هۆمەر نۆریاوی: هونەری نەتەوەی باڵادەست و هاوارێکی پەنگخواردوو.
هەر پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دواکۆچی هونەرمەندی ناوداری فارسزمان”محەممەدڕەزا شەجەریان”، شڵەژانێک لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا دروست بوو. زۆرینە،پاڵپشتی ئەم هونەرمەندە دەکات و بە هێما و سیمبۆلی هونەری ڕاستینە و خودی خۆیشی بە هونەرمدندێکی ئازادیخواز دادەنێت و پرسەکە زێتر دەباتەوە سەر دنیای هونەر و لە سیاسەتی دوور دەخاتەوە. کەمینەیش،کە چارەنووسی هونەرمەندانی نەتەوەکەی خۆ وەک چارەنووسی خۆ و میللەتەکەی دەبینێت، هاواری لێ بڵند دەبێتەوە و دەنگی گلە و سکاڵای ڕوو لە زۆرینەیە کە بۆچ دەبێت هونەرمەندی نەتەوەیەکی باڵادەست لای گەلی بندەست، زێتر لە هونەرمەندی نەتەوەکەی خۆی بێت؟
ڕاستیت گەرەکە نەتەوەی باڵادەست بتەوێت و نەتهەوێت هەژموونی لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی نەتەوەی بندەست ئەوەندە هەمەلایەنەیە کە تەنانەت بۆ سەر ناخ و هەست و نەستی نەتەوەی بندەست بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکات،شۆڕ بۆتەوە.
نەتەوەیەک بە درێژایی مێژوو، خودان کیان و دەستەڵات و حوکوومەت بووە و نەتەوەیەکی دی، هەمیشە بە چاوی کەمینە و ئەتن و قەومێک سەیر کراوە و هەرگیز لە هیچ گۆشە نیگایەکەوە مافی یەکسان و بەرانبەری پێ ڕەوا نەبینراوە؛ هەر بۆیە مێژوو، ئەدەب و هونەرەکەیشی هەر بە هەمان چاو سەیر کراوە.
قسە لەسەر شەجەریان و هونەرەکەی نییە، قسە لەسەر هونەر و هونەرمەندی نەتەوەیەکە کە هەرگیز هەلی یەکسانی بۆ نەڕەخسێندراوە کە دەربکەوێت، ببینرێت و هونەری نەتەوەکەی پێش چاو بخات.
لە کۆنەوە تا هەنووکە،کورد هەر لەم بەشەی کوردستان(ڕۆژهەڵاتی کوردستان)دا، بە دەیان گەورە هونەرمەندی وەک “محەممەدڕەزا شەجەریان”ی هەبووە کە بە هەزار داخەوە، لەبەر بێ کیانبوون، تەنانەت لە نێو نەتەوەکەی خۆیشیدا بە قەدەر شەجەریان نەناسێندراە.
ئەمە کێ دەیکات؟ دەستەڵات، میدیا و ڕاگەیاندنی فەرمی.
سەیید ئەسکەر کوردستانی، حەسەن زیرەک،محەممەد ماملێ، ئۆسمان هەورامی، حیشمەتوڵڵا لوڕنژاد، قالەمەڕە، ئیسماعیل مەسقەتی، مەزهەر خالقی، عەبباس کەمەندی، ئیسماعیل سابوور، ناسر ڕەزازی، نەجمەدین غوڵامی و دەیان هونەرمەندی دی، بە لای کوردەوە، هەزار هێندەی شەجەریان بەرزتر و خۆشەویستترن، بەڵام چونکە کوردن. چارەنووس و قەدەری ئەمانیش ڕاست هەر وەک چارەنووسی زمان و نەتەوەکەیانە.
وەک ئاماژەم پێدا، قسەکە هیچ ڕووی لە شەجەریان و هونەرە بەرز و واڵاکەی نییە کە کەس نکۆڵی لێوە ناکات؛ قسە لەسەر بێنازبوونی هونەر و هونەرمەندی میللەتێکی بندەستە کە تەنانەت خودی نەتەوەکەیشی وەک پێویست نایناسێت.
شەجەریان، پێش و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە نێو ئێراندا ژیاوە و باش دەیزانی لە نێو ڕووبەری ئێراندا جگە لە فارس، چەندان نەتەوەی دی،کە کورد یەکیانە، بوونیان هەیە. بۆ خۆی لە خۆراسانێکەوە دێت کە کورد لەمێژساڵە لەوێندەرێ دەژییت (ئیدی لەوە بگەڕێ کە دەگوترێت هاوژینی یەکەمی،کوردە).
شەجەریان، لە نزیکەوە لەگەڵ زۆر سیمای هونەریی کورددا کاری کردووە و ناسیاویی لە تەک گەلێک هونەرمەندی ئەم گەلەدا هەبووە و بە ئازار و چەرمەسەرییەکانی ئەم نەتەوە بندەستە ئاشنا بووە. کورد بە تووش سەدان کارەساتی ناخهەژێنەوە هاتووە بەڵام درێخ لە هەڵوێستێکی مرۆیی ئەم جۆرە هونەرمەندانە(هونەرمەندانی نەتەوەی باڵادەست) بەرانبەر بەم نەتەوەیە.
گەر باس لەوە دەکرێت شەجەریان لە کۆتا ساڵانی تەمەندا پشتی لە دەستەڵات کردووە، زۆر ڕاستە. بەڵام خۆ هونەرەکەی ئەم هونەرمەندە هەر لە سەردەمی ئەم دەستەڵاتەدا زێترین گەشەی بەخۆوە بینیوە و هەلی دەرکەوتنی لە ئاستی جیهاندا بۆ ڕەخسێندراوە. بۆچ؟ چونکە فارس بووە و هەمیشەیش لە دووی بەرزکردنەوەی ناو و ناوبانگی زمان و نەتەوەکەیەوە بووە.
ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە نەتەوەی باڵادەست ئەوەندە قووڵ کاری کردۆتە سەر نەتەوەکانی بندەست کە زۆر جار نەتەوەی ژێردەست،هەموو شتێکی خۆی لە ئاوێنەی نەتەوەی باڵادەستدا دەبینێتەوە.
شەجەریان بە نوێنەرایەتی کامە نەتەوە و کیان و دەستەڵات لێرە و لەوێی جیهان، بانگێشت دەکرا و بەرنامەی هونەریی و کۆنسێرتی بەڕێوە دەبرد؟ دیارە هەمووی بە ناوی ئێرانەوە بووە. بەڵام کوانێ هونەرمەندی کورد،هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستا، هەرگیز ئەو مافەی پێ ڕەوا بینراوە کە لە ئێرانەوە و وەک نەتەوەیەکی نێو ئێران، هەلی یەکسان وەک بەڕێز شەجەریانی بۆ بڕەخسێندرێت و لە ئاستی جیهاندا بەرنامەی هونەری بەڕێوە ببات؟
بۆچی؟ چونکە بەڕێز شەجەریان، نوێنەری زمان و نەتەوەی خودان کیان و باڵادەستە و هونەر و هونەرمەندی کورد، لە نەتەوەی بندەستە. هەر بە دوای مەرگی شەجەریاند دا دەیان هونەرمەندی کورد، لە کەناڵە فارسییەکانەوە دەردەکەون و باس لە هونەرە واڵاکەی شەجەریان دەکەن کە ئێمەیش دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان کە شەجەریان، هونەرمەندێکی مەزن بوو بەڵام ئەی بۆچ بۆ تاقە جارێک، هونەرمەندێکی فارست پێ شک نەهات و نایە پاش مەرگی دەیان گەورە هونەرمەندی کورد، لەسەر کەناڵێکەوە دەربکەوێت و باس لە هونەرە واڵای ئەم هونەرمەندانە بکات؟
دیارە وەرامەکە ڕوونە. چونکە کوردە، بێ کیانە، بێ دەستەڵاتە، لێرە و لەوێ بە ئەتن و قەوم دادەنرێت، لەوە هەژێنەرتریش ئەوەیە کە کورد بۆ خۆیشی لە بن هەژموونی دێرینی نەتەوەی سەردەستدا، باوەڕی بەو ئەقڵییەتە هێناوە.
ئەوەی ئیبراهیم تەتڵیسەس، عەلیڕەزا ئیفتیخاری و محەممەدڕەزا شەجەریان بەسەر مێلۆدی و ئاوازی کوردییان هێناوە،خەتاکە بەرۆکی خۆمان دەگرێتەوە و دزە خۆمانەیە و بەرینانمان چەندە جوان فەرموویانە:”دار،پوازی لە خۆی نەبێ، ناقڵیشێ”.
هەرگیز لەگەڵ بێڕیزیکردن، شکاندن و سووکایەتیکردن بە هونەر و هونەرمەندی هیچ نەتەوەیەکدا نەبووم و ناشبم و هونەری پاکژ و هونەرمەندی ڕەسەن و ڕاستینە لە کوێی سەرزەوی و سەر بە کامە نەتەوە بێت،لام خۆشەویست و خودان ڕێزە؛ وەک چلۆن حەزم لە دەنگی گەلێک هونەرمەندی سەر بە نەتەوەکانی دیکەیە.
کورد پێویستە بە زمانی زانست و کۆڵنەدان،خۆی و هونەرەکەی بە جیهان بناسێنێت چونکە نەتەوەیەکی دێرین و خودان شارستانییەتی سەرزەوییە.
ئەمە کورت و پوختی پرسەکەیە و با شەڕەقسە هەر بەوەندە بوەستێت. پرسەکە چ پێوەندی بە شەجەریانەوە نییە و کورد تەنێ هەلەکە وەک دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هاواری پەنگخواردوو و کپکراوی ناخەکەی و هونەری نەتەوەکەی دەقۆزێتەوە. سەرنجێکی دوا پەیام و قسەی هونەرمەندی هەرە ناوداری کورد”حەسەن زیرەک”بدە کە لە کاسێتێکدا دەڵێ:”هونەر بۆ من بەهرەیەکی نەدا، هونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە شوێنیا بچم، چون کوردم و بە زمانی کوردی قسە دەکەم”.
ئیتر تۆ خۆت سەربەستیت چلۆن دەڕوانیتە پرسەکە.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە هونەرمەند”محەممەدڕەزا شەجەریان”، ساڵی 1319ی هەتاوی(1940)لە شاری مەشهەد لەدایک بوو و ڕۆژی پێنج شەممە،17 ڕەزبەری 1399ی هەتاوی(8ی ئۆکتۆبەری 2020)لە تەمەنی 80 ساڵان،لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران دا کۆچی دوایی کرد.