بەهرۆز جەعفەر: ترامپ و فاوچی لە ئەمریکا، جەلالی و مەلایی لە کوردستان.
ناکۆکۆ نێوان دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەنتۆنی فاوچی
پزیشکە پسپۆڕەکەی کۆشکی سپی و سەرۆکی سەنتەری رێگریکردن لە نەخۆشییە هەستیاری و گوازراوەکان، لەسەرەتای هاتنی کۆرۆناوە لەوێدا سەرنجڕاکێشە کە ترامپ کەسێکی بازاڕییەو بە هەوەسی خۆی کارئەکات، چی بە زاریدا بێت نایگێڕێتەوە. هەرچی فاوچیە زانستیانە مامەڵە ئەکا و نوێنەری کەرەستەکانی بیرکردنەوەی خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەیە قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەندرێت، دەرگا بە ڕووی چین دا دانەخرێت و بەستنی دەمامک بکرێتە ناچاری، چونکە وەرزێکی ترسناکی کۆرۆنا بەڕێوەیە. زۆربەی کات ترامپ بە فاوچی ئەڵێت «گەمژەیە» …«لە خۆیەوە قسە ئەکا و بۆچونەکانی تەواو نییە».
بەڵام بۆ جارێکیش نەیگوت ئەمە پیلانی دیموکراتەکان یان کەسانی ناو کۆمارییەکانە لە دژی من، نەیگوت فاوچی بەدڵی چین و ڕووسیاو هیندو یابان قسە ئەکات!. لە سوشیال میدیا پەلاماری یەکتریان نەداو قەزیە گەورەکانیان بیر بچێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان کە دوو گەڕەک یان کۆڵانە بە نیسبەت گۆی زەوییەوە، زیاتر لە ( 50 ) پەنجا ساڵە هەموو شتێک بە پێوەرو چاویلکەی مەلایی و جەلایی ئەخوێندرێتەوە. دەیان تەن ماددەی هۆشبەر لە بادینان ساخ بێتەوە بڵێ کاکە ئەمە وا نابێت، ئەبێت ئاسایشی نیشتیمانیمان بپارێزین پێش هەموو شت ئەڵێن ئەوە سەر بە فڵان و فیساری یەکێتی و جەلالیە، لە سولەیمانی و گەرمیانیش دەیان بیری نەوت خراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت، ڕۆژانە بە وتەی ساخکراوەی پەرلەمانتارو میدیاکان دەیەها باری قاچاخ لە مەرزەکانەوە دێتە ژوورەوەو سەدان دۆنم زەوی حکومەت لە سولەیمانی دەستی بەسەردائەگیرێت، بڵێ کاکە ئەمە وا نییەو پێویستە پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتیمانی هەبێت بۆ ئینقاز بون لەم دۆخەی ئێستا، بڵێ کاکە ئێمە لە بەغدا نوێنەرەکانمان خەریکی خۆیانن نەک میللەتەکەمان، یەکسەر تۆمەتەکە حازرە کە تۆ سەر بە فڵانو فیسار دەزگای پارتی و مەلاییت.
گۆی زەوی زۆر لە پارتی و یەکێتی و بەناو دامودەزگەکانی گەورەترە، زەوی بە دەوری خۆردا ئەسوڕێتەوە نەک ئەم بینین و دیدگا بچوکانەی لە ناو یەکێتی و پارتی دا خەڵکی داماوی پێوە سەرقاڵکراوە. مناڵێک داوای مافی خۆی بکات و پێویست بێ لانی کەم گوێی لێبگیرێت و (وەک خۆی قبوڵ بکرێت) لە هەرێمی کوردستاندا تەخوین و تۆمەتبارانی ئەکەن!.
ئێستا کوردستان و عێراق لە لێواری حەشرێکی گەورەی دونیایی نزیک بۆتەوە، ژیری و ئازایەتی ئەوەیە پلانی هەمەلایەنەو گشتگیر بۆ ڕووبەڕووبونەوەو پاراستنی میللەتەکە دابڕێژرێت. دەست لە موزایەداتی حیزبی و ئایدۆلۆجی و ناوچەگەرێتی بێ ماناو هەڵبگیرێت.