كەمال محەمەد: ئۆپۆزسیۆن لە مۆدێرنێتەی دەسەڵاتدارێتیدا.
لە دوای پەرتەوازەبونی كۆمەلگایەك لە بواری دامەزراوەیی و سیاسیەوە ئەمە سەرەڕای چاوەروانییەكی زۆریان بۆ گەشتن بە خەون و گۆرینی سیستەمی سیاسی و حكومرانی، خوازیارم ئەو ساتە بە بیر بخەمەوە كە سەرەتای دروستبونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی بوو. هێشتا تاكی ئازاد و لیبراڵ لەناو گەشەكردنێكی زۆر سنوردار دا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان پشتیوانی و هاودەنگییەكی زۆر چوە پاڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەو هیوایەی ببێتە كلیلی چارەسەری كێشەكان و گۆڕینی سیستەم بە جۆرێك كە لە خزمەتی هەمواندا بێت بە شێوەیەكی یەكسان. سەرەتا پەسەندكردن و رێكخستنی داواكانی دەنگە نارازییەكانی ئەم هەرێمە بۆ ناو سیاسەت و دەسەڵات بۆ ئەوەی ژیان لەم هەرێمەدا بە گشتی واتای بەهایەك ببەخشێ و رێگای بوون بە خاوەن بەها كراوە بێت لای هاوڵاتیان بو بە شەری رزگاری و پێیان وابو ئۆپۆزسیۆن توانای بەرگری كردنیانی هەیە، ئەمە بۆ ئەو قۆناغە بایەخی خۆی هەبوو كاتێك لەلایەن نوسەران و رۆشنبیران و میدیای ئەهلی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات پشتگیری ئەكرا بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی ببێتە هۆی ئەنجام گەلێك كە چاوەروانی ئومێدی لێ بەدی بكرێت و سنورێك بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی دابنرێت. بەڵام ئێستا دوای نزیكەی زیاتر لە یەك دەیە ساڵ ئەتوانین بڵێین هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی دوێنێ توانای تێپەراندنی كێشەكانی واقیعی ئەمڕۆو شێوازی سیستەمی سیاسیان نەبوە، ئەگەر هەشبوبێت تەنیا لە بواری قسەكردن و تیۆریدا ماوەتەوە. ئەوەی دوێنی ئەوان بەرهەڵستیان ئەكرد ئەو دەسەڵاتە عەقڵییە خێڵەكی و بنەماڵەگەرێتییە بو كە تەنها سیاسەت و دەسەڵات و سامانی ئەم وڵاتەیان بە هی خۆیان ئەزانی. بەڵام لە ئێستادا نەك بون بە بەرهەڵست و دژبەرییەكی هەمان ئەو عەقڵە سیاسییە، بەڵكو بون بە بەشێك یان هاوبەشێكی راستەقینە لەو سیستەمە بەهۆی ئەنجامدانی خەباتی تیۆرییەوە. لێرەدا ئۆپۆزسیۆنەكانی دوێنێ توانیان خەباتی پەرلەمانی و تیۆرییان بكەنە رێگایەك بۆ گەشتن بە دەسەڵاتێك هێزەكانی پێش خۆیان بە خەباتی چەكداری و شۆڕشی كوردایەتییەوە پێی گەشتون.
ئەو هێزە سیاسیانەی كە دژی بە بنەماڵەیی كردنی هەرێمی كوردستان بون كە سەرەتای دروست بونی ئۆپۆزسیۆن خودی ئەمە بوو، نەیانتوانی لە بوارەكانی ئایدۆلۆژی و سیاسی و فیكری پەروەردەیی گوزارە لە خۆیان بكەن و ببنە خاوەن پراكتیك و تەنانەت ببنە خاوەن پارتێك جیاوازتر لەوانی دیكە و خاوەندارێتی لە ئەركەكانیان بكەن كە لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە بانگەشەیان بۆ ئەكرد. بۆ نمونە كایەی سیاسی هەرێمی كوردستان بەبنەماڵەیی كراوە و دەسەڵاتەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە رێكخراوە كە ئەمەش دژی بەرنامەكانی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە وەك ئەوەی لەبانگەشەو بەرنامەكانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تەنانەت تا هەولدان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و نوسینەوەی دەستورێكی گونجاو و كاركردن بە سیستەمی پەرلەمانی هەنگاوی بۆ نرا، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەی پرۆسێسە سیاسی و یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكانەوە دوای ئەوەی گۆڕان بە هەڵپەساردنی دامەزراوەكە لە ساڵی 2018 و دوبارە كاراكردنەوەی لەم خولەدا بە ئامادەكردن و نوسینەوەی پرۆژە یاسایەك لەگەڵ پارتی هەنگاو بەرەو كاراكردنەوەی نراوەو خوێندنەوەی بۆ ئەكرێت، ئەوەی جێگای تێڕامانە دوبارە كاراكردنەوەی ئەم دامەزراوەیە بەهەمو دەسەڵاتەكانی پێشوو، هەرەوەها هەڵبژاردنی سەرۆكە لەپەرلەمان بە دەنگدانی ئاشكرا و پێویستی رێژەی پێویست بە 50+1 و لێسەندنەوەی متمانە لە ئەگەریدا بە 2/3 ئەندامانی پەرلەمان كە تەواو پێچەوانەی یاسا و هەڵبژاردنی سەرۆكە لەناو پەرلەمان.
بە ئەنجام نەگەیاندنی پرۆژە یاسایەك و نوسینەوەی دەستورێك لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوەكە بتوانێت دەسەڵاتی دادوەری لەژێرهەیمەنەی حیزب دەربهێنێت و و دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانان بە پراكتیكی جێبەجێ بكرێت و شەفافییەت لە مەلەفی نەوت و پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسیەكانی هەرێم و بەغداو هەرێم و دەرەوە بكرێت، كاتێك ئەمانە هیچیان جێبەجێ نەكراون بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن لەوەها هاوبەشێتیكردن لە دەسەڵاتێكدا كە مۆركی بنەماڵەگەری و بگرە خێزانی لەخۆی داوە، لەسەر چ بنەمایەكە، ئەگەر بەشداریكردن نەبێت لە دەسەڵاتێكدا بەشێوەو مۆدێلێكی جیاوازتر لەو دەسەڵاتەی كە خۆیان تا دوێنی رەخنەیان ئەكرد و ئەمرۆ بوون بە لایەن بەشێكی دیاریكراو لەو دەسەڵاتە مۆدێرنەی لە شێوەدا جیاواز و لەناوەرۆك فۆرمدا هەمان سیستەمەو رەنگە خراپتریش.