زاهیر باهیر: ئایا بەڕاست” بزوتنەوەی گۆڕان” ی ئێستا جیاوازی هەیە لە “گۆڕانی” سەردەمی نەوشیروان موستەفا؟
کەم نین ئەوانەی کە لە” بزوتنەوەی گۆڕان” وازیانهێناوە یاخود ئەوانەی کە هیشتا لە ناوەوەن و گازەندە و گلەیی ئەوەیانە کە” گۆڕان” گۆرانی سەردەمی کاك نەوشیروان نییە.
ئەوانەی کە ئەمە باوەڕیانە یا ساویلکەن یاخود نایانەوێت لە قودسییەتی نەوشیروان موستەفا بهێننەخوارەوە، یاخود بەرژەوەندیان لەم قسە و بۆچوونانەدا هەیە و بە پاساوی مانەوەیان، کە گوایە دەکرێت گۆڕانکاری لەو بزوتنەوەیەدا بکرێت، بەردەوامن تیایدا.
لە ڕاستیدا مێژوی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستای ئەوەی نیشانداوە و دەدات کە هیچ گۆرانکارییەك بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا نەهاتووە و هەر وابووە چ لەسەردەدمی نەوشیراوان موستەفا و چ لەسەردەمی کوڕەکانی و سەید عومەر-یشدا. هەر بۆ ڕاستی قسەکانم بە بەڵگەوە، تەنها لە چەند لایەنێکی “بزوتنەوەی گۆران” لە سەردەمی نەوشیروان و دوای ئەویش، دەدوێم:
یەکەم/ پێکهاتەی ” گۆڕان
ئەوانەی کە گۆڕانیان دروستکرد و یا هاتنە ناو گۆڕانەوە، لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی-یەوە هاتوون، کە نەك هەر لە ڕێکخراوێکی گەندەڵەوە هاتوون، بەڵکو خۆشیان یا گەندەڵبوون یاخود بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون. ئەمە جگە لەوەی کە نەوشیروان موستەفا کەسی دووهەمی یەکێتی بووە، خاوەنی هەموو دەسڕۆییەك [ صەلاحییەت] بووە لە دانانی کەسەکاندا بۆ ئیدارەکان و پۆستەکان . ئەو کەسی سەرەکیش بووە لە دانانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی یەکێتیش . ئەوانی دیکەشیان سەرکردەو بەرپرسی گەورە بوون لە یەکێتی نیشتمانی-دا خاوەنی پۆست و پلەو پایە بوون یاخود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی بوون. کەواتە ناکرێت بە کەسەکانی ناوەوەی ڕێکخستنێکی شکستخواردوو کە ساڵەهایەکی دووروو درێژ لە شکستدا بوون ، لەڕێکخراوێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و مشەخۆر بوون، چاوەڕوانی شتێکی نوێی ئاوایان لێبکرێت کە جیاواز بێت لەو پێگەیەی کە لێوەی هاتوون. بە کورتی زۆرینەی کەسانی سەرکردەی ” بزوتنەوەی گۆڕان” و خوارەوە و جەماوەەرەکەیان هەمان کەسانن کە ساڵەهایەكی درێژ یا ڕؤڵی گەوەررەیان هەبووە یاخود چەپڵە لیدەربوون.
دووەم/ پرسی گەندەڵیی و چارەسەری
گوایە ئەم کێشەیە خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە. ئەوەی ئاشکرایە کەسە سەرەکییەکانی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو خودی یەکێتی-دا وەکو باسدەکرێت لە هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیی-دا بوون بەڵام نەیان توانی تەڵە پوشێكیش بگۆرن . کاتێکیش کە ڕێکخستنێکی نوێشیان دروستکرد خۆشیان یا بوونە گەندەڵ یاخود لە گەندەڵییەوە ئاڵان. جەنگی ئەمان لەتەك یەکێتی و پارتی-دا بۆ بەرژەوەندی ئەو میللەتە هەژارە نەبوو بەڵکو شەڕی پشکی کوسییەکانی هەرێم و بەغدا و پلە باڵاکانی دیکەی وەکو پارێزگار و بەڕیوەبەریئ گشتی شوێنە هەستیارەکان و بەشە خزمەتگوزارییەکان بوو. کەواتە دروشمەکەی ئەوان کە لەناو یەکێتدا و لە سەرەتای دروستکردنی بزوتنەوەکەیاندا، کە هەمیشە دەیانوتەوە ” خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو” درۆیەکی شاخداربوو.
سێیەم/ پرسی ماڵباتیی و بنەماڵەیی
ئەمەش خاڵێکی دیکەی ئەجەندەکەی نەوشیروان موستەفاو و هاوەڵەکانی بوو کە هەمیشە پەنجەیان تاوانیان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و بارزانی ڕادەکێشا. بەڵام کە بزوتنەوەکەیان، خۆی گرت و پێگەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهێز بوو، نەوشیروان موستەفا و کەسە نزیکەکانی نەیانتوانی جیاوازییەك دروستبکەن، نەیانتوانی خۆیان لە قوتابخانەی کوردایەتی و بۆگەناوی فکری قەومی بهێننە دەرەوە، نەك هەر نەیانتوانی گەنجانێکی متمانە بە خۆ و ڕزگار بوو لە قودسییەتی سەرکردە و حیزب ڕزگار بکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی دروست بوو، لە مردنی نەوشیروان موستەفادا ئەمە باشتر دەرکەوت،. هەڵسوکەوتی نەوشیروان و بڕیای تاکڕەوانەی ئەو و وەسییەتنامەکەی، میراتگریی منداڵەکانی، ئەمانەیان سەلماند.
چوارەم/ دارایی و بوجەی گۆڕان
نەوشیروان موستەفا هەر لە سەرەتادا زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە لایەن تاڵەبانی-یەوە پێبەخشرا، هاوکاتیش سەرچاوەی داهاتی ئەمان وەکو یەکێتی کردنەوەی پرۆژە و پیتاکی خەڵکانی دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێکیش کە مشەخۆریی و گەندەڵی لەناو ڕیزەکانی-دا تەشەنەی کرد ئیدی نەك هەر ئەو پارانە بەشی نەدەکرد بەڵکو کەوتنە داخستنی ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان و کەمکردنەوەی بەشە پارەی بەشەکانی دیکەش. کاتێکیش کە نەوشیروان مرد، سەنا و پیاهەڵدانی بە باوکی هەژارانی بۆ کرا کە گوایە لە دوای خۆی تەنها چەرخێک و پاکەتێك جگەرەی بەجێهێڵاوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە نەوشیروان بە ملیۆن دۆلاری لە پاڵ موڵك و خانووو کارگەی لە دوای خۆی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشت . لە ئێستاشا وەکو دەوترێت منداڵەکانی جێگای باوکیان گرتۆتەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ” بزوتنەوەی گۆڕان” یان، کۆنترۆڵکردووە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمانیش هەمان ڕێچكەی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانییان گرتەبەر.
پێنجەم/ پرسی ئابووریی و بەرهەمهێنان
ڕاستە” بزوتنەوەی گۆڕان” لیژنەیەکیان یا ژوورێکی تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردبوو کە جۆرەها لێکۆڵینەوەی ئابووریانەی تیادا دەکرا و ڕاپۆرتی لەسەر دەدرا و وتاری لەسە دەنوسرا، بەڵام لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەمانیش جیاواز نەبوو لە سەراپای حیزبە لیبراڵەکانی دوونیا بە یەکێتی و پارتیشەوە. چەقی ڕیفۆرمی ئابوریانە لای ئەمانیش بەخێرهاتنی بازاڕی ئازاد و باوەش کردنەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە بەگەڕخستنی پارە و سەرمایەگوزاریی لە پرۆژە گەورەکانا، بوو، کردنی کەرتەکانی کە موڵکی دەوڵەت بوون بە کەرتی تایبەتی … هەر هەموو ئەمانەش سەرەنجام گەر بیشکرانایە بەتاڵەی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخی پیداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بێ خانوو و سەرەپانی خەڵکی و زۆر شتی دیکەی بە دووی خۆیدا دەهێنا. بۆ ئەمەش لەپاڵ گورجکردنەوەی یاساکان و دانانی یاسای نوێ زەروورەی جێبەجێکردنیان لەسەر خەڵك بە زۆر و بە خوایشت زەروور بوو لە سەپاندنیا. لە سەرپێچیکردنی خەڵکیشا بەرانبەر بە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار، بەو یاسایانە پشتیان دەشکانن. بەم جۆرە کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کوردستان بە یاسا لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی کەمی کۆمەڵ، دەبووە ئەرکێکی گەوەرەی سەرشانیان.
خاڵێکی جیاواز کە هەیان بوو لەتەك پارتی و یەکێتی-دا دانانی خەڵکی تەکنۆکرات بوو لە شوێنەکانا، بەڵام ئەمانە هەر تئیوری و پاگەندەی حیزبی بوو، چونکە دەرکەوت لە هەر شوێنێکدا کە پێیاندرابێت کەسانی حیزبی خۆیان یا خود ئەو لایەنانەی کە لە گەڵیانا لە بەرەیەکدا بوون داناوە، بێ ئەوەی کە بچوکترین ئەزموونیا لە بواری کارەکەدا هەبووبێت.
شەشەم/ پرسی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی
لە ڕاستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرا بوو ” بزوتنەوەی گۆڕان” بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەەردەیی زۆر جیاوزی لە پارتی و یەکێتی نەبوو. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵدا هەبوون و هەن بە هیچ کام لە بەرنامەکانی هیچ لایەکیان لابەلانەدەبووە. کۆمەڵێك تا بیناقاقەی لە گواوی خێڵایەتی و عەشایەرگەریی و دین و شەریعەتی ئیسلامی کە پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵی کوردستان بن و گلابێت، یەکیش تەواوکەری ئەوی تریان بێت لە حەلکردنی کێشەی بوونی زوڵم و زۆر و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاك و بیروڕا و یەکسانی خەڵکی و لەناوشیاندا یەکسانی جێندەیی، نەك هەر ئەستەم بوو کە بە بەرنامەکەی ئەو بزوتنەوەیە ئەم کێشانە بنەبڕبکرێن، بەڵکو کارێکی نەکردەش بوون. لە کۆمەڵێکی ئاوا قوچکەییدا، لە ئابووریەکی قۆرخکراودا، لە هەبوونی فەرهەنگ و پەروەردەیەکی دواکەوتودا کە زۆر خراپتر لە سەردەمی بەعس، مەحاڵە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەراپای ئەو کێشانە بکرێت کە کۆمەڵ لە هەموو بوارەکانا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
سەبارەت بە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشبیریی و چارەسەری تەندروستی، لەبەر ئەوەی ئەمانیش بەرنامەیەکی لەیەکچووی لایەنەکانی دیکەیان هەبوو، لە ئاوا حاڵەتێکدا زۆر مەحاڵە کە بتوانێت هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمە جگە لەوەی هەر یەك لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و پرسی چارەسەری تەندروستیی بە توندی گرێدراونەتەوە بە پرسەکانی ئابووریی و سیاسەتی حیزب و دەوڵەت و دین نەریت و تەواوی سەروبەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ناتوانرێت و ناکرێت باس لە ئازادیی ژنان بکرێت لە وڵاتیکدا کە دین و شەریعە و عورف و عادەتی خێڵەکیانە نەك هەر پێوەری باشی و خراپی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵکو ئامرازی حوکمکردنیش بێت. ناتوانرێت قسە لەسەر پرسی چارەسەری بەلاش و خوێندنی خۆرایی بکرێت بەڵام هاوکات بنەمای ئابووری وڵات لەسەر بناخە و ڕێڕەوی ئابووری لیبراڵ بێت. کەواتە سەراپای پرس و کێشەکان وەکو ئەڵقەکانی زنجیرێك زۆر مەحەکەمانە بە یەکەوە گرێدراون.
تۆوی شکستی” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو ڕەحمی خودی دروستبوونی خۆیدا چەکەرەی کردبوو، ئیدی ئەوە گرنگ نییە کە سەرکردەیەکی حەکیم یا نورانی، بە ئەزوموون، نێتباش…. ڕابەرایەتی بکات یا نەیکات، چونکە سیستەمی سەردەم نەك تەواوی سەرکردەکان بە باش و خراپیانەوە، بەڵکو حکومەتەکانیشیان دەکاتە بورغوویەکی سواوی چەرخی سییستەمە. سیستەمەکە بە بێ ئەو و بە ئەوەوە ، بەباشی دەسوڕێت خۆی دەچەسپێنێت.
ئەوەی کە بەربەستی دروستی سیستەمەکەیە هەوڵدان و کارکردنە لە دەرەوەی خودی سیستەمەکە، ڕێنەکردنە لەسەر نەزم و ڕەوتی ئەو، ڕێکخستنی خودی جەماوەر خۆیەتی بە دوور لە هەژموونی سەرکردە و حیزب و دین و نەریتی دواکەوتووانە. کارکردنی دەستەجەمعیانەی خەڵكە کە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانن و دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن، نەك حیزب و سەرکردەکان و ئەوانەی کە لە فەلەکی سیستەمی مەوجوددا، دەسوڕێنەوە و بە ئومێدن کە گۆڕانکاری تیادابکەن.