نەوزادى موهەندیس: تاکەى هەرێمەکەمان لە قەیراندا دەمێنێتەوە؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە هەر کار یان کارەسات و قەیران جا سروشتى بن یان مرۆڤکرد ، جەنگەکان و ئاشتیەکان، هەموانیان خاڵى دەستپێک و کۆتاییان هەیە، گەرچى درێژەش بکێشن. چونکە لەئەنجامى هەڵسەنگاندنى گۆڕانکارى و پێشهاتەکان و بە پەندوەرگرتن لە ڕووداوەکان و کاریگەریە خراپەکانیان، لایەنى پەیوەندیدار و دەستڕۆیشتوو و بڕیار بەدەستەکان لە حکومەتدا بێت یان لەدەرەوەى حکومەتدا، لەهەوڵى دۆزینەوەى ڕێگا چارەى گونجاودان بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ئاریشەیەیى کە تێیکەوتوون. جا قەیرانەکان سیاسى بن یان ئابورى و بازرگانى بن یانیش ئەمنى و جەنگ و یاخود تەندروستى و بڵاوبونەوەى نەخۆشى بن یان هەڵاوسان و دارایى و کورتهێنان و بێکارى و هەژارى و برسێتى و … هتد، بن. بۆیە ناکرێت و کارێکى لۆجیکیش نیە کە تاسەر بۆ مەوداى دوورودرێژ هیچ قەیرانێک بەردەوام بێت، چونکە لەلایەک سروشتى گۆڕانکاریەکانى دەوروبەر و جیهان بەتایبەتى لەم سەردەمەدا هێندە خێرا و کتوپڕن و لەلایەکى تریشەوە سروشتى مرۆڤەکانیش هیچ کات قایل نابن بە دەستەوستانى و لاوازى و نەبونى پەرچەکردارێک بۆ خۆ دەربازکردن و ڕزگارکردن لەو دۆخە خراپەى کە تیایدان. هەربۆیە هەموو قەیرانەکان سەرەتاو کۆتاییان هەیە چەندە کاریگەر و کەمەرشکێنیش بن.
بەڵام ئەوەى لەم هەرێمى کوردستانەدا دەبینرێت، بریتیە لەوەى کە نەک قەیرانێک، بەڵکو دەیان قەیران بەرۆکى گرتوە و کەچى دەسەڵاتدارانیش بێخەم و بێدەنگ و چەقبەستوو لە جێگەى خۆیاندا پڕکێشى ناکەن بۆ چارەسەرکردنیان، ئەوەتا قەیرانى دارایى لەساڵى 2014وە بەرۆکى بەم هەرێمەى گرتوە کە توندترین بوە لەسەر ئاستى ناوچەکە و تەنانەت دونیاش، زۆرێک لە وڵاتان قەیرانەکەیان تێپەڕکردوە و لە ئێستادا کەوتونەتە خۆ بۆ پلان دانان بۆ هەستانەوە و گەشەدان و ئەوەى دەکرێت بۆ سڕینەوەى ئاسەوارە خراپەکانى قەیرانەکە. بەڵام لەم هەرێمەدا نەحکومەت و نەدەسەڵات نە ئۆپۆزسیۆن و نە جەماوەر و نە ڕێکخراوە مەدەنى و دیموکراسیەکان کۆدەنگیەکى نیشتیمانیان و سازانێکى خەمخۆرانەیان لێوە بەدیناکرێت بۆ هەوڵدان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هەموان دوورلەیەکتر و تەنانەت دڕدۆنگیش و نەیار بەیەکتر و هەریەکەیان لە دۆڵێکدا دۆشداماوە و نە تواناى بزاوتى خۆى هەیە نەتواناى بەیەکگەیشتنى دەنگە جیاوازەکانیشیان هەیە، هەر بۆیە ئەم قەیرانەى لەم هەرێمەدایە بێوێنەیە و بە خراپترین شێوە کاریگەرى خستۆتە سەر تەواوى تاک و کۆمەڵگاکەمان و برسێتى و هەژاری و نەخوێندەوارى و سەرەڕاى ئەمانەش پەتاى کۆرۆناشى هاتۆتە سەر، بۆیە کەمتەرخەمى و بێباکى یان بێدەسەڵاتى و نەتوانین لە دۆزینەوەى ڕێگا چارە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هێندەى تر قەیرانەکانى قوڵ و کاریگەر تر کردوە. و تائێستاش ئاسۆیەکى ڕوونیش بونى نیە بۆ ئەوەى ئومێدێک گەر بچوکیش بێت بە ئایندەیەکى نزیک.
ئاشکرایە لە جیهانى ئێستادا زۆرێک لە کۆمەڵگا و وڵاتان بە زلهێز و پێشکەوتوەکانیشەوە دەناڵێنن بەدەست دەیان قەیرانى سروشتى دروستکراوەوە لە چوارچێوەى ململانێ ناڕەواکانیان لەسەر هەژمون و بەرژەوەندى و نفوز و هێزەکانیان لە دونیادا، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چونکە خاوەنى حکومەت و دامەزراوەى زانستى و تەکنەلۆجیا و بیرکردنەوە و پلانن بۆئەوەى تابتوانن هەوڵى سووکرکردنى ئاسەوارەکانى قەیرانەکان دەدەن.
هەربۆیە گەرەکە کە حکومەتى هەرێمیش و لەگەڵیشدا سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانیش هەموان پێکەوە دەستبدەنە دەستى یەکترى بۆ کۆتایى هێنان بەم قەیران و کێشە و ئاریشانە کە خەریکە بڕستى ژیان لە تاک و کۆمەڵگاکەمان دەسێنێت، و ناکرێت میلەتەکەمان بۆ قەدەرى نادیارى خۆى بەجێبهێڵدرێت، ئەمەش لەڕێگەى پڕۆسەیەکى گشتگیر و بەردەوامى چاکسازى دەبێت لەهەموو بوارەکانى حوکمڕانیدا هەر لە یاسادانان و دادوەرى و جێبەجێکردندا، ئەمەش بە بەسەرداچوونەوە و نەهێشتنى هەڵە و کەموکوڕیەکان و بەهەدەردانى سەروەت و سامان و نەهێشتنى گەندەڵى کە بۆتە مخۆرکەى هەیکەلى ڕێکخستنى ئەم دەسەڵاتە و دواتریش دابینکردنى یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و دوورکەوتنەوە لە تۆخکردنەوەى حیزبایەتى و هاندانى هەموان بە تاک و کۆمەڵگاو گروپەکانەوە بۆ بەخۆخاوەن زانینى ئەم وڵاتە نەک وەک بێگانەیەک لەدوورەوە سەیر بکەن و تەنها بۆ حکومتى بەجێبهێڵن.
جا پڕۆسەى چاکسازیش وەک دەڵێن پیاوى بەهێز و کارامە و بێباکى دەوێت کە خۆى بەشدار نەبێت لە گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى وڵاتدا، چونکە چاکسازى بە کەسانى گەندەڵکار و بێمتمانە بەخۆ ناکرێت و سەرناگرێت. چونکە پڕۆسەکە گرنگ و کاریگەرە و دوو دەمى تیژى هەیە کە لەکاتى سەرنەوکەوتنیدا بە دژ و بەزیانى گەورەتر دەشکێتەوە، جا هیچ وڵات و کۆمەڵگایەک لەسایەى دەسەڵاتێکى گەندەڵەوە نە پێشدەکەوێت و نەخۆشگوزەران دەبێت. بۆیە دەبێت هەرچى زووە حکومەت هەوڵى دۆزینەوەى ڕێگا چارەى عەقڵانى بدات و کۆتایى بەم هەموو قەیرانانە بێنێت و لە پێش هەموانیشەوە قەیرانى دارایى و بودجە و مووچەى مووچەخۆران و دانانى بەرنامە و پلان دابڕێژێت بۆ چاکسازى لەهەموو سێکتەرەکانى نەوت و کشتوکاڵ و پیشەسازى و تەندروستى و ئەمنى و پەروەردە و خوێندنى باڵاو ئەوانى تریش. چونکە زیاتر درێژەکێشانى ئەم قەیرانانە بوون و بەردەوامى ئەم قەوارەیەى هەرێمەکەمان دەخاتە بەر مەترسى لەناوچوون و بچوکبونەوە کە ئەمەش خەونى دوژمنان و شەرمەزارى تاکبەتاک کۆمەڵگاکەشمانە لەبەردەم خودا و خەڵک و مێژووشدا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی