هیوا ناسیح: سته‌م کردن له ئهلف وبێکه‌ی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار تاوانه.
وه‌ک ده‌زانین کتێبی (ئهلف و بێ ی نوێ)ی کوردی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار یه‌کێکه له‌و کتێبه ده‌گمه‌نانه‌ی زۆرترین جار چاپکراوه و ده‌یان نه‌وه‌ی میلله‌تی کوردی له باشور و بگره پارچه‌کانی تریشدا فێری زمانی شیرینی کوردی کردوه، بۆ نزیکه‌ی شه‌شت ساڵ به فه‌رمی کتێبی فێرکردنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی مناڵانی کورد بووه له باشوری کوردستاندا. بۆیه هه‌موومان قه‌رزاری ئه‌م مامۆستا بلیمه‌ت و پهروهردهکارهین، که به هۆی شه‌ونخونی و ماندووبوونی ئه‌مه‌وه بوو، که به سه‌دان هه‌زار کوردی فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی کوردی بوون. من وه‌ک خوێندکارێک، که له‌رێگه‌ی ئهلف و بێ که‌ی ئه‌م مامۆستا مه‌زنه‌وه له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییدا فێری کوردی بووم، بۆیه خۆم قه‌رزارباری ئه‌م مامۆستا نه‌مره‌م و هه‌میشه به چاوێکی رێز و به بایه‌خ و گرنگییه‌وه له به‌رهه‌م و کاره‌کانی ده‌ڕوانم.
ئه‌م کتێبه ناوازه په‌روه‌رده‌ییه که ناوبراو له ساڵی 1948 تا 1949 ته‌واوی کردوه و دوای هه‌وڵ و ماندوو بوون و کۆششێکی زۆر له ساڵی 1951دا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وکاتی مه‌عارف (په‌روه‌رده)ی عێراقه‌وه به فه‌رمی کرا به کتێبی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی خوێندنگاکانی باشوری کوردستان، که رێگه‌ی خوێندنی کوردی تێدا درا بوو، له‌و کاته‌وه به‌رده‌وام بوو تا نزیکه‌ی ده ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه کتێبه به نرخه‌که زینده بهچاڵکرا و لیژنه‌یه‌کی په‌روه‌رده کتێبێکی نوێێ پڕ له که‌موکوڕییان له‌بری دانا و کردیانه کتێبی پرۆگرامی خوێندن له هه‌رێمی کوردستاندا!
به‌ڵام دیاره سه‌ره‌ڕای ئه‌م سته‌مه‌ش کتێبه‌که‌ی ناوبراو بایه‌خ و گرنگییه مێژووییه‌که‌ی هه‌ر ماوه‌ته‌وه و له لایه‌ن زۆر په‌روه‌رده‌کار و ئه‌دیب و نوسه‌ره‌وه به کتێبێکی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریی به‌نرخ داده‌نرێت، بگره لای هه‌ندێک که‌سی وه‌ک حسێن به‌فرینی شاعیر و ئه‌دیب وه‌ک کتێبێکی (پیرۆز)یش لێی ده‌ڕوانرێت. بۆیه تا کورد مابێت ئه‌م کتێبه وه‌ک سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌های په‌روه‌رده‌یی و مێژوویی خۆی له ده‌ست نادات. له‌به‌رئه‌وه ڕۆڵی ناوبراو وه‌ک شۆڕشگێڕێکی کورد، که له رێگای هۆشیارکردنه‌وه و په‌روه‌رده‌کردنی ده‌یان نه‌وه‌ی کورد به زمانی زگماکیان، ده‌بینرێت و تۆمار ده‌کرێت.
گه‌وره‌یی ئه‌م کاره‌ی ناوبراو له‌وه‌دایه، مامۆستا باڵدار نه‌هات ده‌سکاریی دوو کتێبه‌که‌ی پێش خۆی بکات، که بۆ فێربوونی زمانی کوردی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی دانرا بوون و ده‌خوێنران، مه‌به‌ست له‌مه هه‌ردوو کتێبه‌کانی (ئه‌لفبای کوردی) ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا، که له 11926دا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه و له بیسته‌کاندا وتراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ( ئهلف و بێ ی کوردی)ی مامۆستا حامد فه‌ره‌ج ساڵی 1936 چاپکراوه و له سیه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا وتراوه‌ته‌وه، به‌ڵکو خۆی له بناغه‌وه کتێبی ئهلف و بێ یه‌کی نوێی کوردی دانا و له ساڵی 1951یشه‌وه کرایه کتێبی فه‌رمی پرۆگرامی خوێندن له خوێندنگا حکومییه‌کاندا. ئه‌وه بوو ناوبراو ساڵی 1955 یش کتێبی په‌روه‌رده‌یی ئهلفو بێ بۆ گه‌وره (پێگه‌یشتوان)یش دانا بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له نێو گه‌وره‌ساڵاندا.
من له‌م پشووی هاوینه‌ی ئه‌مساڵدا خه‌ریکی ئه‌وه بووم که (لێوه)ی نۆساڵانهی کچم فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی کوردی به پیتی پیتی ئارامی/ عه‌ره‌بی بکه‌م، چونکه ناوبراو له سویسرا له دایکبووه سه‌ره‌ڕای قسه‌کردنێکی باش به‌م زمانه هێشتا نازانێت کوردی بخوێنێت و بنوسێت. پاش سۆراخکردن بیستم کتێبی ئهلف و بێ ی کوردی مامۆستا باڵدار له‌و سه‌نته‌ر و کۆرسی خوێندگا کوردییانه‌ی ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران وه‌ک کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد به‌کار ده‌هێنرێت. باش بوو له رێی هاورێیه‌کمه‌وه کتێبه‌که‌م ده‌ستکه‌وت. دیاره ئه‌م چاپه ساڵی 2013 له‌لایه‌ن ئینستیوتی خوێندنی کوردی له به‌رلین چاپکراوه به ناوی (ئه‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، که له ته‌نیشت ناوی مامۆستا باڵداره‌وه ناوی کاک م. فریاد فازڵ عومه‌ریش له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که وه‌ک دانه‌ر یان نوسه‌ر نوسرا بوو! من ئه‌مه‌م پێ ئاسایی نه‌بوو. بۆیه که‌وتمه دووی.
بۆ به‌راوردکردن له نێوان ئهلف و بێ یه‌که‌ی م. باڵدار که له کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م چاپه‌ی ئه‌ڵمانیادا، له رێگه‌ی کاک هه‌ورامان وریا قانعه‌وه چاپی هه‌مان ساڵی کتێبه‌که‌م به پی دی ئێف بۆ نێردرا به ناوی (ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) که له لایه‌ن چاپخانه‌ی په‌روه‌رده/ هه‌ولێر چاپکراوه. پاش به‌راوردێکی ورد بۆم ده‌رکه‌وت، که له ناوه‌ڕۆکدا هه‌مان کتێبه، به هه‌ندێک جیاوازیییهوه له نه‌خشه‌سازی، نوسینه‌وه‌ی پیته‌کان به درشتی، هه‌روه‌ها له پێشه‌کیدا نزیکه‌ی 37 لاپه‌ڕه ته‌نها وێنه‌ی جۆراوجۆر و ره‌نگاوره‌نگ چاپکراوه، که هیچ په‌یوه‌ندی به پیته‌کانه‌وه نییه و بگره وه‌ک ئه‌لبومێک وایه، و له هه‌ندێک تێکستی وانه‌کانیشدا که‌مێك کورتکردنه‌وه و گۆڕانکاریی رێنوسیش کراوه، ئه‌گینا هه‌مان 36 پیته‌که وه‌ک خۆی به که‌مێک پاش و پێش خستنه‌وه دانراوه‌ته‌وه.
دیاره دووباره چاپکردنه‌وه و هه‌ڵه‌بڕی یان هه‌ر ده‌سکاری و جوانکارییه‌ک له نه‌خشه‌سازیی کتێبێک کارێکی باشه و جێگای گرنگیدان و رێزه به به‌به‌رهه‌م و خودی نوسه‌ره‌که‌شی. به‌ڵام بردنی ره‌نجی که سێک و خۆ کردن به برابه‌ش له به‌رهه‌مێکی ناوازه و مێژوویی به نرخ جێگای لۆمه و ره‌خنه‌یه و سته‌مێکه له ره‌نج و ماندووبوونی خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌که، به تایبه‌ت که خۆی له ژیاندا نه‌مابێت.
وه‌ک ئاشکرایه مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، که ساڵی 1961 بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له په‌روه‌رده و ده‌رونزانیدا له زانکۆی سان فرانسیسکۆی ئه‌مریکا وه‌رگرتوه، واته نه‌ک مامۆستا بگره وه‌ک زانا و په‌روه‌رده‌کارێکی گه‌وره‌ی مناڵ و خوێندکاران وابووه، له لێدوانێکیدا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه به‌م کتێبه‌ی خۆیدا ده‌بێژێت ((ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی من ئه‌م کتێبه‌م کرده خه‌ڵات بۆ نه‌ته‌وه‌که‌م له ناو واقیعی کاره‌که‌دا بووم…. ئه‌وه‌ی ئه‌توانێ وشه یان ڕسته‌یه‌کی بۆ زیاد بکات ئه‌وه‌ش باڵدارێکه بۆ خۆی)). واته به‌رێزی لای ئاسایی بووه ده‌سکاری و زیاد و که‌می بۆ بکرێت، به‌ڵام کێ ده‌ڵێت ڕازی بووه شاکاره‌که‌ی له‌گه‌ڵدا به‌ش بکرێت؟
من لێره‌دا له نرخی فه‌رهه‌نگه‌کانی م. فریاد فازڵ که‌م ناکه‌مه‌وه له بواری زمانی ئه‌ڵمانیدا، که خۆشم سودم لێ بینوه، سه‌ره‌ڕای سه‌رنج له سه‌ر به‌رزی نرخه‌کانی، هه‌روه‌ها ناشچمه سه‌ر رابردووی ناوبراو، وه‌ک کاتی خۆی مامۆستا جه‌مال نه‌به‌زی نه‌مر به ته‌له‌فون بۆی گێڕامه‌وه، که ناوبراو چ حزبێک له هه‌شتاکاندا ناردویه‌تی بۆ ئه‌وروپا پله‌ی حزبی چی بووه و چۆن گه‌یشتۆته ئه‌وێ و خوێندویه‌تی و …. تاد. به‌ڵکو ته‌نها سه‌رنج و ره‌خنه‌ی خۆم له سه‌ر ئه‌م سته‌مه له ره‌نج و ڕه‌وانی م. باڵدار و خۆ به برابه‌شکردنی له‌م کتێبه‌دا چڕ ده‌که‌مه‌وه و ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه.
به‌داخه‌وه مامۆستا به چه‌ند دێرێکیش هیچ پێشه‌کییه‌کی بۆ ئه‌م چاپه‌ی به‌رلین 2013ی کتێبه‌که نه‌نوسیوه، تا بزانین ئایا ئه‌و ده‌سکارییانه چین کردونی، یان کێ ئه‌و مافه‌ی داوه‌تێ له بنه‌ماڵه‌ی م. باڵداری نه‌مر که ئه‌و ده‌سکارییانه بکات، وه چۆن رێگای به خۆی دا له‌سه‌ر به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌که ناوی خۆی له پاڵ ناوی م. باڵدار وه‌ک دانه‌ری سه‌ره‌کی کتێبه‌که بنوسێت؟؟ ئه‌مانه زۆر جێگای پرسیار و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر کردنن، ئاخر گه‌ر بردنی ره‌نجی ماسولکه و بازووی که‌سێک به مادده بقه‌بڵێنرێت و بتوانرێت قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه، ئه‌وا ره‌نجی بیر و مێشکی مرۆڤه‌کان زۆر ناخۆشتره و هه‌رگیز ناتوانرێت به مادده بهخهملێنرێت و قه‌ره‌بووی بکرێته‌وه. ئه‌مه رێک وه‌ک ئه‌وه وایه، دوای کۆچی دوایی به‌رێزیان که‌سێکی زمان‌زان بێت و هه‌ندێک وشه زیاد و که‌م بکات و بڕێک جوانکاریی بۆ یه‌ک له فه‌رهه‌نگه ئه‌ڵمانی – کوردییه‌کانی مامۆستا فریاد بکات، ئینجا بێت بێ هیچ پێشه‌کی و روونکردنه‌وه‌یه‌ک ناوی خۆی بخاته پاڵ ناوی ناوبراو له سه‌ر به‌رگی فه‌رهه‌نگه‌که و چاپ و بڵاوی بکاته‌وه! ئایا ئه‌مه لای کاک فریاد په‌سه‌نده؟؟
گه‌ر بڕیار بوو مامۆستا فریاد فازڵ ئه‌م کتێبه بۆ مناڵانی چاوگه‌شی کورد له هه‌نده‌ران چاپ و بڵاوبکاته‌وه، تا فێری نوسین و خوێندنی کوردی ببن، ده‌بوو، پیته‌کانی که له پیته کوردییه‌کان نزیکه به لاتینیش له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کدا بۆ زیاد بکردایه، ئینجا ئه‌و هه‌موو وێنه زۆره‌ی که له پێشه‌کیدا زیاتر له 30 لاپه‌ڕه‌ی پێ داگیرکردوه، به‌ڕای من ناپێویسته و هیچ سودی بۆ ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که و پرۆسه‌ی فێرکردنه‌که نییه. له هه‌مووی گرنگتر و که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره‌یه، ده‌بوو به‌ڕێزیان پێشه‌کییه‌کی کورت یان درێژی نوسیبا، به جوانی ڕوونی کردبایه‌وه، که چۆن مۆڵه‌تی ده‌سکاریی ئه‌م کتێبه و خۆ به برابه‌شکردنی وه‌رگرتوه، بۆ نمونه له نه‌وه یان که‌سێکی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، خۆ گه‌ر مۆڵه‌ت پێدانه‌که له لایه‌ن خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵداره‌وه به نوسین بووه، ئه‌وا کۆپییه‌که‌ی بڵاوبکردایهوه له‌گه‌ڵیدا، ئینجاش به‌ڕوونی دهسکاریییهکانی خۆی و زیاد و که‌مکردن و …هتد یادداشت بکردایه، که چین و چۆنی لێکردوه و ئه‌و سه‌رنجانه‌ی به‌رێزی له‌سه‌ر نوسخه ئۆرگیناڵه‌که‌ی کتێبه‌که، که له باشوردا چاپکراوه، چین. ئاخر خۆ مامۆستا فریاد له پشتی په‌ڕه‌ی یه‌که‌می کتێبه‌که‌دا به ڕوونی نوسیویه‌تی: مافی چاپکردنه‌وه و وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه یان به شێکی بۆ نوسه‌ره‌کانی پارێزراوه، ….. بێ پرس به نووسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که نابێ هیچ ده‌سکارییه‌کی کتێبه‌که بکرێ و… هتد. واته ناوبراو هه‌م خۆی به نوسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که ناساندوه و هه‌میش ئاگاداری ئه‌وه‌ی داوه، که بێ مۆڵه‌تی خۆی هیچ که‌س و ده‌زگایه‌ک بۆی نییه ده‌سکاری ئه‌م به‌رهه‌مه بکات!! له‌م تێبینی و ئاگادارییه‌دا هیچ قسه‌یه‌ک له میراتگر یان خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار نه‌کراوه وه‌ک خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی شاکاره‌که، که پرسیان پێ بکرێت و مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێت! واته به جۆرێکی تر خۆی کردوه به خاوه‌ن هه‌ق نوێنه‌ر له بری ئه‌وانیش!
بۆیه من لێره‌دا، تا ئه‌و کاته‌ی خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار یان مامۆستا فریاد خۆی به نوسین روونکردنه‌وه له باره‌ی ئه‌م کاره ناڕه‌وایه‌وه ده‌ده‌ن و ئاشکرای ده‌که‌ن، خۆ به برابه‌ش کردنه‌که به کارێکی قێزه‌ون و ده‌سکارییه‌کی نائه‌مینی ئه‌ده‌بیی شاکاره‌که‌ی م. باڵداری ده‌بینم، وه لام وایه سته‌مێکه ده‌رهه‌ق به ڕۆحی ناوبراو و ره‌نج و ماندووبوونی.
تێبینی: دیاره من وه‌ک و خۆم هیچ کێشه‌یه‌کی که‌سییم له‌گه‌ڵ مامۆستا فریاد فازڵ عومه‌ر نییه و ساڵی 2014 هاتۆته ماڵم و یه‌ک ده‌ناسین، ته‌نانه‌ت هاوکاریشم کردوه له فرۆشتنی فه‌رهه‌نگ و کتێبه‌کانی و بڵاوکردنه‌وه‌یاندا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قازانجێکی ماددی بۆ خۆم تێدا بوو بێت. بۆ به‌ڵگه‌ش وێنه‌یه‌کی هه‌ردوکمان لێره‌دا بڵاوده‌که‌مه‌وه که ساڵی 2014 و سه‌ردانێکیدا بۆ سویسرا چرکاوه.
سه‌رچاوه‌کان:
– ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، چاپخانه‌ی په‌روه‌رده هه‌ولێر، 2013
– ئه‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، به‌رلین، ئینستوتوی خوێندنی کوردی به‌رلین، 2013
– ڕۆڤار، ژماره 43، ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار مامۆستای نه‌وه‌کان، 2006