گۆران هەڵەبجەیی: ئۆپۆزیسۆن لە غیابی حیزبە تەقلیدیەکاندا.
پێم وابێت [چەرچڵ] بوو، کە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا گووتی [گەر موعارەزە لە وڵاتدا بوونی نەبێت ، ئەوە خۆم درووستی دەکەم]
ئەم قسەیە لە خۆڕا نەکراوە ، بەڵکو ماناو مەغزایەکی قوڵی هەیە. چەرچڵ وەک سیاسیەکی بەئەزموون و بیرتیژ ، دەرکی بە گرنگی و پێداویستی موعارەزە کردبوو وەک ڕەقیبێک بەسەر کارو ئەدای حیزبی دەسەڵاتدارەوە. نەبوونی ئۆپۆزشیۆن لەهەر وڵاتێکدا گەر دیکتاتۆر بەرهەم نەهێنێت ئەوە بەدڵنیایەوە دەسەڵاتێکی تاکڕەو و گەندەڵ بەرهەم دێنێت.
دەسەڵات و حکومەتی ساغڵەم هاوتەریبە بە بوونی موعارەزەیەکی تۆکمەو ساغڵەم. واتە لە کوێ دەسەڵاتێکی باش و خزمەتگوزار لەئارادابوو ئەوە پەیوەندیدارە بە بوونی موعارەزەیەکی بوێر و خاوەن ڕوئیای بەرفراوانەوە.
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان نزیک بە سی ساڵە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەڕێوە دەبرێت، لەم ماوەیەدا نەیانتوانی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، نەیانتوانی گیانی هاوڵاتیبوون لە نێو خەڵکی هەرێمدا درووست بکەن، نەیانتوانی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان دەستەبەر بکەن. بەپێچەوانەوە بەردەوام قەیران بەدوای قەیراندا دەهێننە ئاراوە، دەتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم لە حکومداریدا شکستیان هێناوە.
ئەم دوو حیزبە [لەئێستادا بە بەشداری گۆڕان] لە درێژەدان بە دۆخی نالەبارو سەخت بەردەوامن، ژیانی خەڵکیان بە ئەندازەیەک قورس کردوە، ئیدی تەحەمول ناکرێت.
دەسەڵات ئامادەنیە لە بەرژەوەندی خەڵک هیچ هەنگاوێک بنێت، بێباکانە درێژە بە سیاسەتی وێرانکارانەی دەدات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یا لاوازی ئۆپۆزشیۆن. چونکە گەر ئۆپۆزشیۆن بەپێی پێویست کاربکات و ببێتە چاودێرێکی لێهاتو وە بوێر ، ئەودەمە حیزبەکانی دەسەڵات نەیاندەوێرا بەو شێوە بەردەوامبن لەسەر گەندەڵی و پشتگوێ خستنی داخوازیەکانی خەڵک.
دەمێک باس لە موعارەزەدەکەم مەبەستم حیزبە تەقلیدیەکانە، بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئیسلامیە. لە بیست یا پانزە ساڵی ڕابردودا ئەم حیزبە تەقلیدیانە تا ڕادەیەک دەنگ و سەنگیان هەبوو، هەڵوێستیان باشتر بوو ، بۆیە دەسەڵاتیش حسابی بۆدەکردن و بەم جۆرەی ئێستا بێباکانە ڕەفتاری نەدەکرد، بەڵام لەو دەمەی ئەم لایەنانە هەڵوێستیان لاوازو بێ ئەرزش و سازشکارانەیە، دەسەڵاتیش زیاتر و زیاتر خەڵک برسی دەکات، بێ کەرامەت دەکات، دزیو جەردەیی و تاڵانی دەکات، خەڵکی ناڕازی سەرکووت دەکات.
لە نێو گۆڕەپانی سیاسیدا تاکە لایەنێک کە بوێرانە وەک موعارەزە بوونی هەیە، جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، بەردەوام شەقام دەجوڵێنێت، درووشمی واقیعی بەرزدەکاتەوە میدیاکانیان لەخزمەتی هەموو دەنگێکی ناڕازیدان. بەشبەحاڵی خۆم هەر لایەنێک دژی دەسەڵاتی ستەمکار بجوڵێت من دەستخۆشی لێدەکەم.
بۆیە هەوڵ و چالاکیەکانی نەوەی نوێ بەرز دەینرخێنم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بەڵام گەرەکە دەرک بەوە بکەین کە دۆخەکە زۆر مەترسیدارو سەختە، بۆیە لایەنێک بەتەنها ناتوابێت ئەو ئەرکە قورسە هەڵبگرێت، بەڵکو پێویستی بە کاری دەستەجەمعیە، پێویستی بە هاتنەناوەی ئەو حیزبانەیە کە تا ئێستا [تا ڕادەیەک] تەماشاکەر بوون، یا دەنگی ناڕەزاییان لە ئاستی خواستی خەڵکدا نەبووە، بۆیە دڵنیام لەوەی گەر ئەو لایەنانە پێکەوە خۆپیشاندان سازبکەن، دەتوانن شەقام قەرەباڵەغ بکەن و هاوکات خەڵکێکی زۆر لە قەواعیدەکانیان شوێنیان دەکەون. ڕێکەوتن لەسەر چەند خاڵ و دروشمێکی ئانی لە نێوان ئەو لایەنە تەقلیدیانەو نەوەی نوێدا کارێکی زەحمەت نیە، ڕێکەوتن بۆ داکۆکی لە داخوازیەکانی جەماورو کاری هابەش مانای دەستبەرداربوونی ئایدۆلۆجیاو بیروباوەڕ و ڕێبازی هیچ لایەنێک ناگەیەنێت. لەمێژووی وڵاتاندا چەندین نمونەی زیندوومان دێتەوە بەرچاو لە کاری هاوبەشدا، کەزۆریان بەسەرکەوتوویی کۆتاییان هاتوە.
گەر ئێوەی لایەنی تەقلیدی لەبەر هەر هۆکارێک بێت خۆتان بەتەنها یا پێکەوە لەگەڵ نەوەی نوێ خۆپیشاندان ناکەن، بەلای کەمەوە ڕێگری لە ئەندام و لایەنگرانتان مەکەن بۆ بەشداری لە هەر خۆپیشاندانێکدا کە دژی دەسەڵات ساز دەکرێت، چونکە دڵنیام ئەندامانتان بەپەرۆشەوە بەشداری دەکەن. گومان لەوەدا نیە کۆمەڵ و یەکگرتوو گەر بخوازن و حساب بۆ هیچ لایەنێ نەکەن توانای کۆکردنەوەی چەند هەزار کەسێکیان هەیە جا لەهەر باژێڕێکی کوردستاندابێت. ئومێدەوارم بکەونە خۆیان و لەمە زیاتر چاوەڕێی ڕووداوەکان نەکەن، بەڵکو پێویستە خۆیان ببنە بەشێک لە درووستکردنی ڕووداوەکان. گەر ئەم حیزبانە لەئێستادا بە ئەرکی خۆیان هەڵنەسن، ئەوە کات لەبەرژەوەندیان نابێت و لە کاروان دوادەکەون، وە بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنەکانی داتوودا دەنگەران سزایان دەدەن.
بە خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان و بەردەوام و ئەنجامدانی ناڕەزایی هەمەجۆر دەتوانرێت عەرشی دەسەڵات بلەرزێنرێت. سەیری خەڵکی ڕاپەڕیوی ملیۆنی [بەلە ڕوسیا]ڕوسیای سپی بکەن کە چۆن دەسەڵاتی[لۆکاشینکۆ]یان بەگیر هێناوە کە ساختەکاری کردبوو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا[ %80 ]ی بۆ خۆی تەزویر کردبوو، ئەو هەرگیز بیری لەو جۆرە خۆپیشاندانە مەزنانە نەکردبوویەوە، بۆیە بەدووری نازانم دەسەڵاتی لێ بستێننەوە، چونکە خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە تا لادانی [لۆکاشینکۆ]و دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن بەردەوامبن.
ئومێدەوارم خەڵکی هەرێمیش چاو لە خەڵکی بەلە ڕوسیا بکەن و تا دەسەڵاتی گەندەڵ ناچارنەکەن ملکەچ بێت بۆ داخوازیەکانیان وازنەهێنن، بێگومان ئەم کارەش ئەوکاتە سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو تاکێک وە ئەرکێک بەشداری تێدا بکات و لایەنە سیاسیەکانیش بە دەستەجەمعی لە گۆڕەپانەکەدا بوونی ئەکتیڤیان هەبێت.