عەلی مەحمود: نرخی كورسی لە ئیمپراتۆریای جیهان” ئەمەریكا.
هەرە دەوڵەمەندەكان لە 0,001%ی كۆمەڵگای ئەمەریكی, ئەوانەی چەكی بەخششەكانیان لە 8 ژمارە كەمتر نانووسێت, بەشی زۆریان لەو دیو پەردەوە كار دەكەن وەك لۆبی فشاری بەهێز بۆ دەرچوونی كاندیدە خواستراوەكەیان, ئەوان بەهۆی كاری بزنس و سەرقاڵییانەوە نایانەوێت راستەوخۆ دەربكەون, كەمایەتیكیشیان بەناوی گەلەوە حوكمە كەن یان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن, روڵەكان لە نێوان خۆیان, بە پێی بەرژەوەندیەكانیان دابەش دەكەن, بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان بسەپێنن و پارێزگاریش لە هەبووەكانیان بكەن, تا دەزگا حكومیەكان لاواز بن, دەوڵەمەندەكان باشتر دەتوانن پارەكانیان بۆ ئاراستەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان بەكار بهێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەكان لە بەرژەوەندیان دەربچێت, ئاخر بڕیارەكان لە پۆستەكان بۆ ئەوان گرنگترن.
برایانی كوك ” دیڤید و تشارلز , دیڤید ئەمساڵ مرد” كە خاوەند 108 ملیار دۆلار سەرمایەن, دەیان ساڵە كار بۆ ئەوە دەكەن دەست بەسەر سستەمی سیاسی ئەمەریكادا بگرن بە هاوكاری خاوەند كۆمپانیا راستگەراكان “الدیمقراطیە المعطلە فی أمیركا- Jeffrey D. Sachs “. تەنانەت كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئۆباما كیر لەسەر خواستی برایانی كوك و بەخششەكەرەكانی كۆماریەكانە “الصمود أمام انهیار أمریكا السیاسی- Jeffrey D. Sachs”, بە تایبەتیش كۆمپانیاكانی بیمە, دەرچوون لە پەیماننامەی پاریسیش لە بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی وزەیە, هاوكات ئەوان كاریان دەكرد لەسەر كەمكردنەوەی باج , كاندیدە كۆمارییەكان شەڕیانە لەسەر بەدەست هێنانی متمانەیان, لەبەر زیرەكی و خۆشەویستیان نا, بەڵكە لەبەر قورسایی گیرفانیان” النموذج اڵامیركی»..هل بدأ فی التصدع؟-تشارلز بلو “.
ترامپ كاتی خۆی بەخششی جیمی كارتەر و ریگانی هاوكات پێكەوە دەكرد, ئەمە تایبەتمەندی زۆرێك لە دەوڵەمەندەكانە, لای ئەو كێ بیباتەوە تا لە گەڵی رێك بكەوێت, لە رابردوودا 6 جار بەخششی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هیلاری كلنتۆنی كردووە, دوایی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی رابردوو هێرشی توندی دەكردە سەری, چونكە لای ئەو سیاسەت كاسبییە, ئەخلاق و رابردوو بە عانەیەك, وەك مینبەری مەزادكردن, ترامپ كە دەستیكرد بە پیتاك كۆكردنەوە, راچێتەی نان خوادنی ئێوارە لە میوانخانەكەی گەیشتە 35 هەزار دۆلار, ئەوشی 100هەزار دۆلار پیتاك بدات دەبێتە بەخشەری شایستە, دواتر بە سانایی دەیبینێت. دوای گەیشتنی بە دەسەڵات, یانەی ترەمپ نرخی ئابونمێنتی گۆڵفی كردە 200 هەزار دۆلار” الشعبویە والفساد- روبی میلی “, بە هەموو پێوەرێك رونە كە ئەوەی ترامپ دەیكات لە بڕی دیموكراسی كلێپتۆكراسییە, واتە دەسەڵاتی سیاسی بەكار دەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی سەروەت و سامان.
والتەر شوب بەڕێوەبەری بیرۆی رەوشتی حكومەتی ئەمەریكی لە 19ی تەموزی 2017 دەستی لەكار كێشایەوە وەك ناڕەزایەتیەك لە هەمبەر ترامپ كە بەرژەوەندی كەسی و حكومەتی تێكەڵ كردوو پێشتر ئۆباماش سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا جاین هارتلی كردە سەفیری وڵاتەكەی لە فەرەنسا وەك پاداشتێك كە خۆی و پیاوەكەی نیوملیۆن دۆلار كۆمەكیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی كۆكردبوەوە, هیچ ناڕونیەك نەماوە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی نوێنەرایەتی تەواوی كۆمپانیا گەورەكان دەكەن لە ئەمەریكا, یاسای كەمكردنەوەی باج لەو روانگەیەوەیە, كە ساڵ لە دوای ساڵ هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن روو لە نشێو لە داكشاندایە, تا ترامپ لە 35% ەوە دایگرت بۆ 21%, ملیاردێرەكان دافوس ترەمپیان لە هەنگاوە ئابووریەكانی خۆشەوێت, بەڵام گەمژەیی و راگوڕینی و سیاسەتی ئابووری نەتەوەیی ئەویان بە دڵ نییە.
زانای سیاسەت مارتن جیلنز لە زانكۆی برینستۆن و بنیامین بیجج لە زانكۆی نۆرس وینسترن پێیان وایە دیموكراسیەتی ئەمەریكی لە پێناو 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی كۆمەڵگا كاردەكات, لەبەر ئەوە دیموكراتی ئەمەریكی ئەوەی پەسەندە “عدم المساواە فی أمیركا-تاریخ النشر: الجمعە 16 دیسمبر 2016 -مات أوبراین: محرر الشۆون الاقتصادیە فی مدونە «وونكبلوج», واتا لە بری دیموكراسی بلۆتۆكراسییە.
22 پەرلەمانتاری پارتی كۆماری داوایان كرد ئەمەریكا لە پەیماننامەی پاریس ی ژینگە بكشێنەوە, كە هەموویان بەخششیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە پیشەسازی نەوت و غازەوە وەرگرتبوو, بە تایبەتیش لە براكانی كوكشەوە, یاخود ناڕاستەوخۆ لە رێكخراوە سێبەرەكانیانەوە, لە هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمەریكا 88%ی بەخششەكانی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ كۆمارییەكان رۆیشت, پارتی كۆماری بۆتە پارتی وێرانكردنی ژینگە, كۆمارییەكان 97%ی كۆمەكی پیشەسازی خەڵوزیان بۆ دەچێت, 88% ی پیشەسازی نەوت و گاز, كە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی ترامپ هاوكار بوو بۆ رێكەوتنی ئۆپۆێك, چونكە پەیوەندی بە كارتێلەكانی نەوتەوە هەیە, بە تایبەتیش ئەوانەی تكساس كە ولایەتەكەیان 38 نوێنەری لە 538 نوێنەرەكەی هەڵبژێرەری سەرۆك كۆماردا هەیە.
ترامپ گوایە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان پشتیوانی كەرتی نەوتە, كە كەرتی بەرهەم هێنانی نەوت تەنها 150 هەزار كارمەندی هەیە, كە 0,1%ی كۆی هێزی كاری ئەمەریكایە, بەڵام هۆكار ئەوەیە ئەم كەرتە 88%یان وەك ئاماژەمان پێدا بەخشش و پشتیوانی دارایی دەدەنە كۆمارییەكان, وە چاویشی لە كورسیەكانی تەكساس و ناوچەی بەرهەم هێنانی نەوتی بەردینە.
بەرامبەر بەو پشتیوانیانە لە پارتەكەی, ترامپ وایكرد كۆمپانیاكانی خەڵوز و نەوت و گاز بەرپرس بن لە دانانی سیاسەتی ژینگەی وڵات, كۆمپانیاكانی دەرمان كەرتی تەندروستی و دانانی نرخ لەسەر دەرمانەكان, و گروپی كۆمپانیاكانی چەك لە وەزارەتی بەرگری و, وە بانكە وەبەرهێنەكان باڵادەست بن لە وڵ ستریت, وە كارتێلەكانی كشتوكاڵ هژمۆنیایان هەبێت بەسەر زەوی كشتوكاڵییەكانی وڵاتەوە, واتا بەرخی سپارت بە گورگ.
كۆمەڵەی نیشتمانی چەك, كە كۆمپانیاكانی چەكسازی و بازرگانانی چەك دایان مەزراندووە, تەموینی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكەكان و سیاسیەكان بە سەخاوەتەوە دەكات, لەوانە ترامپ, هەڕەشەیان لەوانە كرد, كە داوای قەدەغەكردنی هەڵگرتنی چەك دەكەن, بەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو تۆڵەی خۆیانیان لێ دەكەنەوە, لە رێگای بەخشینی بەخشش بە نەیارەكانیان.
لە ساڵی 1791 ەوە بە پێی مادەی دووەمی دەستوری ئەمەریكی رێگای دراوە بە هەڵگرتنی ئازادانەی چەك, بەهۆی ئەوەی میلشیا چەكدارەكان رۆڵی گرنگیان گێڕا دژ بە بەریتانیا لە جەنگدا,كۆمپانیاكانی چەكی ئەمەریكیش بەخششی زۆری سیاسییەكانی ئەمەریكا دەكەن بە تایبەت كۆماریەكان, بۆ ئەوەی ئەو بەندە دەستكاری نەكرێت, وڵات هەر تیكساسەكەی فلیمە كابۆییەكان بێت.
لە ماوەی 6 ساڵی نێوان 1997 بۆ 2003, رێكخراوەكانی پشتیوانی لە هەڵگرتنی چەك 6 جار زیاتری دژبەرانیان پارەیان خەرجكردووە, بۆ رێگا گرتن لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەك, بە تایبەت دوای هەر كارەساتێكی دڵ تەزێن ململانێكان توندترەوە دەبن, نیوەی چەكی تاكە كەسی جیهان لە ئەمەریكایە, دوانزە جار زیاتر لە رێژەی جیهانی, ساڵانە زیاتر لە 33000 كەسی سڤیل قوربانی چەك هەڵگرتنن لەم وڵاتە, بەڵام بەهۆی پارەوە ناتوانرێت وڵات لەم كارەساتە دەرباز بكرێت, لە رێگای هەڵبژاردنەوە لغاوی گۆڕانكاری كراوە.
ترەمپ لە بەر ئەوەی پشتیوانی كۆمپانیای ئەمازۆنە, بۆیە پشتگیری دارایی رزگاركردنی بیرۆی پۆستی ئەمەریكی ناكات كە خاوەندی 600هەزار كارمەندە.
جیف بیزۆس خاوەنی ئەمازۆن دوای ئەوەی واشنتۆن پۆستی كڕی, ئێستا لە هەوڵی كڕینی سی ئێن ئێن یشدایە, چونكە پێ بە پێی سەركەوتنی سەرمایەكەی كە لە 200 ملیار دۆلار لە سەركەوتن و دابەزیندایە پێویستی بە كەناڵی راگەیاندیش هەیە وەك پارێزەری سامانەكەی, كەواتە دەبێت لە داهاتوودا زیاتر ملكەچی خواستەكانی ببن.
پارتی كۆماری پارتێكی ئاینی و یانەی گەورە دەوڵەمەندو ملیاردێرەكانە, بەهۆی كۆمەكی دەوڵەمەندەكانەوە لە كامپینی هەڵبژاردنی ترەمپ حكومەتی ترامپ دەوڵەمەندترین كابینەیە لە مێژوودا, ترامپ رایگەیاند بۆ پۆستە ئابووریەكان كەسی دەوڵەمەندم دەوێت.
تەنانەت دادگای باڵای ئەمەریكاش كاندیدەكانی لە لایەن كۆمەڵەی فیدراڵییەوە هەڵدەسەنگێنرێن, ئەویش لە ژێر چاودێری كۆمپانیاكاندایە, ئەمی كونی باریتی زوو دانا, چونكە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و ژینگەو بیمەی تەندروستییەوە هەیە, ئەوانیش سەرێكیان هەیەو هەزار سەودا, وەك هەزار سەرە, هەر یەكەی بەرژەوەندیەكیان بە جۆرێك لە كارتلەكانەوە بەستراوەتەوە, ئەو لوغمەیان بۆ رێگا گرتن لە گۆڕانكاری چاند.
دیموكراتەكانیش لە روی پشتیوانی ملیاردێرەكانەوە باخەڵ گەرمن, بە وتەی بێرنەر ساندەرز بایدن 44 ملیاردێر و بوتینجادج 39 ملیاردێر پشتیوانیان لێیان دەكرد , لە هەڵمەتی بەرایی هەڵبژاردن لەناو دیموكراتەكان, هاوكات 30 كاندیدی دەزگای هەواڵگری و 15 ملیۆنێر لە لیستی دیموكراتەكان هەیە بۆ كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران.
بەو هۆیانەوەو كۆمەڵێكی دیش كە لێرە ئاماژەیان پێ دەدەین, 44%ی هاووڵاتیان پێیان وایە گەندەڵی لە كۆشی سپیدایە, 8% زیاتر لە ئەنجومەنی پیران, واتا 36%ی هاوڵاتیان پێیان وایە ئەنجومەنی پیران گەندەڵەو بڕیارەكانی لە خزمەت ۆڵ ستریتە, ئەمەو بە پێی راپرسی دەزگای بێوی ئەمەریكی كە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە 80%ی هاووڵاتیان متمانەیان بە حكومەتی فیدراڵی نییە, هەر ئەمەشە وا دەكات دەسەڵاتە سیاسییەكان لە 20 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان بەرەو ناسەقامگیری بچێت.
تێچووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا
جۆن كەنەدی تەنها 72 هەزار دۆلاری لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی خۆی لە ساڵی 1960 خەرج كرد, كە بە نرخی ئێستا 575 هەزار دۆلاری دەكرد,كەچی ركابەرەكەی هۆبرت هامفەری هاواری لێ هەڵستاو وتی “ئەمە زۆرترین خەرجییە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا”, بەڵام كەنەدی وەڵامی دایەوە كە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێزینهاوەر لە ساڵی 1952دا بڕی 2,5 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە, كە بە نرخی ئێستا دەیكردە 20 ملیۆن دۆلار.
تێچووی هەڵبژاردنەكان ئەمەریكا لە ساڵی 2004 تەنها 700 ملیۆن دۆلار بووە, لە ساڵی 2008 بووە ملیارێك دۆلار , لە ساڵی 2012 گەیشتە 2 ملیار دۆلار , لە 2016 گەیشتە 6,6 ملیار دۆلار بووە , بەڵام بۆ ساڵی 2020 بەرز بۆتەوە بۆ 14 ملیار دۆلار , 3 ملیار دۆلار زیاتر لە تێچووی هەڵبژاردنەكانی هیندستان, هەڵبژاردنی هیندستان لە دوای ئەمەریكا دووەم تێچووی هەیە لە جیهاندا, بەهۆی شەڕی كارتلەكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی, تێچوی نزیك 5 ملیار دۆلار بوو, 3 جار زیاتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ی هەمان وڵات, لێ دوا هەڵبژاردنی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 , 7 ملیاردۆلاری تێچوو كە تیایدا ترەمپ بوو بە سەرۆك كۆمار.
تەنها كورسی سەرۆك كۆماری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 ەدا, بڕی 2,4 ملیار دۆلاری تێچوو, هەڵبژاردنی كۆنگرێس و سێیەكی ئەنجومەنی پیرانیش 4,2 ملیار دۆلار تێچویان بووە لە هەڵبژاردنی 2016 دا, بەڵام لەم خولە نرخی بۆ 6,6 ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە, دووەكەی تریش بۆ زیاتر لە 7 ملیار دۆلار, رێگای كۆشكی سپی لە جیاتی فەرشی سوور بە دۆلار راخراوە, تا مانگی پێشوو بایدن 938 ملیۆن دۆلار و , ترامپیش 596 ملیۆن دۆلار كۆمەكی سپیان كۆكردبوەوە, رەشەكانیش وەك لەناوەكەی دیارە سەرچاوەو بڕەكەی لە تاریكیدا ونە.
تا ئێستاش لە كۆی هەڵبژاردنەكانی خولەكە, بە سەرۆك و جێگرەكانیان و 435 كورسی كۆنگرێس و 33ی ئەنجومەنی پیران دیموكراتەكان 5,5 ملیار دۆلار و كۆمارییەكانیش 3,8 ملیار دۆلاریان خەرج كردووە.
تا 10ی مانگی سەپتەمبەر كۆی گشتی 5 ملیار دۆلار كۆمەك كۆكراوەتەوە, لە ساڵی 2002 تەنها 2 ملیار بووە لە ساڵی 2014 بەرز بۆتەوە بۆ 3,67 ملیار دۆلار . ساڵ لە دوای ساڵ نرخی كورسییە زێڕینەكان زیاد دەكات, دەبێت بۆ خولی داهاتوو, نرخی ئەم كورسییە چۆن بچێت بە ئاسمانا؟.
بەخشش و پارە تاریكەكان
وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا, پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان كورسی سەرۆك و ئۆلیگارشیەكاندا هەیە, تەواو كەری یەكترن, دەوڵەت لە بەرژەوەندی ئەوان بە نانۆمیتەریش دور ناكەوێتەوە.
بەرامبەر بە بەخششەكانیان, پۆست, لێبوردن لە باج و گومرگ, گۆمرگ خستنە سەر كاڵای ركابەرەكانیان, یاساغكردنی هاوردە كردنی كاڵای ركابەر, وەرگرتنی كۆنتراكت لەناو خۆو دەرەوەو… هتد, پاداشتیانە, ئەمە وایكردووە بوترێت دیموكراسی ئەمەریكی مەزادخانەی ۆڵ ستریتە.
بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی دەوڵەمەندەكان لە دیاریكردنی سەرۆك, كە وەك بوكە شوشەی دەستی بەخششەكانی وایە, سەرۆكی ئەمەریكا تیۆدۆر رۆزفڵد لە ساڵی 1907 داوای كرد بودجە بۆ هەڵبژاردنەكان لە لایەن حكومەتەوە دیاری بكرێت تا كۆتایی بەم پارە زۆر كۆكردنەوەیە بهێنریت, هاوكات رۆزفۆڵت داوای كرد بەخششی كۆمپانیاكان قەدەغە بكرێت”الانتخابات وترشید التمویل-تاریخ النشر: الپلاپاو 31 مارس 2015″. ئەمەریكا نەك دوای 113 ساڵ ویستی رۆزفێڵدی جێبەجێ نەكرد, بگرە دادگای باڵای ئەمەریكی لە ساڵی 2010 بڕیاری هاووڵاتیان یەكگرتووین یدا, كە لانی زۆری بەخششی هەڵگرت و بێسنوری كرد لە بەردەم ملیاردێرەكان بۆ ئەوەی ئازادانە دەستبخەنە ناو هەڵبژاردنەكان, ئەمەش لە خزمەت دوبراكەی كۆكش بوو” david-h-koch, charles-d-koch”,كە 400 ملیۆن دۆلاریان بەخشش دا بۆ ئەوەی ئۆباما دەرنەچێتەوە لە ساڵی 2012, برایانی كۆكش بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1 ملیار دۆلار خەرج بكەن.
هەرچەندە یەكێك لە خواستەكانی باڵی پێشكەوتنخوازو لیبراڵی ناو دیموكراتەكان شۆرشی سیاسییە لە وڵات, یەكێك لە خاڵە زەق لە پێشینەكانی ئەم شۆڕشە هەڵبژاردن و پارەی هەڵبژاردنەكان و سەرچاوەی داهاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنە, وەلێ پێی ناچێت لەبەرامبەر كارتلەكانی پارە سەركەوتوو بن, لە كاتێكدا خودی دیموكراتەكانیش سودمەنێكی پرۆسەكەن.
كە هەڵبژاردن دێتە پێشەوە,كۆمپانیاكانی راگەیاندن و ریكلام جەژنیانە, كەناڵە ناخۆییەكان زۆرترین پارە دەبەنەوە, نزیك 47% پارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت, 16,5%یش بۆ ریكلامی هەمان ئەو كەناڵانەیە, 21%یش بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی, 12%بۆ كەناڵی سەرانسەری كابڵەكان, 5%یش بۆ رادیۆكان دەڕوات, ئەم پارانە 40%یان خەڵكانی نەناسراو و بێ تارمایی دەیدەن, سەرچاوەیان دیار نییە.
یاسای ئەمەریكی یاساغی كردووە كاندیدانی پلە گشتیەكان كۆمەك لە لایەن و كەسی بیانی وەربگرن, بێگانەكە تەنانەت دانیشتووی ئەمەریكاش بێت و مافی مانەوەیان هەبێت, ئەوانەی ناسنامەی ئەمەریكایان نییە ناتوانن بەخشش بكەن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرتاسەری و هەرێمی, 9 دادوەری باڵای وڵات مافی بەخششی بۆ دو كرێكاری بێگانە كەمافی مانەوەی كاتیان هەبوو رەتكردەوە.
كەچی بە پێی OpenSecrets.org لە ساڵی 2016 دا 178 ملیۆن دۆلار پارەی بیانی هاتۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, وەك ئەوەی زانرا بێت , كەچی ئەمەریكا ئەم یاسایەی دەركردووە, خۆی یەكەم وڵاتە كۆمەكی نۆكەرانی دەكات لە جیهاندا, ئەمەریكاو یەكێتی سۆڤیەت و روسیای ئێستا گلاونەتە 117 هەڵبژاردنی وڵاتانەوە, 69%ی ئەمەریكا ئەنجامی داون, هەڵبژاردنی ئیتاڵیا لە ساڵی 1948, یەكەم چالاكی سیای ئەمەریكا بوو لەو بوارەدا, ملیۆنان دۆلاری خەرجكرد بۆ ئەوەی شیوعیەكان نەگەنە دەسەڵات كە حیزبی یەكەمی وڵات بوون, لە ساڵی 2005 جۆرج بۆش لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دواتریش ئۆباما لە هەڵبژاردنەكانی دواتری عێراق ویستیان هەبوو, دەست لە هەڵبژاردنەكان وەردەن, گوایە دواتر ئەنجامیان نەداوە, دوارۆژ دەردەكەوێت.
هەرچەندە لە 22 ولایەتی ئەمەریكا یاساغ كراوە كۆمپانیاكان بەشداری لە بەخششی هەڵبژاردنەكان بكەن, وە لە 39ولایەتی ئەمەریكا ئاستێك دیاریكراوە بۆ پیتاكی تاك, بەڵام قازانجی پشكیان بۆ دەچێت لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بێ ئەوەی خاوەن پشكیش بن, سنوریشی دیارینەكراوە, وەك فێڵێك” أپریاو المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر”, ئەمە وێڕای ئەوەی كاتێك خاوەند كۆمپانیاكان دێنە ناو هەڵمەتەكەوە, لەبەر ئەوەی لانی زۆری خەرجی دیارینەكراوە, بە كەیفی خۆیان ترۆمپای پارەكانیان دەڕێژنە ناو هەڵمەتەكەوە, لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموكراتەكان مایكل بلۆمبێرگ لەماوەی سێ مانگدا ملیارێك و تۆم ستێر 270 ملیۆن دۆلاریان خەرج كرد, هەرچەندیشە زوو دۆڕان لە كاندیكردنیان بۆ پۆستی سەرەك كۆماری لەسەر پارتی دیموكرات.
لە 5 ساڵی رابردوو لیژنەی سۆپەر باكس 5 ملیار دۆلاری كۆكردۆتەوە, بەشێكی سەرچاوەكەی دیار نییە, پارەی تاریكییە ” أپریاو المشهد السیاسی اڵامیركی- تشیسون لی ودانییل وینر” ,
بەشێك لەو پارانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێن, پارەی نهێنی و پارەی رەشن , تەنانەت داوای سەرچاوەی پارەی بەخششەكان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ناكرێت , سەیر كەن تەنها رێكخراوی ” Center for Responsive Politics
” لە نێوان نۆڤەمبەری 2011 بۆ دیسەمبەری 2014 بڕی 323,936,500 دۆلاری رەشیان خستۆتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, كە سەرچاوەكەی بێ دایك و باوك بووە, تەنها لەم هەڵبژاردنە 215 ملیۆن دۆلاری رەش تا چەند مانگێك لەمەوپیًش ئەوەی زانراوە خراوەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە, پارەی رەشی بێ دایك و باوك هەموو ئەگەرەكانی لە بەردەمدایە, لە پارەی رەش , پارەی ۆڵ ستریت, پارەی بیانی .
نەك تەنها دەرەوەی نوێنەری دوو پارتەكە, ئەستەمە بگەنە ئەم 537 كورسییە كە شەڕی لەسەرە, بگرە ژنانی ناو دوو پارتەكەش, رێژەیان زۆر لە خوارە, زۆر كەمتر لە وڵاتانی ئەفریقاو ئەمەریكای لاتین و تەنانەت عێراق و كوردستانیش , ژنانی ئەمەریكا 19,3203% كۆنگرێس , 103 كەس وە ئەنجومەنی پیرانیش 23 %پێ دەهێنن, بەهۆی ئەوەی كێشەی كۆمەك و پیتاكیان هەیە, بەخششەرەكان كەمتر پیتاكیان پێ دەدەن.
بم شێوەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا, بە گیرفانی بەتاڵەوەو لە دەرەوەی كەرو فیلەكە, وەك خۆ هەڵدانە لە كێوێكی هەزار بە هەزارەوە بۆ قوڵایی.