ههتاو خورشیدی: ئەدەبیاتی منداڵان زۆر لهوهی قورسترە، کە هەموو کەس بتوانێ دەستی بۆ ببات.
بــۆ گرنگیـدانی زیاتر بـهبـواری ئهدهبیاتـی منـداڵان، وه ئاوڕدانـهوه لـه كهسایهتییهكانـی ئهو بواره، به پێویستمان زانی ئهم دیـداره لهگـهڵ بهڕێز خاتوو”ههتاو خورشیدی” ی شاعیری بواری ئهدهبیاتی منداڵان ساز بدهین.
سازدانی: ڕۆستهم خامۆش
پرسیار: لەکەیەوە ئاشنا و هۆگر بووی بە ئەدەبیاتی منداڵان، یاخود دەستپێکی شیعر نووسینت بۆ منداڵان ساڵی چەند بوو؟
وەڵام: یەکەم شێعرەکانم، کە تایبەت بە مناڵ بێت، دوای لە دایک بوونی هاناخانمی کچم نووسی، شێعری کوردی باشم کەم لەبەر دەست بوو، وه حەزم دەکرد بە زمانی دایکی بیلاوێنم و شێعری بۆ بخوێنمەوە، لە یەکەم ئەزموونەکانی ژیانی هاناخانم کەڵکم وەردەگرت و شێعرێکم بۆ دەنووسی و وردە وردە پەرەم پێدا و خوێندنەوەم بۆ کرد له بواری ئەدەبی و دەروونناسییەوە.
پرسیار: ناوەڕۆکی شیعرەکانت دەربارەی چین، وە زیاتر باسی چی دەکەن و مەبەست و پەیامت چیە لە نووسینی شیعری منداڵان؟
وەڵام: سەرەتای نووسینم زیاتر ئاژەڵەکان بوون و هەندێ کایە و گەمەی مناڵانە، بەڵام دواتر تایبەتتر بۆ میوەکان، کەرەسەکان، ئیشەکان و ئاشتیخوازیی و ژینگەپارێزیی، شێعرم نووسیوە و لە داهاتوودا دەمهەوێ زیاتر لەسەر جیهانی بێ شەڕ و پڕ لە ئارامیی و ئاشتیخوازیی بنووسم.
پرسیار: تا ئێستا کتێبێکت بۆ منداڵان چاپکردووە، ئەگەر ئاماژە بە ناوەڕۆکەکەی بکەیت و زیاتر باسی چی دەکات؟
وەڵام: بەڵێ سێ ساڵ لەمەوبەر کتێبێکم بەناوی (خاڵخاڵۆکە) بڵاوکراوە و ئێستاش کتێبەکانی (هەنیلەهووتی) کە کتێبی میوەکانە و (شیلانە) وەک کۆمەڵە شێعر(کە ڕەنگە ناوهكهی بگۆڕم) و (قەڵسۆک) کـە باسی خۆڕاگریی لـە کـاتـی تووڕەییە، ئامادەی بڵاوبوونەوەن و چەند کتێبی تریشم ئامادەن و جارێ کاری وێنەگریان بۆ نەکراوە.
پرسیار: ئەو ڕێگایانە کامانەن، کە تۆ توانیوتە شیعرەکانی خۆتی پێبگەیەنیتە بەر دیدەی گەشی منداڵانی ئازیزی کوردزمان؟
وەڵام: دیارە لە ڕۆژهەڵات بەو شێوەیە دەسەڵات و دەنگ و ڕەنگی سەربەخۆمان نییە، بەڵام دیسانیش لە شاشەکان هەندێک شێعرم بڵاوبۆتەوە، هەروا لە شاشەکانی دەرەوەش چەند شێعرێکم کراوتەوە گۆرانیی بۆ منداڵان و بڵاوبوونەتهوە، وەکی دیکەش ڕێگەی پەیوەندی هەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە.
پرسیار: هەندێ کەس پێیان وایە، کە چیرۆک لە شیعر زیاتر کاریگەریی لەسەر گەشەی بیر و خەیاڵی منداڵ هەیە، ڕای تۆ چیە، یان تۆ چیرۆکت بۆ منداڵان نووسیوە؟
وەڵام: من خۆم وەک مناڵی دۆینی حەز بە ڕیتم و مۆسیقا دەکەم لە شێعر و پێشم پەسەندترە چیرۆک و شێعر تێکەڵ بکرێنەوە کاریگەریی زیاتری دەبێت و لەبیری مناڵدا زیاتر دەمێنێ… بەڵێ چەند چیرۆکی ئاوام هەیە، کە بەشێک گێڕانەوەن و بەشێکیشیان شێعرە.
پرسیار: لە ئەنجامی نەبوونی ڕەخنەی پێویست، یان کەمتر لێکۆڵینەوە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان، زۆر شیعر و چیرۆک نووسراون، کە پەیوەندییان بە منداڵەوە نیەو بە زمانی زارۆکان نەنووسراون، یان زۆر کرچ و کاڵن، ڕای تۆ چیە؟
وەڵام: بەداخەوە وایە، کەمتر ئاوڕ دراوەتەوە سەر ئەدەبی مناڵان و زۆربەی شاعیران و قەڵەم بەدەستان تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن شێعری مناڵانیشمان هەیە شێعریان نووسیوە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەدەبیاتی منداڵان زۆر لهوهی قورسترە، کە هەموو کەس بتوانێ دەستی بۆ ببات. دەبێ لایەنەکانی دەروونناسیی، کۆمەڵناسیی، ئەدەبی زۆر قوڵ و بە هەموو وردەکارییەکانییەوە ڕەچاو بگیرێت.
پرسیار: بایی ئەوەندە شاعیر و چیرۆکنووسی باشمان هەیە لە نێو کورددا، کە جێگەی دڵخۆشیی و خۆشحاڵیی بێ بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتری ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟
وەڵام: زۆر کەس هەن زەحمەت دەکێشن لەو بوارە دا و ناکرێ بڵێین هەر نییە، چون خۆم بەڕاستی چێژ وەردەگرم لە شێعری زۆرێک لە شاعیرانی بواری ئهدهبیاتی منداڵان، بەڵام بەس نییە، دەبێ لیژنەیەکی نێو نەتەوەیی و ئەدەبی هەبێت و لەسەر هەندێک بابەت، وەک چۆنیەتی زمان، ویست و داخوازیی مناڵی ئەمڕۆ، داهاتووی ئەدەبی مناڵان، بدوێن و یەکگرتووییەک ساز بێت و هەر کەس بۆخۆی نەنووسێت، بەڵکوو کۆمەڵێک بۆ کۆمەڵێک مناڵی کورد تێبکۆشن و بنووسن.
پرسیار: هەیە دەڵێ: پێش نووسین خوێندنەوەم هەبووە بۆ ئەدەبیاتی منداڵان، وە هەندێکیش هەن پێش خوێندنەوە، بەهرەی شیعر نووسینیان هەبووە و نووسیویانە، بە ڕای تۆ هیچ جیاوازیان هەیە؟
وەڵام: بە ڕای من بە پێچەوانەی شێعری گەورانە، کە زۆرێک لە شاعیران دەڵێن ئیلهامە، کە من ئەویشم قەبوڵ نییە، ئەدەبیاتی منداڵان بێ خوێندنەوە سوودێکی نابێت و ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، نموونەی ئاواش بە داخەوە کەم نییە و دەبێ ئێمەی شاعیرانی بواری ئهدهبیاتی منداڵان زۆر زیاتر بایەخ بدەین بەو ئیشە پیرۆزە، کە دەبێتە هۆی پاراستنی زمانەکەمان و فێرکردنی ئەدەبیاتێکی سەرکەوتوو.
پرسیار: شاعیران و نووسەران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان، پێویستە شارەزاییان لە چیدا هەبێ کاتێ بۆ زارۆکان دەنووسن؟
وەڵام: لە وڵامی پرسیارەکانی تردا ئەوەشم باس کرد، بەڵام ئەوەش با زیاد بکەم، خوێندنەوەی ئەدەبیاتی جیهان و نەتەوەکانی تریش یارمەتی سەرکەوتووتر بوونی ئەدەبیاتی کوردی دەدات.
پرسیار: بە دید و بۆچوونی بەڕێزت، چۆن و بە چی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد زیاتر پێشدەکەوێ، یان پێشنیاری تۆ چیە؟
وەڵام: بە دڵنیایی تا شاعیران و نووسەران بخوێننەوە لە هەموو بوارەکاندا بۆ گەشە و نەشەی ئەدەبیاتی منداڵان باشترە. قەت نابێ ڕازی بین بە چاپی کتێب و دەستخۆشی و چەپڵەی خەڵک. دەبێ زۆر جیددیتر ئیش بکەین.
پرۆفایل:
– حوسنا خورشیدی ناسراو بە هەتاو خورشیدی
– لە مانگی گەلاوێژی ساڵی 1988 لە شاره جوانهكهی ( مەهاباد )ی
ڕۆژههڵاتی كوردستان له دایك بووه.
– یەکەم شیعری لە تهمهنی دوازدە ساڵییدا نووسوه.
– یهكهم شیعری بۆ منداڵان دوای لهدایك بوونی “هانا”ی كچی نووسیوه.
– كتێبێكی بهناوی ( خاڵخاڵۆكه ) وهك یهكهم بهرههم چاپكردووه.
– ماستهری له یاسا ههیه له زانكۆی تاران.
– له سێههمین فێستیڤاڵی شیعری منداڵان، كه له پارێزگای ئیلام له شاری ئهیوان بهڕێوهچووه، خهڵاتی پێبهخشراوه.
– دایكی دوو كچی ژیر و جوانه.