بنار هیدایەت: ئەرێ ئەم هاتنەی کازمی تەریقی نەکردنەوە، ئێوە نەمردن..!
لە دوو رۆژی هاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو ڕاستییە دەرکەوت شەقامی کوردی سیاسەت و سیاسییەکانی کوردی ناوێت، ئاخر ناهەقی ئەو خەڵکە هەژار و داماوە مەگرن کە ئێوە دروست 30 ساڵە درۆیان لەگەڵ دەکەن…
سی ساڵە نە کارەبا نا ئاو، نە موچە نە ئەمان هەیە، نە ژیانێکی نیمچە مرۆڤی هەیە، هەر لەبەر ئەوەیە خەڵک نە ئینتیمای بۆ خاک و نە بۆ ئاڵا ماوە، خەڵک برسییە، ناتوانێت قبوڵی ئەوە بکات کازمی رۆژێک لە بەسرەیە و رۆژێک لە زاخۆ و هەڵەبجە، لێرەش حوکمڕانی لەپشتی لاپتۆپەوە دەکەن. یەقینم وایە ئەم هاتنەی کابرایەکی شیعەی ئۆتۆکراتی، سیاسی کورد دەهێنێتەوە هۆش خۆی، چونکە کەس وەکو کورد ئەنتۆگرافی نیە لە ناسیندا..
سی ساڵی رەبەقە گەنجی ئەم وڵاتە لەداخی حوکمڕانی ئێوە سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەبنە خۆراکی قرشەکانی ئیجە و بازرگانی بە جەستەیانەوە دەکەن، سی ساڵە دەستدرێژی ئەخلاق و کەرامەت، شکۆ و ماف و ناموس دەکەن، سی ساڵە سامانی سەرزەمین و ژێر زەمینی ئەم وڵاتەتان خوارد تێر نەبوون، لە دواییدا گلەیی دەکەن خەڵک پیاوێکی شیعەی خۆش دەوێت…
ئەگەر سیاسییەکانی ئەم بەناو هەرێمە زەڕەیەک هەر تەنها زەڕەیەک کەرامەت ی سیاسی و نیشتیمان پەروەری لە گیانیان ماوە ئەم هاتنەی کازمی دەبێتە وانەیەکی ئەخلاقی و دەست لە دزین و کوشتن و بڕین دەکشێننەوە و دەبنە خزمەتکار و نۆکەری هاو زمان و هاو خاکی خۆیان ئەگەر ماویانە…
ئەرێ ئێوە کەی تەریق دەبنەوە ئەرێ ئێوە کەی لە شەرمەزاریا دەمرن