کاوسێن بابەکر: سەردانەکەی نێچیرڤان قەتیسکردنی سیاسەت لەبازنەی تەسکی حزبیدا!
سەردانە کتوپرەکەی نێچیرڤان کەتەنها 28کاتژمێر دوای سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا هات، جگە لەنامەیەکی ئەردۆگان بۆ ماکرۆن نەبوو کە ناوەرۆکەکەی بریتی بوولە: (ماکرۆن خۆت ماندوو مەکە کارتی کوردەکان لەدەستی مندایە)!
دوای سەرکێشیەکانی ئەردۆگان لەدەریای سپی ناوەڕاست و سنور بەزاندنەکانی بۆ گەڕان بەدوای ووزەدا و پێکداکێشانی کەشتیەکانی لەگەڵ کەشتی فەڕەنسا لەنزیک لێوارەکانی تونس و هەراسان بوونی میسرو قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل… ماکرۆن کەوتە هەولی دروستکردنی بەرەیەک دژ بەو سەرکێشێانە و سەردانی ئەم دواییەشی بەشێک بوو لەو هەوڵانە،کە عێراق و هەرێم کەوتونەتە بەر سەرەڕۆییەکانی ئەردۆگان و ڕۆژ نیە فڕۆکەکانی سنوری هەرێم نەبەزێنن و خەڵکی سڤیل و هێزی پاسەوانی سنور نەکەنە ئامانج و شەهیدو برینداریان نەکەن. جگە لە سوتاندنی پوش و پاوان و ڕەزوباغی هاوڵاتیان و کە ئەمەش بەناچاریی چۆڵکردنی زیاتر لە 500 گوندی سەر سنورەکانی لێ کەوتۆتەوە. ئەمە واپێشاندەدا کە دەبێ عێراق و هەرێم لەپێشەوەی ئەم بەرەیە دابن! بەڵام بەداخەوە هەر دوای کۆبونەوەکەی نێچیرڤان و ماکرۆن داوا لەنێچیردەکرێ بگاتە ئەنقەرە و ئەم سەردانەی ماکرۆنیان بۆ باس بکات! ئەوەش گەیاندنی ئاماژەیەکە بۆ ماکرۆن کە کوردەکان کارتی دەستی ئەردۆگان خۆنی و چۆنی بوێ وایان هەڵدەسوڕێنێ، لەکاتیکدا فەڕەنسا هەر لەکاتی کۆڕەوەوە تائێستا جگە لەهاوکاری و چاکە هیج خراپەیەکی بۆ هەرێم نەبووە، بەپێچەوانەوە ئەوان بوون یاسای 688 یان لە یوئێن دەرکرد و ناوچەی دژەفڕینیان سەپاندو بەردەوام هاوکاری مادیان گەیاندۆتە هەرێم و مەشقی سەربازی و چەک و پێداویستی جەنگیان ناردووە، بەڵام تورکیا جگە لەشەڕو ئاژاوە هیچی بۆ کورد پێنیەو دەیان کیلۆمەتر چوار گۆشەیان لەسنورەکانی هەرێم بەبیانوی پێ کاکا داگیرکردووەو بازاڕی کوردستانیان پڕ کردووە لە کەلوپەل و مەوادی بێکەڵک و بەسەرچوو. جگە لەتۆپ باران و ئاگری فڕۆکە کە زەرەرو زیانێکی زۆری مادی و گیانیان لەخەڵکی هەرێم داوە، وەک خۆیان دەڵێن بەهیچ شێوەیەک ناهێڵن کیانێکی سەربەخۆی کوردی لەهیچ کوێی ئەم سەرزەمینە دروستبکرێ و ئەگەر لەمەریخیش بێ، ئەوان دەیڕوخێنن! کەچی لایەنێکی کوردی بۆ پاراستنی دەستەڵاتی حزبەکەی ڕێکەوتنامەی 50 ساڵەی لەگەڵ واژۆ دەکات کە تائێستا ناوەرۆکەکەی نەپەرلەمان و نە حزبە هاوپەیمانەکانی نازانن چی تێدایە.
پارتی جارێکی تریش سەلماندی کە ئەوان سورن لەسەر پاراستنی دەستەڵاتی خۆیان و هیچ شتێکی تر جگە لەوە بۆ ئەوان گرنگ نییە!
ئەو بەرەیەی ماکرۆن هەلێکە بۆ هەرێم هەڵکەوتوووەو کۆمەڵێک دەوڵەتی بەهێز بەنیازن تورکیا تەمبێ بکە ن، کە یەکەمین لایەن قازانج بکات هەرێم و کوردە و ئاوانەبێ هیچ هێزیک لەناوچەکە ناتوانن جڵەوی تورکیا بکەن کە گەورەترین هەڕەشەی سەر دواڕۆژی هەرێم و کوردستانی گەورەیە.
ئەگەر کورد ئامادەیی نەبێ دوور نیە پاشەکشەی تورکیا بەمەرجی لەناوبردنی خۆسەری و لەقاڵبنانی هەرێم بێ ئەوەش تەنها بە نەزانی خۆمان ئایندەی گەلەکەمان دەخەینە بەردەمی عەفریتێک کە بەخواردنی ئایندەی کورد نەبێ داناسەکنێ.