نەوزادى موهەندیس: حکومەتى هەرێم لە دووڕییانێکى چارەنوسسازدایە!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
بەداخەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتیش ئەم کابینەی نۆهەمە،لە دۆخێکى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەندروستى و… هتد. زۆر خراپدایە لە ئەنجامى کەڵەکەبوونى کێشە و گرفتەکانى 17 ساڵى ڕابووردووى لەگەڵ دەوڵەتى عێراق و لەلایەکى تریشەوە بەهۆى ململانێ سیاسى و حیزبیە تەسک و بێزراوەکانى ناو هەرێمى کوردستان و بەتایبەتیش لە نێوان هەر سێ لایەنى پێکهێنەرى ئەم کابینەیەدا کە بریتین لەهەریەکە لە (پارتى و یەکێتى و گۆڕان). بۆیە ئەم هۆکارانە کاریگەریەکى توند و خرپیان کردۆتە سەر ئەدا و کارنامە و ئیشوکارەکانى حکومەت و هێندەى تر لاواز و بێزراویشى کردوە لەبەردەم حکومەتى بەغداد و شەقامى کوردیشدا کە چارەنوسەکەى وەک دەڵێن کەوتۆتە سەر دەستى عفریت.و لە ئان و ساتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕووخان و پێشبینى دەکرێت کە نەتوانێت تەمەنى ئاسایى خۆى کە 4 ساڵە تەواو بکات بەهۆى:
* نەبوونى متمانەى تەواو لە نێوان هەرسێ لایەنەکەدا بەیەکترى.
* جێبەجێنەکردنى ڕێکەوتنە سیاسیەکانى نێوانیان وەکو خۆى.
* جیاوازى لە بیروبۆچوون و بەرنامەیاندا بۆ ئیدارەدانى حکومەت و چۆنێتى حوکمڕانى و چارەسەرى قەیرانەکان.
* هەستکردن بۆ خۆسەپاندنى بڕیار و هەژموونى لایەنێکى سەرەکى حکومەت بەسەر ڕێڕەو و سیاسەتى گشتى حکومەتدا.
* بۆیە لە ئێستادا حکومەتى هەرێم کەوتۆتە سەر دوو ڕییانێکى چارەنوسساز،بەوەى یان دەبێت دەسبکاتە پڕۆسەیەکى چاکسازى بێکەموکوڕى و چاوپۆشى نەکات لەهیچ کەس و لایەنێکى گەندەڵکار و بکەوێتە خۆ بۆ کۆکردنەوەى تەواوى داهاتەکانى لە گەنجینەى حکومەت و بە شەفافانە مامەڵەى لەگەڵدا بکات و خەرجیەکانیش ڕوون و ئاشکرا بێت. و هەرچى کردوە سەرچاوەى داهاتەکانى حکومەت کە بریتین لە نەوت و گومرگ و باج و ڕسوماتە ناوخۆییەکان کۆنتڕۆڵى تەواویان بکات و چاکسازیش لە ئۆرگانەکانیدا بکات. بۆئەوەى بتوانێت مانگانە مووچەى فەرمانبەران بدات و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکات و وڵاتیش ئاوەدان بکاتەوە و بازاڕ و ئابوریش ببوژێنێتەوە.
یان دەبێت حکومەتى هەرێم نەتوانین و بێتوانایى خۆى ڕابگەیەنێت لە چارەسەرى قەیرانەکە و حکومەت هەڵبوەشێتەوە و کاربکرێت بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە.
کە هەردوو بژاردەکە ئاسان نین، بەڵام دەکرێت هەنگاویان بۆ بنرێت بەتایبەتى لە بوارى چاکسازى و شەفافیەتى داهات و خەرجیەکان و ڕێکخستنەوەى مووچە و بودجەى ساڵانە ئەویش بە ڕێکەوتن دەبێت لەگەڵ بەغدادا، ( دوور لە موزایەدەى سیاسى بەسەر یەکتردا و فرۆشتنەوەى کوردایەتیش بە یەکترى)، چونکە تا ئەوکاتەى هەرێم بەشێک بێت لە دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵ، هەم ئەرکى لە ئەستۆدایە و هەم مافیشى هەیە، بۆیە دەبێت لەلایەک ئەرکە یاسایى و دەستوریەکانى جێبەجێبکات و لەولاشەوە مکوڕبێت لەسەر داواکارى و ماف و شایستە دارایی و سیاسى و ئەمنى و خاکەکەیدا لەبەرامبەر دەوڵەتى عێراقدا. چونکە هەر بەغداد قوڵایى پەیوەندى و ڕێکەوتنەکانى هەرێمە نەک ئەنقەرە و تاران و دیمەشق و پایتەختەکانى تر.بۆیە گەرەکە حکومەتى هەرێم بۆ بەردەوامبوونى تەمەن و مانى ئەم قەوارە سیاسیە دەستوریەى هەرێم هەرچى دەکرێت و دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت هەنگاوى جدى بۆ بنێت و خەمسارد و بێ خەم نەبێت، چونکە شەقامى کوردى لە ئێستادا زۆر توڕە و زویر و ناڕازیە لەم حکومەتە بەتایبەتیش کاتێک هەنگاوەکانى مستەفا کازمى دەبینێت لە عێراقدا بە ئاڕاستەى خزمەتکردنى هاوڵاتیان و نەهێشتنى گەندەڵى و بچووکردنەوەى ڕۆڵى سەرکردە و حیزب و میلیشیا چەکدارەکان و قۆرخکارى و ..هتد. بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەم کابینەیە تەنها و تەنها بە گرتنە بەرى سیاسەتى شەفافیەت لەهەموو کەرت و بوارەکاندا و بە ڕۆنانەوە و بوژانەوەى متمانەى جەماوەر بەکار و کردەوەکانى دەتوانێت خۆى دەرباز بکات لە توڕەیى شەقام و هاوڵاتیان، جا ئەو وتە عەرەبیە کە دەڵێت ( اژا ێلح القائد،فلن یجرا احد على الفساد) زۆر پڕ مانایە بۆ ئەم دۆخ و ساتە هەستیار و مەترسیدارەى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی