عیماد عه‌لی: مه‌لایی یان جه‌لالی، كوردستانیان وێران‌كرد؟
مه‌لا مسته‌فای بارزان سه‌ركرده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گونجاوی بارودۆخی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنبیری ئه‌و قۆناغه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بوو، كه زۆرینه‌ی هه‌وادارانی به باوكی روحیی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ده‌زانی و زۆرینه‌ی خه‌ڵك به ته‌واوی ئاگای له ورده‌كاریه‌كانی ئه‌و ململانێیه حزبیه‌ی نێو پارتی نه‌بوون تاوه‌كو جیابونه‌وه‌ی برایم ئه‌حمه‌د و هه‌ڤاڵانی كه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تی وخودیی كه‌سایه‌تی مام جه‌لال دواتر ئه‌و ره‌وته به جه‌لالی ناسرا و ركابه‌ری و دووبهرهكیهكه گه‌یشته ئه‌وه‌ی به بێ سڵه‌مینه‌وه جه‌لالی بچێته پاڵ حكومه‌تی عیراق و سه‌ره‌تای قۆناغێكی زۆر ترسناك له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان ده‌ست پێبكات.
دیاره ئه‌و جموجوڵه یه‌كه‌مین بزوتنه‌وه‌ی دروستبونهی ئۆپۆزسیۆنی كوردی بوو له هه‌ناوی شۆرش و بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی چه‌كداری ناكامڵی بێ بناغه‌ی به‌تین و له واقعیكی ئاڵۆز و له زه‌مینه‌یه‌كی پر كێشمه‌كێشی ناوچه‌كه و بالإنهبونی بیری نه‌ته‌وایه‌تی راست‌و دروستی گه‌لی كورد و له بارودۆخی زاڵبوونی عهقڵێهتی خێڵگه‌ری و عه‌شیره‌تچێتی و هۆزپهرستی له‌سه‌ر ساحه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی كوردستاندا. ئه‌وه‌ی پێویست بوو كه عه‌قڵ و بیر و رۆشنبیری تاكی پێشكه‌وتوی سیاسی كارا وه‌كو خۆی و به پێی توانای خودی و له روانینی تایبه‌تی خۆی له سۆنگه‌ی توانای تاك و بژارده‌ی زۆر كه‌م به‌ده‌ر له بارودۆخه بابه‌تیه‌كه و ئاستی کۆی گشتی گه‌ل بیریی كردۆته‌وه و زیاتر سه‌رقاڵی ململانێی كه‌سی حزبی و جیاوازی بۆچون و ئایدیۆلۆجیه‌ت و ئاستی ژیری و توانای فكری و سیاسی كاری كردووه و له‌مه‌شدا تاكه كه‌س رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی بینیوه له بریاری چاره‌نوسسازی وه‌كو دیاریكردنی سه‌ركرده و مه‌رجه‌ع و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی عیراق و دیاریكردنی ستراتیجی پرسی گه‌لی كوردستان. به‌داخه‌وه ئه‌م مه‌رجی هه‌لسه‌نگاندنی وه‌زعی بابه‌تی یه هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خوێنراوه‌ته‌وه، بۆیه خواڵیخۆشبوو مام جه‌لال زۆر جار ئه‌وه‌ی به راشكاوی یان به ئاماژه‌دان له كۆتاییه‌كانی ژیانی سیاسی خۆیدا باس ده‌كرد و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی له‌مه‌ڕ زۆر شت گۆڕی و مامه‌ڵه‌ی سیاسیشی گۆڕانی ریشه‌یی به‌سه‌ردا هات و تەنانهت ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه به‌خۆی له‌گه‌ڵ جیابونه‌وه‌ی ساڵانی شه‌سته‌كان نه‌بووه.
لای خۆشیه‌وه، خواڵیخۆشبوو موسته‌فا بارزانی بێ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و پۆله گه‌نجه رۆشنبیره بژارده‌یه وه‌كو خۆی بكات، وه‌كو كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ ئیعتباردانان بۆ كاری حزبی و پێداویستیه‌كانی وه‌كو رێكخراوی سه‌رده‌مانه، كاری سیاسی و شۆرشی به‌رێوه‌بردووه، به‌ڵام به ره‌هایی جه‌ماوه‌ریبونی بێ ركابه‌ر له‌كوردستان پاڵنه‌ری بووه كه بێ منه‌ت و تاكره‌وانه بڕیاری زۆر گرنگ و كاریگه‌ر و چاره‌نوسسازیش بدات.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باسه لێره‌دا، لایه‌نه ئه‌رێنیه‌كه‌ی ئه‌و كه‌له‌پوره‌ی مه‌لا مسته‌فا به‌جێیهێشت نه‌وه‌كانی نه‌یانپاراست و خۆیان له تیكهلهیهكی وه‌زعی حزبایه‌تی و هۆزگه‌ری و مانه‌وه‌ی پێگه‌ی بۆماوه‌یی كه‌سایه‌تیی پشتبه‌ستو به ناو و ناوبانگی باوك و هۆز و خێلگه‌ری خۆیان بنیاتنا و له‌جیاتی گرنگیدان به كاری حزبی سه‌رده‌مانه به پێ گۆرانی قۆناغه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی پێویستی سیاسیه‌كان كه‌چی كێشه‌كانیان گه‌وره‌تر كرد و به شه‌ڕی نێوخۆی براكوژی به‌رده‌وامیان به‌و كه‌لتوره سیاسیه شكستخواردووه دا و هه‌ڵه‌كانیان دووباره كرده‌وه و له‌و ماوه دوور‌و درێژه‌دا هیچ په‌ندێكیان له‌و مێژووه وه‌رنه‌گرت و، به‌ڵكو كتومت وه‌كو پێشتر و بێ هیچ له‌به‌رچاو گرتنی گۆڕانی قۆناغه‌كه هه‌موو ئاریشه و گرێ كویرهكانیان گواسته‌وه بۆ نه‌وه‌كانیان.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه كه هیچ لایه‌ك به جددی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ وه‌زعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیری خه‌ڵك و چۆنێتی سیاسه‌ت له‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌دا نه‌كرد و ته‌نها به پێی كۆنه قین و هه‌وڵی ده‌ستكه‌وتی حزبی و سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی به‌دوور له به‌رژه‌وه‌ندی باڵا‌و قوربانیدانی گه‌ل، له حزبایه‌تی و شۆرشی چه‌كداری به‌رده‌وام بوون. تا ئێستاش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گرنگیان به توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد له لایه‌ن ده‌زگایه‌كی زانستیی باوه‌ڕپێكراو له‌وباره‌وه نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤی پێویست دیاری بكه‌ن یان هیچ نه‌بێت هه‌ڵه زه‌قه‌كانیان دیاری بكرێت و كاروانه‌كه راسته‌ڕێ بكرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی روونه، ئه‌گه‌ر له ساڵی حه‌فتا ئه‌و ململانێ و دوبهرهكیهكه به شكستی لایه‌كیان یه‌كلایی بووه‌وه، به‌ڵام له پاش نسكۆ و به‌رپابونی شۆرشی چه‌كداریی نوێ ئه‌و روحیه‌ته به عه‌قڵیه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی كۆن و نوێوه دوباره بووه‌وه و، ئه‌مجاره‌ش به وردی وه‌زعی خه‌ڵك و رۆشنبیری گشتی و عه‌قڵیه‌تی میله‌تی كورد و بارودۆخی كوردستان نه‌خوێندرایه‌وه و كۆمه‌ڵیك ده‌سته‌واژه و بیری خه‌یاڵی و هاورده‌كراو تیكه‌ڵ به زه‌مینه‌یه‌كی ناله‌باردا كرا و که‌وته ململانێ له‌گه‌ل بیر و ره‌فتاری موحافزكاردا.
له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌میشه بیری ته‌سك و كورتبین و ره‌فتاری بنیاتنراو له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی و دیدی ناحاڵیانه به‌رده‌وامی به شۆرش و سیاسه‌تی داوه و بێ ستراتیج و خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی گشتی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانه‌وه و به كورتهنهفهسی سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوولا به نسكۆ و هه‌ڵسانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌رده‌وام بووه و، تاوه‌كو دواتر گه‌یشتن به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ناتوانن یه‌كتر بسڕنه‌وه و به تێكه‌ڵكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه حزبی و كه‌سیه ته‌سك و زۆربوهكانیان هاوپه‌یمانێتیان به‌ست.
له‌مه‌شدا ناكرێت رۆڵی نیگه‌تیڤی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر ساحه‌ی كوردستان له‌به‌رچاو نه‌گرین و هه‌موویان به بێ تاوان و بێ به‌ری ده‌ركه‌ین، به تایبه‌تی حزبی شیوعی عیراق و ره‌وته چه‌په‌كان و ئیسلامی و راستڕه‌وه‌كان هه‌میشه به زانین و ئه‌نقه‌ست بێت یان به نه‌زانی خۆڕسكانه، به راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ رۆڵی سه‌لبیان له‌وباره‌وه بینیوه و زیانیان له ئاراسته‌ی حزبیاتی و شۆرشیان له كوردستان داوه و یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لالی و مه لایی به‌رده‌وام بێت.
بۆیه ده‌كرێت پوخته‌ی وه‌ڵامی پرسیاری ناونیشانه‌كه له‌وه‌دا ببینینه‌وه كه له بوغرایی سه‌ركرده جه‌ماوه‌ریه‌كان و نه‌خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی گشتی كوردستان له لایه‌ن سه‌ركرده دهستبژێرهكان له‌م ده‌یان ساڵه‌دا وایكرد كه كوردستان به‌م ده‌رده به‌رن، تاوه‌كو گه‌یاندیان به‌م حاڵه ناله‌باره، كه هه‌میشه خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌ش مه‌ینه‌ت باجی ئه‌و ره‌فتار و دید و بۆچون و بڕیاره نه‌گونجاوانه‌ی ئه‌مانه ده‌ده‌ن.