نەوزادى موهەندیس: داعش و کۆرۆنا کامیان مەترسیدارترن؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە پەراوێزى زیاد بوون و هەڵکشانى ژمارەى تووشبوان بە پەتاى کۆرۆِنا و ژمارەى مردوانیش لەگەڵیدا لە تەواوى جیهان و عێراق و بەتایبەتیش کوردستاندا، دەبێت هەموان ئەو ڕاستیە مەترسیدارە درک پێبکەین کە پەتاى کۆڕۆنا زۆر مەترسیدارتر و کوشندەترە لە ڕێکخراوى داعشى تیرۆریستى لەهەموو ڕووەکانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و تەندروستیشەوە، ئەوەتا:
ڕێکخراوى داعش وەک ڕێکخراوێکى توندڕەوى سەلەفى و تیرۆریستى جیهانى و ناوچەیى و کوردستان و عێراق لەماوەى ساڵى 2014- 2019 سەریهەڵدا و گەشەیکرد و مەترسى خۆى پیشانى تەواوى جیهاندا و ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیانى سیڤیلى کردە ئامانج بەبێ گوێدانە ئاین و مەزهەب و نەتەوە و نیشتیمانەکانیان، ترس و دڵەڕاوکێى خستە ناو دەروونى هەموانەوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى جیهانەوە بۆ باکور و باشووریشى. بەڵام گەر بەکورتیش بێت زیان و مەترسیەکانى داعش بێنینەوە بەرچاوى خۆمان لەماوەى 6 ساڵدا ( 2014- 2019 ) ئەوا دەبینین لە هەرێمى کوردستاندا داعش توانیبووى:
1- لە ڕووى سیاسیەوە: دۆخى سیاسى هەرێم بشڵەقێنێت و بهەژێنێت و ڕووبەڕووى ناجێگیرى و ناسەقامگیرى بکاتەوە و تەنانەت مەترسى لەسەر هەولێرى پایتەختش دروستکرد و زۆرێک لەناوچەکانى موێڵ و کەرکوک و گەرمیانى داگیرکرد و کارگەیشتە ئەوەى کە دەستبگرێت بەسەر شارى کەرکوکیشدا، بۆیە بەهەموو پێوانەکان داعش مەترسیەکى جدى سیاسى بوو بۆ سەر کیان و قەوارەى هەرێم گەر بیتوانیایە سەرکەوتن بەدەست بێنێت. بەڵام ئەم مەترسیە بوە هۆکارى یارمەتیدان و هاوکارى هاوپەیمانان لەڕووى سیاسى و ئابورى و سەربازیەوە بۆ هەرێمى کوردستان. و بە کەڵک و سوود گەڕایەوە.
2- لەڕووى ئابوریەوە: هەرچەندە بوە هۆى ماڵکاولى و ڕووخان و وێرانکردنى شار و شارۆچکە و گوندەکان، داعش بوە هۆى ئەوەى کە ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە بەنزیکەى 2ملیۆن و نیو کەس لە ناوەڕاستى عێراقەوە ڕووبکەنە کوردستان و ئەمەش بارگرانیەکى گەورەى کردە سەر داهات و خەرجى حکومەتى هەرێم، بەڵام هەموو ئەو ئاوارانە داهات و مووچەى خۆیان هەبوو تەنانەت ببونە هۆى بوژانەوە و گرانبوونى کرێى دوکان و میوانحانە و چێشتخانە و جوڵانەوەى بازاڕ و بازرگانیش و لەلایەکى تریشەوە هەر داعش ببوە هۆى بوژانەوەى بازرگانى نا یاسایى و قاچاغ لەنێوان خۆیان و هەندێک لە سەرمایەدارانى کوردستاندا و گەلێک سوود و بەرژەوەندى پێگەیاندن.
3- لەڕووى ئەمنیەوە: داعش ببوە مۆتەکەى سەر دڵ و دەروونى هەموو ئەو ناوچانەى کە لێوەى نزیک بوون و شڵەژانێکى ئەمنى بەهێزى تیادا دروستکردبوون، بەڵام هەر ئەم مەترسیەى داعش بوە هۆکارى پێدان و پشتگیرکردنى هێزى هاوپەیمانان و سوپاى عێراقیش بە پڕچەککردنى نوێترین چەک بە هێزى پێشمەرگە و پتەوکردنى تواناى ئەمنى دامودەزگاکان و یارمەتى مادى زۆر و زەوەندیان بۆ کورد و کوردستان.
4- لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە: داعش مەترسیەکى گەورە بوو بۆ سەر تاک بەتاک و خێزان و کۆمەڵگاى کوردەوارى، بەهۆى توندڕەوى و دڕندەییان بەرامبەر نێر و مێ و منداڵانى کورد و عێراق و هەموو دونیاش و ئەوان لەڕوانگەى خۆیانەوە هەموانیان بە سەبایا و دیل و کۆیلە و دەسکەوتى جەنگ دەزانى و بۆ خۆیانیان حەڵاڵ ردبوون.
5- لەڕووى تەندروستیەوە: وەک نەخۆشى و پەتایەک نا بەڵکو بەهۆى دڕندەیى و مەترسیانەوە تەنها کاریگەرى دەروونى خراپى هەبوە بۆ سەر دڵ و دەروونى هەموو ئەو تاکانەى کە کەوتبونە ژێر دەستیان و ڕووبەڕووى توندوتیژى ببونەوە، بەڵام هێشتا بارتەقاى پەتا کوشندە نەخۆشیەکان نەبوە و بەتایبەتیش پەتاى کۆڕۆنا.
بەشێوەیەکى گشتى لەماوەى 6 ساڵدا داعشى بێ دین و بێ نەتەوە و بێ مەزهەب لەشەڕێکى بەردەوامى مەترسیداردا توانى تەنها 1816 پێشمەرگە و ڕۆڵەى قارەمانى گەلەکەمان شەهید بکات و زیاد لە 10 هەزار بریندار و کەمئەندام و 44 بێسەروشوێن بکات. (( کە تەنها دڵۆپەخوێنێکى یەک پێشمەرگە ناتوانرێت بەکەم سەیر بکرێت، بەڵام گەر بەراوردێک بکرێت لەگەڵ زیانەکانى پەتاى کۆڕنادا زۆر کەمترە))، هەربۆیە لەمەزیاتر داعش نەیتوانیوە ببێتە مەترسیەکى بەردەوام و نەبڕاوە و هەمیشەیى،هەرچەندە لەڕووى هێز و تواناوە زۆر لاواز بوە و پێگە و بنکەى جەماوەرى لەدەستداوە بەڵام وەک هێزێکى خاوەن فکرێکى توندڕەوى نامرۆڤانە ودەمارگیر توانیویەتى خۆى بئاخزێنێتە ناو دڵ و دەروون و هەست و نەستى زۆرێکەوە کە ئەمەش بۆخۆى مەترسیەکى گەورەیە بۆ ئایندە.
ئەوەى پەیوەستە بە پەتاى کۆرۆناوە کە تەنها تەمەنى 9 مانگە و کاریگەرى کرداریشى لەهەرێمى کوردستاندا تەنها 6 مانگە، بەڵام بارتەقاى 6 ساڵى داعش زیانى گەورەى گەیاندۆتە هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى و تەندروستیشەوە.
1- لەڕووى سیاسیەوە: تائێستا مەترسیەکانى سەر هەرێم نەڕەویونەتەوە ، بەهۆى کاریگەریە خراپە ئابوریەکانەوە، هەرێم زۆر لاواز و بێ توانا بوە و بەهۆى هۆکارەکانى تریشەوە هەموو پەیوەندیە سیاسیەکانى هەرێم و بەغداد و ناوچەکە و زلهێزەکانیش ڕوو لە کزین بە ئێستاشەوە.
2- لەڕووى ئابوریەوە: کۆڕۆنا بۆتە هۆکارى داتەپینى ئابورى و بارزگارنى و بازاڕى هەرێمى کوردستان و بۆتە هۆى دابەزینى نرخەکانى نەوت و داهاتى حکومەت بەشێوەیەک کە ناتوانێت مانگانە مووچە بدات و دەستیداوەتە نەک پاشەکەوتکردن بەڵکو لێبڕینى ڕێژەى 18 و 21 و 50% مووچەى مووچەخۆران.کۆمەڵگاى توشى بێکارى و برسێتى و شڵەژانێکى زۆر مەترسیدار کردۆتەوە.
3- لەڕووى ئەمنیەوە: بەهەمان شێوە و لەبەر بێتوانایى دارایى حکومەتى هەرێم بۆ هێزى پێشمەرگە و دامودەزگاکانى ترى ناوخۆ، ناتوانرێت بەشێوەیەکى توندوتۆڵ ئەمنیەتى ناوشار و سنورەکان بپارێزرێت، خۆشبەختانە کۆرۆنا داعشیشى لاواز کردوە ئەگینا زۆر مەترسیدار تر دەبوو لەخودى داعش خۆى.
4- لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە: ئەم پەتا نەگریسە بۆتە هۆکارى مردن و لەناوبردنى ژمارەیەکى زۆر لەهاوڵاتیان و مەترسى دروستکردنى هەڵوەشانى خێزانەکان و زیادبوونى تاوانەکان و … هتد.
5- لەڕووى تەندروستیەوە: بۆخۆى پەتایەکى مەترسیدارى ڤاپرۆسیە و تائێستا نەتوانراوە ڤاکسینێکى بنبڕ و بەهێز بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەر و نەهێشتنى و ئەمەش مەترسیەکەى زیاتر کردوە بۆ تەواوى جیهان و بەتایبەتیش کوردستان و هەرێمەکەمان.
بەشێوەیەکى گشتى لەهەرێمى کوردستاندا پەتاى کۆڕۆنا لە 6 مانگى ڕابووردوودا و تا ڕێکەوتى 27/9/2020بۆتە هۆى تووشبونى 45731 ومردنى 1671 کەس. کە بەهەموو پێوانەکان زیانەکانى کۆڕۆنا لەهەموو ڕوەکانەوە زۆر گەورەتر و مەترسیدارترن لە داعش.
وەک دەوترێت 20% توشبوانى کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن و دەمرن، خۆئەگەر کۆى دانیشتوانى هەرێم 5 ملیۆن کەس بێت ئەوا لە ماوەى 6 ساڵدا بە بەراوورد بە داعش ژمارەى 20052 کەس دەمرن کە ئەم ژمارەیە 11 جار لە ژمارەى شەهیدانى دەستى داعش زیاترە و هیچ کات داعش ئەمەى بەسەرماندا نەهێناوە.
بۆیە گەرەکە کە حکومەتى هەرێم و دامودەزگاکان و هاوڵاتیان خۆشیان زۆر زیاتر لە 6 مانگى ڕابووردوو خۆیان بپارێزن و ڕێکارە تەندروسیەکان لە ناوماڵ و شوێنە گشتیەکاندا پیادە بکەن، بەتایبەتیش لەم وەرزى پایز و بەرەو زستانەدا کە خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێنەوە. هەموو زانیاریەکان بەو ئاڕاستەیەن کە شەپۆلێکى نوێى کۆرۆنا تەواوى جیهان و ناوچەکە و کوردستانیش دەگرێتەوە،کە هێندەى تر مەترسیەکان زیاتر دەکات لە ئایندەدا و ئەوەتا وڵاتانى ئەوروپا و ناوچەکەش ڕێوشوێنە تەندروستیە توندەکان پیادە دەکەنەوە.
بۆیە گەر بەم شێوە خێراو مەترسیدارە کۆرۆنا لەهەڵکشاندا بێت و بەردەوامیشى هەبێت، ئەوا بەدڵنیاى مەترسى و کاریگەرى و لێکەوتە خراپەکانى گەلێک گەورەتر و زیانبەخشتر و بەئازارتر دەبێت بۆ تاک و خێزان و تەواوى کۆمەڵگاکەشمان و ماک و ئاسەوارە خراپەکانیشى لەهەموو بوارەکانى ژیاندا بۆ ماوەیەکى دوور و درێژتر دەمێنێتەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی