قوته‌یبه فازڵ: مێژوویه‌كی نوێمان پێویسته.
هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌ندین نهێنی گرنگ و بیره‌وه‌ری پرشنگداری تیادایه له سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌و پێش چوون یاخود شكست و نه‌هامه‌تی، ئه‌وه‌ی خاڵی سه‌ركه‌وتنه جێی شانازیه شكسته‌كانیش بۆ زۆربه‌ی گه‌لان بووه‌ته وانه و ڕێگه چاره‌ی بۆ دۆزراوه‌ته‌وه تا له داهاتوودا دووباره نه‌بێته‌وه.
هه‌موو گه‌لانی دونیا شانازی به مێژوویانه‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد چه‌ندێك شانازی به ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی و گیان فیدایمانهوه بكه‌ین سه‌د هێنده‌ش لاپه‌ڕه‌كانی مێژوومان خۆخۆری و یه‌كتر كوژی و پێشوازی كردن له دوژمنی تیادایه، مێژووی كۆن تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا جێی داخه، سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر و ته‌خوین كردن زۆر ساده‌یه لامان بۆیه هه‌موو كات دوژمنانی كورد سودیان له كه‌لێنی نێو خۆیی كورد وه‌رگرتووه، یان خاكیان داگیر كردووه یاخود بۆ مه‌رامی خۆیان كوردیان به‌كار هێناوه.
به داخه‌وه له حاڵی حازردا كاتێ سه‌یری ڕاگه‌یاندنه‌كان و سۆشیاڵ میدیا ده‌كه‌یت ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕێكی شاراوه ده‌بینی وا هه‌ست ده‌كه‌ی هه‌موو كورد به‌رامبه‌ر به یه‌ك سه‌نگه‌ری گرتووه، سه‌یرتر له‌مانه سیاسه‌تمه‌دارانی هه‌رێمی كوردستانه كه به‌ڕاستی جێی نیگه‌رانیه ده‌بینی په‌ره به گیانی دوو به‌ره‌كی و لێكترازان ده‌ده‌ن له كاتێكدا ده‌زانن هه‌موو كات كورد به هۆی دوو بهرهكیهوه تووشی نه‌هامه‌تی هاتووه.
له ئێستادا خاكی كوردستان له هه‌موو لاوه په‌لامار ده‌درێت دوژمنانی كورد به ڕاست و چه‌پدا ده‌میان تێ ژه‌نیوه، ڕۆژانه بۆردومانی سنوره‌كان ده‌كرێت ئاسمان و زه‌مینی كوردستان بۆته جێ ته‌راتێنی دوژمنان، ئه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس به (35) ساڵ پێی نه‌كرا ئه‌مرۆ تورك و فارس و هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانیان به ناوی دۆستایه‌تیه‌وه پێمانی ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌پرسم:
ئه‌بێ تاكه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی قین و خۆخۆری دانه‌خه‌ین و بیر له چاره‌یه‌ك نه‌كه‌ینه‌وه؟
ئێستاش زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داران و هه‌وادار و لایه‌نگری حیزبه‌كان شه‌ڕیانه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه باسی حیزب و سه‌ركرده و دهستهكهوتهكانیان بكه‌ن، بیر كردنه‌وه به‌م مه‌نتیقه نه‌ك هه‌ڵه به‌ڵكو كاره‌ساته، ” مام جه‌لال و كاك مه‌سعود و كاك نه‌وشیروان و مه‌لا عوسمان و… هتد“ و سه‌ركرده‌كانی تریش سه‌ركرده‌ی حیزب نین ئه‌وانه موڵكی نه‌ته‌وه‌یه‌كن تكایه با بچوكیان نه‌كه‌ینه‌وه، هه‌رێمی كوردستان ئومێده بۆ كوردی پارچه‌كانی تر ئه‌وان به چاوی هیواوه لێی ده‌ڕوانن تكایه با كۆنه قین وه‌لا نێین.
ئێمه پێویستمان به یه‌كتر قبوڵ كردنه، پێویستمان به‌وه‌یه لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی خۆخۆری و دووبه‌ره‌كی بسڕینه‌وه پێویستمان به‌وه‌یه منداڵ و نه‌وه‌كانمان ڕابێنین بۆ هه‌نگاونان به ئاراسته‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، ئاینده‌یه‌كی پڕ له كامه‌رانی له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی یه‌كگرتوودا، پێویستمان به‌وه‌یه نه‌وه‌ی داهاتوو هه‌موو لاپه‌ڕه دڕاوه‌كانی مێژووی قێزه‌ونی دووبه‌ره‌كیمان بسڕێته‌وه.
كاكه ڕه‌نج سه‌نگاوی شاعیر له شیعرێكیدا زۆر جوان ده‌ڵێ:
كه‌س مێژوو نه‌نوسێته‌وه
ئێمه لاستیكمان پێویسته، نه‌كو قه‌ڵه‌م
با هه‌ر مناڵێ چه‌ند دێڕێ بسڕێته‌وه.
- Latest Posts by قوته‌یبه فازڵ
دکتۆر قوتەیبە فازڵ: جەنگی ئوحود و فەوزای ڕاگەیاندن.
-قوتەیبە فازڵ: ئەمریکا و دۆستەکانی.
-قوتەیبە فازڵ: تەمووز و ڕووداوەکانی.
- All Posts