بورهان شێخ ڕەئوف: نەریتى دۆڕان لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکادا.
پەندێکى باو هەیە دەڵێت: دۆڕان هەتیووە و باوکى نیە کەس خۆى ناکات بەخاوەنى، بەڵام سەرکەوتن و بردنەوە فرە خاوەنە، بەڵام لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کە خاوەنى یەکێک لە کۆنترین سیستمە دیموکراسیەکانى جیهانە، دۆڕان لە هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى کۆمارى ئەمریکادا خاوەنى نەریتى تایبەتى خۆیەتى، هەروەکو چۆن بردنەوەو سەرکەوتن خاوەنى نەریتى تایبەتى خۆیەتى و مەراسیمى شایستەوبە شان و شکۆى بۆ ڕێکدەخرێت.
هەر لە بەرئەوەشە بە درێژایى چەندین دەیە ى ڕابردوو هەموو دۆڕاوەکان لەو پرۆسەدا ڕێزى تەواویان لەو نەریتە گرتووەو هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ دروست کردنى بشێوى و ئاڵۆزى و تێکدانى ئاشتەوایى گشتى.
هەر لەو ڕوانگەیشەوە یە کە هەموو کاندیدە سەرنەکەوتووەکانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا لەدواى ڕاگەیاندنى ئاکامەکانى هەڵبژاردنەوە وتارێکى بۆ گەلى ئەمریکا ڕاگەیاندووە کە لە فەرهەنگى سیاسى ئەمریکادا بە وتارى دەستبەرداربوون ( تنازل ) یان داننان بە دۆڕاندا ناسراوە.
لە ئێستادا ئەو وتارە بووەتە یەکێک لە کۆڵەکەو پێگە گرنگەکانى سیستمى هەڵبژاردن و دیموکراسى ئەمریکا، هەرچەندە لە دەستوور و یاسادا هیچ ئاماژەیەکى پێ نەکراوە، بەڵام وەکو زۆر شتى تر بووە بە عورف و ناکرێت بایەخى تایبەتى پێ نەدرێت، هەر لەو کاتەوە لە ساڵى 1896 دواى دوو ڕۆژ لە دۆڕانى کاندیدى سەرۆکایەتى ( ولیام جیننغز بریان ) بروسکەیەکى لە ڕێگەى تەلگرامەوە ئاڕاستەى ڕکابەرە براوەکەى ( ویلیام ماکینلى ) سەرۆکى بیست و پێنجەمى ئەمریکا کرد و وەکو خۆشحاڵى و پیرۆزبایى و لە هەمانکاتدا داننانیش بە دۆڕان ، ئیتر لەوساوە ئەمە بووەتە عورفێک لە دیموکراسى دێرینى ئەمریکادا.
هەر لەو نامەیەدا ( ولیان بریان ) پیرۆزبایى خۆى بە سەرۆکى هەڵبژێراو ڕاگەیاند کە توانیوویەتى متمانەى ئەمریکیەکانى بە دەست بێنێت، ئیتر ئەمە وەکو خاڵى سەرەتاى وتارى دۆڕان و داننان بە شکستدا دێتە ئەژماردن لە شەڕى هەڵبژاردندا، دواتریش لە ساڵى 1928 کاندیدى دۆڕاو (ئەلفرید سمیس ) لە ئیزگەوە یەکەم وتارى دۆڕان و شکستى خۆى خوێندەوە، دواتریش لە ساڵى 1952 کاندیدى سەرۆکایەتى ئەمریکا ( ئەدلاى ستینفسون ) وتارى دۆڕان و شکستى خۆى لە بەرژەوەندى سەرۆک و کاندیدى براوە ( دوایت ئیزنهاوەر) لە تەلەفزیۆنەوە خوێندەوە.
ئەگەر چاوێکى خێرا بە مێژووى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکادا بخشێنین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لەماوەى سەدو بیست ساڵى ڕابردوودا، سى و دوو وتارى داننان بە شکست و دۆڕانى تێدایە لە لایەن کاندیدە سەرنەکەوتووەکانەوە خوێندراونەتەوە یان ئاڕاستەى سەرۆکە براوەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کراون کە هەموویان چەند تەوەرێکى هاوبەشیان لە خۆ گرتووە ئەویش داننانە بە دۆڕان و پیرۆزبایى لە ڕکابەرە براوەکەو هەرچەندە دۆڕاوەکان خۆیان پاراستووە لەوەى ناوى دۆڕان و شکستى خۆیان بهێنن، بەڵکو لە وتارەکانیاندا داواى یەکڕیزى یان کردووە لە سەرۆکى تازەو دوورە کەوتنەوە لە ڕیزبەندى حزبى و ناکۆکى و دابەشبوونى کۆمەڵایەتى دواى بانگەشەو تاى هەڵبژاردن.
لەوەش زیاتر لە وتارەکانیاندا دەرخستنى شانازى بە نمونەى دیموکراسى ئەمریکاو سوپاسى ئەو ملیۆنان کەسەى کە بەشدارى پرۆسەکەیان کردووە. خاڵێکى تر کە کاندیدە دۆڕاوەکان ئاماژەیان پێداوە ئەوەیە کە بەڵێنیان داوە کە بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئەو پرۆگرامانەى کە لە هەڵمەتى بانگەشەدا هاتووەو داوا لە لایەنگران و هەوادارانیان دەکەن کە شکست و دۆڕان خاویان نەکاتەوەو هەر بەردەوام بن.