ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: شه‌نگال له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140 دا.
هه‌ر بستێك له خاكی ئه‌م نیشتمانه خۆشه‌ویسته، مافی ڕه‌وای هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكه له هاووڵاتیانی ئه‌م كوردستانه شانازی پێوه‌بكا و خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت، به‌ڵام هیچ كه‌س و حزب و لایه‌نێك بۆی نیه به‌ته‌نیا خاوه‌ندارێتی بكا و خۆی به تاكه خاوه‌ن بزانێ و سه‌ركێشانه به‌ته‌نیا به‌نهێنی و به‌ئاشكرا مامه‌ڵه‌ی پێوه بكا، با زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و كه‌سایه‌تی و ڕۆشنبیرانیش بێ ده‌نگ بن و هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرن، زۆری پێشمه‌رگه و ئه‌ندام و لایه‌نگر و جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ر، هه‌روه‌ك بردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ناكاته گه‌وره‌ترین حزب و لایه‌نی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانه‌كه و تاكه لایه‌نی خاوه‌ندار و بێ ڕكابه‌ر مافی ئه‌وه‌ت هه‌بێت له‌جیاتی هه‌مووان مامه‌ڵه بكه‌یت و ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانت واپیشان بده‌ن، كه هه‌ر تۆ خاوه‌نی بێ ڕكابه‌ری ئه‌م نیشتمانه‌یت و كه‌سی تر بۆی نیه ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نه باش و خراپه‌كانی له‌به‌رچاوبگیرێ، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆنیش بێده‌نگ بن و هه‌تا ئه‌گه‌ر لایه‌ن و كه‌سایه‌تی واش هه‌بن له‌ژێره‌وه به‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و بێ گوێدانه هیچ به‌هایه‌كی تر هانت بدات، ئه‌وه هێشتا ئه‌و مافه‌ت نیه و ناتكاته تاكه خاوه‌نداری بێ ڕكابه‌ر، ئه‌گه‌رچی ئۆپۆزسیۆن ئه‌ركیانه له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا به‌نوێنه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ و تێكۆشه‌ران له‌جیاتی گه‌ل بێنه ده‌نگ و هه‌ر كه‌سێك ئه‌م جۆره هه‌لوێستانه‌ی هه‌بێت، هوشیار و ئاگاداری بكه‌نه‌وه خۆشیان هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت.
هه‌رچه‌نده وه‌ك پێویست بوو له عێراقی دوای سه‌دام ده‌بووایه به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه بان، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم له ساڵانێكی زووه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستكه‌وتی حزبی بنیات ده‌نرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌و پێناوه‌دا ده‌كرێته قوربانی، له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگ بێت و مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور بسه‌لمێنێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم گه‌مه به‌چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كه‌ن و پاپه‌ندبن به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی، بۆ خزمه‌ت كردن به قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له ساڵی 2003 وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ و له دوای ئه‌وه‌ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عیراق بۆ قۆناغی ئینتقالی ساڵی 2004 وه‌ك ده‌ستوورێكی كاتی ناسێنرا و بووه پێشه‌كی و ئاماده‌كاری بۆ ده‌ستوری عیراق ساڵی 2005 كه له 144 ماده پێكهاتووه و بووه ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، خرایه ده‌نگدان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌نگیان بۆ ئه‌و ده‌ستووره داوه، كه پێگه‌ی كورد له ده‌ستووری ساڵی 2005 له ڕووی ده‌ستوورییه‌وه باشترین پێگه‌ی هه‌یه، به‌به‌راورد به‌ده‌ستوره‌كانی ڕابردووی عیراق و ئه‌و وڵاتانه‌ی تریش كه كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه، هه‌ربۆیه‌ش زۆرجار له لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی داخ له‌دڵ به‌رامبه‌ر به‌كورد پێیان وایه كورد به‌شی زۆری له ده‌ستووردا پێدراوه و پێویسته ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه.
له ده‌ستوری نوسراو و ده‌نگ بۆ دراودا ماف و ئازادییه‌كان بۆ ته‌واوی هاووڵاتیانی عیراق به‌ده‌قی ده‌ستووری ڕێكخراوه و نووسراوه‌ته‌وه، له نێویاندا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه و هاووڵاتی مافه‌كانی بۆ نووسراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ناوچه دابڕێنراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له مادده‌ی 140ی ده‌ستووردا ڕێكخراوه و دانی پێدانراوه و به‌پێی ئه‌و ماد‌ه‌یه ده‌بوایه تا كۆتایی ساڵی 2007 كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه یه‌كلایی بكرایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌و لایه‌نه‌وه كه‌مته‌رخه‌م بووه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارنی هه‌رێمیش له‌و كه‌مته‌رخه‌میه به‌ده‌رنین.
ئێستا كه ماده‌یه‌كی ده‌ستووری دانپێدانراوی ڕوون و ئاشكرامان له ده‌ستووردا هه‌یه، له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه دابڕێنراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له خانه‌قین و كه‌ركوكه‌وه بگره تا گوێر و شه‌نگال و هه‌موو ناوچه‌كانی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌وه، هیچ پێویست نیه لایه‌نێك بچێت به‌ته‌نیا و له‌ژێره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی عیراقی ڕێك بكه‌وێت ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌و ناوچانه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ڕێكه‌وتنی لایه‌نێك له‌م بارودۆخه‌دا به‌ته‌نیا له‌سه‌ر شه‌نگال هیچ له‌جێی خۆی دانیه، نابێ هیچ حزب و لایه‌نێك مامه‌ڵه‌ی حزبیانه له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه بكات، چونكه هیچ سوودێكی بۆ كورد نیه، كێشه‌كانمان بۆ چاره‌سه‌رناكا و داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌شمان ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه، ئینجا هه‌ر مه‌به‌ست و ئامانجێكی له‌ژێره‌وه بێت، مادام ده‌رباره‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان ماده‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرای وه‌ك ماده‌ی 140 له ده‌ستووری عیراقی دا هه‌یه و دانی پێدانراوه، نابێت شه‌نگال به‌ته‌نیا له ناوچه‌كانی تر جیا بكرێته‌وه، چونكه چاره‌نوسی هه‌موو ناوچه دابڕێنراوه‌كان له كه‌ركوك و خانه‌قین و گوێر و شه‌نگال و… هتد، یه‌ك چاره‌نووسیان هه‌یه و پێویسته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هه‌موو ناوچه‌كان به‌پێی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند به‌یه‌ك شێوه مامه‌ڵه بكات.