زەبەنگ بەهادین: ئەگەرەکانی بەردەم کورد.
دۆخێکی چاوەروانکراو لە سایەی سیاسەتە فاشیلەکانی دەسەڵاتدارانی کوردوستان، دەبێت کورد بەوە بزانێت نوێنەرەکانی کورد لە پەرلەمانەکەی بەغداد بە تەنها هیچیان پێناکرێت لە بەر ئەوەی کورد لە پەرلەمانی عێراق کەمینەیە، بادانەوەی کورد بەلای تورکیا و دژایەتی کردنی هاونیشتیمانیانی هەرێمەکەی خۆت و، گرتن و ئازاردانی خەڵک و دزینی نەوت و قاچاخچێتی سنورەکان و ماشینەوەی زەوی و زاری کوردوستان بە ناوی پرۆە و بازرگانی هەر ئەمە ئەنجامەکەیەتی. ئەمە جارێ هەنگاوی یەکەمە، چاوەروانی زیاتر بن لە بەغداد، وەفدی کوردی و بە تایبەتی پارتی دیموکرات هەمیشە پشتی بە پشت پەردەکان بەستوە بۆ بەرێکردنی خواستەکانی، بەڵام وەک پێشینان دەڵێت: هەموو جار گۆزە بە سەلامەتی ناگەرێتەوە. هەڵبەت پشتی پەردەش هەر رۆژێک شکست دێنێت وەک ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراقی رووی دا، پارانەوەو ریشی سپیش دادی نەدان ، پارانەوە بە ریشە سپیەکان لە پێناوی دوو بەرمیل نەوتی زیاتر بۆ ریش رەشەکان.
ئێستا ئەگەرەکانی بەردەم کورد چین? سەرەتا ئەو دۆخانەی کە دەگونجا دەسەڵاتی کوردی بریاری چارەنوسسازی تێدا دەدات لە بەرژەوەندی هەرێم بێت، هەمووی لە دەست دران، لە ئێستادا تاپۆی رەش و سپی و ریفراندۆم و سەربەخۆی بە هیچ شێوەیەک بەدی نایەت، سەراپای کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هیچیان پشتگیری لەو جۆرە بریارە بۆ کورد ناکەن، ئەگەری دووەم کورد خۆی نەوت بفرۆشێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە ئەم ئەگەرەش تەمەنی درێژ نییە، رۆژێک دەسەڵاتی عێراقی رێ لەو بازرگانیەی نەوتی هەرێم دەگرێت بە یاسا، ئەگەری سێهەم رادەستکردنی نەوتە بە بەغداد، هەڵبەت لە ڕووی لۆژیکی، ئەمە بە کارێکی ئاسای دادەنرێت. بەڵام ئەم ئەگەرەیان لەوانی تر ئەستەمترە. چونکە دەسەڵاتی کوردی خۆی خستۆتە ژێر باری پەیوەستنامەی پەنجا ساڵی تورکیا وە تەواو تەسلیمی ویست و خواستەکانی تورکیا بوون کە هەرگیز ئەو گرێبەستەیان پێ هەڵناوشێتەوە لە هەمان کات بەشێکی ئەو نەوتەی دەردێت ئێستاش نازانرێ بۆ کوێ دەبرێت.
کورد لەم سێ ئەگەرە هیچی دی لە بەردەمدا نییە کە هەرسێکیان ئەستەمن، حوکمرانی هەڵە و بەرژەوەندخواز گەیاندنی بەم رۆژە بە پارانەوە و لاڵەنەوەش بەغداد دادیان نادات و وەڵامیان ناداتەوە. رەنگە تەنها یەک ئەگەر ما مابێت بۆ دەسەڵاتی کوردی ئەویش، چونەوە سەر عێراق بە تەواوی و هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم کە ئەوە لە مێژە ویست و خواستی برا سوونە و شیعەکانە.