خالید مەجید فەرەج: ئیبن روشد فەیلەسوفی قورتبە.
هەموو فەیلەسووف و زاناکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفەوە تاوەکوو ئەمڕۆ ڕاو بۆچوونیان لە سەر خالق لە دوو بەرەدا خۆی دەبینێتەوە: یەکەم ( بوونی خالقێکی سەربەست و ئازاد لە کارەکانیدا، هەر کاتێک بیەوێ دەبەخشێ و نەیەوێت نابەخشێت و بە عینایەتی ئیلاهی خۆی گەردوون بەڕێوە دەبات، هەر خۆی سەرچاوەی هێزە سروشتییەکانە، هەروەها نەفسی بەشەر جەوهەرێکی نەمری هەیە کە لەناو ناچێت.
بەرەی دووەم دەڵێن: ( مادە لەئەزەڵەوە هەبووە واتا سەرەتای نییە، کەونیش لە ئاکامی گۆڕینی دۆخی وردیلەکانی ئەو مادەیە بەهێزی مادەکە خۆی لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی باڵاتر چووە. ئەوەش پێویستی بە سروشتێکی جێگیر و ڕێساگەڵێکە کە وا دەکات ئەو بوونە پێویستی بە دروستت کەرێک نەبێت هەروەها ئەقڵێکیش کە ئەو ڕێسایانەی لەسەر بنیات دەنرێت، لەگەڵ فەنا بوونی مرۆڤ لەناو بۆتەی ئەو گشتەی کە لێوەی فێر بووە هەروەها باوەڕ بە بوونی خالقێک، بەڵام باوەڕێکی ناڕوون.
بێگومان ئەم بەرەیە کەوتبونە بەر کاریگەری فەلسەفەی یۆنانی و ئەرستۆ بەتایبەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکتایی لە فەرزەکانی ئیسلامە وەکوو گوتمان ئەرستۆ تاکە فەیلەسووفە کە هەندێک لە موسڵمانەکان بیروباوەڕەکانیان وەرگرتووە و دەستکاری کردنی بیروباوەڕەکانی ئەویان پێ ئاسانتربووە لە لادان لە عەقیدە ئایینییەکە بۆیە ڕێڕەوی (دەرکەوتەی گشی) یان خستە بری دوانەییەکەی ئەرستۆ ئەوەش لادانێکی بنەڕەتی بوو لە وانەکانی ئەرەستۆ. ئەوان دەیانویست پەیڕەوەکەی ئەرستۆ لە دوانەیی هێز و مادە لە خەلق کردنی دنیادا ڕزگار بکەن و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە لەنێوان ئەو هێزەدا کە خۆی بە خۆی هەیە کەپێی دەڵێن (تەنیا هێز) و لەگەڵ مادەی یەکەم. مەبەستی دوانەیی ئەرستۆیی لێکدانەوەی دنیایە بە گریمانی دوو ڕەگەزی ڕەها و سەربەخۆ لە یەکتری و تەواو جیا.کە ڕۆح یان هێز لە لایەک مادەش لە لایەک.
لایەنگرانی هەموو ئایینەکان هەتا ئەوانەشی کە زەمینین لەپاڵ بەرەی یەکەمدا سەنگەر دەگرن، چونکە هەموو کتێبەکانیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .بەڵام فەلسەفەی ئەرستۆ لەگەڵ بەرەی دووەمدایە و لەناو فەیلەسووفە عەرەبەکانیشدا ئیبن سینا و کەندی و فارابی و ئیبن ڕوشد موقەلیدی بوون واتا لەبەری دووەمدا بوون.
موتەکەلیمن لە هەر دوو دیانەتی ئیسلام و مەسیحیدا بێگومان لە بەرەی یەکەمدا بوون ئەوان واتا لایەنگرانی لاهوت لە ئیسلام و مەسیحیەتدا لەم خاڵەدا هاوبەشن چونکە هەر یەکەیان دەیەوێت لەسەر ئەو باوەڕ و ئیعتیقادە بمێنێتەوە کە لەسەری پەروەردە بووە ئەگەر هەوڵ درا بۆ هەم ئاهەنگی لەنێوان مەزهەبی موتەکەلیمەکان لەگەڵ مەزهەبی فەیلەسووفدا بە بەکارهێنانی میکانیزمی (تأویل) لێکدانەوە مەسەلەکە ڕێگەیەکی دیکە دەگرێت بەپێی ئەوان ئەو کاتە پەیڕەوانی مەزهەبی هاوئاهەنگی ناچار دەبن هەرچییەک لە کتێبە ڕەوانە کراوەکاندا هەیە وەلای بخەن و تەنیا بۆ ئەوە بگەڕێن کە لەگەڵ لێکدانەوەکەیاندا دەسازێت، بەمەش دەروازەیەکی گەورە لەسەر ڕاڤەکردنی کتێب و ئایەتەکان بە گوێرەی دڵی ڕاڤەکەر وە یان موفەسیر دەکرێتەوە هەر کاتێکیش ئەو دەرگایە کرایەوە نازانرێت کەی دادەخرێت. ئەوەش بەهێز ترین چەک دەبێت بەدەستی ئیبن ڕوشد و هەوادارەکانییەوە چونکە ئەو فەیلەسووفە (تأویل)ی – دانی مانایەک بە ڕووداوێک یان دەقێک کە بە زاهیر ئەو مانایە نابەخشێت – دەقی فەرز کردبوو بۆ ئەوەی هاو ئاهەنگیەک لەنێوان ئایین و فەلسەفەدا دروست بکات. بەڵام ئەوان دەیان گووت ئەو لێکدانەوەیەی تۆ ئایینەکە لە شەرعەکەی دەردەکات و دەیکات بە ئایینێکی دیکە .ئەوان پێشتر وەڵامەکانی ئیمامی غەزالی لە کتێبی ( تهافت الفلاسفة) واتا داڕمانی فەیلەسووفانیان خوێندبووەوە کە وەڵامی ئەو فەلسەفە یونانیەی پێ دابووەوە کە ئیبن ڕوشد داکۆکی لێدەرکردوو بانگەشەی بۆ دەکرد، بۆیە بەڵگەکانیان زیاتر لا شیرن تر بوو ئیدی توند تر بەرەنگاری تەرحەکانی ئیبن ڕوشد دەبوونەوە و ڕکیان لە ئاوێتەکردنی فەلسەفە و ئایین دەبووەوە .بۆ زانین دواتر ئیبن ڕوشد بە کتێبی (تهافت التهافت) واتا ڕمانی داڕماو وەڵامی (تهافت الفلاسفە)ی غەزالی دەداتەوە.
وەکوو پێشتر باسمان کرد فەلسەفەی موتەکەلمین لەسەر دوو پایە هەڵدەستێ یەکەم: سنوورێک نییە بۆ تواناکانی خالق واتا هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگەی لێ بگرێت. دووەم پاراستنی ئایین لە هەر لێکدانەوەیەک(تأویل) و بەراورد کردنی لەگەڵ زانست، ئەوان دەڵێن زانست بە شێوەیەک جێگیر نەبووە کە چیدی موناقەشەی لەسەر نەبێت. سۆفی گەورە ئیبن عەرەبی لە نامەیەکیدا بۆ فەخری ڕازی دەڵێت: هەموو بوونێک هۆیەکی هەیە ئەو هۆیەش وەکوو ئەو دروست کراوە واتا پێشتر نەبووە ئەو بوونەش دوو ڕووی هەیە یەکێکیان سەیری هۆکەی پێ دەکات ڕووەکەی تری ڕووی لە خالقەکەی کە خودایە. ئەو دەڵێت عەوام و حەکیم و فەیلەسووفەکان تەنها سەیری هۆی دروست بوونەکەیان دەکەن ، تەنها پێغەمبەران و ئەولیا و مەلائیکەت نەبێت هەرچەندە هۆی بوونی خۆیان دەزانن بەڵام ڕوویان بەرەو خالقیان وەرگێڕاوە .
( موتەکەلمین) لە(ئیسلام ومەسیحیەتدا) یەک قسەیان هەیە دەربارەی پرسی مادە کە دەڵێن نوێیە ئەزەلی نییە کەواتە خالقی هەیە خالقیش سەرپشکە چۆن کار لە کەون (گەردون)دا دەکات کەواتە هۆکان لە خالقدان نەک لە سروشتدا ، دەڵێن هەر ڕووداوێک ڕوو بدات مەرج نییە پەیوەندی بە ڕووداوێکی پێش خۆیەوە هەبێت چونکە خودا چی بوێ دروستی دەکات مەرجیش نییە دنیا هەر بەم بەم شێوەیە واتا وێنەیە بوایە کە ئێمە دەی بینین دەشیا خالق بەئیرادەی سەربەستی خۆی بە شێوەیەکی دیکە بیخولقاندایە. هەر بۆچوونێکیش پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بێت دیارە سەر بە بەرەکەی ترە کە خالق وابەستەی ڕێساکانی سروشت دەکەن. دیارە پیاوە ئایینییەکان ئەوە قبووڵ ناکەن بەڵام هەندێکیش ئەوەیان پێ قبووڵ بووە بۆ نموونە قسەکانی عارف بە خودا محی الدین ئیبن عەرەبی کە لای سەرەوە ئاماژەمان پێدا.
ئەگەر باس لە فەلسەفەی ئیبن ڕوشد بکەین دەبینین کە لەسەر دوو جومگە هەڵدەستێت یەکەم: باوەڕی بە کۆنیی مادە واتا هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە دووەم : مەسەلەی عەقڵ و تەنیایییەکەی.
مەسەلەی ئەزەلی مادە گرنگترین مەسەلەیە کە بیرکردنەوەی بیرمەندەکانی داگیر کردبوو. بۆیە ئەمیر یوسف لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئیبن ڕوشد پرسیاری لەو ڕووەوە ئاراستە کردووە.
بەپێی ئەو باوەڕە مادەی یەکەم کە کەونی لێ دروست کراوە هەر خۆی هەبووە بەبێ ئەوەی سەرەتای هەبێت ئەوان دەڵێن ئەگەر وانەبێ کەواتە کەون (گەردون) لە هیچ (عەدەم) دروست کراوە ئەوەش زانست قبووڵی ناکات ،بەڵام ئیبن ڕوشد زانیاری بوونی ئەو مادەیەی وەکوو گریمانە هەبوو نەک وەکو بەڵگەی زانستی. دەڵێن ئیبن سیناش پێش ئەو کەوتۆتە هەمان گێژەنەوە واتا نەتوانینی هێناوەوەی بەڵگە لەبونی ئەزەلیی مادە پێش خەلق بوونی کەون بەڵام ئیبن ڕوشد لەو گێژەنە بە دابەشکردنی دنیا بەسەر دوبەشدا خۆی قوتار کرد. بەشێکیان مومکنە بەشەکەی تر( واجب الوجود) ە (واتا بوونی پێویستی بە دروست کەر نییە) خۆی هەیە هەرچی مومکینەکەیە دروست بوونی مومکن دەبێ ئەگەر گریمانی دروست بوونی بکرێت. بەشەکەی تر کە واجبی دروست بوونە واتا خۆی خۆی دروست دەکات و هیچ شتێک ڕێگە لە بوونی ناگرێت ئەو دەڵێت مادەی کەون خراوەتە بەشی مومکن . موتەکەلیمەکان تەرحی ئەزەلیەتی بوونی مادە بە یەک وشە هەڵدەوەشێننەوە کە دەڵێن ئەوەی تۆ دەیڵێیت تەنها گریمانەیەو دەلیلت نییە..لایەنگیرانی ئیبن ڕوشد دەڵێن: ئەوە ڕاستە بێ دەلیلە. بەڵام ئەم گریمانە نزیک ترە لە ئەقڵەوە بەدەلیلی ئەوەی هەرچەندە دەیان سەدە ڕابردووە بەسەر ئەم تەرحە بیرکردنەوەیەدا بەڵام هێشتا زاناکان و فەیلەسووفەکانی ئەم سەردەمەش هەر لە هەمان موناقەشەدان بۆ لێکدانەوە و یەکلایی کردنەوەی خەلقکردنی کەون .
ئیبن ڕوشد مونازەرە فیکرییەکانی خۆی لە کتێبی ( فصل المقال) بە ئایەتەکانی قورئان پشت ڕاست دەکردەوە لە وانە کە دەڵێت :( وهو الذی خلق السماوات والأرض فی ستە أیام وکان عرشە علی الماء)ئەو دەڵێ کەواتە پێش ئەم وجودە وجودێکی تر هەبووە کە عەرش و ئاو بووە و زەمانێکیش پێش ئەو زەمانە هەبووە . هەر لەو ڕووەوە کەواکبی لە کتێبی ( طبائع الأستبداد) دا لێکدانەوە بۆ قورئان لەبەر ڕۆشنایی زانستی نوێدا دەکات و هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ گوتەکانی زاناکانی هاوچەرخدا لە مەسەلەی خەلقی کەوندا کە دەڵێن مادەی کەون (اثیر)ە ( مادەیەکی گریمانەییە هەموو کەونی تەنیوە نابینرێت وا دادەنرێت کە تیشکی ڕۆژ و دەنگ و گەرمی ئەو دەیگەێنێت) کاتێک کە ئایەتی قورئان بە نموونە بۆ ڕاستی بیر و ڕاکەی خۆی دەهێنێتەوە کە دەڵێت :( ثم استوی الی السماء وهی دخان) دەکرێت بڵێین ئەم تێڕوانینەی لە ئیبن ڕوشدەوە خواستبێت.
فەیلەسووفی فەرەنسی ئەرنسن ڕینان دەڵێت : گرنگرتین قسەی ئیبن ڕوشد ئەو ڕستەیەیە کە دەڵێت کەون لەمادەیەکی ئەزەلی دروست بووە .ئیبن ڕوشد لە کتێبی ( مابعد الطبیعة ) ئەو دیوی سروشتدا دەڵێت لەخەلقی کەوندا دوو ڕای دژ بە یەک هەن : لایەک دەڵێن کەون بە گەشەیەکی سروشتی دروست بووە لاکەی تر وەیان ڕاکەی تر دەڵێت نەخێر لە عەدەمەوە دروست بووە . لەلای لایەنگرانی گەشەی سروشتی کەون خەلق پێک هاتووە لە لە دایک بوونی کائینات و دەرچوونیان وەیان هاتنە دەرەوەیان لە یەکتری ، بکەر(فاعل) بە نەزەری ئەوان هیچ وەزیفەیەکی نییە تەنها ڕێگە خۆش کردن نەبێت بۆ ئەو لە دایک بوونە. دەڵێن ئەو تەنها وەک بزوێنەرێک وایە و هیچی دیکە . بەڵام لایەنگیرانی خەلق لەعەدەم دەڵێن بکەر شتێک لە هیچ شتێک دروست دەکات ئەمە تەنها ڕای موتەکەلیمە موسڵمانەکان نەبوو بەڵکوو یوحەنای نەصرانیش هەمان ڕای هەیە ئەویش دەڵێت : هێزی خەلق و هێنانە کایەوە لە (فاعل) بکەردایە نەک لە مادەدا . ئەو بۆچوونانەی کە لە نێوان هەرد و ئەم بۆچوونەدایە ئەوانیش دوو بۆچونن ،یەکەمیان دەڵێ: هێزی دروست کردن و داهێنان لای (فاعل) خودایە بەڵام ناکرێت شتێک لە هیچ دروست بکرێت وەزیفەی بکەر (فاعل) ئەوەیە وێنەیەک بەو شتە دەبەخشێت کەهەیە واتا بەو مادەیەی کە خۆی هەیە بەو دەڵێن (وێنە بەخش) دەڵێن ئەمە مەزهەبی ئیبن سیناش بووە . ڕای دووەم دەڵێت: بکەر لە پرۆسەی خەلق کردندا جارێک لەگەڵ مادەدا پەیوەستە جارێکیش لێی جیایە . ئەوەی پەیوەستە وەکوو ئاگر کە ئاگر دروست دەکات لەڕێگەی پەیوەست بوونەوە ئەوەی کە جوودایە لێی وەکوو ڕووەک و ئاژەڵە .
ڕێڕەوی سێیەمیش ڕێڕەوی ئەرستۆیە کە دەڵێت : بکەری خولقێنەر مادە و وێنەکەی بەرهەم دەهێنێت بە جووڵاندنی بە شێوەیەک کە ئاسان بێت بۆی و لە بۆتەی هێزەوە بچێتە بۆتەی وجودەوە .بەپێی ئەم مەزهەبە ئیشی بکەر تەنها ئاسانکارییە بۆ دەرچوونی و دروست کردنی پەیوەندی لەنێوان مادە و شێوەدا.ئەوان دەڵێن هەموو خەلقێک پێک هاتووە لە جووڵەیەک کەهۆکەی گەرمییە .هەر کاتێک ئەو گەرمیە لەناو ئاو و خۆڵدا بڵاو بووەوە ئاژەڵ و ڕووەک بەبێ پیتاندن دروست دەبن دیارە لێرەدا مەبەستی خەلقی یەکەمە ئەو(بکەر) هۆکارێکی پەیوەندی دروست کردنەوە لەنێوان مادە و شێوەدا. سروشت خۆی ئەم بوونەوەرانە بە شێوەیەکی جوان خەلق دەکات . هەر وەکوو چۆن بە عەقڵێکی بەرزەوە بۆی هاتبێ و پێی گوترابێ دەبێت وا بێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەبێ ئەقڵ وەری گرتووە ( ئەگەر بە گوێرەی ئەم سەردەمە قسە بکەین (بێ ئەقڵ) واتا سروشت بێ پرۆگرام وەری گرتووە و خۆی پرۆگرامی کردووە) واتا زانیاری لەگەڵ نەبووە .ئەو هێزانەی کە ئەو خەلقەی پێ دەکرێت بریتییە لە جووڵەی ڕۆژ و ئەستێرەکان و کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕەگەزانە ئەرستۆ دەڵێت خالق وێنەکە خەلق ناکات ئەگەر وا بوایە ئەوە ڕاست دەبوو کە شت لە هیچەوە خەلق بکرێت ئەوە وای کرد کە هەندێک لە فەیلەسووفەکان بکەونە هەڵەی ئەوەی کەناوی بکەر بنێن بە (بەخشەری وێنە) ئەوان تەوەهومی ئەوەیان هەبوو کە وێنەکە وێنە نییە بەڵکوو ڕاستییە هەر ئەوەش وای کرد کە زانایانی هەر سێ دیانەتەکە باوەڕیان وابێ کە شت لەعەدەمەوە دروست دەکرێت بەپێی ئەو باوەڕە موتەکەلیمەکانی ئیسلام باوەڕیان وا بوو کە بکەر (فاعل) کائیناتەکان بەبێ هیچ واستەیەکی دیکە دروست دەکات ئەوان دەڵێن ئاو ناروا و ئاگر ناسوتێنێ ئەگەر ڕۆیشتنەکە و سووتانەکە خەلقێکی تایبەتی نەبێت (واتا جووڵە و گەرمی پرۆسەیەکی خەلق بوونە نەک لە ئەزەڵەوە خۆی هەبووبێت) لەوەش زیاتر ئەوان باوەڕیان وایە ئەو بەردەی کە مرۆڤ دەیهاویژێت ئەوە هێزی خۆی نییە بەڵکوو هێزی بکەری گشتیە کە خودایە، تێبینی : (لێرەدا هیچ بۆ مرۆڤ نامێنێتەوە.)
هوذا دەڵێت خودا شت لە هیچەوە (عەدەم)ەوە خەلق دەکات کەواتە دەشتوانێت شتیش بکات بە هیچ (عەدەم) بۆ نمونە مردن کاری خودایە .، ئیبن ڕوشد دەڵێ ئیعدام یان مردن وەکوو خەلق کردن وایە و یەک سیستم پەیرەو دەکەن چونکە هەرچییەک کە دروست بوو ئامادەشە بۆ فەنا، کاری بکەر لە حاڵەتی دروست بوون و فەنا دا تەنها کارئاسانی کردنە بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی هێزەوە بۆ کار. کارەکە بە دوان دەکرێت بکەر و ئەو هێزە شاراوەیەی ناو مادە کەنابێ لە یەک جوودا بکرێنەوە ئەگەر یەکێکیان هەبوو ئەوی تریان نەبوو خەلق نابێت واتا دروست بوون نابێت.
لەمەڕ پەیوەندی ئینسان بە خالقەوە ئیبن ڕوشد لێرەشدا وەڵام هەر لە ئەرستۆوە وەردەگرێت ئەو دەڵێت لە کەوندا ئەقڵێکی (فاعل) کارکەر وئەقڵێکی (منفعل) کارتێکراو هەیە بۆ ئەوەی لەئەقڵی فاعل بگەین دەبێت جارێ ئەقلی منفعل کار لێ کراو ڕوون بکەینەوە کە دەکاتە ئەو توانا زهنیەی کە تاک لە چوار دەورەکەیەوە وەری دەگرێت و بەکاری دەهێنێت لە جیاکردنەوەی باش و خراپ و هەروەها وەرگرتنی بڕیارەکانی خۆی بێگومان لە کۆمەڵگەیەک و کاتێکی دیاریکراودا چونکە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی جیاوازی باری کولتووری و شارستانی جۆرێکی تایبەت لەئەقڵی جەمعی بەرهەم دەهێنێت کە لە ئاکامدا دەکاتە ئەو کۆگایەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە گۆش دەکات بە جۆرێکی دیاری کراو لە ئەقڵ و بیر کردنەوە بەڵام ئەقڵی فاعل ئەو توانا زیهنیەیە کە مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبوونیدا هەیەتی واتا خۆرسکیە بەڵام دوای نەشونمای و تێکەڵ بوونی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی وردە وردە ئەقڵی منفعل کە ئامادەیە بۆ وەرگرتن جێگەی ئەقڵی فاعل دەگرێتەوە و ئەمەی دواییان دەپووکێتەوە. بەڵام لەلای هەندێک ئەقڵی فاعل دەمێنێتەوە ئەوەش پرسیاری لا دروست دەکات ئایا ئەقڵی جەمعی واتا هەڵس و کەوت و نەریت و یاسا و عورفەکان چەند لەگەڵ ئەقلی فاعل دا دێنەوە بەوەش موناقەشەیەک لەنێوان ئەو دوو ئەقڵەدا دروست دەبێ ئایا ئەوەی کە ئەقڵی جەمعی بە سەریدا دەیچەسپێنێت وەک بیروباوەڕ نەریت چەند دەگونجێت لەگەڵ ئەقڵی فاعل و کۆمەڵگەدا؟ دەتوانین بیرمەند و فەیلەسووفەکان وەک نموونە بهێنینەوە بۆ گەشەسەندن و مانەوەی ئەو ئەقڵە.
ئیبن ڕوشد دەڵێت ئەقڵی فاعل سەربەخۆیە لە تەنی (جسم) مرۆڤ و تێکەڵ بە مادە نابێت بەڵام عەقڵی منفعل ئەو ئەقڵە تایبەتەیە کە قابیلی (نەمان) فەنایە وەکوو هەموو هێزەکانی تری نەفس .بەڵام عیلم و مەعریفەت بە یەکگرتنی ئەو دوو عەقڵە دروست دەبن . چونکە عەقڵی منفعل ( کارتێکراو) بەردەوام ئامادەیە کە یەک بگرێت لەگەڵ ئەقڵی فاعل دا ، هەروەها هێزیش پێویستی بە مادە هەیە کە پێدا تێپەڕ بێت مادەش شێوەیەکی ئەوێ کە تێدا دابنرێت.یەکەمین ئەنجامی ئەو یەکگرتنە پێی دەگوترێت عەقڵی وەرگیراو (دەست کەوتو) بەڵام ڕوو دەدات کە نەفسی بەشەر لەگەڵ ئەقڵی گشتیدا زۆر بەهێز تر یەک بگرن بەوە عەقڵی ئەزەلی پێک دەهێنن.ئەم یەکگرتنەش بە هۆی ئەو ئەقڵە دەست کەوتوەوە نایەتە دی کە باسمان کرد بەڵکوو کاری ئەقڵی دەستکەوتوو تەنها گەیاندنێتی بۆ حەرەمی خالقی ئەزەلی بەڵام بێ ئەوە پێکەوەیان ببەستێت .ئیبن ڕوشد دەڵێت ئەو پێکەوە بەستنە تەنها لەڕێگەی عیلمەوە دەبێت .کەواتە عیلم زانست هۆی بە یەک گەیشتنە ( الأتصال) لەنێوان خالق ومەخلوقدا .لەو ڕێگەیەش زیاتر هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە . کەی مرۆڤ پەیوەندی بە خوداوە کرد خوداش پەیوەندی پێوە دەکات؟.کاتێک پەیوەندی پێوە دەکات کە مرۆڤ لە هەموو شتێک داببڕێت و تەنیا خەریکی خوێندن و لێکۆڵینەوە بێت و بە چاوەکانی پەردە لەسەر سڕەکان هەڵبماڵێت هەر کاتێکیش توانی ئەوە بکات خۆی لە بەرامبەر حەقیقەتی ئەبەدیدا دەبینێتەوە.
بەڵام سۆفییەکان دەڵێن پەیوەندی (الأتصال) بەهۆی نوێژ و ڕامان و خۆداماڵێن لە هەموو بیرکردنەوەیە تەنها زیکری خودا نەبێت دروست دەبێت واتا عیلم ( زانست) مەرج نییە .ئەوە جیاوازی ئین ڕوشد و سۆفییەکانە.
بەم پێیە ئیبن ڕوشد دادەنرێ بەخاوەنی مەزهەبێکی مادی کە بناغەکەی زانستە کەونیش بە ڕای ئەو بەهێزی پرەنسیپی کۆن و سەربەخۆ دروست بووە کە هەر بازنەیەک مەحکومە بەوی تریان هەر وەکوو لای سەرەوە باسمان کرد . ئەوانیش هەموو بەستراونەتەوە بەهێزێکی باڵای نادیارەوە لەم بنەمایانەوە شتێک دەست بەسەر کەوندا دەگرێت و ئەقڵی پێ دەبەخشێت ئەویش عەقڵی مرۆڤایەتیە کەواتە نەمرە. ئەو شتەش کە بە ئەقڵ ناو دەبرێت عەقڵێکی نەگۆڕە نە بەرەو پێش دەچێت و نە بەرەو دوا نە زیاد دەکات و نەکەم هەموو خەڵک بەشدارن تیادا و هەریەکە و بە شێوەیەکی جیا لێی وەر دەگرێت. هەر کەسێک کە زیاتری وەرگرت ئەوە نزیک ترە لە کەماڵ و بەختەوەری.
ئایا نەفسی مرۆڤ نەمرە؟ ئیبن ڕوشد دوو وەڵامی لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە هەیە دەڵێن ئەگەر سەیری نووسراوەکانی بکەین بۆمان دەر دەکەوێت کە ئەو فەیلەسووفە باوەڕی بە خەڵات و سزا هەیە ( سەواب وعیقاب) بەڵام ئەگەر بچینە لای مەزهەبە فەلسەفییەکەی و کە شوێن پێی ئەرستۆی لە مەسەلەی باوەڕی بە نەفس و خەلقی کەونەوە هەڵدەگرێت، ڕووی مەسەلەکە دەگۆڕێت . لە یەکەمیاندا ئیبن ڕوشد وەکوو پیاوێکی باوەڕدار و ملکەچی داب و نەریتی باب و باپیران لە دڵییەوە دەنووسێت نەوەک لە ئەقڵیەوە بەڵام کاتێک کە لە ڕوانگەی ئەقڵەوە دەنووسێت وەکوو شێر دەچێتە ئەشکەوتی هەقیقەتەوە کە بەری گیراوە .
وەڵامی یەکەمیان وەکوو گوتمان تەقلیدیەکەیە و لە ڕوانگەی دڵییەوە وەڵامی داوەتەوە بەڵام وەڵامە فەلسەفییەکەی کە پەنای بۆ ئەقڵ بەم شێوەیە بردووە:
ئەو دەڵێت ئەقڵی فاعل (بکەر)ی گشتی جیا و سەربەخۆیە لە مادە بۆیە قابیلی فەنا بوون نییە بەڵام ئەقڵی خاص تایبەت المنفعل لەگەڵ لەشی مرۆڤدا فانییە ،ئایا ئەقڵی گشی فاعل کە نەمرە بەپێی ئیبن ڕوشد چییە؟ ئەو دەڵێت ئەو عەقڵە نەمرە ئەو ئەقڵەیە کە هاوبەشە لەنێوان مرۆڤایەتیدا ، کەوابێ مرۆڤایەتی نەمرە نەک تاک بەو پێیە دوای مردن ژیانێکی دیکە نییە .
لە سەردەمی عەباسییەکاندا بزووتنەوەی وەرگێڕانی فکری یونانی گەشەی سەند دەرگای فکری ئیسلامی لەسەر فەلسەفە و مەنتیق کرایەوە سەرەتا وەکوو ئاماژەمان پێدا
ئیمامی غەزالی بە کتێبی (تهافت الفلاسە) ویستی دەرگای فەلسەفە لەسەر فکری ئیسلامی دابخات دواتر ئیبن تەیمیەش بە هەمان مەبەست گوتی ( من تفلسف فقد تمنطق ومن تمنطق تزندق) واتا ئەوەی باسی فەلسەفەی کرد مەنتیق بەکار دەهێنێت ئەوەی مەنتیقی بەکار هێنا زەندیقە. بۆ نموونە فەرهەنگی عەرەبی عەرەبی کاتێک ڕاڤەی دەستەواژەی یان وشەی زەندیق دەکات دەڵێت: زەندیق ئەو کەسەیە کە دەڵێت دنیا لە ئەزەڵەوە هەر هەبووە بێگومان کە ئەوە فکری ئیبن ڕوشد بوو. میحنەتی ئیبن ڕوشد لە هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگی لەنێوان ئیسلام و فەلسەفەی یۆنانیدا و بەتایبەتی فەلسەفەی ئەرستۆدا دەست پێ دەکات . فەلسەفەش وەیان فەیلەسووف مافی ئەوەی هەیە کە لەنێوان ئەقڵ و نەقڵدا لەنێوان ڕابردوو ئێستادا هاوئاهەنگییەک وەیان کۆکردنەوەیەک دروست بکات.
وردەکارییەکانی ئەم میحنەتەی ئیبن ڕوشد دەگەڕێتەوە بۆ پیاوانی ئایینیی ئەو سەردەمەو میر لەلایەک .پیاوانی زانست فیکریش لە لایەک، لایەک دەیانویست پشتی فەلسەفە و فەیلەسوفەکان بگرن بەرەکەی دیکە دەیان ویست پشتی فەلسەفە و فەیلەسووفەکان بشکێنن. بێگومان گوتاری بەرەی دووەم سەرکەوت ئیبن ڕوشد تۆمەت بار کرا بە ئیلحاد و زەندەقە و کوفر موحاکەمە کرا و حوکم درا بە سووتاندنی کتێبەکانی نەفی کرا بۆ دێیەکی جولەکە نشین کە ئەوەش واتایەکی ڕەمزیی هەبووە کە دەڵێت جێگەت لەناو موسڵمانان دا نابێتەوە لە ئەندەلوس.
ئیبن ڕوشد دەڵێت لە هەموو شتێک زیاتر کە ئازاری ڕۆحی دابم ئەوە بوو ڕۆژێک لەگەڵ عەبدوڵڵای کوڕم لە قورتبە چوین بۆ نوێژ لە مزگەوت عەوامەکە لێمان ڕاپەرین و دەریان کردین .
کاتێک کە کتێبەکانی دەسووتێنن لەگەڵ خوێندکارەکانیدا لای ئاگرەکەوە وەستاون یەکەێک لە خوێندکارەکانی دەگری ئیبن ڕوشد دەڵێ: ئەگەر بۆ حاڵی موسڵمان دەگریت هەموو دەریاکانی دنیا بەشی فرمێسکەکانت ناکەن ئەگەر بۆ کتێبەکانیش دەگری بزانە کە فکر باڵی هەیە دەفڕێ.
ئیبن ڕوشد دەڵێت : (گەورەترین دوژمنی ئیسلام ئەوجاهیلەیە کە تەکفیری خەڵک دەکا)
ئیبن روشد دەڵێ : (گەورەترین دوژمنی ئیسلام ئەوجاهیلەیە کە تەکفیری خەڵک دەکا)
• تأریخ فلسفة الأسلام في المشرق والمغرب .. محمد لطفي جمعة
• عن فلسفة ابن رشد …سارة حجازی
• بحث المقولات في فلسفة ابن رشد ..عبدالعزيز لعمول
• فلسفة ابن رشد….. رجائي عطية
• د. محمد عابد الجابري، نحن والتراث، الطبعة السادسة، 1993م، المركز الثقافي
• د. عاطف العراقي، النزعة العقلية في فلسفة ابن رشد، الطبعة الرابعة، 1984م