ئاکۆ وەهبی: وه‌ڵامێك بۆ گۆڕانخوازان ئینجا كاك مه‌لا به‌ختیار.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ماوه‌یه‌كه كتێبی ”له بری بیره‌وه‌ری“ كاك مه‌لا به‌ختیار بڵاوبۆته‌وه. به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه و ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌و به‌رنامه ڕیكلامییه‌ی كه‌ناڵی ڕوداو بۆ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ی سازكرد، شه‌پۆل و هه‌ڵمه‌تێكی فراوان و توندی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له نێو میدیای كوردی و تۆڕی گریمانه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه. ئه‌كرێ ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م هه‌ڵمه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه بوون و ئه‌بن، بكرێن به چه‌ند كۆمه‌ڵێكه‌وه:
A- ئه‌وانه‌ی ده‌ڵڕه‌نجاو و ناڕازین له هه‌ندێ له گێڕانه‌وه‌كانی نووسه‌ر كه به ته‌شهیر و ناوزڕاندن له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن بۆ ناو و ناوبانگی كه‌سیی خۆیان. من ئه‌م جۆره وه‌ڵامدانه‌وانه به مافێكی ئاسایی و ڕه‌وای ئه‌و كه‌سانه ده‌زانم.
B- ئه‌وانه‌ی به‌شداربووی یه‌كێك له‌و ڕووداوانه‌ن كه كاك مه‌لا به‌ختیار باسی كردوون، به‌ڵام باسكردنه‌كه‌ی كاك به‌ختیار به بابه‌تی و گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاست و دروست دانانێن و به هه‌قی خۆیانی ده‌زانن سه‌رله‌نوێ ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كه به ڤێرژنی خۆیان بگێڕنه‌وه. به لای منه‌وه، ئه‌م جۆره وه‌ڵامه‌شیان ئاسایی و گونجاوه و له خزمه‌تی زیاتر ڕوونبوونه‌وه و ده‌ركه‌وتنی ڕاستییه مێژووییه‌كانه.
C- ئه‌وانه‌ی به دۆكیومێنت و به‌ڵگه‌ی متمانه‌پێكراوه‌وه، ده‌یانه‌وێ داكۆكی له ڕاست و دروستی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن كه كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوون. ده‌كرێ ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و ڕووداوانه بگێڕنه‌وه به‌ڵام له گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوازه‌وه كه بێ شك یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌ده‌ن بۆ هه‌ڵسانگاندنێكی بابه‌تییانه تری ڕووداوه‌كانی شۆڕش.
D- ئەوانه‌ی؛ بێ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، بێ هیچ زانیاری و شاره‌زاییه‌ك له ڕووداوه‌كانی زه‌مه‌نی شۆڕش، وه‌ك په‌رچه‌كرداری به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی ڕووداو، یان ته‌نها له ڕق و كینه‌ی شه‌خسییان بۆ كاك مه‌لا به‌ختیار، له بری وه‌ڵامی بابه‌تییانه، كه‌وتوونه‌ته جنێو و قسه‌ی سووك و به‌دڕه‌وشتانه، تا ڕاده‌ی هێرش و تانه‌وته‌شه‌ر بۆ سه‌ر خێزان و هاوسه‌ره‌كه‌ی. ئه‌م به‌ناو وه‌ڵامدانه‌وانه، یان ڕاستر بڵێین، ئه‌م جنێونامانه، نه‌ك ناچنه شوێنی خزمه‌ت به نه‌وشیروان مسته‌فا و بیروباوه‌ڕ و مه‌بادئی، به‌ڵكو به‌لای منه‌وه، ده‌چنه خانه‌ی به‌دڕه‌وشتی و ڕووتبوونه‌وه له هه‌موو به‌هایه‌كی جوانی مرۆڤانه.
E- دوا گرووپی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌كان، ئه‌و ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گۆڕانخوازانه‌ن كه دوور و نزیك هیچ شتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه‌دا كۆیان ناكاته‌وه كه كاك مه‌لا به‌ختیار له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه گێڕاویه‌تییه‌وه. تیایاندایه ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆژێكیش یه‌كێتی نه‌بوون، هه‌تا ئه‌و مێژووه‌ی یه‌كێتی به هی خۆیان بزانن و هه‌قیان بێ داكۆكی لێ بكه‌ن. زۆر له‌و وه‌ڵامانه‌ش كه من بینیومن، داكۆكی نین له گۆڕان به‌رامبه‌ر به‌و ئاماژانه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا مه‌به‌ستی له بزووتنه‌وه‌كه‌یان بووه. به‌ڵكو داكۆكیكردنه‌كه‌یان ته‌نها له‌و بڕیاره سیاسیانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه كه له ماوه‌ی بیست بۆ بیستوپێنج ساڵ به‌ر له دروستبوونی گۆڕان داونی.
له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێ به تایبه‌تی ڕووی قسه‌م له‌م دوا گرووپه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ و له تێگه‌یشتنی خۆمه‌وه هه‌ندێ له بۆچوونه‌كانیان ڕاست بكه‌مه‌وه:
A- مێژووی گۆڕان له دوای ٢٥ی ته‌مووزی ٢٠٠٩ وه ده‌ستپێده‌كات، نه‌ك له زه‌مانی شۆڕشی یه‌كێتی و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی براكوژی و كوشتاری پشتئاشان و چه‌ككردنی ئاڵای شۆڕش و گرتن و ئازاردانی سه‌ركرده‌كانییه‌وه.
B- ڕاسته دامه‌زرێنه‌ر و ڕێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت ساڵدا نه‌وشیروان مسته‌فا بووه، به‌ڵام ئه‌و بۆ جیاكردنه‌وه، هێڵێكی تۆخی له نێوان ئه‌و مێژووه و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كێشاوه. ئه‌وه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار باسی ده‌كات مێژووی شاخ و هه‌وڵی چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی دووبه‌ره‌كی حیزبی و سیستمی حیزبی شموولی و ”پارتی پێشڕه‌و“ و و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌یه. له كاتێكدا گۆڕان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌رعییه‌ته و ئه‌و دووبه‌ره‌كییه دروستبووه. بۆ ئه‌وه دروستبووه له جێیدا سیستمی هاووڵاتی بوون دابمه‌زرێنێ. بۆیه هه‌ر جۆره داكۆكییه‌ك له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه و گۆڕانخوازه‌كانی، له‌و مێژووه‌ی پێشوو و ڕووداوه‌كانی، جا بكه‌ره‌كه‌ی هه‌ر كه‌سێك بێ، پرسیاری جددی له‌سه‌ر ڕاستگۆیی گۆڕان دروستده‌كا.
C- نه‌وشیروان مسته‌فا بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێی له وێنه‌ی حزبێكی شموولی وه‌ك یه‌كێتی دا دروستنه‌كردووه، تا زۆر مه‌به‌ستی بێ مێژووه‌كه‌ی نه‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه و داوا له ئێوه‌ی گۆرانخواز بكا داكۆكی لێ بكه‌ن! ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی كورددا، گۆڕانی وه‌ك حیزبێكی مه‌ده‌نی و ئینتخابی دروستكرد كه درێژكراوه‌ی مێژووی ئه‌و حیزبه كوردییانه نه‌بێ كه له نێو جوڵانه‌وه و شۆڕشی ڕزگاری نیشتیمانی دا دروستبوون. به‌ڵكو حیزبێكی دروستكرد، بێ چه‌ك، بێ له‌شكر، بێ زیندان، بێ داوده‌زگای ده‌وڵه‌تی، بێ په‌یوه‌ندی گومانلێكراوی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی.
D- كاك مه‌لا به‌ختیار به چه‌ك و بیكه‌یسی نه‌هاتۆته سه‌ر گرده‌كه، هه‌تا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به ئه‌ركی گۆڕانخوازان دابنێن. ئه‌و ته‌نها كتێبێكی نوسیوه و وشه‌ی ڕیزكردووه و ڕه‌خنه‌ی له بڕیاره سیاسییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا گرتووه. بۆیه پێویسته به ڕێزه‌وه وه‌ڵامیشی به وشه و ئار‌گومێنت و دۆكیومێنته‌وه بدرێته‌وه. ئه‌ویش له لایه‌ن گۆڕان و گۆڕانخوازانه‌وه نا، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌و فیگه‌ر و كه‌سایه‌تییه به‌ڕێز و ویژدان زیندووانه‌ی كاراكته‌ری نێو ئه‌و مێژوو و ڕووداوانه بوون یان له لایه‌ن كه‌سانی ئاكادیمی و مێژوونوسی بێ لایه‌نه‌وه، ئه‌ویش نه‌ك به هێرشی ناڕه‌وا و تانه‌وته‌شه‌ر و موهاته‌رات.
E- جێی داخه ده‌بینم كه‌سانێك به ڕیا و به ناوی داكۆكی له نه‌وشیروان مسته‌فاوه وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه، له كاتێكدا خۆیان یه‌كێكن له شێوێنه‌ری كه‌له‌پور و سه‌ره‌تا بنچینه‌ییه‌كانی گۆڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا.
F- نه‌وشیروان مسته‌فا تا له ژیاندا بووه هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه كه كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوون. به‌ڵام دیاره به بێ لایه‌نانه نا، به‌ڵكو له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه. ئه‌و له بیروه‌رییه‌كانی دا به ڕوونی دانی به به‌رپرسیارێتی خۆیدا ناوه بۆ هه‌موو بڕیاره سیاسییه‌كانی، به باش و ”خراپ“ییه‌وه. واته ته‌قدیسی مێژووی تانانه‌ت خۆشی نه‌كردووه. ڕای وا بووه كه هیچ مرۆڤێك بێ هه‌ڵه و خه‌وش نییه. مرۆڤ كه سه‌ركرده بێ، بێ شك كاری ڕاست و كاری هه‌ڵه‌ش ده‌كا، بۆیه پێویسته به‌رپرسیارێتی باش و خراپی سیاسه‌ته‌كانی خۆشی هه‌ڵگرێت.
G- نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی خاوه‌نی ده‌سته‌واژه‌ی ”دێواندنه“ و له چه‌ندین بۆنه‌دا به دیارده و خوو و هه‌وڵێكی میدیای حیزبی شموولی داناوه بۆ دروستكردنی دیكتاتۆرییه‌ت و شه‌خسپه‌رستی و ته‌قدیسی سه‌ركرده به جۆرێك كه گوایه دووره له هه‌ڵه‌و و له سه‌روو ڕه‌خنه‌وه‌یه.
H- نه‌وشیروان مسته‌فای قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌خنه‌گری سیستمی حیزبی كوردی؛ نه‌وشیروان مسته‌فای ناو بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرم و پاشان دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پرسیاری له‌سه‌ر كۆی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی داناوه. ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی تێكۆشانی ئه‌و زاته، له پێداچوونه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی قسه و ده‌ربڕینه‌كانیشدا هه‌ستی پێ ده‌كرا. ئه‌و خۆی به‌شێكی زۆری له‌و مێژووه‌ی شۆڕش، به مێژووی خوێنڕشتن و كوشتوكوشتاری ناڕه‌وا ناوزه‌دكردووه، بۆیه له‌و ماوه‌یه‌دا داوای له‌یه‌كتربووردن و هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕ و ئێسك و پروسكانه‌ی له هاوڕێكانی ده‌كرد.
I- نه‌وشیروان مسته‌فا له ماوه‌یه‌كی كورتدا چه‌ند كه‌سی دڵشكاوی ئاشتكرده‌وه، به بانگكردنی كه‌سه‌كه، گه‌ر له ژیاندا مابێ، نامه بۆ نووسین یان بانگكردن و داوه‌تكردنی كه‌سوكاری. كه هه‌موو ئه‌مانه شایه‌تین بۆ داننانی به ناڕاستی هه‌ندێ له سیاسه‌ت یان بڕیاری كاتی شۆڕشی خۆیدا. به‌ڵام بۆ یه‌ك ڕۆژ گوێت لێی نه‌ده‌بوو، خۆی له به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌و ڕووداوانه بدزێته‌وه. ئه‌و ده‌یوت ”كه سه‌نگه‌رت له كه‌سێك گرت و له سه‌نگه‌ره‌كه‌ته‌وه ته‌قه‌ت لێی كرد، چاوه‌ڕوان مه‌به له وه‌ڵامدا له سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌رته‌وه گوڵ و گوڵزارت تێ بگیرێ!“
J- تۆ گه‌ر گۆڕانخوازبی و چاوه‌ڕوانی گۆڕینی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ت لێ بكرێ، ده‌بێ دژ به هه‌ر دیارده‌یه‌كی گرتن و ئازاردان و سه‌ركوتكردنێك بی، له هه‌ر شوێن و كات و ساتێك‌دا، له لایه‌ن هه‌ر لایه‌ن و گروپه‌كه‌وه كرابێ و به هه‌ر پاساو و هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشگێڕانه‌ش ئه‌نجام درابێ، نه‌ك نامه‌ی پاكانه‌ی زیندانییه‌ك بڵاوبكه‌یته‌وه كه له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدا بووبێ. چما ئه‌و دۆكیومێنتانه لای نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی نه‌بوون؟ بۆ به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه بڵاوینه‌كردنه‌وه؟ بۆ له كاك ئیبراهیم جه‌لالی وه‌رگرته‌وه و پاشان په‌یمانی خۆی شكاند و ڕاده‌ستی نه‌كرده‌وه، نه‌وه‌ك له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا بڵاویان بكاته‌وه؟
K- تۆی گۆڕانخواز كارێكی پر له نیفاق ئه‌كه‌یت، گه‌ر بۆ پاساوی هیچ ڕووداوێكی كوشت و بری سه‌رده‌می شاخ بگه‌ڕێیت. ئه‌وه كوا كاری تۆیه. له كوێی مانیفێستی دامه‌زراندنی گۆڕان و پاشان به‌رنامه ئینتیخابییه‌كانی دا جێی ده‌كه‌یته‌وه؟! گۆڕان ده‌بێ شه‌ڕی ”براكوژی“ له هه‌موو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كورددا به ڕه‌هایی مه‌حكووم كا، بێ لێده‌ركردنی هیچ شه‌ڕ و كوشتارێكی ناڕه‌وا. لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ڕووداوانه‌ش جێ بهێڵێ بۆ مێژوونووسان و كه‌سانی ئاكادیمی، یان بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی ئه‌و مێژووه به مێژووی خۆیان ده‌زانن وه‌یاخود كاره‌كته‌ری یه‌كێك له ڕووداوه‌كانی بوون، نه‌ك ببێته كاری گۆڕانخوازان!
L- گۆڕان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئازاری هه‌موو به‌ندكراوێكی سیاسی‌دا بێ، به‌بێ جیاوازی و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێ بۆ پاساوی له‌زیندان كردنی هیچ به‌ندكراوێك له‌سه‌ر جیاوازی بیروباوه‌ڕی، جا هۆكاری گرتنه‌كه‌ی له چاوی شۆڕش و شۆڕشگێڕه‌كاندا هه‌ر چه‌ند ڕه‌وا و هه‌قیش بووبێ.
ئینجا ده‌مه‌وێ ڕووی ده‌مم بكه‌مه كاك مه‌لا به‌ختیار و بڵێم:
به‌ڕێزم، من هه‌ست به دڵشكاویت بۆ هیلاكبوونی سه‌ره‌تای شۆڕشت ده‌كه‌م و لێشی ده‌گه‌م. له چاوی ئه‌مڕۆشمه‌وه (نه‌ك ڕۆژی خۆی) زیندانیكردن و ئازاردانی به‌ڕێزت و هاوڕێكانت زۆر به ناڕه‌وا ده‌بینم، هه‌روه‌ك چۆن ته‌واوی ئه‌و كوشتن و ڕووداوه توندوتیژیانه‌ی سه‌رده‌می شۆڕش كه باست كردوون، به ناهه‌ق و ناڕه‌وا ده‌بینم، جا بكه‌ره‌كانی هه‌ر كه‌سێك بن.
من سه‌رنجم له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌ت ئه‌وه‌یه كه:
1- به داخه‌وه نه‌تتوانیوه له‌و گرێی هه‌ست به غوبن و دڵشكاوییهی پێشووی خۆت ده‌رچیت و ڕووداوه‌كان به‌ریته‌وه بۆ زه‌مه‌نی بێ به‌زه‌یی ئایدیۆلۆژیای نه‌گریس و سه‌رده‌می به‌لاداخستنی ناكۆكییه‌كانی نێو شۆڕش به چه‌ك كه (به ڕای من) له ساڵی 1964 وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا 1998. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و مێژووه تا ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌ی له ئارادا نه‌بێ، له سایه‌ی بوون و به‌رده‌وامی ئه‌و دوو حیزبه شموولییه چه‌كدار و شێوازده‌وڵه‌ته‌ی، به‌ڕێزت هه‌تا ئه‌مڕۆ وه‌ك ”چه‌پ“ و ”سۆشیال دیموكراتێك“ له نێویاندا كارده‌كه‌یت.
2- من بۆ خۆم وه‌ك یه‌كێك له ئاگاداره‌كانی به‌شێك له‌و مێژووه دوورودرێژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، دڵنیام له پاڵ سیفات و نه‌ریتی ئازایه‌تی، جوامێری و خۆڕاگری دا، له‌پاڵ ده‌یان هه‌ڵوێستی پڕ له بوێری و خۆنه‌ویستی ئه‌و زاته‌دا، كه به دڵنیاییه‌وه جێگای شانازین، بێ شك، ده‌یان كار و بڕیار و هه‌ڵوێستی سیاسیی هه‌ڵه‌شی هه‌ن كه شایه‌ن به خستنه ژێر ڕه‌خنه‌ی جدی و پرسیار و لێكۆڵینه‌وه‌ن.
3- له‌گه‌ڵ هه‌ق پێدانت كه باس له ئازاره‌كانی پێشووی خۆت ده‌كه‌یت، ڕه‌خنه‌شم لێت ئه‌وه‌یه كه هیچ ڕۆژێك به‌م جدیه‌ت و وردودرشتی و ڕاشكاوییه باست له‌و ڕۆژگاره نه‌كردووه، تا نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ڵامی خۆیت بداته‌وه، یان بانگت بكات و داوای لێبووردن و لێخۆش‌بوونت لێ بكا، وه‌ك چۆن له گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی تری نێو ئه‌و مێژووه به‌سه‌رچووه‌دا كردوویه‌تی.
4- زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێزت نوسیوتن، باسی مێژوویه‌كه سی بۆ چل ساڵی به‌سه‌ردا ڕۆشتوون كه ده‌بوو بتگێڕایه‌ته‌وه و بتبه‌ستایه‌ته‌وه به‌و زه‌مه‌نه‌ی شۆڕشی چه‌كداریی و زمانی چه‌ك و فیشه‌ك، بێ ڕكابه‌ر، پاڵه‌وانی گۆڕه‌پانه‌كه بوون. نه‌وشیروان مسته‌فای دوای ڕاپه‌ڕین، یه‌كێكه له‌و پێشمه‌رگانه‌ی ده‌یان وتار و نوسین و كۆڕ و سیمیناری، شایه‌تی ئه‌وه‌ن، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و شه‌رعییه‌ته شۆڕشگێڕانه‌یه بووه كه به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌ی. ئه‌و داوای ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و هاووڵاتیبوونی كردووه، له به‌رامبه‌ر به‌و دوو حیزبه‌ی تا ئه‌مڕۆش ئاماده نین تۆزقاڵێك له‌و شه‌رعییه‌ت و مێژووه چه‌كدارییه دوور بكه‌ونه‌وه.
5- دوا قۆناغی كاری نه‌وشیروان مسته‌فا، دروستكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه مه‌ده‌نییه بوو كه بووه جێی متمانه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگده‌ر. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه بووه جێی متمانه‌ی زۆر له كه‌سه نه‌یاره‌كانی پێشووی نێو ئه‌و مێژووه‌ی به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌ی. بزووتنه‌وه‌یه‌ك، سه‌دان ئه‌ندامی دێرینی حیزبی شیوعی، ئاڵای شۆڕش، پاسۆك، حزبی سۆشیالیست، ڕه‌وتی كۆمۆنیست و حیزبه ئیسلامییه‌كانی له‌سه‌ر بنچینه و ئه‌ساسێكی نوێی جاواز له حیزبه شموولی و چه‌كداره‌كانی كوردستان، له‌خۆگرت. به ئازایه‌تی و ڕاستگۆیی بۆت ده‌نوسرا، گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت بدایه‌ته‌وه؛ بۆ له‌و دوا قۆناغه‌دا، گه‌لێ له هاوڕێكانی ئاڵای شۆڕشت پشتیان له به‌ڕێزت كرد و ڕوویان كرده نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.
6- ئه‌وه ڕاسته كه هه‌تا ئێستا حیزبه شموولییه‌كانی كوردستان هه‌ر هه‌وادار و كه‌سانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌ن و له ده‌وریان كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆریشن ئه‌وانه‌ی ئه‌و مێژووه‌یان جێ هێشتووه و له هه‌وڵی پێكه‌وه‌نان و دامه‌زراندنی ئه‌و خه‌ونی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نییه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادان، تا بتوانن له داهاتوودا، چه‌ك و پاره و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پاوانخوازییان له لا نه‌هێڵن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە