بورهان شێخ ڕەئوف: ماکرۆن لە بەیروت و بەغداد.
لەماوەى مانگێکدا دووجار عمانۆئیل ماکرۆنى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا سەردانى بەیروتى پایتەختى لوبنانى کرد، ئەگەر لوبنان یەکێک لە وڵاتە کۆلۆنیالیەکانى فەرەنسا بێت ئەوا سەرۆک ماکرۆن هەر بەهەمان خەیاڵى جارانەوە خاوەندارى لە لوبنان و قەیرانە سەختەکانى دەکات و هەر دواى تەقینەوە وێرانکەرەکەى بەندەرى بەیرۆت، ماکرۆن کەلاوەو دارو پەردو و دوکەڵەکەى بەسەرکردەوە، لەناو ئاپورەیەکى زۆرى هاوڵاتیانى لوبنانى کە هاواریان دەکرد ڕزگارمان کەن لە دەستى حوکمڕانە گەندەڵەکان.
بەڵام جارى دووەم کە ماکرۆن گەڕایەوە بۆ بەیروت ئەو حەماسەت و ئومێدە گەورەى خەڵکى لوبنان هەڵیان چنی بوو دامردەوەو هەناسەى ساردیان هەڵکێشا لەوەى کە ماکرۆنیش ناتوانێت برینەکانیان تیمار بکات.
ماکرۆن سەرەتا وتى پێویستە ژێرخانى سیستمى حوکمڕانى لوبنان بگۆڕێت نەک جوانکارى بکرێت، بەڵام ئێستا ماکرۆن پشتگیرى لە کاندیدى نوێ بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت (مستەفا ئەدیب ) باڵوێزى لوبنان لە ئەڵمانیا دەکات کە لەلایەن شەقامى لوبنانەوە ڕەت دەکرێتەوە، چونکە ناوبراو پێشتر سەرۆکى نوسینگەى سەرۆکى حکومەتى پێشوترى لوبنان نەجیب میقاتى بوو، لە بەرئەوە هەر بە درێژکراوەى هەمان سیستمى حوکمڕانى دەزانن.
ماکرۆن لە بەغداد
ئەگەر ساڵى 2014 لە گەرمەى شەڕى داعشدا لە عێراق فرانسۆ هۆلاند سەرۆکى ئەوکاتى فەرەنسا گەیشتە بەغدادو هەولێر بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەگژاچوونەوەى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى، ڕۆڵى کاریگەرى فەرەنسیەکان بۆ لەناوبردنى داعش و تیرۆر گەلێک کاریگەر بوو چونکە فەرەنسیەکان لە هەموو کەس زیاتر دەرکیان بە مەترسى تیرۆر بۆسەرئاشتى ناوچەکەو جیهانیش کردبوو ، لەوەش زیاتر بوونى 900 چەکدارى هەڵگرى ڕەگەزنامەى فەرەنسى لە نێو ڕیزەکانى داعش لە عێراق و سوریا ئەرکى فەرەنسیەکانى زیاتر قورس کردبوو.
لە ئێستاشدا سەرۆک ماکرۆن سەردانى بەغداى کردو و زنجیرەیەک کۆبوونەوەى گرنگى لە گەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق و سەرۆکى هەرێمى کوردستان و هەموو هێزە سیاسیەکانى عێراق ئەنجامدا بە شاندى یەکێتى نیشتمانى کوردستانیشەوە بە سەرۆکایەتى هاوسەرۆک لاهور تاڵەبانى.
ئەوەى لە لێدوان و هەواڵەکان و میدیاکاندا بیستمان ئەوەیە سەرۆک ماکرۆن پێداگرى لەسەردەکات ئەوەیە کە فەرەنسا عێراق بەتەنیا جێ ناهێڵێت، هێشتا مەترسى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى داعش ماوەو و جگە لەوەش دەستوەردانى دەرەکى لە کاروبارى عێراق و پێشێلکردنى سەروەرییەکەى، لە بەرامبەر ئەم مەترسى و هەڕەشانەدا سەرۆک ماکرۆن ڕایگەیاند کە ئەوان پرۆژەیەکیان هەیە بەناوى ( پاراستنى سەروەرى عێراق ) لەبەرامبەریشدا لایەنى عێراقى بەگرنگیەوە هاوکارى پشتیوانیەکانى فەرەنسایان بۆ عێراق نرخاند.
خاڵێکى گرنگ لە پڕۆژەکەى فەرەنسا پاراستنى سەروەرى عێراقە کە دەخوازێت سەرکردەکانى عێراق ڕەزامەندى لەسەر بکەن و دواتر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتیوانى بکات، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە فڕۆکەکانى تورکیا ڕۆژانە بوردومانى گوندو چیاو ناوچەسنوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن کە بەشێکى دانەبڕاوى عێراقە، لەم کاتەدا ناکۆکییەکانى فەرەنساو تورکیا و یەکێتى ئەوروپا لە دۆخێکى زۆر ئاڵۆز و قەیراندایە هەر لە دەریاى سپى ناوەڕاستەوە تا دوڕگەى قوبرس و ناکۆکى لە گەڵ یۆنان و دەستوەردانى تورکیا لە لیبیا و لە سوریا زۆر شوێنى تریش، بۆیە تورکیا دەخوازێت لە عێراق بەر بەو دەستدرێژى و چاوچنۆکییەى تورکیا بگرێت.
بابەتێکى ترى گرنگ کە ئەمجارە لەم سەردانەدا باسى لێوەکرا وزەى ئەتۆمە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە عێراق لە لایەن فەرەنساوە ئەگەرچى لە سەرەتاى هەشتاکانى سەدەى پێشوویش ڕژێمى ئەوساى عێراق هەنگاوێکى واى نا هەر لە گەڵ فەرەنسا، بەڵام ئیسرائیل بۆردومانى کرد.
لە کۆتاییدا بۆ عێراق گرنگە هاوپەیمانى و هاوکارى فەرەنسا و هەموو وڵاتانى گەورەو پیشەسازى و خاوەن پێگەو هێز بۆ ئەوەى بتوانێت خۆى بنیات بنێتەوەو بەر بە دەستوەردانى وڵاتە ئیقلیمیەکان بگرێت و خۆى لە سیاسەتى جەمسەربەندى بپارێزێت.