رەزا شـوان: پیرۆزبێت رۆژی جـیهانی مامۆستایان.
دوای ئەوەی کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵرۆژی (5/ ئوكتۆبهر/ 1994) بە فەرمی کرا بە (رۆژی جیهانی مامۆستایان)، لەو ساڵە و لە رۆژی (5/ ئوکتۆبەر)ی هەموو ساڵێک دا، بە بۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایانەوە، لە هەموو قوتابخانەکان و لە شوێنانی تردا، لە زیـاتر لە (125) دەوڵـەت لە جـیهانـدا، بە فـەرمی بـەم بـۆنـەیـەوە ئـاهـەنگی شایستە و جـۆرەها چـالاکی دەگـێڕن. بە گەرمی پیرۆزبـیی لە مامۆستایان دەکـەن و چـەپکە گـوڵی رێزلێنان و ئەمەکداری و دیارییان پێشکەش دەکەن. هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، خەڵاتی شایستە پێشکەشی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی لێهاتوو و جیاواز و ماندوونەناس دەکەن.
مەبەست لە رۆژی جیهـانی مامۆستایان، ئـاوڕدانەوە و وەبیرهـێنانەوەی گـرنگی رۆڵ و پیشەی مامۆستایی و پەیـامە پیرۆزەکەی و گرینگی دانـە بە فـێرکردن و پەروەردەکردن وانە وتنەوە. هەروەها بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیان و گـوزەران و پارستنی مافەکـانی هەموو مامۆستایـان لە جیهـانـدا.
بێگومان مامۆستایی پیرۆزتـرین پیشـەیە لە هەموو جـیهاندا، دایکی هەمـوو پیشەکـانە. مامۆستایان بە نرخـترین و گەورەتـرین سامان و ژێـرخـانی پەروەردەیی و رۆشنبیرین.
فـێرکردنی باش و پەروەردەکردنی دروست و ئاراستەکردنی راستی نـەوەی ئەمڕۆمـان، مژدەبەخشن بۆ هـێنانەدی ژیانێکی باشتر و خۆشتر و داهـاتوویەکی گەشتر و شیاوتر و ئاسوودەتر، بۆ کـورد و کوردسـتان.
لەم پێودانگەوە، دەزانین کە مامۆستایـان چی ئەرکێکی پیـرۆز و چی بەرپرسیارێتـیەکی گـرنگ و هەستـیار و زۆر چـارەنووسسازیـان لە ئەستـۆدان. (ئەلـیزابێـس مـاخ) دەڵێ: “لە کـاتی ئەنجـامدانی پەروەردەکـردنی منداڵەکـانمانـدا، هەر هەڵـەیەک بکەین، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنگـێک، کە لە پێـناوی دواڕۆژێـکی باشـتردا دەسـتمان داوەتـێ..”
مامۆستایانی دڵسـۆز، ئەی پێشمەرگە مانـدوونەسەکـانی گۆڕەپـانی پـەروەردە، کێ وەک ئێـوەی کورد و کوردستان پەروەر هـێندە خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بوون، بەبێ مووچ و نیوە مووچـە درێـژەتان بە پـرۆسەی خوێنـدن دا و بە گیرفـانی بە تاڵەوە وانەتـان دەوتـەوە و دەڵـێنەوە.. زۆر بە داخەوە کە دەسەڵاتـدارانی کوردستان، پێـزانینیان بۆ خـۆڕاگری و بۆ دڵسۆزیتان نیـیە. ئەوەتـا زۆر بێ شەرمانە بە بەلـێدان و شەق تێهەڵـدان و تەقـەکردن و بە تونـدوتیـژی رێ لە خۆپێـشانـدانە هـێمنانە و ئاشتییەکـانتان و لە داواکـردنی مافـە رەواکـانتان دەگرن. بەڵام ئێوە زۆر لەوانە شکۆدارتر و دڵسۆزتر رەوشـت بەرزترن.
رۆژی دووشەممە (5/ ئوكـتۆبهر/2020) یـادی (26) ی، ساڵـڕۆژی رۆژی جیهـانی مامۆستایانە، بەم بۆنە پیـرۆزەوە، جـوانترین پیرۆزبـایی لە هەموو مامۆستایانی کورد بـە تایبـەتی و هەمـوو مامۆستایـانی جیهـان بە گـشتی دەکـەین. بـە ئەوپـەڕی رێـزەوە سەری رێـز و نوازشتان بۆ دادەگریـن. هـیوای ئەوپەڕی تەمەندرێژی و تەندروستیتان بۆ دەخوازین.. هەردەم خۆمان بە قـوتابی دڵسۆز و بە ئەمەک و بە قەرزاربـاری ئێـوە دەزانـین و پێزانینمان بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونتان هەیە.. زۆر بە شانازییەوە یادتان دەکەینەوە.. قەرزاری ئێوەین. کە یەکەمین پیت و یەکەمین وشە و یەکەمین رستەتان فێرکردیـن، لە ئێوەی کورد و کوردستان پەروەرەوە، ئەلفـوبێێ کوردایەتی فـێربووین. ئێوە هەسـت و سـۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبـوونمان بـۆ کوردستانی نیشـتمانی شیرینمان، لە دڵمانـدا، روانـدن و لامان شیرینترتان کرد. ئێوە هـیواتان پێ بەخـشین و پێتان وتین، لە بەردەم متمانە بەخۆبوون و بڕوای پۆڵاییندا، شتێک نییە ناوی ئەستەم بێـت.. ئێوە زۆر شتی ترتان فـێرکردین. بۆیـە وشەی زۆر سوپاس شەرمتان لێدەکات، چونکە چی وشەی جـوان هەیە کە بۆتانی بنووسین، چی گـوڵێ جـوانی جیهـان هـەیە پێشکەشتانی بکەین، مەحـاڵە ببن بە پاداشـت و هـاوسەنگ بۆ رادەی دڵسۆزی ئێـوە.
ێێوەی مامۆستایـانمان، خۆشـەویستی و پێگـە و شوێنێکی تایبەتیتان لە نـاخی دڵمانـدا هەیە کە هەرگیز کاڵ نابنەوە. ناتوانین بە قـسە و بە نـووسین گوزارشتیان لـێبکەین.
ئەی قـوتـابیانی دڵسۆز و خـۆشـەویست، لە (رۆژی جیهـانی مامۆستایـان) دا، لە کـاتێ ریزبـوونتان لە گۆڕەپـانی قوتابخانەکانتانـدا، وەکو گۆزارشتکـردن لە رێـز و ئەمـەک و پێزانینتان، بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی مامۆستاکانتان، بۆ ماوەی خولەکێک سەری رێز و نـوازش دابگرن، دوایی بە گەرمی پیرۆزباییان لـێبکەن و بە هەر یەکەیان گوڵێکـیان پێشکەش بکەن. هـۆنـراوە و سروودی دڵسۆزی و خۆشەویستی و سوپاسیان بۆ بڵـێن. ئەمـانەش کەمتـرین گـوزارشـتن لە ئـاستی شکـۆداری و دڵســۆزی مامۆستاکـانتـان.
هەر لەم رۆژەدا، داوا لە رژێـمی رەگەزپەرست و کۆنەپەرستی کۆماری سـێدارە (ئێران) دەکەین، کە مامۆستا (زارا محـەمـەدی) ئازاد بکەن، چونکە هـیچ تاوانێکی نەکردووە و نییە. ئایا فێرکردنی زمانی دایک (کوردی) تاوانە؟ مەگەر تەنیا لای شەمشەمەکوێرەکانی تاریکسـتانی دەسەڵاتی خـوێنڕێـژی ئێـرانی و کۆمـاری زینـدانستانی تورکـیا ئەردۆگـانی سیکۆپاتی تاوان بێ. نەک هەر زمـانی کوردی، بەڵکو کوردبـوونیش بە تـاوان دەزانـن.
دووبـارە پیـرۆزبێـت رۆژی مامۆستایـانی جـیهـان.
نەرویـج: 2/ ئـوکتۆبـەر/2020