زاهیر باهیر: ئایا مستەفا کازمی جێگای ئومێدە؟
هەڵسەنگاندنی ئێستای کەسایەتی کازمیی و هەڵپە و قسە و وتار و کردەوەکانی بێ ڕەچاوکردنی هاتنی هەڵبژاردنی نوێ و پاشخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پێگەی ئەو لە حکومەت و ئاڵانی لە بارودۆخێکەوە کە لە هەقەتدا یەکجار ئاڵۆز و زەحمەتە، کارێکە کە یەکلایەنانە حوکم بەسەر ئەودا دەدەین.
حوکمکردنی عێڕاق لە سەردەمێکی ئاوادا کە کۆمەڵی عێڕاقی و ئیدارەکەیی و بوونی حیزب و ڕێکخراوێکی زۆر و دەستتێوەردانی لە لایەن ئێران و ئەمەریکا و هەژموونی وڵاتانی دیکەش لە سەریی، هەر ئاوا کارێکی ئاسان نییە. لە کاتێکدا کازمی نە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، نە تائیفی، نە دینیی بەهێز، نە حیزبیی ئاوای نییە و هاوکاتیش خاوەنی هیزێکی چەکداریی گەورەش نییە. نەبوونی ئەمانەش ئەوەندەی دیکە ئەرك و گەیشتنی پەیامەکانی کازمی یا بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کازمی سەختتر دەکات.
گەر تەنها کارایی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و دەستتێوەردانیان لەسەر عێراق بوایە، بۆ کازمی ئاسان بوو کە جۆرێك لە ڕێککەوتن لە سەر بناخەی پرۆتۆکۆڵی نێوانی دوو وڵاتی دراوسێ، دوو دەوڵەتی جیاواز یا خود هاوشێوە و هاوبەرژەوەند، جۆرێك لە ڕێکەوتن زامن بکات. بەڵام گرفتەکە زۆر لەمە گەورەترە. هەژموونی ئێران و داخوازییەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عیراق لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و پەیوەندی نێوانی سەرانی دوو حکومەتەوە یاخود دوو حیزبەوە نییە، بەڵکو لە لایەن کۆمەڵێك حیزبەوەیە کە هەر یەکەیان بە جیا لەویتریان داخوازی و مەرجی خۆی لەسەر حکومەت هەیە.
ئا لەم بارو دۆخەدا کازمی ناتوانێت لەتەك صەدرییەکان، مالیکییەکان، خزعلییەکان، عامرییەکان، کەتائیبی حیزبوڵا و… تد، هەر هەموویان بگاتە سەرەنجامێك. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە، چونکە ئەو لایەنانەش نە لەناو خۆیانا ڕێکن و نە بەرژەوەندی میللەتیشیان دەوێت.
کەواتە پرسەکە پرسی هەڵبژاردنی کەسەکان نییە و سەرەنجامیشش بە گوێرەی نێتباشی و چالاکیی و پەیام و ویستەکانی ئەو کەسە نایەتەدی. ڕەنگە کازمی لە زۆر ڕووەوە لە مالیکی و حەیدەری و عەبدولمەهدی باشتر بیت، بەڵام ئەم باشییەی ئەم تەنها دەچێتە قاڵبی حوکمڕانێکی خراپ کە چەند جیاوازییەکی لە تەك حوکمڕانێکی خراپتر، هەیە و دەبێت. گەر بە ڕونتر قسە بکەم خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە نێوانی دوو هەڵبژاردەدان کە ئەویش خراپ یا خراپتر.
لەو کاتەوەی کە عێراق وەکو دەوڵەت دامەزراوە، باوەڕ ناکەم هەرگیز بە بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆز و شیواو و ” بێ خاوەن” دا، تێپەڕیبێت. عێراقی سەردەمی صەدام حوسەین خراپ بوو، لە هەندێك ڕووەوە زۆریش خراپ بوو ، بەڵام بەم ڕادەیەی ئێستا نەبوو کە هەموو لایەك و هەموو دەوڵەتێك و هەموو دەسگایەکی سیخوڕی ئا بەو ئازادییە تەراتێنی خۆیانی تیادابکەن. لە سەردەمی صەدام-دا هێزێکی چەکدار جگە لە هێزی کوردی کە ئەویش بەو لاوازییە، لە ئارادا نەبوو، ئیدارەیەکی دیکتاتۆر ، سەرکوتکەر، بەڵام پارێزەری خاك و ” نیشتمان” بوو، ئاسایشی ناسیاسی هەبوو ، موچە و کار و یاخود بژێوی، ئاو کارەبا و غاز، تا ڕادەیەك هەبوو ، عیزەتی نەفس و دانەڕمانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ هەبوو ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، شتێك لە ویژدان مابوو… گەلێك شت مابوون ، ئەوەی کە نەبوو مافی سیاسیی و ئازادیی و نەبوونی دەربڕینی ڕا و بۆچون و دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی دژ بە بەعس و هەندێکی دیکە بوون ، کە نەبوون.
لە ئێستادا ئەوانەی کە لە سەردەمی صەدام حوسەین، هەبوون، هیچیان نەماون، بەڵکو سەربارێکی گەورەشی هاتۆتە سەر کە ئەوەندەی دیکە عێراقی خراپ کردووە. وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەم : ئایا کازمی وێڕای باشی و نێتباشی خۆی، دەتوانێت بەشێکی زۆر لەو کەموکوڕییانەش بنەبڕ بکات، چەند ڕیفۆرمێکی سەرەکی بکات؟ بەڕای من زۆر زۆر زەحمەتە. پرسیارێکی تر: ئایا دەبێت دەنگی بۆ بدەین؟ من وەکو خۆم باوەڕم بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بناخەیی لەسەر دەستی کەسانی کارێزما و حیزبەکان و کوردەتای سەربازیی و کودەتای حیزبی و سیستەمی هەڵبژاردن نییە. هاوکاتیش ناتوانم ئامۆژگاری دانیشتوانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە بە دەنگدان یا نەدانی دەنگ بکەم. بەڵام ڕاستییەك هەیە کە گەلی عێراق ئەزموونێکی دوورو درێژی حیزبایەتی و حوکمڕانی هەیە، هەر ئاواش ئەزموونی هاتنی کەسان و لایەنی جیاواز لە ساڵی 2005 وە. ئەمانەش تا ڕادەیەك ئەوەی سەلماندووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگای دەستا و دەستکردنی دەسەڵاتەوە نایەنە دی. ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆیان بڕوا کردنە سەر خۆیان و سەندنەوەی هەموو متمانەیەك لە سیاسییەکان و حیزبەکان دەسەڵاتخوازان و وڵاتانی دەرودراوسێ و ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕؤژئاوایە. گەر بکرێت خۆیان هەوڵی خۆڕێکخستنی خۆیان بدەن و هەموو کاروبارەکانی خۆیان دەستەجەمعیانە، بە هاوڕا و هاریکاری یەکدی بەڕیوەبەرن. ئەمە تاکە بژاردەیە و تاکە حەلە.