مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی: شیعری په‌روه‌رده‌یی و گه‌شتێك له‌گه‌ڵ شیعره‌كانی رۆسته‌م خامۆش.
به‌شی یه‌كه‌م:
رۆسته‌م خامۆش خاوه‌نی دوو دیوانه شیعره بـۆ مناڵان، ئێمه دانهیهكیمان ده‌ستكه‌وت به‌ناوی (گوڵی ئاوات)، جگه له‌مه‌ش له‌لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبوكی خۆی رۆژانه‌و ناوبه‌ناو بابه‌ت بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌م شاعیره له‌شیعره‌كانیدا خه‌می چه‌ند شتێكێتی، كه گرنگترینیان: مناڵان كه بریتیه له په‌روه‌رده، هه‌روه‌ها هه‌ژاران، ئه‌م دوو خه‌مه‌ش خه‌مێكی تا بڵێی جوان و پیرۆزن.
شیعری په‌روه‌رده‌یی بۆ مناڵان لای ئه‌م شاعیره پانتاییه‌كی گه‌وره داگیرده‌كات و شاعیریش هه‌ر به‌شاعیری مناڵان و په‌روه‌رده ناسراوه، رۆسته‌م خامۆش وه‌ك له نازناوهكهیدا هاتووه، كه بریتیه له خامۆش بۆ ئه‌وه خامۆش نیه كه شت نه‌ڵێ، به‌ڵكو خامۆشیه‌كی ئه‌م، هێمنییه، واته به هێمنی رێگایه‌كی دوور و درێژ ده‌بڕێت، كه بریتیه له په‌روه‌رده كردنی مناڵان.
بابه‌ته‌كانی رۆژ گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه لای ئه‌م شاعیره، چونكه ده‌زانێت ئاوازی شیعر كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له هه‌ست و نه‌ستی مناڵاندا هه‌یه، ئێستا كه ئه‌م چه‌ند دێڕه ده‌نوسین نه‌خۆشی كۆرۆنا ته‌نگی به جیهان هه‌ڵچنیوه شاعیر له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ:
بـــــــــڕۆ بــــــڕۆ کـۆڕۆنـا
بــــــڕۆ دوورکــــەوە لێمـان
ڕێـنـمــایـیـمـــان وەرگـــرت
چەنـد پـاکـە شوێن و جێمـان
تـا بـژیــــن بـــە لـەشـساغی
وا بـــە ڕێــکـــی پـابەنـدیـن
پـــابـــەنـــد بـــەڕێـنــمــایـی
واتـا ژیـر و هـۆشــمـەنـدیـن
بـەڵێــن بــێ و بـڕیـارمــانـدا
بـەردەوام دەســتـمـان بشۆین
بـــــۆ شــوێـنـی قــەرەبــاڵـغ
نـاچیـن و هـەرگیــز نـاڕۆین
تـەنــدروســــتــیـمــان دەوێ
بــۆ خـۆمـان و ئـەو خـەڵـکە
ژینمان خۆشـدەوێ و دەڵێین
خــۆپـاراســـتـن بــە کـەڵـکە
ڕۆستەم خامۆش
هه‌ولێر 17/3/2020
1ـ شیعره‌كه له‌سه‌ر كێشی حه‌وت بڕگه‌ییه، كه مناڵان پێی ئاشنان و حه‌زیان لێیه‌تی.
2ـ قافیه و كێشی شیعره‌كه به‌دوو جۆر لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ، هه‌ندێ رایان وایه كێشی شیعره‌كه‌و قافیه‌كه‌ی چوارده بڕگه‌ییه‌و له‌ت كراوه، هه‌ندێكیش رایان وایه كه دێڕی دووه‌م و چواره‌م هاوسه‌روا كراوه و یه‌كه‌م و سێیه‌م ئازاده، كه من لام وایه ئه‌مه‌ی دووه‌میان گونجاوتره‌و پێشتر خوالێخۆشبوو (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان) له‌دیوانی له غوربه‌تا كردی به ئه‌مری واقیع و شیعری باو له‌دوای ساڵی 1975وه، مه‌به‌ستمان له‌مه ئه‌وه‌یه كه حهمهعومهری شاعیر گرنگی پێداوه ئه‌گینا كه‌م تازۆر شاعیران گرنگیان به‌م ته‌رزه شیعره داوه له رووی روخساره‌وه.
3ـ له‌دێڕی (وا به‌ڕێكی پابه‌ندین) بیكردایه به (وا به‌جوانی پابه‌ندین) گونجاوتر ده‌بوو.
4ـ ئه‌م جۆره شیعرانه‌و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی كه شیعری مناڵان ئه‌نوسن له ره‌وانبێژیدا پێیان ده‌وترێ (سه‌هلی مومته‌نیع)، كه بریتییه له نوسینی به‌رهه‌مێك جا شیعر بێت، یان چیرۆك، یان رۆمان، كه ئه‌یخوێنیته‌وه ئاسانه‌و وا ئه‌زانی تۆش ده‌توانی له‌وه بنووسیت، به‌ڵام كه ده‌ست ده‌كه‌یت به نوسین نازانیت و نا‌توانیت بینوسیت، مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی به (ئاسانی بۆ نه‌هات) كردوویه‌تی به‌كوردی، جا شیعره‌كانی (رۆسته‌م خامۆش)و پێشتریش كه ئیشمان له‌سه‌ر مامۆستایان عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی و فه‌رهاد به‌رزنجی و ئازاد هۆرێنی كردووه هه‌مان پێناسه‌ی (سه‌هلی مومته‌نیع) به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێت.
به‌شی دووه‌م:
شیعری (ئاسك) كه له‌دیوانی گوڵی ئاوات لاپه‌ڕه 28دایه، شاعیر له‌ڕێی ئه‌م شیعره‌وه مناڵان فێرده‌كات، كه رێز له ئاژه‌ڵ بگرن، له‌ناویاندا ئاسكی هه‌ڵبژاردووه، چونكه ئاسك زۆرترین خواستی له‌سه‌ره هه‌م بۆ گۆشته‌كه‌ی هه‌م بۆ راگرتنی له باخ و كۆشكه‌كاندا.
بۆچی شیعری ئاسك گرنگه ؟
چونكه مناڵان ده‌بێت له مناڵیه‌وه فێربكرێن، كه راوكردن و قڕكردنی ئاژه‌ڵان شتێكی خراپه، نه‌ك له گه‌وره‌یی كه ئه‌سته‌مه راوكردنی بۆ ته‌رك بكرێت، بۆیه شاعیر به وه‌صفی (ئاسك) ده‌سپێده‌كات و ده‌ڵێ:
ئـه‌و گیـانــداره، ئاســكـه
چـه‌نـده جوان و ناســكـه
با سه‌ربه‌ست و ئازاد بێ
لهسـروشت دڵی شـاد بێ
ئازاری مـه‌ده‌ن هـه‌رگیز
جـوانـــه ئـاســكـی ئازیز
مهیـخـهنه بـهنـدیـخــانــه
بـا بــژی لــه‌و كێــوانــه
بۆ خۆی و بێچووهكانــی
بـژیــن بــه كــامهرانــی
…
له‌م شیعره‌دا شاعیر له زمانی مناڵه‌وه دوو شت ده‌ڵێ یه‌كه‌میان ئازاردان كه لای گه‌وره‌كانیش ده‌كاته راوكردن، دوومیان شوێنی ئاژه‌ڵه‌كان ده‌شت و كێوه نه‌ك به‌ند كردنی به‌ناوی رازاندنه‌وه‌ی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسه‌كان، به‌داخه‌وه له‌دوای راپه‌ڕینی 1991وه تا نوسینی ئه‌م شیعره‌و ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه كه‌سانی به‌رپرس له‌لایه‌ك و چاوچنۆك له‌لایه‌كی تره‌وه زۆر بێبه‌زه‌ییانه كه‌وتنه راوكردنی ئاژه‌ڵ و مه‌ل به‌نیازی قڕكردنیان، بۆنمونه له‌ده‌شتی شاره‌زووردا (پۆڕ و سوێسكه) كه باڵداری كێوی جوانن، به‌ئه‌ندازه‌ی كۆترێك ده‌بن، ئێستا لهقڕكردندان یان نه‌ماون یان زۆر كه‌مبوونه‌ته‌وه، ئاسكیش به‌هه‌مان شێوه.
ئه‌م شیعره هه‌رچه‌ند بۆ مناڵ نوسراوه به‌ڵام هاوكاتیش كه‌للـه‌ی بۆشی راوچیان و به‌رپرسانیش ده‌گرێته‌وه، واته ره‌خنه‌گرتنه له‌وان له‌لایه‌ك و مناڵ‌یش هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له ئێستای مناڵیدا ئازاری گیانله‌به‌رو له‌گه‌وره‌ییشدا توخنی راونهكهون.
تێبینی: راوكردن له‌كاتێكدا ده‌بێت ئاسایی بێت، كه ده‌وڵه‌ت خۆی رێگه‌بدات، كه چ ئاژه‌ڵێك راوبكرێت و له چ وه‌رزێكدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ژینگه رابگیرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا به قاچاخ ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردن و قڕكردن.
به‌شی سێیه‌م:
گرنگیدان به ته‌ندروستی له شیعری (ئامۆژگاری پزیشك) ی رۆسته‌م خامۆشدا
فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی شوبنهاوه‌ر زۆرجەخت لەسەر لەشساخی دەكاتەوە، پێی وایە سەرچاوەی سەرەكی هەموو خۆشبەختییەكی مرۆڤ ، پێش هەموو شتێك لەشساخییە. هەربۆیە دەڵێت:
نەوەد لەسەد، بەختەوەریمان پەیوەستە بەلەشساخیمانەوە، لەشساخی هەموو شتێكە و سەرچاوەی هەموو چێژ و خۆشییەكە، بەبێ لەشساخی، هیچ بەخششێكی دەرەكی نییە چێژبەخش بێت، دەتوانین بڵێین هەژارێكی دەستكورتی لەشساخ، زۆر لە پاشایەكی نەخۆش بەختەوەرترە.
رۆسته‌م خامۆشیش بابه‌تی ته‌ندروستی و گوێ گرتن له پزیشكه‌كان ده‌بێته بابه‌تی یه‌كێك له شیعره‌كانی و ده‌نوسێ:
ئــامـۆژگـاری پزیـشـك
وهریـدهگـرم بــه بێـشـك
چونـكه من بـاش ده‌زانم
سوود به‌خشه بــۆ ژیانم
له بۆ ته‌ندروســتی خۆم
من شیرینی زۆر ناخۆم
رێــنـــمـــایـــی دكتـۆره
بێگومان سـوودی زۆره
به‌ڵێ هــه‌تــا له‌شساغ بم
نه‌خـۆش نه‌بم بێ ئاخ بم
بێ ده‌ردو بێ كه‌سه‌ر بم
لــه ژیــنـدا به‌خته‌وه‌ربم
خـــۆم دهپــارێـزم به‌ڵـێ
كـه پـزیـشــك پێـم ده‌ڵـێ
1ـ له قۆناغی مناڵی و هه‌رزه‌كاری، قۆناغێكه كه مناڵان و گه‌نجان لاسار ده‌بن و پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی پزیشكان و دایكان و باوكان ره‌فتار ده‌كه‌ن، بۆیه شیعر و گرنگیدان به ته‌ندروستی سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی شیعری مناڵانه.
2ـ شاعیر كه باسی خراپی شیرینی ده‌كات ، پێویست بوو ئاماژه به‌وه‌بدات كه خواردنی شیرینی زۆر بۆ مناڵان خراپیه‌كه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ددانه‌كانێتی، چونكه كه مناڵ ددانی كلۆر ده‌بێت یه‌كێك له‌و ئازارانه‌ی كه ده‌یچێژێت ئه‌وه‌یه كه دایك و باوكی ده‌یبه‌ن بۆ لای دكتۆر و ددانی ته‌عمیر ده‌كه‌ن، بۆیه شاعیرێكی تر كه بیرم نیه كێیه له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ:
لایبه نوقـڵ بـه‌م شـــه‌وه
دانـم گیـــرۆدهی ئـــه‌وه
بهشــهو شیـرینی ناخۆم
نه‌ك كلۆر بێ دانی خۆم
مناڵ ناتوانێ شیرینی نه‌خوات، به‌ڵام باشتر وایه شاعیران ئامۆژگاری مناڵان به‌وه بكه‌ن له‌گه‌ڵ خواردنی جۆره‌كانی شیرینی هه‌ر له نوقڵه‌وه تا ده‌گاته نه‌سته‌له‌و… هتد، كه خواردیان بچن ددانیان بشۆن بۆ ئه‌وه‌ی ددانه‌كانیان كلۆر نه‌بێ و تووشی ئازار نه‌بن، وه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دان شتن بكه‌ن به ئه‌رك وه‌ك چۆن سه‌عی ئه‌كه‌ن ئاوه‌هاش رۆژانه دووسێ جار ددانیان بشۆن، به‌ڵام رۆسته‌م خامۆش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شیعره درێژه نه‌كێشێت، له‌شیعرێكی تر به‌ناوی (ددانه‌كانم) ده‌نوسێت:
ددانـــهكــــانــــم دهشـۆم
لهبــۆ ته‌نـدروستی خـۆم
هــه‌تـا پیس و بۆر نه‌بـن
به‌ڵكو قـــه‌ت كلۆر نه‌بـن
من جوان دهیانپـارێــــزم
ده‌ڵێـم: ددان بــههـێـــــزم
پـارێـزگـــاری لـــه ددان
پێویسته له‌سه‌ر هه‌مووان
به‌شی چواره‌م:
گرنگیدان به خوێندن و خوێندنه‌وه له دوو شیعری رۆسته‌م خامۆش دا
شاعیر ده‌زانێت چ بابه‌تێك هه‌ڵده‌بژێرێت و بۆ چ سه‌رده‌مێك بابه‌ت ده‌كات به‌شیعر، شیعری (گۆڤارێك) شیعرێكی گرنگه‌و گرنگیهكهش له‌وه‌دایه كه خوێندن و فێربوون و هاوكاتیش خوێندنه‌وه ده‌بێت له مناڵیه‌وه ده‌ستپێبكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بناغه‌یه‌ك، كه دواتر له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا بڕوات:
گۆڤارێك
گــۆڤــــارێــكـم كـڕیــوه
من زۆر سوودم لێدیــوه
پڕ له شیعر و چیرۆكــه
پـــڕ لـه وێنه‌و دیرۆكــه
زانیــــاری زۆر تێدایــه
بـه نـرخ و بـه بـههایـــه
هه‌ر جارێ ده‌یخوێنمه‌وه
ســوودی لێـدهبـیـنـمــهوه
هۆشیاری شاعیر له‌وه‌دایه كه مناڵ و پێشتریش دایك و باوك رابهێنێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مناڵان شیعر و چیرۆك بخوێننه‌وه، چونكه له‌و قۆناغه‌دا مناڵان ده‌بێت له‌ڕێی شیعر‌و چیرۆكه‌وه ورده ورده راكێشرێن بۆ بابه‌تی تر، ئه‌مه یه‌ك، دووه‌م ئه‌وه‌یه كه مناڵان ئه‌مڕۆ هه‌موو كاته‌كانیان به مۆبایل و ئایپاد به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌وانه‌یه مناڵان بكه‌ون به‌سه‌ر ده‌یان بابه‌ت و گرته‌ی ڤیدیۆییدا كه هی ته‌مه‌نی ئه‌و نه‌بێت، به‌ڵام كه گۆڤارێكی مناڵان بڵاوده‌كرێته‌وه ئه‌وا سه‌رجه‌م بابه‌ت و نوسینه‌كانی تایبه‌ت بۆ مناڵان نوسراون.
هه‌ر خوێندن و خوێندنه‌وه كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، شاعیر له شیعرێكی تردا به‌ناوی (ده‌خوێنین) ده‌ڵێت:
منـداڵـی گـونـد و شــارین
هه‌رده‌م ژیر و هۆشیارین
خـاوهنــی هـزرو هه‌ستین
لـه خـوێـنـدنـدا نــاوهستین
دهمــانــهوێ بـــه خوێندن
نــه‌زانـــی دهربــێ لــهبن
ده‌خوێنین تـا سـه‌ركـه‌وتن
تــا ده‌بـیـنـیـن پێشـكـهوتن
هه‌تا خوێندن و فێربوون له‌شار و گوند وه‌ك یه‌ك گه‌شه‌نه‌كات ئه‌وا وڵات پێشناكه‌وێت، خوێندن ده‌بێت وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌موو مناڵان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌م وهكیهكیه له كوردستان ته‌واو لاسه‌نگه‌و ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌دوای روخاندنی به‌عس له ساڵی 2003وه، به‌ته‌واوی كه‌وته جیاكردنه‌وه‌ی دوو جۆر فێربوون و په‌روه‌رده له‌كوردستاندا، جۆرێكیان ئه‌هلی و راقیهو فێركردن تیایدا مسۆگه‌ره‌و هاوشانی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان ده‌ڕوات له هه‌موو روویه‌كه‌وه هه‌ر له بینای خوێندن و پێداویستیهكانییهوه تاوه‌كو هێنانی مامۆستای جۆراو جۆر و درێژی ماوه‌ی ده‌وام له هه‌شتی به‌یانیه‌وه تاوه‌كو عه‌سر، جۆره‌كه‌ی تریان حكومیه‌و ئه‌مه‌شیان دوو جۆره، جۆری یه‌كه‌میان په‌روه‌رده‌و خوێندنی شاره‌كان و دووه‌میان هی لادێكان و شوێنه دووره‌كانه، ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو جۆره حكومیه‌كه رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و پاشه‌كشێ ده‌ڕوات، به‌ڵام هی شاره‌كان باشتره له لادێكان، چونكه له شاردا مامۆستای به‌ئه‌زموون زیاتر كۆده‌بێته‌وه.
كه‌واته با له‌رووی كوالێتیه‌وه خوێندنی حكومی پاشه‌كشێی كردبێت، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناهێنێ كه وازی لێبهێنرێ، وه‌ك شاعیر له شیعره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر خوێندن ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ، كه ئه‌و مناڵه گه‌وره بوو د‌رك به‌و نایه‌كسانییه بكات كه له‌په‌روه‌رده‌و فێركردندا هه‌یه و هه‌وڵی گۆڕینی واقیع بدات، ره‌نگه هه‌بن ئه‌م هه‌وڵی گۆڕینه به‌خه‌یاڵ و یۆتۆپیا دابنێن، به‌ڵام خه‌یاڵ نیه، چونكه ئه‌گه‌ر مناڵێك سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندنی نه‌بڕیبێ ئه‌وا له گه‌وره‌ییدا د‌رك به‌و جیاوازییه ناكات، به‌داخه‌وه هه‌ندێ له خێزانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌تایبه‌ت له لادێكان به‌هۆی بژێوی ژیانه‌وه مناڵ دوای چه‌ند ساڵێك خوێندن ئیتر ده‌ریان ده‌هێنن و لایان وایه مناڵ پێنج شه‌ش ساڵ خوێندنی به‌سه‌و فێری نوسین و خوێندنه‌وه بووه‌و دوو كه‌ڕه‌ت دوو ده‌كاته چوار و ده‌زانێ لهكاسبیدا حساب بكات و پاره كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه هه‌تا بڵێی كورته و خوێندن شتێكه كۆتایی نایه‌ت و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر هۆشیاری زیاد ده‌كات و وازهێنان لێی وه‌ستان دروستده‌كات.
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ گوڵی ئاوات، به‌شێك له شیعره‌كانی رۆسته‌م خامۆش، چاپی ساڵی 2019 هه‌ولێر
2ـ سایتی شارپرێس
3ـ فه‌یسبووكی شاعیر رۆسته‌م خامۆش