بورهان شێخ ڕەئوف: کازمى سەردانى واشنتۆن دەکات.
کۆشکى سپى ڕایگەیاند کە 20ى ئەم مانگە سەرۆک ترەمپ پێشوازى لە سەرۆک وەزیرانى عێراق دەکات، بۆباسکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کاریگەرییەکانى و دۆسیەکانى ئاسایش و وزەو ئابورى، لەکاتێکدا ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بە کەشێکى گرژو تەمومژاوى دا دەڕوات بە هۆى خواست و ئارەزووى هەندێک تاقم هێزى میلیشیاوى بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و لە بەرامبەریشدا ئەمریکیەکان دەخوازن سنورێک بۆ هەژموونى ئێران لە عێراق دابنێن و ئەم خاڵە زۆر بە گرنگ دەزانن، چونکە خاڵى بەهێزبوونى هەژموونى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوین لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە هەردەبێت لێرەشەوە بەرى پێ بگیرێت بە دیدى ئەمریکا.
قۆناغێکى چارەنووس ساز
وەسفکردنى ئەم سەردانەى مستەفا کازمى بۆ ئەمریکا لە بەیاننامەکەى کۆشکى سپیدا بە چارەنووس ساز بۆ خۆى ماناو مەدلوولى قوڵى هەیە بۆ ئەمریکا و عێراقیش، ئەمریکیەکان دەخوازن چارەسەرێکى کۆتایى و یەکلاکەرەوە بۆ جموجووڵى میلیشیا چەکدارەکانى وابەستە بە ئێران لە عێراق بدۆزنەوە، تەنانەت زۆرێک لە چاودێرانى دۆخى ناوچەکە لەو بڕوایەدان کە ئەمە یەکەم مەرجى واشنتۆنە بۆ هەر کۆمەک و هاریکارییەک کە عێراقیەکان لە ئەمریکاى بخوازن.
ئەوەى لێرەدا جێگەى پرسیارە ئەوەیە ئایا ئەمە لە تواناى کازمى دایە؟ کە بتوانێت ئاوا هەنگاوێک بهاوێژێت یان ڕۆڵى کازمى هەر تەنها گەیاندنى نامەو مەسجى ئێرانیەکانە بۆ ئەمریکا و هەوڵى ئەوە دەدات وەکو ڕابردوو جۆرێک لە هەماهەنگى لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە عێراق بهێنێتە کایەوە.
یان کازمى هەوڵى وتووێژێکى دروست ڕاست و ڕەوان بدات لە گەڵ ئەمریکیەکان کە هەموو دۆسیەکانى نێوانیان یەکلایى بکاتەوە، کە خۆى وا پیشانى ئەمریکیەکان بدات کە هاوبەشێکى جێ متمانەو بەهێزە، کە ئەمەیان ئەگەرێکى لاوازە. لە هەمانکاتدا ئەمریکیەکانیش دەخواز ن تواناى کازمى بزانن لە بەڕێوەبردنى دۆسیەى ئەم ململانێانە لە گەڵ تاقمە چەکدارەکاندا.
ئەوەى پەیوەندى بە بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە هەیە لەلایەن کازمیەوە پێش سەردانەکەى ئەمریکا بۆ ئەمریکا، وا لەیەک دەدرێتەوە کە ئەمە بۆخۆدزینەوەیە لە بڕیارى سزادانى بکوژانى خۆپیشاندەران و جێبەجێکردنى بڕیارى چەک بە دەست دەوڵەتەوە، کە ئەمەش ئەمریکیەکان واى دەبینن کە کازمى بەرنامەو پلانى نیە بۆ ئەو مەبەستە.
کازمى و ئێران
هەرچەندە کازمى ناخوازێت و نیازى نیە بچێتە بەرەیەکەوە دژبە ئێران بێت، بەڵام حەزدەکات نەخشەڕێگاو سنورى نوێ بۆ پەیوەندییەکانى ئێران و عێراق دابنێت، کە عێراقى بەهێزو کراوە بە ڕووى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە بەرژەوندى ئێرانیشدایە، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لە گەڵ خواست و مەیلى میلیشیا وابەستەکانى ئێران لە عێراق یەکناگرێتەوە کە دەخوازن خۆیان وتەى سەرەتاو کۆتاییان هەبێت لە دۆسییەى پەیوەندى دەرەوەى عێراقدا.
هەر لەو چوار چێوەشدایە کە ئەو میلیشیانە زوو زوو هەڕەشە دەکەن و باسى تۆڵە سەندنەوەى خوێنى قاسم سلێمانى و ئەبو مهدى موهوندیس دەکەنەوە لە ئەمریکیەکان، هەرچەندە ئێرانیەکان قەناعەتێکى وایان لادروست بووە کە فرسەتێک بە کازمى بدەن، بەڵام کە باسى کرانەوەى عێراق لە گەڵ عەرەبستانى سعودیە و وڵاتانى ترى کەنداوە دەکرێت و بەتایبەتى لە بوارى وزەدا، ئیتر ئەو هێزانە زیاتر شپرزە دەبن و وەکو زەنگێکى مەترسى بۆ سەر خۆیان و ئێرانى دەزانن.
دوورکەوتنەوە لە سیاسەتى جەمسەرگیرى
سەردانەکەى کازمى بۆ ئەمریکا لە ڕووى کات و ڕێکخستەوە لێکدانەوەى وردى بۆ کراوە لە کاتێکدا دەکرێت کە سەردانى تارانى کردووە و سەردانى عەرەبستانى سعودیە دواخراوە، کە ئەمەش خواستى هەموو پێکهاتەکانى عێراقە کە وڵات دوور بخرێتەوە لە سیاسەتى جەمسەرگیرى و وابەستەیى بە هیچ وڵاتێکەوە.
لە کۆتاییدا سەردانەکەى کازمى زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستاو ئایندەى عێراق کە کۆتایى بە دابڕانى عێراق و تەریک بوونى بێت و ببێتە ئەندامێکى کاراو ئەکتیفى نێو کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى، بە تایبەتى کازمى ئێستا بە فەرمى نوێنەرایەتى عێراق دەکات و نابێت بچێتە ژێر فشارى هیچ تاقم و میلیشیاییەکى چەکدار کە وابەستەى وڵاتانن و بەرژەوەندى تائیفى و تایبەتى خۆیان هەیە.