆ تاک و دام و دەزگاکان دەگێرێتەوە هەڵبژاردن دەکات لە 6- 6- 2021و وە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنەکان و دەنگی باش دێنێ. ئیتر پارتی و یەکێتی دەبنە دوو جێبەجێکار و دوو دامەزارەوەی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەند و هەر لە ئێستەشەوە قبوڵیان کردووە ، بە دیوێکی تردا ئەمانە بونەتە بازرگان و متمانەیان نەماوە تا جارێکی تر شۆڕش بکەنەوە، خۆشیان باش ئەو ڕاستیە دەزانن.
گۆڕان لە ناو هاکێشەی ناوچەیی و جیهانیدا ژمارە نیە، ئەگەر پێشتر نەوشیروان مستەفا ویستبێتی بە کارتی ناوخۆ ڕوبەڕوی دەستەڵاتە ناوچەییەکان بێتەوە و بە کەسایەتی بەهێزی خۆی، بەهێزترین نامە بۆ ولاتان بنێرێ، ئەوا دەتوانین بڵێین گۆڕان تەنها کارتی ناوخۆیی و لۆکاڵی پێ بوە و هەموشی بەسترابوەوە بە نەوشیروان مستەفاوە، هێزی گەورەی گۆڕان هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان بوە، ئەگەرچی بەشدار نیە لە تاڵانی گەورە، بەڵام دەنگدەر و هاوڵاتی هیوایان بەم حیزبە بو شەڕی ئەو گەندەڵیە گشتیە بکات و دوای کاک نەوشیروانیش ئەو توانایەی نەماوە خەڵک تا ڕادەی توڕەبونێکی قورس لەم بزوتنەوەیە توڕەیە و بە هاتنە ناوەوەی کازمی و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم کارتە بەهێزەی گۆڕان دەسوتێ و مۆمەکەی کز دەبێت تا ئاستی کوژانەوە. ئەگەر لە خێراترین کاتدا کار لەسەر گۆڕینی تاکتیک و پەیوەندیەکانی نەکاتەوە، هەر ئەو کاتیش نەوشیروان مستەفا باوەڕی بەناوەند هەبوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزە دەرەکیەکان و خۆشی کارئەکتەری سەرەکی دەستوری عێراق بوە. گۆڕان دەبێت یارییەکانی بگۆڕێ لە ناو هەرێمەوە بۆ ناوەند، بەتایبەت ئامادەگی لە ناوەند و پاڵپشتی ئەو هێزەی کە دەیەوێ بە پلەی یەکەم ڕوبەڕوی گەندەڵی بێتەوە، چونکە لای هاوڵاتی عێراقی بە کوردیشەوە کە ماندووە، ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە شیعە بونی و سونی بونی و کوردبونی گرنگترە لە ئێستادا، هەر بۆیە زەرەرمەندی یەکەم لە هەڵبژاردنەکاندا گۆڕان دەبێت.
لە سەرکەوتنەکانی کازمی پێ دەچێت کورد زەرەرمەندی یەکەم بێت لە ڕووی سیاسی و هەیمەنەی خۆ بەڕێوەبردنەوە، بەڵام لە ڕووی ئیداری و بژێوی و گەندەڵیەوە هاوڵاتی قازانج دەکات، چونکە ئەوە عێراقە دەتوانێ موچە بدات و هەرێم شکستی هێناوە، هەر بۆیە کورد بۆ ئەوەی بتوانێ زەرەر لە نیوەیدا بگێڕێتەوە دەبێت پاڵپشتی هەر هەوڵێک بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
- بابەتەکانی تری بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts