ئارام هادی: ڕیفراندۆم دەرفەتێک بوو بۆ لە دەستدانی دەستکەوتەکان.
بەشێک لە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ڕابردوودا هەڵەی زۆریان ئەنجامداوە، بەڵام دووان لە هەڵەکانیان ستراتیژیی بوون و حەقە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت.
یەکەم بڕیار/ فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ
دووەم بڕیار/ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
یەکەمیان/ داهاتی کوردستانی سفرکرد، بژێوی خەڵکی بردە ئاستی دەوڵەتانی هەژار و هەلی کاری نەهێشت و پرۆژەی خزمەتگوزاری وەستاند.
دووەمیان/ لە 51%ی خاکی هەرێمی لەدەستدا و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە سەرکەوتنی بەسەر داعشدا کەمکردەوە و پێگەی سیاسی هەرێمی لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەکە هێندە لاوازکرد کە ئێستا دوژمنیش حەسودیمان پێنابات.
ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی هەرێمی کوردستان کەیسێکی گشتی لە دادگاکان بکاتەوە و هەر تاکێک بچێت سکاڵای خۆی بکات لەسەر ئەو کەسانەی بڕیاری (فرۆشتنی نەوتیان بەسەربەخۆدا، کە ئەمەش بووە هۆکاری بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن عیراقەوە، هەروەها ئەو کەسانەش کە لە (ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم) بوون و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیاندا، پێگەی کوردیان بەم ڕۆژە گەیاند.
بەڕاستی ئەم دووچینە لە سیاسیەکان زۆر نەشارەزایانە بڕیاریاندا لە چارەنوسی میللەتێک و بڕیارەکانیشیان بەڵای بەدواداهات بۆ میللەت، چونکە بەڕێوەبردنی حکومەت و دەوڵەتداری کەسی خەمخۆر و شارەزای دەوێت تا خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکانی چواردەوری خۆی بکات، هەڵسەنگاندنی هەبێت، هەروەها ڕەچاوی ئەمری واقع و باروزروفی ئێستا و بەرژەوەندی دەوڵەتان بکات، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە مێژووییەکانی تایبەت بە نەتەوە و هەرێمەکەی و ناوچەکەی بڕیاری ژیرانە بدات، بەڵام بەداخەوە لە بێشانسی ئێمە بڕیار بەدەستەکانمان کەوتبوونە ژێر هەوای خۆیان و ڕاوێژکارە نەشارەزاکانیان و ڕای خەڵکی خەمخۆر و دۆستەکانیان وەلانا تا لەسەر سەر میللەتێکیان خسته ناو قوڕ و چڵکاوی ڕۆژگار و بەردەرگای دوژمنان.
جارێکیتر دەڵێم هەر بەڕاستی ئەوانەی سەرکردایەتی ئەوێ ڕۆژێی هەرێمیان دەکرد نەزان بوون چونکە پێش بڕیاری (فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی وزە) ڕۆژ دوای ڕۆژ ژێرخانی ئابوری هەرێم بەرز دەبویەوە و هەلی کار هێندە زۆربوو بەشی خۆمان و کرێکاری بیانیشی دەکرد، موچە لە کاتی خۆی دەهات، جگە لەمەش حکومەت قەرزی لە بوارەکانی (خانووبەرە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئەندازیاری و هاوسەرگیریی و خوێندن) دەدا بە هاوڵاتیان، ئێستاش بە پاشکەوتوو لێبڕینیشەوە تەنانەت موچەکەش لە کاتی خۆی نادرێت!!.
هەروەها پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا دەهات پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی کورد بە جیهانی دەرەوە دەچووە پێشتر، هەروەها لەسەر ئاستی ناوچەکەش کورد پەیوەندیەکانی تا ئاستێکی باش بردبوویه پێش، لە ناوخۆش هێزی پێشمەرگەی کوردستان شکستی بە داعش هێنا و سەرکەوتنی ئاڵتونی تۆمارکرد، کەرکوک و ناوچەکانیتر کەوتبونەوە ژێر حوکمی کورد، ئەمانەش پێگەی کوردیان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بردبوویە پێشتر، بەڵام دوای ڕیفراندۆم کەرکوک لەدەستدرا و کورد پێگەی بەهێزی چووە ئاستێکی لاواز و ماوەیەکی زۆریش تەنانەت دبلۆماتکارێکی ئاستی خوارەوەی وڵاتان سڵاویشی لێنەدەکردین کە پێشتر هەر ڕۆژەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی وڵاتێک لە هەرێم بوون.
سەرکێشیە نەگبەتیەکەی سەرکردایەتی کورد تائەوئاستەش ڕۆیشت گوێ لە بەدیل نەگرێت و نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پشتگوێ خست و باکیشیان بەوە نەبوو کە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم چیمان بەسەردێت لە کاتێکدا بە وردەکاریەوە بە سیاسیەکانیان وتبوو چی و چی لەدەست دەدەن!!.
دووبارەی دەکەمەوە کاتی دەرکەوتنی ڕاستیە و خەڵک مافی خۆیەتی هەڵمەتێکی گشتی لە ڕێگەی دادگاوە ڕێکبخات بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بڕیاری فرۆشتنی نەوت و ئابوری سەربەخۆ و ئەنجامدەرانی بڕیاری ڕیفراندۆم سازبکات.