نەوزادى موهەندیس: هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەڕلەمانى عێراقى لە پێناو چیدا و بە قازانجى کێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەدواى بەناو ڕزگارکردنى عێراق لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە بە ڕابەرایەتى ئەمریکا لە ساڵى 2003وە و تاکو ئێستا چوار خولى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراقى ئەنجامدراوە. بەڵام لە هیچ خولێکدا نەتوانراوە کار و ئەرکى پەڕلەمانى بەتەواوەتى جێبەجێبکەن لە یاسادانان و چاودێریکردنى حکومەتەکانى عێراق لەماوەى 17 ساڵى ڕابووردودا، پەڕلەمان بەداخەوە بۆتە ئۆرگانێکى بێکەڵکى ڕەزا قورس و بارگرانى بەهۆى بێتوانایى و خەرجیە زۆرەکانیەوە لەسەر ئەستۆى تاکى عێراقى و گەنجینەى وڵاتیش.
ئەم پەڕلەمانەى بەناو یەکێکە لە سێ ئۆرگانە سەرەکیەکانى حوکمڕانى و سیماى گەشى دیموکراسى، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگە بگرێت لە پەتاى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى وڵات و، نەیتوانیوە ببێتە ئۆرگانێکى فشارى بەهێز لەسەر حکومەتەکان بۆ ئەوەى بەئەرکی خۆیان هەستن لە دابینکردنى لانى کەمى ژیان و گوزەرانێکى پڕ کەرامەت بۆ تاک و کۆمەڵگاى عێراقى و لانى کەمى خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانیان بۆ دابین بکەن و هەوڵى ئاوەدانکردنەوە و گەشەدانى وڵات بدەن و سەرقاڵى نەهێشتنى دیاردەکانى بێکارى و نەخوێندەوارى و نەخۆشى و دواکەوتوویى و هەژارى لە وڵاتدا بدەن. جا پەڕلەمانێک کە هێندە بێ کەڵک و بێسوود بێت و بوێرى ئەوەى نەبێت حکومەتێک لەکار بخات و تەنانەت وەزیرێکیش لەسەر گەندەڵى و بێتوانایى لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکات و متنمانەى لێوەربگرێتەوە. ئیدى بوونى چ قازانجێکى هەیە!. پەڕلەمانێک کە بەپێى دەستور نمایندەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگایە و نوێنەرایەتى ئەوان دەکات نەتوانێت لەسەر مافە ڕەوا و داواکارەکانى گەل هەڵبداتێت ئیدى بوونى یان نەبوونى وەک یەک وانیە؟
هەربۆیە دواى 17 ساڵ شەقام و تاک و گروپ و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى عێراقى لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە چیدى پێویست بە پەڕلەمانێک ناکات کە بەرگرى لە گەندەڵگاران بکات و هیچ جوڵە و فشارێکى بە قازانجى گەل نەبێت، بۆیە لە خۆپیشاندانەکانى مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2019 و دواتریش و بە ئێستاشەوە یەکێک لەداواکاریەکانیان بریتى بوو لە هەڵوەشانەوەى پەڕلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پێشوەختە بۆ پەڕلەمانێکى نوێ.
لەئێستادا و دواى نزیکەى یەک ساڵ لەم داواکاریە و گۆڕانکارى لە حکومەتدا و هاتنە سەر حوکمڕانى لەلایەن مستەفا کازمیەوە وەک سەرۆک وەزیران، وەک وەڵامدانەوەیەکى خۆپیشاندەران یڕیاردراوە کە هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت لە 6/6/2021دا پێش تەواوبونى ماوەى یاسایى ئەم خولەى پەڕلەمان لە مانگى ئایارى ساڵى 2022دا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئەم هەڵبژاردنى پێشوەختەیە بۆچى و بە ئامانجى چى؟ ئایا هەڵبژاردنى پێشوەختە لە قازانجى چ کەس و لایەن و گروپێک تەواو دەبێت؟ ئایا هەڵبژاردنى پێشوەختە دەرمانى هەموو دەردەکانى کۆمەڵگاى عێراقى دەکات؟ و دەیان پرسیارى تریش..
هەڵبژاردنى پێشوەختە سەرەتا وەک وەڵامدانەوەیەک و گوێڕایەڵى حکومەتە بۆ داواکارى خۆپیشاندەران و شەقامى توڕە و ناڕازى عێراقى و بە ئامانجى هەنگاونانە بەرەو ئاسۆیەکى ڕوونتر و هێنانە پێشەوەى وزە و توانا و کەسایەتى نوێى گەنجە بۆ ناو ناوەندى بڕیار و دەسەڵات لە عێراقدا کە دوور بن لە گەندەڵى و مشەخۆرى و پشکپشکێنەى حیزبى و تایەفى و نەتەوەیى و بەهیواى هێنانەى دى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و نەهێشتنى جیاوازى لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان پلەباڵاکان و چینەکانى خوارەوە، بەئامانجى دەربازکردنى عێراقە لەو بازنە بۆشە و لەو گێژاو و ململانێ سیاسیە ناڕەوایەى کە 17 ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت بەتایبەتى لەناو ماڵى شیعیدا، بەنیازى ئەوەى عێراق بگڕێنرێتەوە بۆ جوگرافیا نیشتیمانى و نەتەوەییەکەى و دووربخرێتەوە لە فەلەک و هەژموونى وڵاتانى دراوسێ.
خۆ ئەگەر ئەم ئامانج و نیازانە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا هاتە دى ئەوا بەدڵنیایى بە قازانجى چین و توێژە توڕە و ناڕازى و پەراوێزخراوەکەى کۆمەڵگاى عێراقى تەواو دەبێت و دەستى حزب و سەرکردە سیاسیە گەندەڵەکان و وڵاتانى دەرودراسێ دەبڕدرێت و ئومێدەکان چەکەرە و چرۆ دەکەنەوە بە ئایندەیەکى نوێ و گەشاوە بۆ عێراق و بەهەرێمى کوردستانیشەوە. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیانەش لەبیر نەکەن کە ئەم هەڵبژاردنە و بەو نیاز و ئامانجانەى کە لەسەرى هەڵچنراوە، ئاشکرایە دۆستى کەم و نەیارى زۆرى هەیە و لێناگەڕێن بەئاسانى دووربخرێنەوە و دەسەڵاتیان قەتیس و بچوک ببێتەوە و لە ئیمتیازات و لەزەتى کێکە شیرین و بەتامەکەى سەروەت و سامانى عێراق بێبەش بکرێن. بەتایبەتیش ئەو سەرکردە و حزب و لایەنانەى کە خاوەنى ملیشیاى چەکدارین و بەتەواوەتى کەوتونەتە ژێر هەژموونى وڵاتانى دراوسێ و بە قازانجى ئەوان کاردەکەن.
هەربۆیە ناکرێت ئەم هەڵبژاردنى پێشوەختەیەش بە دار عەساى موسا سەیر بکرێت و لە شەو و ڕۆژێکدا تەواوى گەندەڵى و ناعەدالەتى و ناڕێکى 17 ساڵى ڕابووردوو چارەسەر بکات و بە دەرمانى 7 دەردە لێیبڕوانرێت، بەڵام بۆخۆى دەبێتە هەنگاوێکى سەرەتایى بۆ ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و لێپرسینەوەى دەسەڵاتداران و بەهەند وەرگرتنى ڕاى شەقام و بەدەنگەوە هاتنى داواکاریەکانیان و خستنەوە سەر سکەى ڕاست و دروستى گەشە و ئاوەدانى وڵات و دەربازبوون لە چەقبەستوویى 17 ساڵەى ڕابوودوو و کاڵبونەوەى هەژموونى خیزب و سەرکردە و تایەفە و وڵاتانى دراوسێ. چونکە ئەم هەڵبژاردنەش بۆخۆى کێشە و گرفتى زۆرى لەبەردەمدایە لەڕووى سیاسى و دارایى و ئەمنى و تەندروستى و… هتد.
بەهیواى ئەوەى کە ئەم هەنگاوە ڕاست ودروستە هەڵبنرێت و ئامانح و نیازە ڕاست و ڕاستگۆکانى کە لەسەرى هەڵچنراوە بێنە دى و کۆمەڵگاى عێراقى بە کوردستانیشەوە لەسایەیدا ئاهێکى فەرەحیان پیادا بێتەوە و خواست و ویستەکانیان لەدابینکردنى ژیانوگوزەرانێکى پڕ شکۆدا بێتە دى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی