بورهان شێخ ڕەئوف: عاشوارى ئەمساڵ لە عێراقدا بوو بە شۆڕش.
ئەگەر لە سەردەمى حوکمڕانى بەعس و سوونەدا لە عێراق مەراسیمەکانى عاشورا بە شێوەیەکى سنووردار بەڕێووە دەچوو، لە ژێر چاودێرى هێزە ئەمنیەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانى ڕژێمى پێشوو تەنانەت لە هەندێک ناوچەش هەر قەدەغە بوو.
بەڵام لە دواى 2003 ەوە لە سەردەمى حوکمڕانى تائیفى شیعە ئەم بۆنەو مەراسیمە زۆر گرنگى پێدرا لەلایەن سەردەمدارانى نوێوەو ڕێپێوانى ملیۆنى ئەنجامدەدرا لە هەموو شارەکانى باشوورو ناوەڕاستى عێراقەوە بە پێ بەرەو نەجەف و کەربەلا بۆ سەر مەزارى ئیمامى عەلى و ئیمامى حوسینى کوڕى، جگە لە شیعەى ئێرانیش بە لێشاوو دەهاتنە عێراقەوە.
ئەوەى ئەمساڵ باسى دەکرێت ئەوەیە کە ئەم سرووت و بۆنە مەزهەبیە جۆرێک گۆڕانکارى بە سەردا هاتووە کە ساڵانى پێشوو حزب و تاقمە مەزهەبیە شیعەکانى عێراق وەکو دەستکەوتى گەورە بۆخۆیان بەکاریان دەهێنا هەریەکەیان دەیان کاروان و مەوکیبییان بەڕێ دەکرد و بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە پیچەوانەوە ئەو سرووت و عەزاگێڕییە بووە بە مۆتەکەو ڕۆژى حەشر بۆ ئەو تاقم و حزب و گروپە میلیشیاوى و گەندەڵانە کە شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنى وڵات گەندەڵیەکانیان بووەتە ویردى سەرزارى کۆمەڵانى خەڵکى عێراق بە گشتى و شیعە بە تایبەتى.
ئێستا هەردوو بۆنەوە مەراسیمى پیرۆزى شیعەکان 10 موحەڕەم و دواتر چلەى شەهید بوونى ئیمام حوسێنى کوڕى عەلى بن ئەبوتالیب لەلایەن چالاکوانان و خۆپیشاندەرانى شۆِشى تشرینى 2019 کراوەتە دەرفەتێک بۆ تازەکردنەوەى داخوازییەکانیان کە گۆڕانکارى گەورەى بە دواى خۆیدا هێنا.
هەر لەو سۆنگەشەوەیە هەر لە سەرەتاى مانگى موحەرەمەوە کە زۆر پیرۆزە لە لای شیعەى دوانزە ئیمامیەکان لە عێراق و جیهانیش کە یادى کوژرانى ئیمام حوسێنە، هەموو کۆڕو کۆبوونەوەو سرووتەکانیان بەزمانێکى توندو زبرو پڕ لە ڕق و بێزارى یە بەرامبەر حزبە شیعیە تائیفیە حوکمڕانەکانى عێراقە، کە هەمان دروشم و داواکارییەکانى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانەکانى تەحەریرى بەغدادو شارەکانى ترى باشوورى عێراقە.
ئەم مەراسیمو سرووتانە لە شارە پیرۆزەکانى شیعە بەرپا کران، نەجەف کە مەزارى ئیمام عەلى چوارەم خەلیفەى ڕاشدینى لێیەو کەربەلا کە مەزارى ئیمام حوسێنى کوڕى ئیمام عەلى لێیە، لە هەمانکاتدا ئەم شارو ناوچانە پێشتر ناوچەى هەژموون و پێگەى جەماوەرى حزبى دەعوەى ئیسلامى کە نورى مالیکى سەرکردایەتى دەکات و ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى بە سەرۆکایەتى هومام حەمودى و حزبی فەزیلەو ڕەوتى سەدرو لایەنەکانى تریش.
هەرچەندە پێشتریش لەم کۆڕو کۆبوونەوانەدا ڕەخنەو ناڕەزایەتى بەجۆرێک لە جۆرەکان لە چینى دەستەڵاتدارى شیعە گیراوە، بەڵام ئەوەى ئەمساڵ زۆر جیاوازتر و زەقتر بوو، تاکار گەیشتە ئەوەى یەکێک لەو کۆڕگێڕ و سرووت خوێنانەى مەراسیمە تەعزێبارییەکان بە ئاشکرا و بەبێ ترس هاوار بکات و بڵێت: عەمامە بەسەرەکانى شیعە (مەبەستى پیاو ە ئایینى و مەزهەبیەکانى شیعەیە) ئیتر ئێوە دەست لە سیاسەت وەر مەدەن، ئێوە سەرچاوەى نەزانین و دواکەوتنن، دەبێت لێرەش وەکو ئەوروپا پیاوانى ئایینى ڕۆلِیان لە کەنیسە دا بێت بەتەنها، کە دواتر ئەم سروودە وەکو ئاگر لەناو کادا لە ناو جەماوەرى بەرینى شیعەدا بڵاو بووە.
هەر ئەم سروود خوێنە لە بەردەم زوومى کامیراکان و هەزارەها شیعەدا وتى من شیعەم و ئەو مافە بە خۆم دەدەم ڕەخنەو بێزارى خۆم بەرامبەر بە حزبە شیعیەکان دەرببڕم بەرامبەر بەو واێرانى و گەندەڵی و وابەستەییە بە ئێرانەوە و دزینى ماڵى گشتى.
هەروەها بەشێکى ترى سروود و دروشمەکانى عاشورا باسى کوشتنى خۆپیشاندەرەکانى تشرینى دەکرد لەلایەن قەناس بە دەستەکانەوە، باسى شەهیدکردنى سەفا سەراى یەکێک لە چالاکوانەکانى مەیدانى تەحریرى بەغدادیان دەکرد.
ئەوەى ئەمساڵ بەدى کرا لە عاشورادا جگە لە بێزارى زۆر لە حوکمڕانانى شیعە بە هۆى گەندەڵى نەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، گۆڕانکارى نیگەتیفى شیعەى عێراق بەرامبەر بە دەستوەردانەکانى ئێران لە عێراق بەتایبەتى ئەو دروشمەى کە دەیان وت (نیشتمانەکەمانمان دەوێت ) کە نابێت ئیتر لە ژێر هەژموونى هیچ وڵاتێکدا بێت بە تایبەتى ئێران.