كەمال محەمەد: چەمكی هاوڵاتی بون بە مانا نوێیەكەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەمكی هاوڵاتی بون بە مانا نوێیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەریی، چونكە بەر لەو سەردەمە مرۆڤەكان بریتی بون لە نەوەكانی خێڵ و مەزهەب و عەشیرەتەكان، بەڵام سەردەمی ڕۆشنگەریی هات و مرۆڤەكانی كرد بە خاوەن مافی هاوڵاتی بون لە بەردەم یاساو كۆمەڵگاداو خودی ئەمەش بو بە یەكێك لە گرنگترین دەستكەوتەكانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنە، چونكە هەر لەو سەردەمەدا بوو مرۆڤەكان ڕاهێنران و داوای ئازادی سیاسی خۆیان بكەن و روبەروی دەسەڵاتێكی ستەمكاری ڕەها ببنەوەو دژی دەسەڵاتی ئۆسۆلییەت ببنەوەو بەدوای ئازادی بیركردنەوەو رادەربڕینی عەقڵانی خۆیانەوە بن. لەهەموی گرنگتر جەخت كردنەوە بو لەسەربەهای یونیڤێرساڵی لەوسەردەمەدا كە مەبەست لێیان تێڕوانینی گەردونی بوو بۆئەوەی ئومێدی بەدەستهێنانی بەختەوەری و ئازادی لەسەر زەوی و پەیوەندییەكی باشتریش لە نێوان مرۆڤەكان و گەردوندا بەدیبهێنرێت.
ڕەنگە هەریەكێك لە ئێمە هەمو ئەمانە بزانین و بێڵێین، بەڵام پێویستە لەخۆمان بپرسین سەردەمی ڕۆشنگەری كە بەهایەكی یونیڤێرساڵی هەبو دوای چەندین سەدە ئێمەی هاوڵاتی لەم پارچە جوگرافیایەدا چییان لێوە فێر بووین كە بتوانین لەگەورەترین جەنگی ڕۆشنگەریدا بگەین بە هاوڵاتی بونێك بە مانا نوێیەكەی و بیسەلمێنین كە جەنگی فیكریش هیچی لە جەنگی سیاسی و سەربازی كەمتر نییەو دەری ئەوە بخەینە ڕوو كە ئێمەش میللەتێكین خوازیاری ئازادی و ژیانێكی شایستەین.
برسی و سەركوتكراوین ساڵانێكە كەرامەتی مرۆڤ لێرە ژێرپێ خراوە، بەڵام هێشتا كارەكتەری دەستەجەمعی ئێمە نەیتوانیوە دژیان بوەستێت خۆی لێ لائەدات، وەك بڵێی لەئاكامەكانی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییە ئەترسێت كە سیاسییەكان زیاتر لەمردنی خۆیان لێی ئەترسن و تۆقیون !ئەوەی گرنگە گرتنە ئەستۆی ئەو بەر پرسیارێتییەیە كە كارەكتەرەكانی دەستەجەمعی ڕاتەكێنیت و قەناعەتی ڕەهایان لا دروست بكات كە پێویستە حەقیقەتی خزمەت كردن بە خۆیان و هاوڵاتیبونیان لە هەمو شتێك گرنگتر بێت، لەسەروبەندەشدا وتەیەكی فەیلەسوفی ئەڵمانی هەیە كە ئەڵێت: سەختترین جۆرەكانی خزمەتكردن خزمەتكردنی حەقیقەتە بۆ ئەوەی ڕوبەروی خۆمان و حەقیقەتەكانی ناخی خۆمان ببینەوە كە خەونی هاوڵاتی بونە بەمانا نوێ و سەردەمییەكەی.
ئێمەی هاوڵاتی لەم هەرێمەدا لەسەردەمێكی پوچگەرایی و عەدەمییەتدا ئەژین، چونكە بە بێ ئەوەی ئەمێستاش فیكرو ڕۆحی خۆمان بەو ڕوح و عەقڵییەتە ڕەخنەییەی سەردەمی ڕۆشنگەری پڕچەك بكەین هێشتان وەك فریاد ڕەسێك لەچاوەڕوانی یەزدانداین! قەیرانی ڕاستەقینەی ڕۆشنگەریش لێرەدا ئاخر گەلێك خۆی هەوڵی گۆڕانكاری نەدات و هێشتان ملكەچی و كۆیلایەتی وەك توانایەكی باڵاڕۆیی خۆی سەیر بكات و دروستی بكات ئیتر چ ئومێدێك لەحاڵەتی نەمانی مانای ڕەهای راستینەی گۆڕانكاری و ڕۆشنگەریدا دەستەبەر ئەكات!؟
زوو بێت یان درەنگ پێویستە هاوڵاتی بون بگەڕێتەوەبۆ نێو كۆمەڵگای ئێمەش، هاوڵاتیبونێك كە تەنها ماف و دەسەڵات و سیاسیبون لای كەمینەیەك نەبێت بۆ هەتاهەتایی. ئەم بیركردنەوەو هەڵوێستەش جیاوازە لەبیركردنەوەی ئەوانەی ئەوێ ڕۆژێ تا ئێستاش هۆكاری بەشێكی زۆری نەهامەتییەكانی ئەم گەلە بوون كەلەسەر دەستی سیاسییەكانی بەسەریدا هاتوەو، چونكە ئەم گروپانە نەیانتوانیوە پێ بنێنە قۆناغێكی باڵاترەوە كە هاوڵاتی بونیانیانە وەك مرۆڤێك و نەیانتوانیوە بە قۆناغی عەقڵ و دانایی و بەرواردكاری بگەن و راست لەهەڵەو پۆزەتیڤ لە نێگەتیڤ جیا بكەنەوە و هەمیشە خۆیان بە بچوكی ئەو سیاسییە دەسەڵاتدارانە زانیوە كە بون بەدەرباریان كەئەمەش پێچەوانەی راستینەیی ئەركی سیاسییەكان و بەرپرسیارێتییە حكومڕانەكانە.
واقعی حاڵی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بەدەست سیاسییەكانەوە هەمیشە بەومەبەستە بوە كەچۆن كۆنتڕۆڵی عەقڵی زۆرینەی خەلك بكەن و بەو ئاراستەیەیاندا بەرن كە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەكانی خۆیانە بێ گومان ئەمانەش بەهاوكاری رەعییەتەكانی خۆیان بوە . ئێمە لەسەردەمی كارەسات و ماڵوێرانیداین كە هێشتان بڕوامان وابێت كە ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری و ئیداری لەسەردەستی سیاسییەكانی نزیكەی سی ساڵی حكومڕانی هاوڵاتی بونێك بێنێتە ئاراوە كەهەموان لەبەردەم یاساو مافدایەكسان بن دوای ئەوەی ساڵانێكە باجێكی گەورەو گران ئەدەین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت