بورهان شێخ ڕەئوف: گەشتە ئەوروپییەكەی كازمی.
ئەمە سێیەم گەشتی دەرەكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقە بۆ دەرەوەی وڵات، لە دوای دەستبەكاربوونی، یەكەم گەشتی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و دووەم گەشتی بۆ ئەمریكا و سێیەمیشی بۆ بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا بوو، كە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای لەخۆگرت.
هەرچەندە پێش ئێران، بڕیاربوو كازمی سەردانی عەرەبستانی سعودییە بكات، بەڵام بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی شا سەلمانەوە، سەردانەكە دواخرا، ئێستاش وتوێژەكان بەردەوامن بۆئەوەی كاتێكی گونجاوی بۆ دیاری بكرێت.
ئامانجی كازمی
ئامانجی كازمی لەم سەردانانەی وڵاتانی ئەوروپا، بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاریكاری زیاترە لە بوارەكانی ئابووری و ئەكتیڤكردنی رۆڵ و پێگەی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیای مەزنە، بە دیاریكراوی رۆڵی ئەڵمانیا و فەرەنسا، كە لەوانەیە یارمەتیی حكومەتەكەی كازمی بدەن لە رووی ناوخۆییەوە، بەتایبەتی بۆ بنەبڕكردن و قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و سنوورداركردنی هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم كابینەكەی كازمی-دایە و خۆشی لەو بڕوایەدایە كە هیچ ریفۆرم و گۆڕانكارییەكی گەورە لە بوارەكانی كارگێڕی و ئابووری و ئاسایشدا ناكرێت لە ناوخۆی عیراقدا، ئەگەر پشتیوانی و كۆمەكی گەورەی دەرەكی لە پشت نەبێت، بە تایبەتی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە عیراق بە شوێنێكی گرنگ و پڕبایەخ دەبینن بۆ وەبەرهێنان، بۆیە ئەگەر كازمی بتوانێت ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بچەسپێنێت، ئەوا زەمینە لەبار دەكات بۆ گەڕانەوەی كۆمپانیا گەورەكان بۆ عیراق. سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش لە مانگی رابردوودا بۆ عیراق، هەرخۆی لەو چوارچێوەدا دەبینییەوە.
هاوسەنگی لە گۆڕەپانی عیراقدا
گۆڕەپانی سیاسیی عیراق جەمسەربەندییەكی ئیقلیمی ئێجگار ئاڵۆز بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی كە باسی رۆڵی ئێران و توركیا دەكرێت لە عیراقدا، جگە لە رۆڵی ئەمریكا كە تائێستاش لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەیەكە بۆ خۆدەربازكردن لە ململانێکانی عیراق بە كەمترین زیان، كازمی لە ئاوا بارودۆخێكدا لە هەوڵی ئەوەدایە كە فەرەنسا و ئەڵمانیا رابكێشێتە ناو هاوكێشەی عیراقەوە بە قازانجی وڵات و كەمكردنەوەی توندوتیژی و ناكۆكی و جەمسەربەندیی توركی و فەرەنسی لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین لەلایەك و ناكۆكی و ململانێی ئەمریكی و ئێرانی لەسەر سوریا و بەرنامەی ئەتۆمی، كە لەوەیە ئەم هاوكێشە تازانە یارمەتی كازمی بدەن بۆ هاوسەنگكردنی رۆڵی ئێران و توركیا لە عیراق.
هەروەها پرسێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، بانكی ناوەندیی عیراق لە ساڵی 2017وە ستراتیجێكی نیشتمانی داناوە بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە بە هاوبەشیی كۆمەڵەی كاری دارایی و ژمارەیەك دامەزراوەی ئابووریی جیهانی، بەڵام لە رووی پراكتیكەوە ئەم ستراتیجە هەروەكو مەرەکەب لەسەر كاغەز مایەوە و نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەكانی دۆخی سیاسی وڵاتەوە .لە كۆتاییدا، ئەوەی زۆر روونە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی عیراق، ئەوەیە تاكو ئێستا وڵاتە ئەوروپییەكان جێگەی سەرنج و گرنگی خاوەن بڕیار و ناوەندە سیاسییە باڵادەستەكانی عیراق نەبوون، بەهۆی كێشمەكێش و جەمسەرگیرییەكانی ئێران و توركیا و ئەمریكا لەسەر شانۆی سیاسیی عیراق.