عیماد عه‌لی: كاك قادری حاجی عه‌لی چی پێ وتم ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ دوا دیدارمان دا، كاك قادری حاجی عه‌لی پشتگیری خۆی بۆ هه‌ندێك بۆچون و جموجوڵی سیاسی له‌ پێناو چالاكیه‌كی سیاسی گشتگیر و دوور مه‌ودادا، كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێدا راوبۆچونمان له‌وباره‌وه‌ گۆڕیبووه‌وه و، به‌ هێمنی و فۆرمێكی نوێوه‌ گرنگیمان پێده‌دا، ده‌ربڕی. دوا هیوای خۆی پێ راگه‌یاندم، كه‌ چۆن ده‌كرێت بێته‌ دی، له‌وێشدا باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو حزبێكی نوێ بتوانێت كاروانی به‌لاڕێدابراوی رێگه‌ی ره‌وتی ژیانی سیاسی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌دا راست بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و حزبه‌ هه‌ر پێكهاته‌‌یه‌كیشی هه‌بێت و، هاوشێوه‌ی حزبه‌كانی تر نه‌بێت، یان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت تا راده‌یه‌كیش واقع خۆی به‌سه‌ردا فه‌رز نه‌كردبێت و ره‌نگی ئه‌م حزبانه‌ی لێ نه‌نیشتبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ روون كردمه‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ وه‌رچه‌رخانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، كه‌ زۆر شت سه‌ره‌وژوور بكات و كاروانی خه‌باتی راسته‌قینه‌ دووباره‌ ببوژێنێته‌وه‌ و وه‌كو باران و لافاوێكی به‌خوڕو تین هه‌موو شقڵ و پۆخڵی پاشماوه‌ی حزبه‌ كلاسیكیه‌كان به‌ركه‌نار بكات. به‌یه‌كجاری باوه‌ڕی به‌ حزبی كلاسیكی نه‌مابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕوایه‌كی به‌ هێزی به‌ گه‌لی كوردستان هه‌بوو كه‌ ده‌توانێت له‌ شكستدا راستبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی وتی بیری قووڵی نه‌ته‌وه‌یی و باوه‌ڕبون به‌ پرسه‌كه‌مان له‌نێو ده‌رونی خه‌ڵكدا كاڵ بۆته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گومانی له‌ هۆشیاری گشتی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بوو، كه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی هه‌موو بزافێك و ره‌وتێكی سیاسی گشتیه‌ و هه‌رچه‌ند قه‌ناعه‌تی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ كاری حزبایه‌تی به‌ لاڕێدا براوه‌، به‌ڵام له‌باوه‌ڕی ئه‌ودا هه‌لی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گه‌ل به‌ شێوازێكی هاوچه‌رخانه‌ی گونجاو بێت، به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ماوه‌ و له‌ده‌ست ده‌رنه‌چووه‌.
له‌ پاش گفتوگۆیه‌كی یه‌ك سه‌عات نیوی كه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاری لێكردم، هانیدام كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكانی ئه‌كادیمی به‌ تایبه‌تی به‌توانا و خاوه‌ن‌ هه‌ڵوێست و سه‌ربه‌خۆ و پر باوه‌ری زیاتر بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان سه‌رمه‌شقی هه‌ر جموجوڵێكی نوێ بن، به‌تایبه‌تی له‌ هاتنه‌ ئارای هه‌لێكی له‌بار له‌ كاتی وه‌رچه‌رخاندا. بۆیه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ بیری به‌رده‌وامبون له‌ خه‌بات له‌ هزر و مێشكی ئه‌ودا به‌رده‌وامه‌ و به‌به‌رده‌وامی جه‌ختی له‌ ئیراده‌ی پته‌و ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ده‌توانێت له‌ قورسترین باردا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت.
دوای ئه‌و دیداره‌ به‌چه‌ند رۆژێك كاك قادر نوسینێكی بڵاو كرده‌وه‌ و منیش دواتر نوسینێكم بلاو كرده‌وه‌ و پشتگیری راسته‌وخۆی راوبۆچونه‌كانی كاك قادرم كرد و ئاماژه‌م به‌ چه‌ند بۆچونێكی دابوو كه‌ كاك قادر باوه‌ڕی پێ هه‌بو و، له‌دانیشتنه‌كه‌ماندا باسی كرد، به‌ڵام له‌ نوسینه‌كه‌ی نزیكی نه‌كه‌وتبووه‌وه‌.‌ پرسیاری هۆكاری ئه‌وه‌م لێكرد، وتی ره‌نگه‌ كاتی نه‌بێت و تۆ ده‌توانیت له‌ نوسینێكی خۆتدا ئیزافه‌ی بكه‌یت، منیش وام كرد.
یادی به‌خێر بێت و ره‌وانی شاد بێت سه‌ركرده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی پاكی ده‌گمه‌نی كوردستان بوو، به‌داخه‌وه‌ ئاوات و ئامانجه‌كانی نه‌هاته‌دی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت