نەوزادى موهەندیس: جیهان لە سایەى پێشبڕکێى کەر و فیلەکانى ئەمریکادا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
کەمتر لە 2 مانگ ماوە بۆ کۆتایهێنان و پەردە دادانەوە بەسەر ئەو شانۆگەریەى کە ناوى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیە لە ئەمریکادا لە نێوانى پارتى کۆماریەکان (فیلەکان) کە سیمبولى کۆماریەکانە و قەوارەیەکى گەورە و ترساوى هەیە و پارتى دیموکراتەکان ((کەرەکان)) کە سیمبولى خۆڕاگرى و بەهێزیە. ئیدى بۆ 4 ساڵى ئایندە جیهان جارێکى تر دەبێت بەناچارى خۆى ڕێکبخات و بگونجێنێت لەگەڵ سیاسى و سیاسەتە نوێکەى ناو کۆشکى سپى لە ئەمریکادا. دوو گریمانەى سەرەکى هەن بۆ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان:
یەکەمیان دەرچوونەوەى دۆناڵد ترامپە بۆ جارى دووەم و بەردەوامبوونى سیاسەتەکانێتى کە کەم کەس و وڵات و سەرکردە پێشبینى دەکەن، چونکە ئەم پیاوە لەم 4 ساڵى ڕابووردوەدا مۆدێلێکى نوێى لە سیاسەت و حوکمڕانى پیشانى دونیایدا کە زۆر جیاواز بوو لە چەندان ساڵى ڕابووردووى حوکمڕانى لە ئەمریکادا، چونکە بۆخۆى کەسێکى سیاسى نەبوە و تەنها بازرگانێکى سەرکەوتوو بووە، هەربۆیەش سیاسەتەکان و ئیدارەدانەکانیشى ڕەنگدانەوەى عەقڵیەت و پاشخانە بازرگانى و ئابوریەکانێتى نەک پاشخانە سیاسیەکەى کە خاڵى خاڵى بوە لە تاکتیک و ستراتیژێکى نوێى چەسپاو. ترامپ هێندەى وەک سەرکێش و زۆرجارانیش وەک نمایشکارێک خۆى پیشانداوە و هێندەى گرنگى بە پەیوەندیە کەسیەکانى داوە لەگەڵ سەرۆک وڵاتەکاندا نیوهێندە وەک سیاسیەکى دونیا دیدە و موحەنەک خۆى دەرنەخستوە و بڕیار و هەنگاوەکانیشى زۆرجاران پەلەکردن و نەگەڕانەوەى پێوەدیار بوە بۆ دامودەزگا ئۆرگانیەکانى حوکمڕانى و تاڕادەیەکى زۆریش شڵەژان و ناسەقامگیرى بە ئیدارەکەیەوە دیاربوە و ئەوەتا لە 2 ساڵى یەکەمى حوکمڕانیدا زیاد لە 20 وەزیر و کارمەندى باڵا لە ئیدارەکەیدا دەستیان لەکارکێشایەوە یان ترامپ دەریانیکردوە. دەسکەوتەکانى ترامپ لەم 4 ساڵەدا لەگەڵ ئەوەى کە پەتاى کۆڕۆنا ساڵى 2020 لێتێکدا و نەیتوانیوە کارى بەرچاو ئەنجامبدات، بەڵام ئەوەى جێگەى ستایشکردنە، لەناوبردنى ئەبوبەکر بەغدادى خەلیفەى داعش و پشتیوانیکردنى کوردەکانى ڕۆژئاواى کوردستان و هەڕەشە و گوڕەشەکردنێتى لە تورکیا و ئەردۆگان و گەمارۆخستنە سەر ئێران و کوشتنى قاسم سولەیمانى و ابومەهدى موهەندیس و دژایەتیکردنى چین و ڕێکەوتنى ئیمارات و ئیسڕائیلە و لەناوخۆش جگە لە ساڵى 2020 توانیبووى کە ئابورى ئەمریکاش تاڕادەیەک گەشە بەخۆوە ببینێت. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لەهەندێک کار و هەنگاودا شکستى هێناوە،وەک لە عێراق و سوریا و بەرامبەر کۆریاى باکور و و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپیە هاوپەیمانەکانیشدا پەیوەندیەکانى ساردو سڕکردوە.جا بە دەرچوونەوەى ترامپ 4 ساڵى ئایندەش دونیایەکى پڕ مەترسى و شڵەژاو و ناسەقامگیرى سیاسى و ئابورى بەردەوام دەبێت و چارەنوسى هەموو دونیا لەسەر نوسینى تویتە درەنگ وەختەکانى ترامپ دەوەستێت.کە ئەم کار و هەڵویستەى ترامپ لەهەموو مێژووى حوکمڕانى ئەمریکادا وێنەى نەبوە.
گریمانەى دووەم برتیە لە دەرچوونى کاندیدى دیموکراتەکان ((جۆ بایدن)) کە ڕکابەرێکى سەرسەختى ترامپە و سیاسیەکى دیار و بە ئەزموون و و پێشترش جێگرى سەرۆک ئۆباما بوە و خاوەن تێز و تێڕوانینى خۆیەتى بۆ بابەتە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکان و لانى کەم گەر بڕیار بەدەستى یەکەمیش نەبوبێت ماوەى 8 ساڵ وەک کەسى دووەم لەدواى ئۆباماوە ئاگادارى ڕوودا و پێشهاتەکانى دونیا بوە و کاریگەریشى هەبوە. بەسروشتى دیموکراتەکان و سیاسەت و بەرنامەکانیان ئەوان هەمیشە پشتیوانى بابەتە ناوخۆییەکانى ئەمریکان لە تەندروستى و خۆشگوزەرانى و باج و ڕسومات و داد و دادگاکان و فێرکردن و خوێندن و زانست و توێژنەوە و … هتد. نەک بابەتە دەرەکیەکان و هەمیشە لایەنگرى ئاشتى و گفتوگۆو نەرمونیان بوون و حەزیان بەبەکارهێنانى جەنگ و توندوتیژى و بژاردەى سەربازى نەکردوە بە کۆترى ئاشتى ناسراون، بە پێچەوانەى کۆماریەکان کە بەهەڵۆکان ناسراون و هەمیشە لایەنگرى بەکارهێنانى هَزى سەربازى بوون بۆ یەکلاکردنەوەى کێشە نێودەوڵەتیەکان.
ئاشکرایە جۆ بایدنیش دژایەتیەکى توندى ئەردۆگان و سیاستە ئیسلامى و فراوانخوازیەکانى دەکات لەناوچەکەدا و لە دونیاشدا و بڕیاریداوە کە یەکەم کارى ڕووخاندنى ئەردۆگانە ئەمەش گەر بەووردى لێیبڕوانین هۆکارى ئاینى و ئیتنى لە پشتەوەیە وەک لەوەى سیاسى بێت چونکە جۆبایدن جولەکەیە و پشتیوانیەکى گەورەى ئیسڕائیلە و تورکیاو ئەردۆگانى ئیخوانیش بەمەترسى دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکانى ئیسڕائیل و تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەکانى کەنداویش.دانانى جێگرەکەشى کە ژنێکى ڕەشپێستى توندڕەوە (( کامالا هاریس))، دژى تورکیا و ئەردۆگان جارێکى تر سیاسەتەکانى دووپات دەکاتەوە.بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە بە پێچەوانەى ترامپەوە بەڵێنى داوە کە ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەى لەگەڵ ئێراندا کارا بکاتەوە و ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و بەشێک لەگەمارۆ ئابوریەکانى لەسەر هەڵبگرێت،کە بۆخۆى ئێران وەک وڵاتێکى خاوەن نفوز و هێز لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا مەترسیەکانى هیچى کەمتر نیە لە تورکیا و ئەردۆگان و بەدرێژایى 40 ساڵى ڕابووردووش دژایەتیەکى سەرسەختى سیاسەتەکانى ئەمریکاى کردوە لەناوچەکە و جیهاندا. لەبابەتى چین و کۆریاى باکور و ڕوسیاشدا سیاسەتەکانى پێچەوانەى ترامپن.
بەم شێویە جیهان لەچاوەڕوانیەکى بێهودەدا دەژین لەماوەى ئەم 2 مانگەدا و دەرچوون یان دەرنەچوونى هەر کامێکیان بە قازانجى کۆمەڵێکە و بە دژایەتى کۆمەڵێکى تر تەواو دەبێت.
پرسیارێک کە تایبەت بە کورد و هاوپەیمانێتى و ئایندەى لە سیاسەتى هەردوو کاندیدەکەى سەرۆکایەتیدا لە چ ئاست و پلە و گەرموگوڕیەکدان؟
خۆشبەختانە کورد و مەسەلەکەى لە بەرنامە و بەڵێن و کارنامەى هەردوو کاندیدەکەدا جێگە و پێگەیەکى دڵخۆشکەرى هەیە و هەردوولایان بەلایانەوە گرنگە کە چارەنوسى کورد لەهەر 4 بەشەکەى کوردستاندا بەرەو ئایندەیەکى ڕۆشنتر ببەن و لەو نەهامەتى و قاتوقڕى سەدان ساڵە ڕزگاری بکەن و بەڵگەى زیندووش هاوپەمانى و هاوکارى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە باشوور و چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و هاوکارى و پشتیوانى گەرموگوڕى کوردانى ڕۆژئاوا و میانگیریەتى لەنێوان پەکەکە و تورکیادا و کارکردنیانە بۆ دەستوپێکردنى ڕژێمى ئێران و جوڵە و بوژاندنەوەى کوردەکانى ڕۆژهەڵاتیشە.کوردیش بەڕۆڵى خۆى لەماوەى 10 ساڵى ڕابووردوودا کارامەیى و لێهاتوویى و گیانفیداى پیشانداوە لەدژى داعش و وەک بەرگریکارێکى سەرسەخت لەجیاتى هەموو دونیا و وەک دۆست و هاوپەیمانێکى سەر ڕاست ئەرکەکانى خۆى جێبەجێکردوە و قوربانى زۆرى داوە.کە ناکرێت هچ کاندیدێکى سەرۆکایەتى ئەمریکا ئەم ڕۆڵ و قوربانى و بەرگریکردنەى کوردان لەبەرچاو نەگرن و کوردیش وەکو دۆستێکى ستراتیژى تر لەناوچەکەدا دەبینن.
ئەوەى ماوەتەوە کورد و سەرکردایەتیەکەیەتى کە بزانن چۆن خۆ دەگونجێنن لەگەڵ سیاسەتى ئایندەى سەرۆکى نوێدا و وەکو 10 ساڵى ڕابووردوو دەبنە جێگە متمانە و ستایشى ئەوان. خۆشبەختانە تر کارتى کورد و مەسەلە ڕەواکەى لە ئێستادا بۆتە جێگەى بایەخ و پێگە و سەنگینى خۆى هەیە لەلایەن تەواوى وڵاتانى ناوچەکە و دونیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواییەکان و هچ کامیان ناتوانن فەرامۆشى بکەن. بۆیە گرنگە کوردیش بە عەقڵەیەتێکى کراوەتر و بە فراوانتر لە دونیا و پەیوەندیە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى بڕوانێت و باشتر و ووردتر هاوکێشە و حساباتەکان بخوێنێتەوە. بەهیواى ئەوەى کە کورد و دونیاش لەدواى 2 مانگى تر دڵخۆش و پڕ هیوا بن بەوەى کە سەرۆکى دڵخوازى خۆیان دەرچوە و لەگەڵیدا خەون و ئاواتەکانیان بۆ دێنێتە دى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی