نەوزادى موهەندیس: عێراق و هەرێم یەکێتى دژەکان!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ماوەى زیاتر لە 6 ساڵە هەرێمى کوردستان گیرۆدەى قەیرانێکى دارایى توند بۆتەوە کە تائێستاش بەردەوامە و کاریگەرى زۆر خراپیشى کردۆتە سەر تەواوى بوار و جومگەکانى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و حکومەتیش و تەنانەت کارگەیشتۆتە شەلەلکردنى حکومەت کە ناتوانێت لانى کەمى پێداویستى و شایستەى مووچەخۆرانى خۆى بدات لە مووچەى مانگانەى 30 ڕۆژى و نەتوانینى دابینکردنى خەرجیەکانى دامودەزگاکانى حکومەت و وەستانى زۆرێک لە پڕۆژە ئاوەدانى و خزمەتگوزارییەکان و کارى وەبەرهێنانیش بەتەواوەتى ڕاوەستاوە. لە ئێستاشدا هیچ ئومێدێک بۆ دەربازبوون و تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە وەدیناکرێت.و هەموان لە چاوەڕوانى گۆدۆداین و ئەویش هەر پەیدا نابێت.
عێراقیش لە ئێستادا و ماوەى نزیکەى ساڵێکە،بەهەمان شێوە تووشى هەمان قەیران بۆتەوە و لە ئێستادا کارگەیشتۆتە ئاستێک کە نەتوانێت مووچەى مووچەخۆران لەکاتى خۆیدا دابەشبکات و بیر لە وەرگرتنى قەرزى ناوخۆى و دەرەکى زیاتر دەکاتەوە یان پلانى کەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران و خەرجیەکانى هەیە بەهەمان شێوەى هەرێمى کوردستان. بەم شێوەیە هەردوو حکومەتکەى هەرێم و بەغداد لەهەردوولا مەست و حەیرانن و نەدەتوانن حوکمڕانیەکى سەرکەوتوو بکەن و نەدەشتوانن خۆیان و گەلەکانیان لەم نەهامەتیانە ڕزگاربکەن.و خاوەنى هیچ دەستپێشخەریەکى جدیش نین بۆ دۆزینەوەى ڕێگا چارەى کورت و دڵخۆشکەر.
بەم شێوەیە هەرێم و عێراق پێکەوە و لەیەک کاتدا ڕووبەڕووى گەورەترین و سەختترین بارودۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەندروستى بونەتەوە کە هیچ نەیارێک حەسوودیان پێنابات. و لەگەڵ یەکتریشدا هەڵناکەن و بێ یەکتریش ناتوانن هیچ کامیان لەسەر قاچەکانى خۆیان بوەستن و پێویستیان بەیەکتر نەبێت و دەڵێى جمکن و جیابونەوەیان لەیەکتر زۆر مەحاڵ بوە لانى کەم لەم قۆناغەدا. بەڵام دڵنیام کە ڕۆژێک دێت کە تەنها چارەسەر و بەناچارى هەردوولا ڕووی تێدەکەن ئەویش جیابونەوەیەکى ئاشتیخوازانەیە کە لە ئایندەدا ببنە دۆست و دراوسێیەکى باش و کۆتایى بەم جەنگ و ململانێ 100ساڵەییان بهێنن .و بەم شێوەیە هەرێم و عێراق لە ئێستادا بونەتە ئەو دوو دژەى بەرامبەر یەکتر، بەڵام لە چوارچێوەیەکى زۆرەملێى و پەستێنراودا یەکیان گرتوە، کە جێگەى هەردووکیانى تیادا نابێتەوە و زۆر بە بەریان تەنگە، جا بۆ خۆدەربازکردن لەم دۆخە تەقینەوە و جیابونەوەیەکى ئاشتیخوانە پێویستە نەک بە جەنگ و کوشتار، چونکە قەدەریان لە دواى جیابونەوەش هەر دراوسێ و سنور بەسنورەوە دەبن. بۆیە هەق وایە لە هەردوولاوە بە ئەقڵیەتێکى نوێوە کار بکەن بۆ ئەم پڕۆسە چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەیە، چونکە تا ڕۆژگارەکان ئاوها بەردەوام بن نە هەرێم و نەعێراق خۆشى و خۆشگوزەرانى و ئاشتى و ئاوەدانى بەخۆیانەوە نابینن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئەم قەیرانەى هەرێم و عێراق لەخۆڕا سەریان هەڵداوە؟ یان دەستکردە؟ ئایا لە ئەنجامى بێپلانى و بێ بەرنامەیى بوە؟ یان سەپێنراوە و لەدەرەوەى سنورەکانەوەن؟ ئەى چۆن هەوڵبدرێت خۆ دەرباز بکرێت و ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنرێت؟ و دەیانى پرسیارى تر..
سەرەتا هەموان دەزانین کە عێراقى دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003 وە لەلایەن گروپێکى مافیایى لە حیزب و سەرکردە سیاسیە نوێکانەوە بەڕێوە دەبرا کە تەنها لە حوکمڕانیان نەدەزانى و شەلم کوێرم ناپارێزم کەوتنە گیانى هاوڵاتیان و ژێرخان و سەرخانى وڵات و کەوتنە دزى و ڕاووڕووت و گەندەڵى کە لە ئێستادا وەک باسدەکرێت بڕى 250 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە لە عێراقدا، کەوتنە دروستکردنى میلیشیاى چەکدارى توندڕە و، بۆ هەڵایسانى شەڕى ناوخۆى ئاینى و نەتەوەیى و مەزهەبى. کەوتنە داتەپاندنى ئەو ژێر خانە لەرزۆکە ئابوریەى کەهەبوو. کەوتنە لێکهەڵوەشانى کۆمەڵگاى عێراقى، داهێنەرى سیستەمى پشکپشکێنەى تایەفى و ئاینى و نەتەوەیى بوون لە حوکمڕانیدا. سەرەڕاى ئەمانەش جەنگى تیرۆر و تیرۆریستانیش هاتە بانى و ئاوارەبوون و لەجێگەى خۆدەرکردن و چوونەدەرەوەى هەندەران و کاول و وێرابوونى شار و شارۆچکەکان و داگیرکردنیان لەلایەن داعشەوە، هۆکارێکى ترى قەیرانەکە و توندترى بون.لەلاى سێهەمیشەوە دەستێوەردانى وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و دونیاش بۆ کاروبارى عێراق و هەرێمیش پێکەوە هێندەى تر وڵاتى لاواز و بێهێز کرد و کردیەە گۆڕەپانى ململانێکان و دەرگاى لەسەر شکاندنى شکۆ و سەرورى گەل و خاکى عێراق کردەوە بە کوردستانیشەوە.
لەهەمووشیان گرنگتر، بێ پلانى حکومەت لەهەموو بوارەکاندا و پشتبەستنى تەنها بەسەرچاوەى نەوت بەڕێژەى 95% وایکردوە کە لەکاتى سەرهەڵدانى قەیرانى نرخەکانى نەوتەوە و دابەزینى نرخى 1 بەرمیل نەوت لە 115دۆلارەوە لەساڵى 2015دا بۆ 30 دۆلار و کەمتریش، عێراق و هەرێمى کوردستان گەورەترین و سەختترین لێدانى ئابوریان بەربکەوێت کە نەتوانن تەنانەت مووچەى مووچەخۆران دابین بکەن بەهۆى کەمى داهات و لە سەرەتاى ساڵى 2020یشەوە بەهۆى بڵاوبونەوەى نەخۆشى و پەتاى کۆڕۆناوە هێندەى تر دۆخەکانى شڵەژاند و لە ئێستادا وادەبینرێت کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبێت. وڵاتێکى وەکو عێراق بڕى 125 ملیار دۆلار و حکومەتى هەرێمیش زیاد لە 28 ملیار دۆلار قەرزار بن.
بەداخەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەهەرێم و عێراقیش نەبوونە هۆى دەربازبوون لەم قەیرانە، گۆڕینى حکومەتەکان و کابینەکانیش هێندەى تر دۆخەکانى تێکچڕژان. نمایشکردن و خۆدوورخستنەوە لە لێپرسراوێتى قەیرانەکە و خستنە ئەستۆى کابینەکانى پێشووتر لە هەرێم و بەغداد نەیانتوانى توڕەیى و بێزارى و کەمتەرخەمى جەماوەر لە لێپرسراوانى ئێستا کاڵبکەنەوە. بۆیە هەموو ئەم فاکتەرە خۆى و بابەتیانە هۆکارى سەرەکى بوون بۆ سەرهەڵدان و بەردەوامى و توندبوونى قەیرانەکە. بەڵام لەهەمان کاتیشدا زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە و دونیاش بەهەمان قۆناغ و مەترسى و ئاڵنگاریەکاندا تێپەڕین، بەڵام لاى ئەوان سووکتر و تاڕادەیەک کۆنتڕۆڵکراون، ئەى بۆچى لاى هەرێم و عێراق هەر بەرەو توندتر و سەختتر هەنگاو دەنێت؟
هۆکارەکان ڕوون و ئاشکران کە خۆیان دەبیننەوە لە:
• بێباکى دەسەڵاتداران و حیزب و سەرکردە سیاسیەکان بە ژان وئازار و مەینەتى و گوزەرانى هاوڵاتیان.
• بێ پلانى حکومەتەکان لەڕووى زانستى و کردارەکیەوە بۆ چارەسەرى قەیرانەکان.
• دەستبردن بۆ کەمکردنەوەى مووچەى مووچەخۆران وەک ئاسانترین ڕێوشوێنى نایاسایى.
• نەوێرانى دەسەڵات و حکومەت بۆ بنبڕکردنى گەندەڵى و بڕینى دەستى مافیا و گەندەڵکارانى حیزب لە ناو حکومەتدا.
• کۆنەکردنەوەى داهاتەکان بەشێوەیەکى توند و لێدانى هەموو هێز و میلیشیاکان.
• ململانێ نهێنى و ئاشکراى سیاسى لەنێوان ماڵى شیعى و سونى و کورد و ئەوانى تریش لەناوخۆیان و لەگەڵ یەکتریشدا.
• بەردەوامى دەستوێوەردانە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان لەکاروبارى عێراق و هەرَمیشدا.
• نەبوونى سوپایەکى بەهێز و باڵادەستى حەشدى شەعبى و میلیشیا شیعیەکان و نەمانى هەیبەتى دەوڵەت.
• ئەى چۆن دەتوانرێت ئەم قۆناغ و قەیرانە لە هەرێم و عێراقدا تێبپەڕێنرێت؟ چۆن لانى کەم کاریگەرە نەرێنیەکانى سوکتر بکرێت؟ پلان چیە؟ئایندە بەرەو کوێ ئاڕاستە دەگرێت؟
بەکورتى بە حکومەتێکى بەهێز دەکرێت کە دوور بێت لە پشکپشکێنەى حیزبى و تایەفى و ئاینى و نەتەوەیى. بەحکومەتێکى تاکلایەنە و پاڵپشتکراو بەزۆرینەى پەڕلەمانى دەبێت دوور لە حکومەتێکى ئیئتیلافى لەرزۆک و لاواز. بە گەڕانەوەى هەیبەتى دەوڵەت و یاسا و دامودەزگا شەرعیەکان دەبێت. بەلێدان و بڕینى دەستێوەردانى حیزب و سەرکردە و میلشیا و مافیا و دەوڵەتانى ناوچەکە دەبێت لە کاروبارى حکومەتدا. بەدانانى پلانى زانستى دەبێت بۆ زیادکردنى داهاتەکان و کەمکردنەوەى خەرجیە ناپێویستەکان و دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى داهات جگە لەنەوت.
بەم شێوەیە دەکرێت ئاسەوارى قەیرانەکە سووک بکرێت تائەوکاتەى پەتاى کۆڕۆنا کۆنتڕۆڵدەکرێت و دۆخى ئابورى و بازاڕ و بازرگانى دەگەڕێتەوە بۆ دۆخى ئاسایى و نرخەکانى نەوت بەرزدەبنەوە و جوڵەى گەشتوگوزارى زیاد دەکاتەوە.بۆیە لە ئێستادا و لانى کەم بەداخ و کەسەرێکى گەورەوە بۆ ماوەى 5-10 ساڵى تریش ئایندەیەکى گەش چاوەڕوانى نە هەرێم دەکات نە عێراقش لەسایەى ئەم هەموو ئاڵنگاریانەى کە باسکران کە زۆرێکیان دروستکراوى دەسەڵات و حکومەتەکانن نەک سروشتى و خۆڕسک بن.بۆیە جۆرى دەسەڵات و عەقڵیەت و پلانى دەسەڵاتەکان جۆرى حوکمڕانیەکان دیاریدەکەن، چەندە حوکمڕانیەکى ڕاشد و حەکیم و بەتەگبیر و دووربین بن ئەوەندە سەرکەوتوودەبن بە پێچەوانەشەوە بەرەو خراپتر و هەڵدێرتر و تاریکوتونتر هەنگاو دەنێن.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی