نەوزادى موهەندیس: پێش هات و گۆڕانکاریەکانى جیهان دڵخۆشکەرن یان تۆقێنەرن؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
جیهان لەهیچ کات و سەردەمێکدا وەکو ئێستا نەکەوتۆتە بەر مەترسى لەناوچوون و کارەسات و هیچ کاتیش هێندەى ئێستا بێدەسەڵات دەرنەکەوتوە و کەم کاتیش بە هێندەى ئێستا لێکترازاو نەبووە. بۆیە جیهانى ئەمرۆِمان جیهانێکە بێ ڕابەرێکى ڕاستەقینە و بەهێزە و جەنگ و ململانێکانیش لەوپەڕى گەرمەیاندان و سەرەتایان هەیە و کۆتاییان دیار نیە، لەسەر هەموو ئاستەکان جیهان بۆتە کورەیەکى پڕ ژیلەمۆى گڕگرتوو کە ئامادەیە لە هەر ئان و ساتێکدا گڕبگرێت و بتەقێتەوە. بەشێوەیەک ململانێ ناڕەواکانى سەرکردە و وڵاتەکان پەرەى سەندوە هەریەکە لەهەوڵى بەدەستهێنانى زیاترین دەسکەوتى مادیە بۆ خۆى لەڕێگەى فراوانخوازى و سەپاندنى هەژموون و خۆتێهەڵقورتاندنى گەورە و بچوکى بابەت و کێشە و ئاریشەکانەوە بەبێ ئەوەى ڕاستەوخۆ کاریگەرى هەبێت لەسەریان یان سنوریان بە سنوریانەوە بێت، بەتایبەتى وڵاتە زلهێزەکانى جیهان و ئەوانەشى کە خۆیان بەزلهێزى ناوچەیى ناودەبەن یان حەز دەکەن ببنە گەورە و دەمڕاستى ناوچەکانیان. بەشێوەیەک بەم کار و کردەوەیەیان جیهانیان کردۆتە جیهانێکى بێسەروبەرى پڕ فەوزا و بێخاوەن و بێ بڕیاردەرێکى ڕاستگۆ و ڕاستەقینەى بەتوانا. ئەوەتا لە ناو ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکاندا لەسەر بچوکترین بابەت کە کردنەوەى دەروازەیەکى مرۆڤانەیە بۆ هاوکاریکردنى لێقەومانى سوریا ڕێک ناکەون. یان لەسەر سزادان و لێپچینەوەى داگیرکارى و دەستدرێژى و جینۆسایدکردنى کوردان لەلایەن تورکیاوە نەکۆدەبنەوە نە باسیشى دەکەن. لەسەر مەسەلە مرۆڤایتیەکان و ئاشتى جیهان و ڕاوەستاندنى جەنگەکان و کۆتایى هێنان و خاوکردنەوەى ململانێ سیاسیەکان بەهیچ شێوەیەک لێکتێگەیشتنیان نیە، بەڵام بۆ دەسکەوتنى مادى خۆیان و بۆ مانەوەى هێز و توانا سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانیان لەو پەڕى ڕۆژهەڵاتەوە پشتیوانى لە هێز و دەسەڵاتێکى تاکڕەو و خۆسەپێنى نامرۆڤانە دەکەن و دەیپارێزن، یان لە ئەروپا و ئەمریکاى بەناو لانکەى دیموکراسیەتەوە هەوڵى مانەوە و بەردەوامى هێز و لایەنى دواکەوتوو کۆنە پارێزى وادەدەن کە بونەتە بەڵاو پەڵەیەکى ڕەش بە تەوێڵى مرۆڤایەتیەوە و جگە لە سوودگەیاندنیان بۆ زلهێزەکان بەرهەمێکى ئەوتۆیان پێشکەش بە کۆمەڵگاکانیان و مرۆڤایەتیش نەکردوە.
ئاخر جیهانێک پڕاوپڕبێت لە ناکۆکى و ململانێى ناڕەوا وناعەدالەتى چ ئومێدک بە ئایندەکەى دەمێنێت، جیهانێک کە تەنها مرۆڤ تیایدا نائارامە و ناخۆشگوزەرانە بەپێچەوانەى ئاژەڵ وڕوەکەکانەوە گەرچى ئەوانیش کەمیان پێنەکراوە.ئیدى دەبێت چ دڵخۆشیەک هەبێت بەو جیهانە. جیهامێک پڕ بێت لە دووڕووى و بێویژدانى و کارەسات و جەنگ و کوشتن و بڕین ئیدى چۆن جێگەى ئۆقرەیى و مرۆڤدۆستى و پێشکەوتن و ئارامى تیادا دەمێنێتەوە. جیهانێکى لەو شێوەیە بێخاوەن و وەک جەنگەڵستان بێتە بەرچاو ئیدى بۆ ئومیدى درێژەدانى ژیانى بۆ بخوازرێت. جیهانێک پڕ پەتا و نەخۆشى و برسێتى و بێکارى و زوڵم و چەوساندنەوەى مرۆڤ بۆ مرۆڤ، دەبێت چ خێرێکى داومابێت بۆ گوزەران. هەموو ئەمانە ڕاستى حاشا هەڵنەگرن و لە ڕەشبینیەوە سەرچاوەیان نەگرتوە، بەڵکو تادێت و بۆ ئایندەش ئاڕاستەى ڕووداو و پێشهاتەکان دڵخۆشکەر نین، بەڵکو تەواو تۆقێنەر و ترسێنەرن بۆسەر ئایندەى تەواوى مرۆڤایەتى. هەربۆیە نابێت و کارێکى لۆژیکیش نیە کە ژیان و گوزەران لەسەر ئەم هەسارەیە بەم ئاڕاستە توندوتیژى و نامرۆڤانەیە تا سەر بەردەوام بێت. بەڵکو گەرەکە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکان و دەسەڵاتداران لە بیر و پلانى نوێدا بن بۆ ڕزگارکردنى تەواوى مرۆڤایەتى لە کەوتن و داڕمان و ڕۆچوونیان بەناو کێشە و گرفتە لە بن نەهاتوەکان. گەرەکە دەسەڵاتێکى بەهێزى یەک جەمسەرى یان دوو جەمسەرى بەهێز بێتە کایەوە کە تواناى بڕیاردانى کۆتاییان هەبێت لەتەواوى مەسەلە مرۆڤایەتیەکاندا، نابێت و کارێکى عاقڵانەش نیە کە جیهان ببێتە جیهانێکى فرەجەمسەر، چونکە هیچ کات ناتوانرێت هاوسەنگى هێز و نفوزەکانیان ڕابگرن هەربۆیە جیهان دەکەوێتە وێسگەیەکى پڕ مەترسى لە جەنگ و ململانێکانەوە کە زۆر دژواتر دەبێت لەوەى کە ئێستا هەیە. جیهانى فرە جەمسەر واتە جیهانى پڕ کێشە و گرفتى زیاتر. جیهانى نائومێدى و دابەشبوو بەسەر هێز و جەمسەرى جیاوازدا، جیهانێک دوور لەیەکتر و نەیار بەیەکتر و ناحەز لەگەڵ یەکدا، جا جیهانێک بەم شێوەیە و بەو ئاڕاستەیەش هەنگاو بنێت ئەوا ئایندەیەکى ڕۆشن پێشوازى لێناکات. دەنگۆى ئەوە هەیە کە ئەمریکا چیدى ناتوانێت تاکڕەوانە سەرکردایەتى هەموو جیهان بکات و بە پراکتیکیش لەهەندێک ناوەند وسەکۆى جیهانى کشاوەتەوە ئەمەش سەرەتاى پاشەکشێ و دۆڕاندن و بچوکبونەوە و قەتیسبونێتى لە چوارچێوەى سنورەکانى خۆیدا یان ئەوپەڕى لە کیشوەرى ئەمریکاى باکووردا. دەوترێت ڕوسیا بەم ئاست و تەوژمەى ئێستاى هێز و پێزى ساڵانى حەفتاکانى وەدەستدێنێتەوە ولە پاڵیشیدا چین (ورچە خەوتوەکەى دونیا) و مۆتەکە ڕاستەقینەکەى ئەمریکا هێواش هێواش لەگەشەکردندایە و لەهەوڵى گرتنە دەستى ڕابەرایەتى دونیا و مەقامى یەکەمى سیاسى و ئابورى و ئەمنى دونیاشدایە، هەرچەندە لەلایەن سیاسیەکانى چینەوە ئەمە ڕەتدەکرێتەوە. ڕەنگە ئەوروپاى یەکگرتوش هەروا نەمێنێتەوە و دابەش ببێتە سەر جەمسەرەکانى ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و بەریتانیا کە ئەمانیش بۆخۆیان ناکۆک و دڕدۆنگ دەبەن لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ دەوروەبەریشدا، لە ئەمریکاى لاتینیشدا بەڕازیل کاندیدە بۆ بون بە جەمسەرى هێز.
بەم شێوەیە دونیاى ئایندە دونیایەکى پڕ جەمسەرى ناکۆک و دژ بەیەک دەبن لەبەر پێویستى و خواستە زۆر و زەوەندەکانى کۆمەڵگاکانەوە. بەمەش پێشبینى ڕوودانى جەنگى زیاتر و کارەسات و قەیرانى زیاتر دەکرێت لەتەواوى گۆى زەویدا. بۆیە جیهانێکى پڕ لە نائارامى و دوودڵى دێتە کایەوە و ئەوەى کە شاردراوەتەوە و نهێنیە بۆ هەموان زۆر ترسناکترە لەوەى بینیومانە و لە پێش چاومانە. هەربۆیە گەرەکە هەموان لەهەوڵى نەهێشتنى کێشە و گرفت و ململانێ ناڕەوا جیهانى و ناوچەییەکاندا بن بۆ دەربازکردنى جیهان و مرۆڤایەتى لە ئایندەیەکى تون و تاریک و بێ ئومێدى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
-نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
-نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts