بەختیار شارەزوری: مانفیستی غەریب بون بە ژیان لای ئازاد مارف.
لە نێوان بون و نەبوندا گەڕان بۆ مانادان بە ژیان لەهاوکێشەی ونبون و پوچگەرایدا و تێرکردنی پرسیارە جەوهەریەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ژیان وا دەکات مرۆڤ لە مەودای لەدایک بون و مردندا نەتوانێ بە تێری لە ماناکانی ژیان تێ بگا و تەفسیرێکی تەواو بۆ ژیان بدۆزێتەوە ، بۆیە لای زۆر بیرمەند لە کامۆوە بۆ بێکت دەگاتە پوچگەرایی ، لەم نێوەندەدا هەستی مرۆڤ و غەریب بون بە ژیان وا دەکا بەردەوام بە دوای کەشف کردنی ئەم غەرییەدا بگەڕێ، ئەم غەریببونە بە ژیان تەواوی تەفسیرەکان بۆ ژیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ژانەری شیعر دەتوانێ کەشفی غەریب بونی مرۆف بە ژیان بکات، لای ئازاد و بە تایبەت لەم شیعرەدا دۆزینەوەی پۆرتاڵی بینینی غەریبیە، بە واتایەکی تر کارئەکتەرێکی ون و عەشق و دایک تەنها ئایتمێکن بۆ دۆزینەوەی مانای غەریبی، ئازاد لێرە زمانێکمان پێ دەبەخشێ لە ڕێی وێنە و دالەکانەوە کە تێبگەین بۆچی ئێمە غەربین بە ژیان، بۆچی مردن باوکمان دەبا دایکمان دەبا، ناهڵێت لەو هەمو سحرەی جوانی ژیان تێبگەین و لەزەت بەرین، لای ئازاد مرادیفەکان هیچ نین جگە لە خۆدزینەوە لە هەست کردن بە غەریبی، عەشق بۆ ئەو سەرزەمێنێکی ترە تا لەوێ تێبگەین بۆ غەریبین بە دنیا، بۆ غەریبین بە شتەکانی دەوروبەرمان، لە کاتێکدا خۆمان ناوێکمان پێ بەخشیون و هەر غەربیشین پێی، بۆ نمونە کۆمەڵە درختێکمان ناو ناوە باخ، لای ئازاد ئەمە ناتوانێ پڕ بەچێژ و جوانی باخ بێ و لە بەرامبەریدا غوربیمان بە جێهێشتنی باخ بۆ دیاری بکا، بۆیە ئازاد دێ و بە زمانی عەشقی خۆی ئەیەوێ ناوێکی تر ببەخشێ بە ژیان، تا پێش ئەوەی لەگەڵ ئێمه قسە بکات گفتوگۆی لەگەڵ خۆی تەواو دەکات، تا لە ڕێی عەشقێکەوە بەسەر پردی مردندا تێپەڕێ و مانایەک بۆ غەریبی مرۆڤ بە ژیان بدۆزێتەوە.
هێندەی ئازاد ئیش دەکات بۆ تەفسیرکردنی چەمکی غەریبی لە ڕێی شیعرەوە، هێندە کارکردن نیە بە تێگەشتنی ئێمە، کە من پێم وایە تا ئێستا کە قسە لەسەر ئازاد دەکەین وەک ئەوە وایە خلیسکێنمان کرد بێت بەسەر ڕوی شیعردا نەک هەڵکۆڵینمان کردبێ بۆ دۆزینەوەی مانا قوڵەکان.
دوا جار ئازاد بە مردن دەڵێ عەشق ناهێڵێ بمرم و تۆم لێ ون دەکا و دەمباتەوە بەردەم ژیان و بە ژیانیش دەڵێ شیعر لای من عەشقە و عەشقیش دۆزینەوە و کەشفکردنی غەربیبە، شیعر لای ئازاد لەوە دەرچوە تەنها یەک خوێندنەوەی بدەینێ، شیعر لای ئازاد ناساندنێکی فکریە لە نێوان ژیان و غەریبیدا تا ئەو ئاستەی ئەم چەمکە شوێن و کات تێیدا ونە.
مردن لە سەر دێڕی سپی
من لە کوێم و کامە منم
ئەو کوڕەی دوای سێبەری شەڕی خۆی کەوتووەو
بە کۆڵێ شکست و سەری خۆڵاوییەوە
بۆنی دۆڕاندن دەباتەوە ماڵێ
یا ئەو پیاوەی بە بەرگی پەشیمانیەوە
مەلوولی لە باوەش کردووەو
قەت هیچ ناڵێ
من لە کوێم و کامە منم
ئەو خاڵخاڵۆکەیەی چاوەڕوانی خاڵەکانی لێسەندووەو
ئەگەڕێ بۆ ماچی خاڵێ
یا ئەو هەنگەی بە پشتی قەدەرەوە خۆی لێوونە و
تیسکێ هەڵاڵەی خۆشبەختی
لە قاچەکانی نا ئاڵێ
من لە کوێم و کامە منم
ئەو دارشەقەی بە ئەستەم گیانی تیاماوەو
لە ژێر باڵێ ئەم زەمەنە سەر سپیەدا دەناڵێ
یا ئەو پەڕەسێلکە باوکەیەی
بە نێو ئەم یادە شینەدا گوزەر ئەکاو
ناگەڕێتەوە تا ساڵێ
من لە کوێم و کامە منم
بە بیرم دێ پەپوولەیەکی باڵ ڕەنگین هات و
نیشت بە سەر لای چەپی بێدەنگیمەوە
ئەدرەسی تاریکیی خۆم و واژۆی خەمێکی بەجێهێشت
بە سەر دوو دڵۆپ ئاخی ڕەش و مۆری ڕاڕایمەوە
من لە کوێم و کامە منم
ئەو موسافرەی بە سەر دەزوولەی خەیاڵیدا
سەردانی عومری خۆی ئەکا و
لەو سەرەوە دەستەکانی پڕئەبن لە هیچی زەردو سوور
یا ئەو گەنجەی بە خەونێکی شل و شیرین
پەڵەی تەنیایی سەر کراسەکەی لائەبا و
مەستانە ئەڕوانێتە ئایندەیەکی دوور
ئەمن لە کوێم
کەی ژیان خۆیم لەگەڵ دابەش ئەکا
کەی پرژەیەکی ئیلاهی بە ڕێکەوت غافڵبوونی ڕامانم تەڕ ئەکا
کەی ئاسمان ئەستێرەی سەر شانی گومانم ماچ ئەکا
کەی ئەم بێهودەییە مڕومۆچە باخەڵی تەمەنم چۆڵ ئەکا
هەتاکەی ئەم قەڵەمە غەمگینە مەراقم ئەمدیودیو ئەکا
هەتاکەی غەریبی ئەمجوێ و تەماشای بێنازم لێڵ ئەکا
هەتاکەی پیرێتی ئەمڕێژێ و کانیاوی ئاوازم ووشک ئەکا
دایەگیان درەنگە دەست بگرە بە ترپەی دڵمەوە
ئەوەتا مووی سەرم پێم دەڵێ
نابینی مردن چۆن لەسەر دێڕی سپی شیعرەکانت سەما ئەکا
- بابەتەکانی تری بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts