دەریا محەمەد: خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ پێشنیازی یاسایی رێکخستنی میدیایی ئەلیکترۆنی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند یاسایه‌ك هه‌ن بۆ؟ رێكخستنی كاری میدیایی له‌وانه‌ش (یاسای رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ 35 ی ساڵی 2007 و یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن ژماره‌ 6 ی ساڵی 2008)، ئه‌م یاسایانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ رێكخستنی كاری میدیایی بووه،‌ به‌ڵام به‌ تایبه‌ت بۆ رێكخستنی میدیایی ئه‌لیكترۆنی، تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك بوونی نییە. پێشنیازی یاسای رێكخستنی میدیایی ئه‌لیكترۆنی هه‌وڵێكه‌، به‌ڵام هه‌ولێكی باش نیه‌ و ئه‌گه‌ر یاساكه‌ وه‌كو خۆی په‌سه‌ند بكرێ ئه‌وه‌ له‌ داهاتوو لێدانێكی باش ده‌بێت له‌ ده‌نگی ئازاد.

پێشنیازه‌ یاساییەكه‌ چی ڕێكخستووه؟
به‌شی پێشه‌وه‌ی پێشنیازه‌ یاساكه‌ باس له‌ جۆره‌كانی میدیایی ئه‌لیكترۆنی ده‌كات، هه‌وڵیداوه‌ سه‌رجه‌م پێگه‌كانی ئه‌لیكترۆنی بخرێته‌ ناو یاساكه‌وه،‌ چوارچێوه‌ی یاساكه‌ی دیاریكردوه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ماڵپه‌ر و پێگه ‌و تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ بازرگانی و ریكلامییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێ، هەروەها‌ كۆمه‌ڵێ مه‌رجی بۆ دیاریكردنی خاوه‌نی ئیمتیازو سه‌رنووسه‌ر دیاریكردوه‌، ئەوەشی‌ دیاریكردوه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌موو پێگه‌كی ئه‌لیكترۆنی له‌ سه‌ندیكا تۆمار بكرێت ،‌ گۆرینی سه‌رنووسه‌رو فرۆشتنی ماڵپه‌ریش ده‌بێت سه‌ندیكایی لێ ئاگادار بكرێته‌وه،‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سزای بۆ دیاریكراوه‌، هه‌ر له‌ پێشنیازه‌ یاساكەدا،‌ یاسای تیرۆری خراوه‌ته‌ ناو، به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بابه‌تیكی ترساندن یان تۆقاندن بڵاوبكاته‌وه،‌ به‌ گوێرەی یاسای تیرۆر لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆ هه‌ر ناوزڕاندن و سوكایه‌تییه‌ك كه‌ ماڵپه‌رێك یان به‌كارهێنه‌ریكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بیكات، سزای یه‌ك ملیۆن دینار تا پێنج ملیۆن دیناری دیاریكردووە.

لایه‌نی ئیجابی پێشنیازه‌ یاساكه‌
یەكەم/ به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو زیاد به‌كارهێنانی میدیا ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ڕێكخستن و گرینگی پێدانیان له‌ چوارچیوه‌ی یاسایه‌كدا كارێكی گونجاو باشه
دووەم/ مادده‌ی (15) له‌ یاساكه‌ دوو مافی بۆ خاوه‌نی پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیاریكردوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ئاشكرانه‌كردنی پاسۆرده‌كانیان و پاراستنی ئامێره‌كانیان و هاك كردنیان .
لایه‌نی سلبی پێشنیازه‌ یاساكه‌
یەكەم/ یاساكه‌ تێكه‌ڵی زۆری تێدایه ‌و ناكرێت ده‌قی یاسایی به‌م شێوازه‌ یاساكاری (تشریع) بۆ بكرێت، چونكه‌ ده‌قه‌كاتی یاسا ده‌بی پوخت و روون و ئاشكرابن و به‌شه‌كانی له‌ یه‌كتری جیا بكرێنه‌وه.
دووەم/ له‌ یاساكه‌ جیاوازی نه‌كراوه‌ له‌ نێوان به‌كارهێنه‌رێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌رێكی ئه‌لیكترۆنی ئه‌مه‌ش خاڵێكی لاوازه‌ بۆ یاساكه‌ و هه‌موو به‌كارهێنه‌ریكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ڕۆژنامه‌نووس لە قەڵەمدراوە.
سێیەم/ یاسای تیرۆر خزێندراوه‌ته‌ ناو پێشنیازه‌ یاساكه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێكی ترسهێنەر، ئه‌وا‌ به‌كارهێنه‌ری تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و ماڵپه‌ره‌كه‌ به‌ یاسای تیرۆر لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. حوكمه‌كانی یاسای تیرۆریش قورسن وه‌ سزاكانی ناو یاساكه‌ دەگاتە 15 ساڵ.
چوارەم/ دانانی غه‌رامه‌یه‌كی 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆنی بۆ به‌كارهێنه‌رێكی تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ناوی كه‌سێك بزڕێنیت یان سوكایه‌تی پێ بكات، به‌ڵام له‌ ئه‌ساسدا وشه‌ی سوكایه‌تی وشه‌یه‌كی نه‌رم و لاستیكییەو ‌ ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌كی لی بگیرێت به‌ سوكایه‌تی لێكیبداته‌وه ‌و گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵانی دڵپری بێ كاری باخه‌ڵ به‌تاڵ، كاتێك توره‌یی خۆی له‌ تۆرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌، به‌ 5 ملیۆن دینار سزا بدرێت، ئه‌مه‌ش دادپه‌روه‌ری به‌دیناهێنێت.
پێنجەم/ دانانی مه‌رجی ته‌مه‌نی ( 21 ) ساڵ بۆ خاوه‌نی ئیمتیازو سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ر، پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قانونی مه‌ده‌نی عێراقی كه‌ ته‌مه‌نی ته‌واوكردنی 18 ساڵی وه‌كو ته‌مه‌نی عاقل بوون و بالغ بوون دیاری كردوه‌.

پێشنیازی ئێمه‌ بۆ پێشنیازه‌ یاساكه‌
یەكەم/ هه‌مواركردنه‌وه‌ی هه‌ردوو یاسایی ڕۆژنامه‌گه‌ری و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵ كردنی به‌ پێشنیازه‌ یاساكه،‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووی بكرێته‌ یه‌ك یاساو فه‌وزای یاسایی دروست نه‌بێت.
دووەم/ ماڵپه‌ری ئه‌لیكترۆنی جیابكرێته‌وه‌ له‌ به‌كارهێنه‌ری تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و جۆری سزاكانیشیان جیاواز بێ.
سێیەم/ گه‌رانه‌وه‌ بۆ یاسای تیرۆر له‌ مادده‌ی (12) لاببرێ.
چوارەم/ مه‌رجی ته‌مه‌ن بۆ خاوه‌نی ئیمتیاز و سه‌رنوسه‌ر لاببرێ.
پێنجەم/ مادده‌ی (13 و 14) بخرێنه‌ به‌شی سزاكان له‌ به‌شی كۆتایی.
شەشەم/ مادده‌ی (16) دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و ئه‌م تێكه‌ڵییه‌ی له‌ برگه‌كانی دا هه‌یه‌ چاك بكرێت و‌ سزاكەشی‌ كە بە 1 ملیۆن بۆ 5 ملیۆن دیاریكراوە، كه‌مبكرێته‌وه‌ لە 100 هه‌زارەوە بۆ 1 ملیۆن.
حەوتەم/ مادده‌ی 4 ی یاساكه‌ كه‌ مه‌ودای جێبه‌جێ كردنی یاساكه‌یه‌ بخرێته‌ شوێنی مادده‌ی دووه‌می یاساكه‌.
هەشتەم/ وشه‌ی (به‌ درۆخستنه‌وه‌ ) له‌ مادده‌ی (11) لاببرێت، چونكه‌ گونجاو نییه‌ وشه‌ی به‌درۆخستنه‌وه‌ له‌ناو یاسادا بوونی هه‌بێت.

یاساناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت